ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

03:32 - 01/05/2020

تاجە گوڵینەی ١ی ئایار لەژێر پۆستاڵی هێزە ئەمنیەکانی تورکیا‌

پەیسەر

١ی ئایار جەژنی کرێکاران لە شاری ئەستەنبوڵی تورکیا لە لایەن ڕێکخراو و سەندیکا کرێکاریەکان پیرۆزکرا و چالاکیان ئەنجامدا، بەڵام وەک پیشەی هەموو ساڵێکیان بە فەرمانی دەسەڵات، هێزە ئەمنیەکان هێرشیان کردە سەر خۆپیشاندەران و ئەم ساڵەش بیانویان مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو.

چالاکی کرێکاریەکەی مەیدانی تەقسیمی ئەستەنبوڵ ئەمساڵ بە پێشەنگایەتی فیدراسیۆنی سەندیکا کرێکاریە شۆرشگێریەکانی تورکیا ئەنجامدرا و سەرۆک و ئەندامانی فیدراسیۆنەکە و ژمارەیەکی زۆر چالاکوانی کرێکاری و هاوڵاتی بەشداریان تێدا کرد.

 

هێزەکانی پۆلیسی تورکیا بە بیانوی مەترسی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا دەستی لە چالاکیە وەردا و لەنێوان هەردوولادا ئاڵۆزی دروست بوو.

لە ئەنجامی ئاڵۆزیەکاندا ١٥ کەس دەستگیرکران کە ئارەزۆ چەرکەزئۆغلۆ سەرۆکی گشتی فیدراسیۆنی سەندیکا کرێکاریە شۆرشگێریەکانی تورکیایان تێدایە.

مێژووی خەباتی کرێکاری لە تورکیا
یەکەمجار جەژنی کرێکاری لە تورکیا لە ساڵی ١٩١٢ لە شاری ئەستەنبوڵ لە سەردەمی ئیمپراتۆری عوسمانی کرایەوە. جەژنی کرێکاری بەهۆی ئەوەی لەجیهاندا کەوتبووە ژێر هزری چەپ و سۆسیالیستی، دەسەڵاتدارانی تورکیای ترساندبوو و رێکخستنە کرێکاریەکان ڕۆژ بە ڕۆژ لە تورکیا پەرەیان دەسەند و فراوان دەبوون.

ئەو دۆخە تا ڕووخانی دەوڵەتی عوسمانی و دامەزراندنی کۆماری تورکیای کەمالیستی بەردەوام بوو و دواتر لە ساڵی ١٩٢٥ بە بڕیارێکی تایبەت هەموو جۆرە چالاکی و خۆپیشاندانێک لە ڕۆژی ١ی ئایاردا بەتەواوی قەدەغەکران.

 

دەسەڵاتدارانی تورکیا تا ساڵەکانی شەستی سەدەی ڕابردوو تا ڕادەیەک توانیان دۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکەن، بەڵام لەگەڵ دەرکەوتنی بزوتنەوە کرێکاری و سۆسیالیستەکان بێدەنگی شەقام شکا و چالاکی و جموجووڵە چەپ و سۆسیالیستیەکان دەستیان پێکرد.

ئەوە بوو لە ساڵی ١٩٧٦ بە پێشەنگایەتی کۆنفیدراسیۆنی سەندیکا کرێکاریە شۆرشگێریەکان لە گۆڕەپانی تەقسیمی ئەستەنبوڵ نزیکەی ٢٠٠ هەزار کەس کۆبوونەوە و جەژنی کرێکاری ١ی ئایاریان کردەوە و ئەوەش بە یەکەم خۆپیشاندانی جەماوەری گەورەی کرێکاری لە مێژووی کۆماری تورکیادا دادەنرێت کە پارت و بزووتنەوە چەپ و سۆسیالیستیەکان پێشەنگایەتیان دەکرد.

چالاکیە خوێناویەکانی ساڵی ١٩٧٧
لە هەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا ڕۆژ بە ڕۆژ بزوتنەوە چەپ و کرێکاریەکان بەهێزتر دەبوون و رێکخستنەکانیان لە تەواوی شارەکانی تورکیا بڵاوبوونەوە و ژمارەیەک پارت و بزوتنەوەی سۆسیالیستی کرێکاری ئۆپۆزسیۆن دروست بوون و هەندێکیان شەڕی چەکداریشیان لەدژی دەوڵەتی تورکیا ڕاگەیاند.

لە ١ی ئایاری ساڵی ١٩٧٧ دا بە پێشەنگایەتی بزوتنەوە چەپەکانی تورکیا خۆپیشانداێکی زۆر فراوان بە ئامانجی مافی کرێکاران و ڕەنجدەرانی تورکیا ئەنجامدرا.

نزیکەی نیو ملیۆن کەس جارێکیتر لە گۆڕەپانی تەقسیمی ئەستەنبوڵ کۆبوونەوە و دەستیان بە وتنەوەی دروشم لەدژی دەوڵەتی تورکیا کرد. لە کاتێکدا کە جەمال تورکەر سەرۆکی ئەو کاتەی فیدراسیۆنی سەندیکا کرێکاریە شۆرشگێریەکانی تورکیا ڕاگەیەنراوێکی دەخوێندەوە، دەنگی تەقە لەناو خۆپیشاندانەکاندا بیسترا و هێزە ئەمنیەکانی تورکیا هێرشیان کردە سەر خۆپیشاندەران و شەڕ و پێکدادان ڕوویدا.

 

لە ئەنجامی پێکدادانەکانی نێوان هێزە ئەمنیەکان و خۆپیشاندەراندا ٣٤ خۆپیشاندەر کوژران و زیاتر لە ١٣٠ کەس بریندار بوون.

دوای کۆتاییهاتنی خۆپیشاندانەکە و کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە لە لایەن دەوڵەتەوە، ئۆپەڕاسیۆنێکی فراوان لەبەرانبەر ڕێکخەرانی خۆپیشاندان و بەڕێوەبەر و ئەندامانی پارتە چەپەکان دەستپێکرا.

دەسەڵات نزیکەی ٤٧٠ کەسی دەستگیرکرا و دوای چەندین مانگ دادگا ١٤ ساڵ سزای زیندانی بەسەر ٩٨ کەسدا سەپاند و ئەوانەی تر ئازادکران.

دەسەڵاتی تورکیا دوای ئەو ڕووداوە، یاسای تایبەتی دەرکرد و هەموو ساڵێک بەر لە هاتنی ١ی ئایار جەژنی کرێکاران ڕێوشێنی سەختی دەگرتەبەر و هەموو بزوتنەوە و پارتە چەپەکانی لە تورکیا قەدەغەکرد.

 

ئەو دۆخە تا ساڵی ٢٠١٠ بەردەوام بوو. حکومەتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) لە ساڵێ ٢٠١٠ دا ١ی ئایار بە فەرمی وەک جەژنی کرێکاری لەقەڵەمدا. لە هەمانساڵدا و دوای زیاتر لە ٣٠ ساڵ ١٤٠ هەزار کەس لە گۆڕەپانی تەقسیم کۆبوونەوە و جەژنی کرێکارانیان کردەوە.

هەرچەندە لە ئیستادا ١ی ئایار لە تورکیا بە فەرمی وەک جەژنی کرێکاران قبوڵکراوە، بەڵام تا ئێستاش دەوڵەت ترسی لە خۆپیشاندانە جەماوەریەکان لەم ڕۆژەدا هەیە و دەترسێت بۆ ڕاپەڕێنێکی سۆسیالیستی و چەپ بگۆڕێت کە نەتوانێت کۆنتڕۆڵی بکاتەوە.