ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

03:53 - 03/05/2020

قەیرانی سوریا جگە لە گیانلەدەستدانی ٥٨٦ هەزار و ١٠٠ هاوڵاتی مەدەنی هیچ شتێکی لەگەڵ خۆیدا نەهێناوە‌

پەیسەر

شەڕی ناوخۆیی سوریا و قەیرانی مرۆیی، سیاسی، ئابۆری و سەربازی ئەو وڵاتە ٩ ساڵی تێپەڕکردووە و هەرچەندە لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی هەوڵێکی زۆر بۆ کۆتاییهاتنی قەیرانەکان دراوە، بەڵام تا ئێستاش شەڕ و پێکدادان بەردەوامە.

 سوریا بووەتە خاڵێکی سەرەکی بەریەککەوتنی بەرژەوەندیەکانی وڵاتە زلهێزەکان و دوو بەرەی ڕووسیا و ڕۆژئاوا هەوڵ دەدەن کێشەکە بە سوودی خۆیان کۆتاییی پێبهێنن، بەڵام زەرەرمەندی سەرەکیش کە باجێکی زۆریان داوە، خەڵکی سوریایە.

لە ماوەی ٩ ساڵی ڕابردوودا شەڕ و پێکدادانی خوێناوی زۆر گەورە لە سوریا ڕوویانداوە، ڕژێمی سوریا، دەوڵەتی تورکیا، دەوڵەتی ڕووسیا، ئێران، گروپە توندڕەوەکانی سەر بە ئەلقاعیدە، داعش و هێزە کوردیەکان لایەنە شەڕەکە بوون.

 

بە پێی ئامارێکی مەرسەدی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ٩ ساڵی ڕابردوودا تا مانگی ئازاری ئەمساڵ ٥٨٦ هەزار و ١٠٠ هاوڵاتی مەدەنی لە شەڕ و پێکدادانەکاندا گیانیان لەدەستداوە.

بە پێی ئامارەکەی مەرسەدی سووری، لەو ژمارەیە ٢٢ هەزار و ٧٥ کەسیان منداڵن. هەروەها ١٣ هەزار و ٧٠٤ کەسیش ژنن و ئەوانەی تریش پیاوان.

ئەمە جگە لەوەی بە سەدان هەزار چەکدار لە هەموو لایەنەکان لە شەڕدا کوژراون و تا ئێستاش ئامارێکی ڕاست و دروست لەبارەی ژمارەی قوڕبانیان شەڕی ناوخۆی سوریا بڵاونەکراوەتەوە.

 

لە ٩ ساڵی قەیرانی سوریادا سێ لایەن دەستوەردانیان لە خاکی سوریادا کردووە.

لایەنێک هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بوو کە لە ساڵی ٢٠١٤ دا بە سەرۆکایەتی ئەمریکا بەشداری لە شەڕی سوریادا کرد و لە تێکشکاندنی داعشدا هاوکاری هێزەکانی کوردی ڕۆژئاوای کوردستانی کرد.

لایەنی دووەم دەوڵەتی ڕووسیا بوو کە لە مانگی ئەیلولی ساڵی ٢٠١٥ بە فەرمی پشتگیری خۆی بۆ ڕژێمی سوریا لەدژی گروپە توندڕەوەکانی سەر بە تورکیا پیشاندا و تا ئێستاش لە پارێزگای ئیدلبی باکووری سوریا کە بە سوریای بچوک ناسراوە، هاوکاریەکانی بۆ ڕژێمی سورپا بەردەوامە. لەگەڵ ئەوەشدا ئێران و حزبوڵلاش لە دژی گروپە سوننە توندڕەوەکانی سەر بە تورکیا هاوکاری ڕژێمی سوریا دەکەن.

لایەنێکی تر کە ڕاستەوخۆ دەستوەردانی لە قەیرانی سوریادا هەیە، تورکیایە. دەوڵەتی تورکیا لە مانگی ئابی ٢٠١٦ دا بە فەرمی هێزەکانی بردە ناو خاکی سوریا و لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٩دا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕژێمی سوریا دەستی بە شەڕ کرد.

دەوڵەتی تورکیا جگە لەوەی لە حەلەب، ئیدلب و ناوچەکانی تری سوریا پشتگیری لە هێزە توندڕەوەکان کرد، لە هەمانکاتدا هێرشی زۆری کردە سەر ڕۆژئاوای کوردستان و لە ئێستادا، عەفرین، گرێ سپی و سەرێکانی داگیر کردووە.

 

لە ئێستاشدا هەرچەندە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە شەڕ لە سوریا تا ڕادەیەک ڕاگیراوە، بەڵام هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان تا ئێستاش بەردەوامە.

لایەنەکانی بەشدار لە قەیرانی سوریا تا ئێستا زۆر جار کۆبوونەتەوە و رێککەوتن و کۆبوونەوەی زۆریان بۆ چارەسەرکرنی قەیرانی سوریا ئەنجامداوە.

یەکێک لەوانەش، زنجیرە کۆبوونەوەکانی ئەستانە بوون کە لەنیوان تورکیا، ڕووسیا و ئێران ئەنجامدرا.

سەرانی سێ وڵاتەکە ١٤ جار لە ئەستانە کۆبوونەوە، هەرچەندە لایەنەکان لەبارەی هەندێک خاڵ رێککەوتن، بەڵام نەیانتوانی بە تەواوی قەیرانەکە کۆتایی پێبهێنن و دوای ١٤ خول، دانوستانەکان بێ ئەنجام کۆتاییان پێهات.

کۆمیتەی دەستووری بنەڕەتی
دانوستانەکانی پرسی دروستکردنی کۆمیتەی دەستووری بنەڕەتی سوریا و ئەندامێتی ١٥٠ کەس لەنێوان ڕژێمی سوریا و لایەنە ئپۆزسیۆنەکانی ئەو وڵاتە و نوێنەری ولاتە زلهێزەکانی جیهان دوای چەندین مانگ لە مانگی ئەیلولی ساڵی ٢٠١٩ کۆتایی هات.

هەوڵ دەدرا ڕژێمی سوریا و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان و نزیکەی ٥٠ وڵاتی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا، لە ڕێگەی دەستوورێکی نوێ کۆتایی بە قەیرانە ٩ ساڵەکەی سوریا بهێنن. قبوڵکردنی لیستی ئەندامانی کۆمیتەی دەستووری بنەڕەتی کە لە کەسایەتی ئۆپۆزسیۆن، سەرۆک عەشیر و ژنان و کەسایەتی لایەنگری ڕژێم پێک دەهات، بە هۆی تێبینیەکانی ڕژێمی سوریا قبوڵ نەکرا.

 

کورد لە دەستووری بنەڕەتیدا بەشداری پێنەکرا و بەو هۆیەوە ٣٠ حزبی ڕۆژئاوا و باکووری سوریا ڕایانگەیاند، کورد لە پرسە گرنگەکاندا بەشداری پێنەکرێت، هەوڵی چارەسەری سەرناکەوێت و لە دواجاریشدا ئەوە ڕوویدا و هەڵەکانی بێ ئەنجام کۆتاییان پێهات.

لە لایەکی ترەوە لە جنێفیش جیهان لەبارەی قەیرانی سوریاوە چەندین جار کۆبووە. ٩ خولی دانوستانەکان بەڕێوەچوون، بەڵام هیچ ئەندامێکی بەدەستنەهێناوە.

قەیرانی سوریا جگە لە نەهامەتی و ئاوارەیی و کوشتنی ٥٨٦ هەزار و ١٠٠ هاوڵاتی مەدەنی هیچ شتێکی لەگەڵ خۆیدا نەهێناوە.