12:09 - 30/04/2020
ئه‌و ئه‌ستێرانه‌ى کورد به‌ربه‌سته‌كانى خێزان و كۆمه‌ڵگه‌یان بڕى و گه‌شانه‌وه
له‌كۆمه‌ڵگا رۆژهه‌ڵاتییه‌كان (شه‌رقی)دا هه‌ندێك جار به‌چاوێكی به‌رزه‌وه سه‌یری كه‌سانی هونه‌رمه‌ند و مۆسیقاژه‌نیان نه‌كردووه. یه‌كێ له‌و هۆیانه‌ی بووه‌ته مایه‌ی دواكه‌وتنی هونه‌رو مۆسیقا. هه‌ر له‌ژێر كاریگه‌ری ئه‌م بۆچوونه زاڵه‌ی ناو كۆمه‌ڵگا، چه‌ندین كه‌سی ده‌نگخۆشى كورد ئاماده نه‌بوون ده‌نگیان له‌سه‌ر قه‌وان تۆماربكه‌ن یا بچنه رادیۆ‌و ته‌له‌فزیۆن. به‌سای ئه‌م بۆچوونه‌وه زۆر كه‌سی ده‌نگخۆش و هونه‌رمه‌ند به‌هره‌كه‌یان هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی شه‌وچه‌ره‌ی ماڵان و كۆڕ و مه‌جلیسی دیوه‌خانان په‌نگی خواردووه و مێژووی هونه‌ری كوردیش بێبه‌ش بووه له‌به‌رهه‌مه‌كانیان.
له رابردوودا هونه‌رمه‌ندان و به‌هره‌مه‌ندان رووبه‌ڕووى زۆر ئاسته‌نگ بوونه‌ته‌وه، له كۆمه‌ڵگه‌دا، به‌هۆى نه‌ریتى باوه‌وه كه كارى گۆرانى گوتنى وه‌ك عه‌یبه ته‌ماشا كردووه، جۆره‌ها ناوناتۆره و تیر‌و توانجیان له‌و كه‌سانه ئه‌دا، خه‌ڵكی ئه‌و كه‌سانه‌ی به ( لۆتی و چاوه‌ش و شایه‌ر) ناوبردووه.
هه‌رچه‌نده (لۆتی) لای فارسه‌كان، به‌كه‌سێك ده‌وترێ كه خۆش ڕه‌فتار و شۆخ بێت، به‌ڵام لێره‌دا به‌مانای هه‌رزه‌و ئاست نزم وتراوه، كه‌م كه‌سیش ئاماده‌بوون كچی خۆیان بده‌نه كه‌سانی هونه‌رمه‌ند و گۆرانیبێژ!. وه ڕێیان نه‌ده‌دا مناڵ و نه‌وه‌كانیان ببێته سازژه‌ن و مۆسیقی.
جا له‌به‌ر ئه‌وه مه‌یدانه‌كه بۆ مۆزیكژه‌نه جووه‌كان چۆڵ بوو، ئه‌م هۆكاره‌ش وای كردبوو كه تا ساڵانی په‌نجاكانیش، زۆربه‌ی مۆسیقاژه‌نه‌كانی عێراق (یه‌هودی) جووله‌كه بوون.
زۆر له‌مێژوونوسان سه‌رده‌می ده‌وڵه‌تی عه‌باسی به چه‌رخی زێرینی مۆسیقا داده‌نێن، كه چه‌ندین مۆسیقازانی وه‌ك (ئیسحاق موسڵی، زریاب) ده‌ركه‌وتون و داهێنانیان كردووه له‌و هونه‌ره. به‌رامبه‌ر ئه‌مانه‌ش كۆمه‌ڵێك زۆر به‌توندی هونه‌ری گۆرانی و مۆسیقا و كۆڕی له‌و چه‌شنه ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه و حه‌رامی ده‌كه‌ن.
هه‌ر له‌سه‌رده‌مانی پێشینه‌وه تا ساڵانی په‌نجاكانیش گۆرانی وتن له‌و رۆژگاره‌دا كارێكی شوره‌یی ئامێز بو، له‌به‌غدا پێیانده‌وت (له‌كه) یانی لكه‌یه‌كبووو و به‌خاوه‌نه‌كه‌یه‌وه ده‌نووسا، تا مردن لێی نه‌ده‌بۆوه.
كه‌سێك له‌و رۆژگاره ببوایه به گۆرانی بێژ یا مۆسیقای لێدایه هه‌ر چوارده‌وره‌كه‌ی خۆی ساردیان ده‌كردوه و ناوناتۆره‌یان لێده‌نا، گاڵته‌یان پێ ده‌هات، به ته‌وسوه پێیان ده‌گوت :"چییه ده‌ته‌وێت ببیه چاوش و ئابڕومان ببه‌ی". له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خه‌ڵكه‌كه بۆ خۆشی و چێژی خۆیان گوێیان له‌گۆرانی راگرتووه و هیچ ئاهه‌نگ و بۆنه‌یه‌كی شادی به‌بێ ئه‌و گۆرانیبێژو مۆسیقاژه‌نانه مه‌یسه‌ر نه‌بووه، به‌ڵام هه‌ر مۆسیقا و پیشه‌ی گۆرانی بێژی لایان كه‌مبایه‌خ بوو.
به‌هۆی بارودۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی سه‌ده‌ی بیسته‌م زۆربه‌ی خه‌ڵكی ئه‌و رۆژگاره به‌لایانه‌وه نه‌نگ بوو یه‌كێ مه‌قام و گۆرانی له رادیۆ و ته‌له‌فزیۆن تۆمار بكه‌ن، زۆر له گۆرانیبێژه‌كانیش كاتێ ده‌چوونه رادیۆی به‌غدا به‌رهه‌مه‌كانیان به‌ناوی خۆیانه‌وه تۆمار نه‌ده‌كرد، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر عه‌یبه و له‌ترسی پێگه‌ی بنه‌ماڵه‌كانیان بوو، گۆرانییه‌كانیان به‌نازناوی (بێ ناو، كوێستانی) بڵاوده‌بۆوه.
هه‌ندێكیشیان هه‌ناسه‌كورت بوون، كۆشش و هه‌وڵ و ته‌قه‌للاكانیان تاسه‌ر نه‌ده‌بوو، زۆری پێنه‌ده‌چوو ده‌كشانه‌وه‌و په‌ناگیرده‌بوون و ناویان له‌ناوناواندا نه‌ده‌ما، به تایبه‌ت یه‌كێ بیویستایه بیكاته پیشه‌یه‌ك و له‌سه‌ری بژی و نانی پێ په‌یداكات. چونكه ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی لێیه‌وه ده‌ستگیر ده‌بوو كه‌م و هیچ بوون، جا زۆربه‌ی گۆرانی بێژه‌كانی ناو به‌غدا جگه له پیشه‌كه‌یان له‌ملاولا ئیشوكاری تریان ده‌گرته ده‌ست و پێوه‌ى سه‌رقاڵبوون، تا بتوانن ژیانی پێ بگوزه‌رێنن و گوزه‌رانی ماڵ و منداڵیشیان به‌ڕێوه‌به‌رن.
له‌پاڵ ئه‌مه‌شه‌وه هێشتا كه‌سانێك هه‌بوون به‌چاوێكی ڕێز‌و به‌رزه‌وه ده‌یانڕوانییه پیشه‌ی مۆسیقا و گۆرانی، به‌تایبه‌ت ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌ستڕۆیشتوو و خاوه‌ن پله‌وپایه‌یه‌كبوون له‌ناو ده‌وڵه‌تدا، به‌شه‌وقه‌وه له‌دووی هونه‌رمه‌ند و ده‌نگخۆشه‌كان ده‌گه‌ڕان بۆ ئاهه‌نگ و بۆنه تایبه‌تیه‌كانیان بانگیان ده‌كردن، تاكو شه‌وانی ناو كۆشك و خانوه‌كانیان به ده‌نگ و ئاوازه‌كانیان ئاوه‌دان بكه‌نه‌وه.
له‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه ئاشنا ده‌بین به چیرۆكی ژیانی ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی سه‌ره‌ڕای چه‌رمه‌سه‌ری و گیروگرفته‌كانی به‌رده‌میان كۆڵیان نه‌دا. گوێیان به‌توانج و به‌م تێڕوانینه چه‌وته دواكه‌وتووه‌ی كۆمه‌ڵگا نه‌داو، به‌و ده‌نگ و ئاوازه به‌سۆزه‌یان، وه‌ك رووناكایی مۆمێك، ئه‌و شه‌وه‌زه‌نگه‌یان ده‌ڕه‌وانده‌وه‌و تێ‌یان ده‌چریكان. وه توانیان تاڕاده‌یه‌ك كلتوری عه‌یبه‌ی گۆرانیگوتن و مۆسیقا له‌نێو كۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌واری دا كاڵ بكه‌نه‌وه.
قه‌وانه‌كانی باوكیان ورد‌و خاش كرد
له كه‌ركوك (مه‌لا ته‌ها) به‌ده‌نگی خۆش ناوی ده‌ركردبوو، به‌ڵام دره‌نگانێ ده‌ستی دایه مه‌قام و گۆرانی، بۆیه دره‌نگیش له‌سه‌ر قه‌وان بۆی تۆماركرا. هه‌تا تۆماركردنه‌كه‌شی ڕێكه‌وتێك بوو بۆخۆی، ساڵی 1925 ده‌چێته به‌غدا كوڕه‌كه‌ی نه‌خۆش ده‌بێت، بۆ چاره‌سه‌ری نه‌خۆشییه‌كه‌ی پێویستی به‌پاره ئه‌بێت، بۆ دابینكردنی ئه‌و پاره‌یه له شه‌ریكه‌یه‌ك مه‌قام ته‌سجیل ده‌كات، له‌یه‌ك رۆژدا (25) مه‌قام تۆمارده‌كات. له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا پاره‌ی وه‌رگرتووه. ناوی ده‌نێن (بلبل العراق) له‌به‌ر ده‌نگخۆشی.
به‌ڵام دواتر كه زه‌مان دێت و ده‌ڕوا و كوڕه‌كانی داده‌مه‌زرێن و هه‌ریه‌كه‌یان ده‌بێت به‌شتێك ده‌كه‌ونه سۆراغی قه‌وانه‌كانی باوكیان. به‌داخه‌وه، ئه‌و كوڕه‌ی كه هێنابووی بۆ چاره‌سه‌ركردن، كه گه‌وره بوو و هه‌ستی به‌وه‌كرد كه باوكی (مه‌قامبێژه) و ئه‌مه‌ش ده‌بێته له‌كه‌و عه‌یبه‌یه‌ك بۆیان، جا كه‌وته گه‌ڕان و پشكنین، له هه‌ر جێیه قه‌وانێكی باوكی ده‌دی و هه‌رچییه‌ك ده‌ستیان بكه‌وتایه له‌بازاڕ، یا لای كه‌سانی ئاره‌زوومه‌ندنی مه‌قام ده‌یان كڕیه‌وه‌و وردوخاشیان ده‌كرد و ده‌یان شكاند. به‌مجۆره ئه‌م كوڕه‌ی مه‌لا ته‌ها بووه هۆی له‌ناوچوونی ئه‌و مه‌قامه ره‌سه‌نانه‌ی كه به‌تام و بۆیه‌كی كه‌ركوكیانه خوێندبووی.
ده‌ڵێن مه‌لا ته‌ها وتویه‌تی:"ئه‌م كوڕانه‌م حه‌رامزاده‌ن كه نایه‌ڵن مه‌قام بخوێنم، چونكه من ئه‌مانه‌م به پاره‌ی مه‌ولود به‌خێو كردووه".
ئه‌سغه‌ری كوردستانی باوكی لۆمه‌ی كردووه
ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ی ناوێكی دره‌وشاوه‌ی ئاواز و مۆسیقای كوردییه، شێوازێكی تایبه‌ت به خۆی هه‌بووه له ئاواز و گۆرانی كوریدا. وه‌ك زۆربه‌ی هونه‌رمه‌ندان سه‌ید ئه‌سغه‌ریش تووشی به‌رهه‌ڵستی باوكی بووه‌و (سه‌ید نیزامه‌دین)ی باوكی پێی خۆش نه‌بووه كه كوڕه‌كه‌ی گۆرانی بڵێت، به‌ڵكو حه‌ز ده‌كات زیاتر به قورئان خوێندنه‌وه سه‌رقاڵ بێت.
سه‌ید له‌به‌ر ده‌نگخۆشی له‌ناو خه‌ڵكدا خۆشه‌ویست و جێگای ڕێز بووه، جگه له گۆرانی گوتن له دیوه‌خانان، له هه‌ر شوێنێك دڵی لایه‌نگرای خۆی نه‌شكاندووه‌و گۆرانی بۆ چڕیون.
باوكی زۆر جار له‌سه‌ر گۆرانی گوتن لۆمه‌ی كردووه‌و پێی گوتووه، كه واز بهێنێت و له پێش چاوی خه‌ڵك گۆرانی نه‌ڵێت! چونكه بۆ ئه‌وان كه سه‌یدن كارێكی ناشیرینه و به‌جێ نییه، به‌ڵام به‌و په‌ڕی ڕێزه‌وه، له وه‌ڵامی باوكی‌دا گوتویه‌تی:"ده‌نگی من به‌هره‌یه‌كی خوداییه و نابێ له خه‌ڵك بشاردرێته‌وه". ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی ناكۆكی خۆی و باوكی و ناچار ده‌بێت گونده‌كه‌ی خۆیان جێ بێڵێت و چووه‌ته سنه.
له‌سه‌ر مه‌قام و گۆرانی داركاری كراوه
هونه‌رمه‌ند و كه‌ڵه مه‌قامزانی كورد عه‌لی مه‌ردان، یه‌كێك بووه له‌و كه‌سانه‌ی له گه‌نجیه‌وه خولیای داوه‌ته مه‌قام و گۆرانی، عه‌لی مه‌ردان دوای مردنی باوكی له‌لای خاڵۆی له له‌یلان گه‌وره بووه، چه‌ندینجار له‌سه‌ر وتنی مه‌قام و به‌سته و گۆرانی داركاری كراوه و لێدانی خواردووه. به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌وساكه كۆمه‌ڵی كورده‌واری و عێراقیش به چاوێكی سووكه‌وه ده‌یانڕوانیه پیشه‌ی گۆرانی بێژیی و به‌لایانه‌وه نه‌نگبوو.
عه‌لی مه‌ردان ناچار شه‌وێك گونده‌كه‌یان به‌جێده‌هێڵێ و رووده‌كاته حه‌فته‌غار و له‌وێشه‌وه ده‌چێته به‌غدا، ئه‌و مه‌قامانه‌ی له ته‌كیه‌ی تاڵه‌بانی له مه‌قامبێژانی كه‌ركوك و لای مامۆستایانی ئه‌و هونه‌ره فێربوو، له‌سه‌ر قه‌وان و دواتریش له‌رادیۆی به‌غدا تۆماری كردن و له فه‌وتان رزگاری كرد. سه‌ره‌نجام عه‌لی مه‌ردان بووه یه‌ك له‌و شاره‌زاو به‌ناوبانگانه‌ی كه مێژووی هونه‌ر له‌لای كورد زه‌حمه‌ته فه‌رامۆشی بكات و ناوی له‌پێشه‌وه نه‌هێنێ.
كه‌س ژنی به گۆرانی بێژ نه‌داوه
رۆژی خۆی گرامافۆن یان وه‌ك خه‌ڵكی ده‌یانوت (سنوق – قه‌وان) لایان ئامێرێكی سه‌یرو عه‌جایب بوو، له‌ویش سه‌یرتر كه رادیۆ هاته ناوناوانه‌وه ئه‌و سندوقه ته‌خته‌یه‌ی قسه ده‌كاو گۆرانی و مۆسیقای لێوه ده‌بیسترێ! خه‌ڵكی ده‌یانوت تۆبڵێی جنۆكه خۆی تیا حه‌شارنه‌دابێ؟!
هونه‌رمه‌ندانی كۆن به‌چاوی ڕێزه ته‌ماشا نه‌كراون، بۆیه ده‌نگیان نه‌پرێزراوه. له‌كاتی خۆیدا، چه‌ندین جار به‌رپرسانی كۆمپانیاكانی تۆماركردنی قه‌وان وه‌ك (به‌یزافۆن، ئه‌بو كه‌لب، نه‌عیم) هاتوونه‌ته شاری هه‌ولێر، داوایان له ده‌نگخۆشانی شار كردووه تا ده‌نگیان تۆمار بكه‌ن، له‌وانه (سه‌ید مه‌ردان، شه‌هابه) به‌ڵام هیچ كامیان له‌به‌ر (عه‌یبه) ڕازی نه‌بوون. ده‌بێ چه‌ند كه‌سی هونه‌رمه‌ند باجی ئه‌م كلتوره‌یان دابێ و به‌هۆی تۆمار نه‌كردنی ده‌نگیان به‌رهه‌مه‌كانیان فه‌وتابێ؟
ته‌نانه‌ت له‌و رۆژگاره‌دا كه‌م كه‌سیش ئاماده‌بوون كچی خۆیان بده‌ن كه‌سانی هونه‌رمه‌ند و گۆرانیبێژ!. له‌باره‌یه‌وه هونه‌رمه‌ند (حه‌یده‌ره كه‌چه‌ڵ) وتوویه‌تی:"من و مشكۆ، دوو ده‌نگخۆش بووین، به‌ڵام خه‌ڵك به چاوێكی سووك ته‌ماشایان ده‌كردین، باوه‌ڕ بكه له‌م شاره گه‌وره‌یه‌دا ده‌سوڕاینه‌وه، كه‌س نه‌بوو ڕازی بێ كچیان بخوازین و ببین به‌زاوایان".
بنه‌ماڵه‌كه‌ی دژی هونه‌ره‌كه‌ی بوون
شه‌ماڵ سائیب كاتێك ده‌ستی دایه مۆسیقا زۆر ئاسته‌نگ و كێشه‌ی بۆ دروستبوو، ئه‌و كوڕی بنه‌ماڵه‌یه‌كی خانه‌دان و ناسراوی سلێمانی بوو، خێزانێك په‌یوست به نه‌ریت و دابی دێرینه‌وه، هه‌ر له‌و شاره ساڵی 1931 له‌دایكبووه، جه‌لال سائیبی باوكی قایمقام بوو. به‌هۆی ڕێگری بنه‌ماڵه‌كه‌ی و تانه‌و سه‌رزه‌نشتی باوكی، زۆرجار ساڵ و دوو ساڵ عوده‌كه‌ی ده‌فرۆشت و له‌مۆسیقا دوور ده‌كه‌وته‌وه. چونكه ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه‌ی ڕۆژگار و ناو‌و ناتۆره‌یی خه‌ڵك و، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ناڕه‌زایی خانه‌واده‌كه‌ی كه توشی ئه‌بوو، به‌هۆی ئه‌وه رازی نه‌بون كوڕه‌كه‌یان گۆرانی بڵێ.
شه‌ماڵ له‌نێوان خێزان و هونه‌ره‌كه‌ی ئه‌وه‌ی دووه‌می هه‌ڵبژارد. هه‌رچه‌نده گه‌لێك گران له‌سه‌ری كه‌وت، وه‌ك ده‌ڵێن باوكی حاشای لێكردووه، شه‌ماڵ تاكو كۆتایی ژیانی دوور له خانه‌واده‌كه‌ی و له غه‌ریبی ده‌ژیا، له‌ژیانێكی قورس و له‌ژێر ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه‌ی زۆره‌وه به‌ڵام ئه‌و ده‌ستبه‌رداری هونه‌ره‌كه‌ی نه‌بوو. كۆڵی نه‌دا تا ناوی خۆی خسته مێژووه‌وه.
حه‌سه‌ن كامكار.. سێ‌جار ئامێری مۆسیقاكه‌یان شكاندووه
هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن كامكار باوكی خانه‌واده‌ی هونه‌ری كامكاران، به منداڵی عه‌شقێكی سه‌یری به مۆسیقا هه‌بووه، به‌ڵام دایك و باوكی كه‌سی سونه‌تی بوون دژ به‌م مه‌سه‌له‌یه بوون. باوكی چه‌ند ئامێری مۆسیقای له‌ده‌ست شكاندووه و لۆمه‌ی كردووه.
حه‌سه‌ن كامكار خۆی خۆی په‌روه‌رده كردووه. گوێی له مۆسیقا گرتووه، ئه‌گینا هانده‌رێكی تری نه‌بووه. یه‌كه‌م كه‌س بووه له سنه خولی مۆسیقای كردووه‌ته‌وه، ئه‌وكات زۆر گاڵته‌یان به‌كه‌سێ ده‌كرد كه فێری مۆسیقا ببوایه، به‌ڵام ئه‌و كۆڵی نه‌داو هه‌موو منداڵه‌كانی خۆی فێری ئامێره مۆسیقییه‌كان كرد و گروپی مۆسیقای كامكارانی دامه‌زراند. ئێستا هه‌ریه‌كێ له‌و كوڕانه‌ی هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ی كوردن، مێژووی مۆسیقای كوردی ناتوانێ فه‌رامۆشیان بكات.
ته‌نانه‌ت شه‌یدایی بۆ مۆسیقا وای له حه‌سه‌ن كامكار كرد جگه له منداڵه‌كانی، هاوسه‌ره‌كه‌شی فێری ژه‌نینی كه‌مان (ڤیۆلین) بكات، به‌ڵام هاوسه‌ره‌كه‌ی له‌به‌ر قسه‌و قسه‌ڵۆكی خه‌سووی و كه‌سوكاری نه‌یتوانیوه به‌رده‌وام بێ، هه‌میشه له‌كاتی مه‌شق ده‌هاتنه پشت ده‌رگا و گاڵته‌یان پێ ده‌كرد و ده‌یانوت له‌جیاتی له‌ماڵ قالی بچنێ و ته‌ون بكا خۆی به‌وانه خه‌ریك ده‌كات.
بۆیه ئه‌مه بووه ئاسته‌نگێكی گه‌وره له‌پێشیدا. ئه‌گه‌رچی ئه‌و ژنه به‌هۆی ئه‌و تیروتوانجانه‌وه وازی له‌فێربونی مۆسیقا هێنا، به‌ڵام هیچ كاتێ نه‌بووه ڕێگر له‌به‌رده‌م منداڵه‌كانی و هه‌میشه هانده‌ر و پشتیوانی‌یان بووه له‌فێربوونی مۆسیقادا، به‌وته‌ی هۆشه‌نگ كامكاری كوڕی، دایكیان ڕۆژێك نه‌یوتوه بێزاربووم یا سه‌رم دێشێ یان شتی تر.
بیژه‌ن كامكار ده‌ڵێ ئه‌گه‌ر دایكمان موخالف بوایه، ئێمه هیچ كاممان موزیسیان نه‌ده‌بوین. زۆر گۆرانی و میلۆدی كوردی كه پێشكه‌شیان كردووه به‌پێشنیاری دایكیان بووه، بۆ وێنه گۆرانی (شه‌وچرای دیوه‌خانمی).
بۆچی كامكاران ژنه‌كانیان فارسن؟
بیژه‌ن كامكار هونه‌رمه‌ند و مۆزیكژه‌نی به‌ناوبانگی كورده، ئه‌و گۆرانیبێژی سه‌ره‌كی گروپی مۆسیقای كامكارانه و هه‌روها تار و روباب و ده‌ف ده‌ژه‌نێت. كاتێ رۆژنامه‌نوسێك لێی ده‌پرسێت هه‌ڵسوكه‌وتی خه‌ڵك سه‌ره‌تاكان له‌گه‌ڵ ئێوه چۆن بوو؟ زۆر زوو وه‌رگیران یان به‌رهه‌ڵستان بوونه‌وه؟ ئه‌و هونه‌رمه‌نده موزیكژه‌نه ئاوها باسی توانج و په‌لاری كۆمه‌ڵگای كوردی ده‌ڵێت:"هه‌واڵنێرێك لێی پرسیم بۆچی ژنه‌كانتان هه‌موویان فارسن؟ گووتم: له كوردستان كچیان نه‌ده‌داینێ، ده‌یانگوت ئێوه لۆتین، چه‌ند له براكانم خۆشه‌ویسته‌كه‌یان له كوردستان به‌جێهێشت و له‌گه‌ڵ كه‌سانی دیكه زه‌ماوه‌ندیان كرد، یا زۆر كه‌ڕه‌ت خه‌ڵك له شه‌قام وكۆڵانان دا به قسه‌ی ناحه‌ز و ناشیاو هه‌رای بابمیان ده‌كرد".
ئێستا هه‌موو كورد شانازی به بنه‌ماڵه‌ی هونه‌رمه‌ند و مۆزیكژه‌ن حه‌سه‌نی كامكار و نه‌وه‌كانی ده‌كا. گروپی كامكاران مایه‌ی شانازی دنیای هونه‌رن و سه‌ری مۆسیقای كوردی‌یان به‌رزكرد.
دروست نییه كوڕه‌كه‌ت ساز بژه‌نێ
موجته‌بای میرزاده گه‌وره هونه‌رمه‌ندی موزیكزانی كورد، كه به‌رهه‌مه‌كانی بۆ حه‌سه‌ن زیره‌ك و مه‌زهه‌ری خالقی تۆماری كردووه شاكارێكه له‌مێژووی مۆسیقای كوردی دا. كاتێ ده‌ستی دایه فێربوونی موزیك كه‌س پشتیوانی نه‌ده‌كرد، بگره باوكی هه‌میشه ڕێگری لێده‌كرد، چون میرزاده له خانه‌واده‌یه‌ك گه‌وره بوو كه به ته‌واوی موخالف و دژی مۆسیقا بوون و به حه‌رامیان زانیوه، باوكی خۆشحاڵ نه‌بووه كوڕه‌كه‌ی ببێته مۆسیقاژه‌ن. چونكه ئه‌وان له‌بنه‌ماڵه‌یه‌كی سه‌یدن و ئه‌وه‌ش كارێكی ناشیرینه.
خانه‌واده‌ی میرزاده له ساداتی كرماشان بوون، باوكی ڕه‌حمه‌تی"سه‌یـد تـقی"به ته‌واوی به ساز ژه‌نینی میرزاده ناڕه‌زا بوو، له‌به‌رئه‌وه‌ی له خانه‌واده‌یه‌كی ئاینی و سه‌ید بوونه.
میرزاده كاتێ منداڵ بووه، سه‌نتورێكی بۆخۆی دروست كردووه، كه باوكی گوێی له صه‌دای بووه چووه سه‌نتوره‌كه‌ی شكاندووه. باوكی له‌ژێر كاریگه‌ری قسه‌ی خه‌ڵكی بووه، خه‌ڵكى ده‌وروبه‌ری باوكیان هان ده‌دا له دژی میرزاده ڕاوه‌ستێ، پێیان وتووه ( تۆ سه‌یدی! گوناهه، دروست نیه كوڕه‌كه‌ت ساز بژه‌نێ). له‌به‌رئه‌وه زۆرجار میرزاده‌ی كوڕی سه‌رزه‌نشت ده‌كرد، هه‌میشه گیرگرفتی له‌گه‌ڵ هه‌بوو، چه‌ندین جار لێی تووڕه ده‌بوو، یا ده‌چوو ڤیۆلینه‌كه‌ی (كه‌مانه‌كه‌ی) لێ ده‌شارده‌وه. به‌زۆر شێوه به‌هانه‌ی پێده‌گرت تا بتوانێ وا له كوڕه‌كه‌ی بكات ده‌ست له مۆسیقا هه‌ڵبگرێ، تا (ئابڕوی له‌شاردا بپارێزێ!). به‌ڵام میرزاده كۆڵی نه‌داوه و به هه‌وڵ و ماندووبونی خۆی و بێداری شه‌و و ڕۆژ، به‌بێ بوونی مامۆستا خۆی فێری مۆسیقا كردووه، چونكه عه‌شقی مۆسیقای له‌دڵدا بوو.
شه‌هێنی تاڵه‌بانی بۆ له‌سنه باریكرد؟ فه‌تانه‌ی وه‌لیدی بۆچ شێت بوو؟
ئه‌و ژن و ئافره‌تانه‌ی ئه‌مڕۆ هاتونه‌ته ناو دنیای گۆرانی كوردی، گه‌وره‌ترین هه‌نگاویان هه‌ڵگرتووه. له‌كاتێكدا پیاو له‌مه‌یدانی هونه‌ریدا به چاوه‌ش و لۆتی دابنرێ، ژن چۆن بێته مه‌یدانی هونه‌رییه‌وه؟!
هه‌رچه‌نده به هۆی دابونه‌ریتی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه ژن كه‌متر خۆی له‌و بواره داوه، یاخود رێگه‌ی پێ نه‌دراوه بێته مه‌یدان و ده‌نگی تۆمار بكرێ. ئه‌گه‌ر كه‌سانێكش هه‌نگاوێكیان هه‌ڵێنابێت گه‌لێكجار تووشی گرفت بوون، كه ناچاربوون بچنه سووچی ماڵه‌وه.
هونه‌رمه‌ند ناسڕی ره‌زازی له‌بیره‌وه‌رییه‌كانیدا باسی ژنه گۆرانیبێژانی سنه ده‌كات و ده‌ڵێت :"ئه‌وكات كوردی مۆسیقاژه‌ن هه‌بوو، بۆ نموونه خێزانێ هه‌بوو باوكه‌كه‌ی سه‌نتوری لێده‌دا و كچه‌كه‌ی گۆرانی ده‌گوت له سنه، به چاوى كه‌م ته‌ماشا ده‌كران".
ده‌شڵێت:"خانمێكی به‌ڕێزو به‌حورمه‌تی وه‌ك ( شه‌هێنی تاڵه‌بانی) دوو گۆرانی نه‌وت، له سنه باری كرد، یان خانمی سدیقه‌ی محه‌مه‌د نه‌ژاد كه له‌گه‌ڵ مندا ئه‌وانیش له ڕادیۆ گۆرانی‌یان ده‌وت، دوای دوو سێ گۆرانی چوو نه‌وه‌ستا، هه‌ر ژنێك له سنه گۆرانی گوتبا ده‌ڕۆیشت و سه‌ری خۆی هه‌ڵده‌گرت، (فه‌تانه‌ی وه‌لیدی) بۆ شێت بوو؟ فه‌تانه له‌داخی لۆمه‌و تانه‌ی خه‌ڵك وای به‌سه‌رهات. حه‌زی له كوڕێك ده‌كرد پێیان نه‌دا. چونكه له‌و سه‌رده‌مه كه‌سێ مۆزیكژه‌ن بوایه یا كاری گۆرانیبێژی بكردایه به‌چاوێكی كه‌مه‌وه سه‌یری ده‌كرد".
ئایشه‌شان.. جارێكی تر دایكی نه‌بینیه‌وه
سه‌ره‌ڕای ڕێگری بنه‌ماڵه و كۆمه‌ڵگا ویستویانه ئه‌و كه‌سانه سارد بكه‌نه‌وه كه ڕێی هونه‌ریان ده‌گرته‌به‌ر، به‌ڵام كه‌سانێك په‌یدابوون كه گوێیان به‌و تیروتوانجانه نه‌داوه، كه یه‌كێك له ژنه هه‌ڵكه‌وتووانه (ئایشێ شان)ـه. ئه‌م شاژنه ده‌نگخۆش و بوێره به‌ده‌نگی به‌رزه‌وه گۆرانی گوتووه‌و، هیچكات گوێی به قسه و قسه‌ڵۆكی خه‌ڵكانی دواكه‌وتوو نه‌داوه. ژنێك كه هه‌مو به‌ربه‌سته‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی شكاندوه‌و توانیویه‌تی ئه‌و به‌هره‌یه‌ی له‌ناخ و ده‌نگیی دا هه‌یه‌تی، بیخاته به‌رگوێی خه‌ڵكیی، ئه‌گه‌رچی ئه‌م كاره‌شی هه‌روا ئاسان نه‌بوه، به‌ڵكو له‌پێناوی دا سه‌ختییه‌كی زۆری بینیوه.
ئایشه‌شان كاتێ ده‌ستی به‌كاری هونه‌ری كرد، ناخۆشی و به‌ربه‌ستی گه‌وره‌ی هاته پێش، ماڵبات و بنه‌ماڵه‌كه‌ی له‌سه‌ره‌تادا زۆر ڕێگریان لێ‌كرد له‌وه‌ی كچه‌كه‌یان ستران و گۆرانی بڵێ، پێیان وابوو نابێت ژن گۆرانی بڵێت. باوكی ده‌زانێ كه كچه‌كه‌ی ده‌نگێكی به‌سۆزی هه‌یه، به‌ڵام ڕێگه‌ی پێنادا گۆرانی بڵێ، به‌ڵكوو بۆ خوێندنی قورئان، ده‌ینێرێت. ته‌نانه‌ت جارێكیان براكه‌ی هه‌وڵیداوه بیكوژێت!. دواجار ئه‌و یاخی بوو، گوێی نه‌دا به‌و نیگه‌رانیانه.
كاتێك ده‌نگی ئایشه شان به ته‌نها له‌ناو ماڵه‌كه‌یاندا نه‌سره‌وت و به‌ناو خه‌ڵكدا بڵاوبووه‌وه، خه‌ڵك قسه‌ڵۆكیان به‌دواوه خستووه، چونكه له‌بنه‌ماڵه‌یه‌كی دیندار بووه‌و له‌ماڵی ئه‌واندا قورئان خوێندراوه، نه‌ك ژنێك بێت و گۆرانی بڵێ. له‌به‌رئه‌وه له‌سه‌ر خواستی بنه‌ماڵه‌كه‌یان و ره‌وشی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و سه‌رده‌مه ماڵه‌باوانی نه‌یانویست ئایشه شان گۆرانی بڵێ، به‌ڵكو ویستویانه كه به‌شووی بده‌ن.
له‌كۆتاییدا بۆ (شه‌وكه‌ت توان) نیشانه ده‌كرێت و له‌گه‌ڵ شه‌وكه‌ت ده‌چنه ژیانی هاوسه‌رییه‌وه. ساڵ و نیوێك له‌گه‌ڵیدا ده‌مێنێته‌وه، كچێكیان ده‌بێت به‌ناوی ده‌نێن (یاسه‌مین). به‌ڵام كاتێك ماڵه خه‌زورانی ده‌بیستن كه بووكه‌كه‌یان پێشتر گۆرانی گوتووه!كچێكی دیكه بۆ كوڕه‌كه‌یان (مێردی ئایشه شان) دیاری ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئایشه‌شان هه‌وێداری قبوڵ ناكات، دێته‌وه له‌ماڵی بابی داده‌نیشێته‌وه، له‌وكاته‌دا كۆمه‌ڵێك قسه‌ی دیكه‌ی ده‌خه‌نه‌پاڵ، ئه‌ویش ناچار شوو به پیاوێكی دیكه به‌ناوی (چه‌ركه‌ز) ده‌كاته‌وه. به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی پێناچێت كه ناخۆشی و كوشتن له‌نێوان چه‌ركه‌ز و دوژمنه‌كانیدا په‌یدا ده‌بێت و چه‌ركه‌ز ده‌كوژرێت. له‌دوای كوشتنی چه‌ركه‌ز، ئایشه نه‌یتوانی له‌شارێكی وه‌ك دیاربه‌كر بمێنێته‌وه‌و كاری گۆرانی گوتن بكات، چونكه له قسه‌ڵۆكه‌كانیان به‌رده‌وام بوون، له‌به‌رئه‌وه له‌ماڵباتی ئایشه زۆری لێده‌كه‌ن كه واز له گۆرانی گوتن و ئه‌م جۆره ژیانه بهێنێت.
ژنێكی كورد له‌شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوودا، سۆز‌و عه‌شقی ئه‌و بۆ گۆرانیگوتن وای لێده‌كا، ده‌ستبه‌رداری خانه‌واده‌و هاوسه‌ره‌كه‌ی بێت و له دیاربه‌كره‌وه ڕوو ده‌كاته عه‌نتاب و له‌وێشه‌وه بۆ ئه‌سته‌مبوڵ، له‌پێناو تۆماركردنی چه‌ند گۆرانییه‌كی كوردی.
پێش ئه‌ویش (مریم خان) سترانبێژی ناوداری كورد، هه‌ر له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی گۆرانی گوتن، له‌هاوژینه‌كه‌ی جیابووه‌وه‌و ڕێگای هونه‌ری هه‌ڵبژارد.
ته‌نانه‌ت كاتێ دایكی ئایشه‌شان نه‌خۆش ده‌كه‌وێت، داوا له كچه‌كه‌ی ده‌كات كه واز له‌كاری ده‌نگبێژی بهێنێت و بۆلای بگه‌ڕێته‌وه، به‌ڵام كاتێك بۆلای ده‌چێت، دایكی كۆچی دوایی كردووه، كه ئه‌مه داخێكی گه‌وره بۆ ئایشه‌شان په‌یدا ده‌كات و تووشی خه‌مۆكی و قه‌یرانی ده‌روونی ده‌كات، له‌تاو ئه‌و كۆسته هه‌وڵی خۆكوشتن ده‌دات، به‌ڵام سه‌رناگرێ. به‌گۆرانی (غه‌ریبم دایێ) ئارامی به‌دڵ و ده‌روونی ده‌هێنێت، به‌ڵام تا ماوه‌یه‌كی زۆر ئاسووده نابێت.
له دواڕۆژه‌كانی ژیانیدا عه‌یشێ شان هیچ كه‌س له ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی له كاتی نه‌خۆشییه‌كه‌یدا سه‌ردانیان نه‌كردبوو. له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته كه له ژیانیدا زۆر بێكه‌س وغه‌ریب ژیاوه له یه‌كێك له گورانییه‌كانیدا ده‌ڵێت: (عه‌مرم هات وبووری، من رۆژه‌ك خۆش نه‌دیت ، قه‌ده‌را من ئه‌وه بوو).
ئه‌و هه‌رچه‌نده گۆرانیبێژێكی به‌ناوبانگ بوو، ئه‌و زۆربه‌ی ژیانی به غه‌ریبی و دڵێكی پڕ حه‌سره‌ته‌وه برده‌سه‌ر. به‌ڵام مه‌رگێكی زۆر ته‌نهایی هه‌بوو، ته‌نانه‌ت كه‌س و كاره‌كه‌شی نه‌چووه‌نه ڕێوڕه‌سمی به‌خاك سپاردنی، پاشان به‌ئاماده‌بوونی ته‌نها كوڕه‌كه‌ی و چه‌ند كه‌سێك له گۆڕستانێكی شاری (ئزمیر) دوور له‌زێدی خۆی (دیاربه‌كر) به خاك سپێررا، دوای دوو سێ مانگیش ئه‌وجا به‌مردنی زانرا.
عه‌باسی كه‌مه‌ندی
عه‌باسی كه‌مه‌ندی به‌هره‌ی ده‌نگخۆشی له‌خانه‌واده‌ی به‌میرات ماوه‌ته‌وه، وه‌لێ چونكه ماڵبات و خانه‌واده‌ی كه‌مه‌ندی، نیگا و تێڕوانینی ئاینیان له‌باره‌ی گۆرانیبێژی مۆسیقاوه هه‌بوو، ئه‌و كاره‌یان به نه‌نگ ده‌زانی، له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌بوون، كه نابێ ئه‌و ده‌نگخۆشییه له‌چوارچێوه‌ی خانه‌واده‌یی زیاتر بچێته ده‌ر، له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وه كه‌سێ وه‌ك كه‌مه‌ندی بیویستایه بچێته رادیۆ و ده‌نگ تۆمار بكات، به‌كاری لۆتی و موتریبیان ده‌زانی. هه‌ر له‌و زه‌مانه‌دا ده‌یه‌ها گۆرانبێژ له رادیۆ سنه كاریان ده‌كرد، به‌هۆی تێڕوانینی سلبی بۆ هونه‌رو گۆرانی و له‌ترسی لۆمه‌ی خێزانه‌كانیان به‌ناوی خوازراو یا نازناوه‌وه به‌رهه‌میان پێشكه‌ش ده‌كرد.
هونه‌رمه‌ند عه‌باسی كه‌مه‌ندیش ئا له‌م بارودۆخه دژواره‌وه هاته نێو كایه‌ی هونه‌ره‌وه. هه‌ر له ده‌ستپێكی گۆرانی گوتنیه‌وه تووشی سه‌ختی و فشاری خانه‌واده‌كه‌ی بوه‌وه تا ده‌ستبه‌رداری گۆرانیگوتن بێ. به‌ڵام خۆشبه‌ختانه پێش عه‌باسی كه‌مه‌ندی، هونه‌رمه‌ندی هه‌میشه له‌یاد سه‌ید عه‌لی ئه‌سغه‌ری كوردستانی چون خۆی له خانه‌واده‌یه‌كی باوه‌ڕمه‌ند و دینداربوو، تا ئه‌ندازه‌یه‌ك ئه‌و به‌ربه‌ست و سه‌ده‌ی شكاند و هونه‌ره‌كه‌ی له‌نێو كۆمه‌ڵگای كوردی ناساند.
ناسری ڕه‌زازی.. باوكی لێیداوه و له‌ماڵ ده‌ریكردووه!
هونه‌رمه‌ند ناسڕی ڕه‌زازی كاتێ ڕێگای هونه‌ری گرته‌به‌ر، ئه‌ویش بێ به‌ش نه‌بوو ئه‌و هه‌ورازو نشێویانه‌ی بۆزۆربه‌ی هونه‌رمه‌ندان هاته‌پێش، هه‌ر له تانه‌ی خه‌ڵكی یه‌وه تا سه‌زه‌نشت و لێدانی باوكی. ئه‌و كوڕی بنه‌ماڵه‌یه‌كی سنه‌یه، باوكی به‌رگدووری جلوبه‌رگی كوردی بوو، دایكیشی كابانی ماڵ و ته‌ونكه‌ریش بوو، به‌هره‌ی ده‌نگخۆشی به‌خششێكی خوداییه له‌م بنه‌ماڵه‌یه، هه‌رچه‌نده باوكی له‌كۆڕو مه‌جلیسی ماڵی خۆیاندا گۆرانی گوتووه، به‌ڵام باوكی نه‌یاری گۆرانی گوتنی كوڕه‌كه‌ی بووه، به‌وهۆیه‌وه ره‌زازی له‌سه‌ره‌تای هه‌نگاونانی به‌ره‌و دنیای هونه‌ر له‌لایه‌ن باوكیه‌وه توشی سه‌رزه‌نشت وئازاردان هاتووه. ئه‌و هونه‌رمه‌نده له‌چاوپێكه‌وتنێكدا ده‌ڵێت:"باشم له‌بیره یه‌كه‌م جار كه من به‌شه‌رمێكی زۆر‌و ئاره‌ق ڕشتنه‌وه، له‌زه‌ماوه‌ندی یه‌كێ له خزمه‌كانم گۆرانیم به‌زۆری دایكم و كه‌سوكار گوت، كه‌چی به‌داخه‌وه باوكم كه زانی ده‌نگم خۆشه‌و ده‌توانم گۆرانی بڵێم، پێشی پێده‌گرتم و نه‌یده‌هێشت".
ئه‌و ئاواتی ئه‌وه‌ی ده‌خواست ببێته گۆرانیبێژ كه ته‌مه‌نی له‌و سه‌رده‌مه له (15-16) ساڵان زیاتر نه‌بوو. وه‌ك خۆی ده‌ڵێ"ئیتر شه‌رمم شكا و وتم گۆرانی ده‌ڵێم، له‌سه‌ر ئه‌وه باوكیشم په‌یتا په‌یتا لێی ده‌دام، ئازاری پێ ده‌گه‌یاندم، ئه‌گه‌ر پێیان بوتبایه كوڕه‌كه‌ت ده‌نگی خۆشه، ده‌هاته‌وه ماڵه‌وه تێم به‌رده‌بوو كوته‌كه‌م ده‌خوارد".
باوكی ناسر هه‌وڵ و ته‌قه‌لای ئه‌وه‌بوو ده‌یوت ڕۆڵه تۆ ده‌رسه‌كه‌ت بخوێنه تا ببی به شتێك، به‌ڵام ره‌زازی به‌ئه‌ندازه‌یه‌ك گۆرانیی شێت و شه‌یدای كردبوو نه‌یده‌توانی ده‌ستبه‌رداری بێ. ناسری ره‌زازی گله‌یی ئه‌وه له‌باوكی ده‌كا له‌گه‌ڵیدا خراپ بووه، به‌گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و كاتی خۆی باوكی لێی داوه و له‌ماڵ ده‌ری كردووه و پێی وتوه نابێ گۆرانی بڵێی.
به‌ڵام دایكی وانه‌بوو، به‌جۆرێ پشتیوانی كردووه و قسه له‌گه‌ڵ باوكی ده‌كاو پێ ده‌ڵێ (حه‌یفه ئه‌م كوڕه ده‌ربه‌ده‌ربێ، باشتره گۆرانی بڵێ و ده‌رسه‌كه‌شی بخوێنێ).
هونه‌رمه‌ند و موزیكژه‌نی كه‌ركوكی قادر مه‌ردان به‌كۆمه‌ڵێك ئاوازی جوانه‌وه هاته ناو دونیای هونه‌ره‌وه، به‌ڵام ئه‌ویش براكه‌ی له‌سه‌ر گۆرانی وتن قسه‌ی له‌گه‌ڵ ناكرد!.
هونه‌رمه‌ند و مه‌قامزان سه‌ڵاح داوده كه‌وا كۆڵه‌یه‌كی هونه‌ری كوردی بوو له‌شاری كه‌ركوك، به‌داخه‌وه قه‌دری ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌یان نه‌زانی، تامردیش (لكه‌ی چاوه‌شی) پێوه‌بوو!.
حه‌مه‌جه‌زا و رێگری باوكی
حه‌مه‌جه‌زا یه‌كێكه له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی له‌مه‌قامه‌كانی شیعری نه‌ته‌وه‌یی به‌كارهێناوه، به‌و شیعرانه‌ش توانیویه‌تی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی خه‌ڵكی ببزوێنێت كه ئه‌وه‌ش شۆڕشێكی هونه‌ریه.
حه‌مه‌جه‌زا كاتێ زانیویه‌تی ده‌نگی خۆشه‌و بۆ گۆرانی وتن له‌بارو گونجاوه، خوی دابووه گۆرانی و باوكی خۆشحاڵ نه‌بووه له‌وكاره‌ی، له‌لایه‌ن باوكیه‌وه سه‌رزه‌نشت كراوه. چونكه پێی خۆش نه‌بوو بڕوا به‌لای هونه‌ردا، باوكی حه‌زی ده‌كرد كوڕه‌كه‌ی بانگ بدات، هه‌تا جارێكیان لێدانی خواردبوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی به‌یانییه‌كیان سه‌عاتێ زووتر بانگی دابوو، سه‌ری له خه‌ڵكی گه‌ڕه‌ك تێكدبوو.
منداڵی گه‌ڕه‌ك سه‌ریان شكاندووه
هونه‌رمه‌ندێكی كورد بیره‌وه‌رییه‌كی ساڵانی شه‌سته‌كانی سلێمانی ده‌گێڕێته‌وه كه چۆن تا ئه‌وكاته‌ش مۆسیقا به‌لای خه‌ڵكه‌وه عه‌یبه بووه، ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داغی مۆزیكژه‌نی دیاری كورد ده‌ڵێ (هه‌رچه‌ند خه‌ڵك حه‌زی له‌هونه‌ر ده‌كرد، نیوه‌ڕۆیان ئه‌چووین بۆ ماڵی براده‌ران بۆ ته‌مرین به‌دزییه‌وه بۆئه‌وه‌ی ئامێره‌كانمان به‌ده‌ستمانه‌وه نه‌بیننن، چونكه ئه‌گه‌ر به‌ده‌ستمانه‌وه بیاندیبایه، مناڵ وه شوێنمان ئه‌كه‌وتن، من سه‌رم شكاوه و ئێستاش شوێنی دیاره به‌ردیان تێگرتووه، شونكه به‌شتێكی سووك سه‌یریان ده‌كرین). به‌ڵام به‌ره به‌ره ئه‌م كلتوره دواكه‌وتوه گۆڕاو له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنی فه‌رهه‌نگدا كاڵ بۆته‌وه. ئێستا كاری هونه‌ری له‌ناو خه‌ڵكدا پێشوازی لێده‌كرێت.
كوڕه ئاغایه‌ك له‌بنه‌ماڵه‌كه‌ی یاخی بوو
هۆمه‌ر دزه‌یی.. هه‌ر له منداڵییه‌وه خولیای گۆرانی گوتن بوو، له سه‌ره‌تاوه بنه‌ماڵه‌كه‌ی ڕێگر بوونه له‌وه‌ی ببێته گۆرانیبێژ، ئه‌و كه له بنه‌ماڵه‌یه‌كی "ئاغا" په‌روه‌رده بوو، كه‌لتووری بنه‌ماڵه‌ییان ڕێگه‌ی به‌وه نه‌ده‌دا بێته پێشه‌وه‌و گۆرانی بڵێ، به‌ڵام گۆرانیشی هه‌ر گوت و خه‌ڵكیش ئه‌ویان وه‌ك گۆرانیبێژ ناسی، ئه‌وه جۆرێك له یاخی بوونی بوو له بنه‌ماڵه‌كه‌ی.
حه‌زی ده‌كرد موزیك بخوێنێ، به‌ڵام دیسان بنه‌ماڵه‌كه‌ی ڕێگر بوون له‌وه‌ی به‌شی موزیك بخوێنی، وه‌ك ئه‌و هونه‌رمه‌نده وتوویه‌تی:"ئه‌وسا له په‌نجاكان گاڵته‌یان به‌وه ده‌هات له بنه‌ماڵه‌یه‌كی وه‌كو ئێمه موزیك بخوێنم، چونكه به چاوێكی سووك ته‌ماشا ده‌كرا. ته‌نانه‌ت ئێستایشی له‌گه‌ڵدابێت له‌بیرمه كه خه‌ڵكانێك هه‌ن هونه‌ریان به به‌شێك له چاوه‌شی ده‌زانن، بگره زۆر جاریش به (لۆتی) ناویان ده‌برد، ئه‌وه خه‌مێكی گه‌وره بوو له ژیان".
چونكه كۆمه‌ڵگای كوردی له په‌نجاكان حه‌زیان نه‌ده‌كرد كوڕه‌كانیان خه‌ریكی موزیك بن، هۆمه‌ر دزه‌یی ناچار زانستی سیاسه‌تی له ئینگلته‌را خوێندووه. موزیكی نه‌خوێندووه. ئاره‌زووی خۆی نه‌بووه، نه‌یئه‌ویست ئه‌و ڕێچكه‌یه بگرێ.
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی نه‌یانهێشت ببێ به گۆرانیبێژ، گله‌ی له كه‌سێكی دیاریكراو هه‌یه؟
هۆمه‌ر دزه‌یی ده‌ڵێت:"به‌بێ هیچ گومانێك گله‌یم له بنه‌ماڵه‌ی خۆم هه‌یه، هه‌میشه پێیان ده‌ڵێم، به‌ڵام كه گله‌یی ده‌كه‌م ده‌بێت هه‌میشه هه‌ناسه‌یه‌كی قوڵ هه‌ڵبێنم، چونكه گله‌یی من چییه، ناتوانم لێیان خۆش نه‌بم، شت هه‌یه لێی خۆش ده‌بی، به‌ڵام له‌بیری ناكه‌ی، بنه‌ماڵه‌ی ئێمه‌ش كه نه‌یاهێشت ببم به گۆرانیبێژ گوناحیان نه‌بوو، چونكه دابونه‌ریتی ئه‌و زه‌مانه په‌نجا و شه‌ست ساڵ له‌مه‌وپێش وابوو، كه نه‌یانهێشتووه، عه‌قلییه‌تی جاران وابوو، زۆربه‌یان نه‌خوێنده‌وار بوون، عه‌یب و شه‌رم بوو، به‌ڵام لێیان ده‌بوورم به‌ڵام قه‌ت له‌بیریشی ناكه‌م، چونكه ژیانی منی گۆڕی. رێچكه‌ی ژیانم ئه‌و رێچكه‌كه‌ی كه ئێستا پێیدا ده‌چم من ئه‌وهام نه‌ده‌ویست، حه‌زم ده‌كرد رێچكه‌ی هونه‌ری بگرمه‌به‌ر، به‌ڵام ئیتر سه‌ری نه‌گرت".
هۆمه‌ر دزه‌یی له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی بۆچی بنه‌ماڵه‌كه‌ی خۆشحاڵ نه‌بووه كوڕه‌كه‌یان ببێته گۆرانیبێژ ده‌ڵێت:" مه‌به‌ستی ئه‌وان ئه‌وه‌بوو، كه گۆرانیبێژی نه‌كه‌م به‌پیشه‌ی خۆم، كه پاره‌ی پێ په‌یدابكه‌م و بچم خه‌ڵك هه‌ڵپه‌ڕێنم بۆ پاره، وه‌كو چاوه‌ش، چونكه چاوه‌ش زوڕنای لێده‌دا خه‌ڵك هه‌ڵده‌په‌ڕی و پاره‌ی خۆی وه‌رده‌گرت، به‌ڵام بنه‌ماڵه‌ی ئێمه لاریان له‌وه نه‌بوو له ئاهه‌نگێك گۆرانی بڵێم به‌بی پاره".
هۆمه‌ر دزه‌یی ساڵی 1954 كه له به‌غدا ده‌یخوێند، پۆڵی پێنجی ئاماده‌یی بوو، رادیۆی به‌غدا به‌شی كوردی داوایان لێ‌كرد هه‌شت گۆرانی تۆمار بكات، ئه‌وكاته ته‌له‌فزیۆن نه‌بوو، ئه‌ویش چووه پرسی به ماڵه‌وه كردووه، گویانه:"بڕۆ، به‌ڵام ناوی ته‌واوت مه‌ده و یه‌ك فلسیش وه‌رنه‌گری، چونكه كه پاره‌ت وه‌رگرت ده‌بیه چاوه‌ش". ئه‌ویش چووه هه‌شت گۆرانیه‌كه‌ی تۆماركردووه و ناوی خۆی نه‌داوه، هه‌ر به‌ناوی دزه‌یی گۆرانییه‌كانی تۆماركردووه، هیچ پاره‌شی وه‌رنه‌گرت، گۆرانیبێژه‌كانی دیكه كه له‌وێبوون، هه‌موویان یه‌كی دوو سێ دیناریان وه‌رگرت، پێیان گوتووه كو پاره وه‌رناگری؟ به پێكه‌نیه‌وه گوتویه‌تی "ئێ چیبكه‌م من له‌به‌ر ماڵه‌وه‌مان ناوێرم پاره وه‌ربگرم".
ئه‌و زۆری هه‌وڵداوه له بنه‌ماڵه‌كه‌ی یاخی بێ و به گوێیان نه‌كا و بچێ موزیك بخوێنێ، به‌ڵام له‌رووی داراییه‌وه نه‌یتوانی، وه‌ك خۆی ده‌ڵێ:"چونكه تۆ گه‌نجی منداڵی ناتوانی خۆت بژێنی، ئه‌گه‌ر گه‌وره بوومایه و وه‌ك ئێستا بوومایه، به‌بێگومانی به گوێی ماڵه‌وه‌م نه‌ده‌كرد، چونكه ئێستا ده‌توانم خۆم بژێنم، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا راسته من هه‌میشه یاخی بووم، به‌ڵام هه‌ندێجار بۆم چووه‌ته‌سه‌ر و هه‌ندێجار بۆم نه‌چووه‌ته‌سه‌ر".
دەشڵێت:"حه‌سره‌تی من ئه‌وه‌بوو، كه موزیك بخوێنم، به‌ڵام ئه‌و ئاواته‌م نه‌هاته دی، بنه‌ماڵه‌كه‌مان منیان نارده توركیا، له‌وێ ده‌ستم كرد به خوێندنی كۆلێژی نوژداری، به‌ڵام دڵم هه‌ر لای هونه‌ر بوو، بۆیه به‌جێم هێشت، ئه‌مجاره‌یان چوومه نه‌مسا، له‌وێش خه‌ونه‌كه‌م نه‌هاته دی، چونكه دیسان نه‌متوانی موزیك بخوێنم، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌موو دنیای من بوو، ئێستایش پێموایه ئه‌و خه‌ونه له‌گه‌ڵ خۆم ده‌به‌مه ژێر گڵ".
سه‌رچاوه:
1-مێژووی مۆسیقای كوردی: محه‌مه‌د حه‌مه باقی، چاپی یه‌كه‌م، 1996
2- چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ مامۆستا میقداد محمد عومه‌ر. مه‌قامزان
3- گفتگوی ایرج نڤافتی با استاد عباس کمندی، محتبى میرزاده
4- گۆڤاری رامان، ژماره‌كانی (39، 48،52، 82/83 )
5- سوودم له‌زانیاری و بۆچوونی هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند و مۆزیكژه‌ن (ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داغی ، ئه‌حمه‌د نه‌جیب) وه‌رگرتووه. سوپاس بۆ ئه‌و دوو هونه‌رمه‌نده.
6- كتێبی (حه‌مه‌جه‌زا: هونه‌رمه‌ند و پێشمه‌رگه)
7- گه‌ڵای پایز: بیره‌وه‌رییه‌كانی عه‌لی مه‌ردان
8- ئه‌ز ئایشه شانم: له‌بڵاوكراوه‌كانی ئه‌نیستیتیوتی كه‌له‌پوری كورد.
9- (كامكاره‌كان، خالقی، قه‌ره‌داغی و مۆسیقای كوردی): برایم فه‌رشی
10- دوو چاوپێكه‌وتنی جیای هۆمه‌ر ده‌زیی له (گۆڤاری سڤیل، رۆژنامه‌ی هه‌ولێر)