11:25 - 03/05/2020
ئه‌و كورده فه‌یلییه‌ی به گۆرانى سێ حكومه‌تى به‌گیرهێنابوو
به‌هره هونه‌رییه‌كه‌ى خستبووه خزمه‌تى خه‌ڵك، مه‌نه‌لۆجه‌كانى به‌لاى عه‌شق و خۆشه‌ویستیدا نه‌چوون و روویان له حكومه‌ته‌كان و سته‌م و نادادپه‌روه‌رى بوو، له‌یه‌ك كاتدا دژی داگیركارى ئینگلیز مه‌نه‌لۆجى ده‌چڕى، دژى كاره خراپه‌كانى حكومه‌ته یه‌ك له‌دواى یه‌كه‌كانى عێراقیش. ناوه‌ڕاسته‌كانى سه‌ده‌ى رابردوو كوردێكى فه‌یلى،به توانا هونه‌رییه ناوازه‌كه‌ى له پایته‌ختى عێراقه‌وه، سێ حكومه‌تى به‌گیرهێنابوو(پاشایه‌تی، عه‌بدولكه‌ریم قاسم و دواتریش به‌عسییه‌كان) نه‌ده‌سڵه‌مییه‌وه‌و به‌رده‌وام به گۆرانى ره‌خنه‌ى له ده‌سه‌ڵات ده‌گرت، یه‌كه‌م هونه‌رمه‌ندبوو له عێراقدا بخرێته زیندان و چه‌ندین ساڵ ده‌ستبه‌سه‌ربوو به‌ڵام ئه‌و پشتى خه‌ڵكى به‌رنه‌دا.
هونه‌رمه‌ند و مه‌نه‌لۆجیستی به‌ناوبانگی عێراق (عه‌زیز عه‌لی) به گۆرانی و مه‌نه‌لۆجه تیر‌و توانجاوییه‌كانییه‌وه ناوی ده‌ركردبوو، ره‌خنه‌ی توندى له حكومه‌ت ده‌گرت، باری سیاسی وڵاتی ده‌دایه به‌ر تیر‌و توان، به‌تایبه‌ت دژی بوونی ئینگلیز و داروده‌سته‌كه‌ی بوو له عێراق، تۆمه‌تی"شیوعیه‌ت"یان دایه‌پاڵی، به‌ڵام زۆر له‌مانه‌وه دوور بوو، بگره حه‌زی به حیزب و حیزبایه‌تی نه‌بوو لایه‌نگری هه‌ژاران و زوڵملێكراوان بوو، ترسی خستبوه دڵی ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه، به‌هۆی مه‌نه‌لۆجه‌كانیه‌وه زوو زوو ڕاپێچی زیندان ده‌كرا. دوای تێپه‌ڕبوونی زیاتر نیو سه‌ده به‌سه‌ر مه‌نه‌لۆجه‌كانیدا، كاره‌كانى هێشتا بۆ ئه‌م سه‌رده‌مه گونجاوه.
له‌هیچ سه‌رده‌مێكدا سڵی نه‌كردووەته‌وه
له‌سییه‌كان و چله‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو، سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتنی هونه‌ری گۆرانی"مه‌نه‌لۆج" بوو له عێراق، ئه‌و كه‌سه‌شی ئه‌و جۆره گۆرانییه‌ی ده‌وتك پێیان ده‌وت "مه‌نه‌لۆجیست". مه‌نه‌لۆج وشه‌یه‌كی یۆنانی – لاتینییه و هاتووەته ناو زمانی عه‌ره‌بییه‌وه. عه‌زیز عه‌لی بووه سه‌رمه‌شقی و پێشڕه‌وی ئه‌م هونه‌ره له عێراقدا، هه‌رچه‌نده خۆی كورد بوو، به‌ڵام مه‌نه‌لۆجه‌كانی به عه‌ره‌بی ده‌گوت. كه هه‌م شوهره‌تی پێ به‌خشی و له سه‌رانسه‌ری عێراق-دا ناوبانگی هه‌بوو، هه‌میش به‌هۆیه‌وه خرایه زیندانه‌وه.
مه‌نه‌لۆجه‌كانی ته‌عبیر بوو له داوای حه‌قی چه‌وساوه و ره‌نجكێش و داوای ئازادی و ژیانی خۆشگوزه‌رانی ده‌كرد. له سه‌رده‌می خۆی رۆڵێکی باشی گێڕا له هۆشیاركردنه‌وه‌ی خه‌ڵك دژی فه‌ساد و گه‌نده‌ڵی له‌رێی هونه‌ره‌كه‌یه‌وه. ئه‌م هونه‌رمه‌نده له‌هه‌موو سه‌رده‌مه‌كانی (پاشایه‌تی، عه‌بدولكه‌ریم قاسم، عه‌بدولسه‌لام عارف دا ، ره‌خنه‌ی ده‌گرت. هه‌موو ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌بیه‌كانی به‌پیاوی ئینگلیز و به‌كرێگیراوی ئیستیعمار و بەریتانیا ده‌زانی. ره‌خنه‌ی له دامه‌زراندنی"كۆمكاری عه‌ره‌بی" ده‌گرت.
بانگه‌شه‌ی بۆ شۆڕش و راپه‌ڕینی خه‌ڵكی ده‌كرد دژی ده‌سه‌ڵاتداران . له سه‌رده‌می مه‌له‌كی "پاشایه‌تی" تۆمه‌تی شیوعییه‌تیان دایه پاڵ و جارێكیش به‌تۆمه‌تی ماسۆنیه‌ت خرایه زیندانه‌وه. كه ئه‌و كاته رووینه‌دابوو له مێژووی عێراق-دا گۆرانیبێژێك به‌هۆی گۆرانییه‌وه زیندانی بكرێت، عێراقییه‌كان ئه‌مه‌شیان به‌چاوی خۆیان بینی.
هه‌روه‌ها جارێكی تریش به‌هۆی ئه‌وه‌ی به‌شدارییه‌كی كاریگه‌ری كردبوو له بزوتنه‌وه‌ی ره‌شید عالی گه‌یلانی، لەساڵی 1941 به تۆمه‌تی نازی ده‌ستگیركرا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌ماوه‌ی ژیانیدا له‌چه‌ند شوێنێكی جیاواز فه‌رمانبه‌ری ده‌وڵه‌ت بووه به‌ڵام ئه‌مه له‌ڕه‌خنه‌گرتن و توانج دان له‌و حكومه‌ته ساردی نه‌كردووەته‌وه، هه‌ر به‌هۆیەوە جارێكیان به‌هۆی هه‌ڵوێست و ڕه‌خنه‌كانیه‌وه له‌سه‌ر كاره‌كه‌ی ده‌ركرا.
به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌كانی چووه ناو جه‌ماوه‌ر و باسوخواسی گه‌رمی شه‌قام بوو، ئه‌و له‌ژیانیدا نه‌چووبووه هیچ چاییخانه و قاوه‌خانه‌یه‌ك، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌ر ده‌ركه‌وتنێكی و بڵاوبوونه‌وه‌ی به‌رهه‌مێكی نوێی ئیتر له چایخانه‌كانی ئه‌وسا باس باسی مه‌نه‌لۆجه‌كه‌ی ئه‌و بوو. ئه‌مه‌ش ترسی خستبووه دڵی ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه، بۆیه جۆره‌ها په‌ڵپیان پێ ده‌گرت.
عه‌زیز عه‌لی چۆن بوویه هونه‌رمه‌نی گه‌ل؟
عه‌زیز عه‌لی گۆرانیبێژ و شاعیری میللى به‌ناوبانگی عێراق، خۆی كوردی فه‌یلی ناوچه‌ی به‌دره‌و جه‌سان بوو. ده‌سه‌ڵاتداران به مه‌نه‌لۆجه‌كانی هه‌راسان بوون. ئه‌گه‌رچی كورد بوو به‌ڵام تاكه مه‌نه‌لۆ‌جێكی ئه‌م هونه‌رمه‌نده به‌زمانی كوردی وتبێتی مه‌نه‌لۆجی "دكتۆر" بوو كه به‌هه‌ردوو زمانی عه‌ره‌بی و كوردیش وتوویه‌تی، بۆ سه‌رده‌می خۆی ده‌نگدانه‌وه‌ی زۆری هه‌بوو، ئێستاش قسه‌و باسی لێوه‌ده‌كرێت.
هونه‌رمه‌ندانی وه‌ك عه‌لی مه‌ردان و نه‌سرین شێروان له كۆرسی گۆرانییه كوردییه‌كه‌یدا بوون. ئه‌و ساڵی 1911 له دایك بووه، هه‌رچه‌نده له‌به‌ڵگه‌نامه‌ی فه‌رمیدا وا تۆماركراوه، به‌ڵام خۆی پێی وابوو له‌وه گه‌وره‌تره‌و به‌ته‌واوی نه‌یده‌زانی ته‌مه‌نی چه‌نده و له له‌دایكبووی چ ساڵێكه. هونه‌رمه‌ندێكی نیشتمانیی بوو، ئینتمای بۆ هیچ حزبێك نه‌بوو، نیشتمان و مافى خه‌ڵكی له‌سه‌ره‌وه‌ی هه‌موو شتێك بوو به‌لایه‌وه.
رۆژێك رێگری چوونه رادیۆی لێده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش ده‌نگدانه‌وه‌و ناڕه‌زایی فراوانی له‌نێو شه‌قامی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی عێراق دروست ده‌كات. نازناوی "هونه‌رمه‌ندی گه‌ل_ فنان الشعب"یان پێ به‌خشیبوو.
خاوه‌نى ڕۆشنبیرییه‌كی فراوان بوو له زمانیشدا جگه له كوردی كه دایك و باوكی كوردییه‌كه‌یان شێوه‌زاری فه‌یلی بوو، عه‌ره‌بییه‌كی زۆرباش و فارسی و ئینگلیزی و ئه‌ڵمانی و رووسیشی ده‌زانی. ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌یه‌كه له‌سه‌ر ئاستی رۆشنبیریی ئه‌م هونه‌رمه‌نده كه خۆی خۆی پێگه‌یاند، كه‌س ده‌ستی نه‌ده‌گرت شتێكی فێربكات، شاره‌زاییه‌كی باشی له‌هونه‌ری موزیك هه‌بوو، له‌مۆسیقاشدا عودی ده‌ژه‌ند و ئاوازه‌كانیشی خۆی داینابوون. ئه‌و ئاوازه سادانه‌ی كه به‌زوویی چوونه ناو خه‌ڵكه‌وه و پێشوازی لێكرا. به‌هۆی ئه‌وه‌ی شیعره‌كانیشی قسه‌ی ناو دڵی خه‌ڵك و به عه‌ره‌بییه‌كی شێوه‌زاری به‌غدادی بوون ئه‌مه وایكرد، ببێته وێردی سه‌ر زمانی خه‌ڵكی ئه‌و رۆژگاره‌و ئه‌مرۆش ئه‌وانه‌ی یادگارییان له‌گه‌ڵ هه‌یه به‌یادی ده‌هێننه‌وه.
سه‌ره‌تای كاری هونه‌ری به شانۆ ده‌ستیپێكرد، كه هونه‌رمه‌ند حه‌قی شبلی یه‌كه‌م گروپی شانۆیی له‌عێراق دامه‌زراند، ئه‌م یه‌كه‌م كه‌س په‌یوه‌ندی پێیانه‌وه كرد و له‌كاره شانۆییه‌كاندا ڕۆڵی ده‌گێڕا. دواتر وازی له‌شانۆ هێنا به‌ڵام له كاری هونه‌ری دوورنه‌كه‌وته‌وه به‌ڵكو كه زانی به‌هره‌ی ده‌نگخۆشی هه‌یه بواری گۆرانی هه‌ڵبژارد، جیاواز بوو له‌هه‌موو هونه‌رمه‌نده‌كانی هاوڕێ و هاوسه‌رده‌می، نه‌هات گۆرانی عاشقانه بڵێ و به‌به‌ژن و باڵای یاردا هه‌ڵبدا، به‌ڵكو سه‌ره‌تا به ڕه‌خنه‌ی هونه‌ری و كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌ستیپێكرد و پاشان ئاڕاسته‌ی سیاسه‌تی گرته‌به‌ر و ڕه‌خنه‌ی له حكومه‌ت ده‌گرت و سڵی له‌كه‌س نه‌كرده‌وه. له‌كه‌س نه‌ده‌ترسا و وه‌ك دیندارانیش ده‌یانوت، "قسه‌ی حه‌قی دژی ناحه‌ق ده‌كرد".
مه‌نه‌لۆجه‌كانی شه‌قامی چۆڵ دەکرد
له‌ساڵی 1936 رادیۆی عێراق كرایه‌وه، سه‌ره‌تا باره‌گای رادیۆكه له‌ناو ژوورێكی بچووكی سه‌رای حكومه‌تدا بوو، شته‌كان تۆمارنه‌ده‌كران هه‌ر به‌راسته‌وخۆ پێشكه‌ش ده‌كران. له‌رادیۆكه‌ی خۆیانه‌وه ره‌خنه‌ی له‌حكومه‌ت ده‌گرت. داوای گۆڕانكاری سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كرد.
ڕۆژانه له كاتژمێر هه‌شتونیو، هه‌مووان له‌نزیك رادیۆیه‌كه‌وه داده‌نیشتن بۆ گوێگرتن له تازه‌ترین به‌رهه‌می عه‌زیز عه‌لی. كه له‌و سه‌رده‌مه گۆرانییه‌كانی دژی داگیركاری ئینگلیز "ئیستعمار" و سیاسه‌تی حكومه‌ت بوو.
ئه‌و ڕۆژانه‌ی كاتی په‌خشی مه‌نه‌لۆجه‌كانی ده‌هات له رادیۆ یا ته‌له‌فزیۆنی عێراقه‌وه شه‌قام و بازاڕ به‌جارێ چۆڵ ده‌بوو، به‌تامه‌زرۆییه‌وه چاوه‌ڕوانی تازه‌ترین به‌رهه‌می بوون، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌مان له‌ناو جه‌ماوه‌ر و شه‌قامی ئه‌وكاتی عێراقی بۆ ده‌رده‌خات.
سرودی بۆ نیشتمان ده‌وت كه‌چی به‌تۆمه‌تی سیخوڕی ده‌ستگیریانكرد
كه به‌عسییه‌كان هاتنه سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵات، به‌هانه‌یان پێگرت ووتیان ئینتیمای بۆ ڕێكخراوی "ماسۆنییه‌ت" هه‌یه. له‌سه‌ر ئه‌وه ساڵی 1972 له‌لایه‌ن به‌عسییه‌كانه‌وه ده‌ستگیرا، كاتێ تۆمه‌تی ماسۆنی رووبه‌ڕووی ده‌كه‌نه‌وه، عه‌زیز عه‌لی له‌ڕویاندا پێده‌كه‌نێت و پێیان ده‌ڵێت:"جارێك شیوعی و جارێك نازی و ئێستاش ماسۆنی؟ وامزانی له‌سه‌رده‌می ئه‌م شۆڕشه‌دا، ڕێز له‌و خزمه‌تانه‌م ده‌گرن كه چاره‌كه سه‌ده‌یه‌كه پێشكه‌شمكردووه، له‌به‌رزكردنه‌وه‌ی ده‌نگی حه‌ق به‌سه‌ر ناحه‌قدا".
عه‌زیز عه‌لی سوێندی ده‌خوارد، له‌ژیانی نه ئه‌ندامی ماسۆنیه‌ت بووه وه نه سه‌ری به هیچ كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌ی ڕێكخراوێك كردووه كه بۆنی ماسۆنیه‌تی لێبێ.
هه‌رچه‌ند هه‌وڵیدا بۆیان بسه‌لمێنێ ئه‌و بابه‌ته ناڕاسته و تۆمه‌تێكه ناحه‌زانی بۆیان هه‌ڵبه‌ستووه، به‌ڵام ئه‌م قسانه دادی نه‌دا و نه‌چوو به‌گوێی به‌عسیه‌كاندا. له‌هیچ و خۆڕایی بۆماوه‌ی حه‌وت ساڵی له‌زیندان به‌سه‌ربرد. دوای چه‌ند ساڵێك له‌كونجی زیندان به‌ر لێبوردنێكی گشتی كه‌وت، به‌ڵام به‌عسییه‌كان هێشتا هه‌ر وازیان لێنه‌هێنا. ئه‌مجاره‌یان به‌وه په‌ڵپیان پێگرت گوایه خۆی و هاوسه‌ره‌كه‌ی جاسوسن و سیخوڕیان بۆ ئێران كردووه، به ئه‌نقه‌ست یش ئه‌مه‌یان بۆ هه‌ڵبه‌ستبوو چونكه له‌گه‌رمه‌ی شه‌ڕی نێوان ئێران و عێراقدا بۆئه‌وه‌ی ئاسان بیخه‌نه داوه‌وه. ئه‌و سرودی بۆ ئازادی و نیشتمان ده‌وت كه‌چی چوونه سه‌ری به‌تۆمه‌تی سیخوڕی ده‌ستگیریانكرد و بۆماوه‌ی حه‌وت ساڵ له‌كونجی زیندان هێشتیانه‌وه.
له شه‌وی 24/10/1998 رادیۆی عێراقی ئازاد هه‌واڵی مردنی مه‌نه‌لۆجیست و ئاوازدانه‌ر عه‌زیز عه‌لی بڵاوكرده‌وه. تاكه كوڕێكیشی هه‌بوو عومه‌ری ناوبوو، له‌شه‌ڕی ئێران – عێراق كوژرا.
سه‌رچاوه:
العربیه: عزیز علی.. فنان عراقی نادى بـ"الربیع العربی" قبل 70 عاما