ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

01:07 - 04/05/2020

کۆرۆنا و کشانەوەی ئەمریکا؛ دوو باڵ بۆ فڕینەوەی داعش‌

پەیسەر

راگەیاندنی سەرکەوتنی ئەمریکا و حکومەتی عێراق بەسەر رێکخراوی داعش لە کۆتایی 2017 و دوای سێ ساڵ لە پێکدادانی خوێناوی، چەند مانگێکی نەخایاند، چەکدارانی داعش لە بەشێک لە ناوچەکانی عێراقدا دەرکەوتنەوە و زیانێکی زۆریان لە هێزە عیراقییەکان دا.

ماوەی پێنج مانگە حکومەتی کاربەرێکەر کاروباری عێراق بەڕێوەدەبات و زۆربەی هێزە ئەمنییەکانیش سەرقاڵی جێبەجێکردنی بڕیاری قەدەغەکردنی هاتوچۆن بۆ رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا. ئەمانەش وایکردووە هەم بۆشایی سیاسیی و ئیداریی دروستببن، هەم بۆشایی ئەمنی.

هاشم هاشمی پسپۆڕ لە کارووباری گروپە چەکدارەکان باس لەوە دەکات، داعش لە رێگەی ئەم هێرشانەوە هەوڵی گەڕاندنەوەی تواناکانی دەدات بۆ خۆگونجاندنەوە لەگەڵ قۆناغی نوێ و ئاڵنگارییەکانی بەردەمیدا، هەوڵ دەدات بە ئاسانی لە ناوچەکەدا جوڵە بکات و چەکدارەکانی بۆ هەرشوێنێک بگوازێتەوە کە پێویست بکات.

هاشمی ئاماژە بەوەش دەکات، داعش لە رێگەی تێکدانی ئارامی ناوچەکە و رێگریکردن لە گەڕاندنەوەی ئاوارەکانەوە، هەوڵی تۆڵەکردنەوە دەدات.

چوار مانگ لە خوێنڕێژیی

لە ماوەی چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، چەکدارانی داعش لە چەند ناوچەیەکی عێراقدا چالاکییەکانیان دەستپێکردووەتەوە، بەڵام ناوەندی چالاکییەکانیان ناوچە کێشە لەسەرەکان و ناوچە عێراقییەکانی نزیک سنورەکانی هەرێمی کوردستانن.

لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا، بەهۆی ھێرشەکانی چەکدارانی داعش لە ناوچە کێشە لەسەرەکان، دەیان کەس کوژراون و برینداربوون.

تەنها لە ماوەی سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، بەهۆی هێرشەکانی داعش-ەوە نزیکەی (٤٥) کەس کوژراون و (١٠٠) كەسی دیکەش برینداربوون و بەشێک لە سەرچاوە عێراقییەکانیش ژمارەی جیاوازتریان خستووەتەڕوو کە زۆربەیان نزیکن لە یەکترەوە.

هەر لەم ماوەیەدا (٥٢) کەس لە هاوڵاتی مەدەنی و هێزە ئەمنییەکان لەلایەن چەکدارانی داعشەوە رفێندراون.

چەکدارانی داعش لە ماوەی نێوان یەکی نیسان تاکو ١٥ی نیسان، نزیکەی ٦٠هێرشیان ئەنجامداوە و بە هۆیەوە (١٤) کەس کوژراون، نزیکەی (٢٥) کەس بریندار بوو و نزیکەی (٢٠) کەسیش رفێندراون.

چەکدارانی داعش چەند جارێک هەوڵیان داوە هێرش بکەنە سەر هێزەکانی پێشمەرگە و لە سەرەتای مانگی نیسانیش لە کوڵەجۆ هێرشیان کردە سەر هێزەکانی پێشمەرگە و بەهۆیەوە دوو پێشمەرگە شەهیدبوون.
 
ئەنبار؛ قەڵا سەختەکەی داعش

چەکدارانی داعش لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا ئەنباریان کردبوو بە یەکێک لە قەڵاکانی خۆیان و بەشێکی زۆری چالاکییەکانیان لەو پارێزگایەدا ئەنجامدەدا.

دوای ئەوەی هێزەكانی هاوپه‌یمانیی نێودەوڵەتی دژ بە رێکخراوی داعش لە وێستگەی شەمەندەفەری فۆسفات و بنكەی ئاسمانی حەبانییە لە پارێزگای ئەنبار كشانەوە، چەکدارانی داعش هێرشەکانیان چڕکردەوە.

بە پێی راپۆرتێکی ئاژانسی ئەنادۆڵ لە کۆتایی مانگی ئازار و بیست رۆژی مانگی نیساندا، چەکدارانی داعش لە پارێزگای ئەنبار شەش هێرشیان ئەنجامداوە.

یەکەم هێرشی چەکدارانی داعش لە ئەنبار، لە سەرەتای مانگی ئازاردا بوو کە لە رێگەی دوو بۆمبی چێنراوەوە، لە دژی هێزەكانی سوپا لە شاری روتبەی رۆژئاوای پارێزگاکە ئەنجامیاندا و بە هۆیەوە دوو سەرباز كوژران و چواری دیكەیش برینداربوون.

هەر له‌ مانگی ئازاردا، چەکدارانی داعش سێ هێرشیان کردووەتە سەر هێزەكانی پاسەوانی سنوور لە روتبە و بارەگایەكی سوپا لە رومادی و لە ئەنجامدا سەربازێك كوژراو و پێنجی دیكەش برینداربوون.

لە سەرەتای مانگی نیسانیشدا، چەکدارەکانی داعش پەلاماری خاڵێكی سه‌ر به‌ سوپایان لە رۆژئاوای روتبە دا و لە ئەنجامدا چوار سەرباز كوژران.

مانگی نیسان؛ مانگی خوێناوی

هێرشەکانی چەکدارانی داعش لە مانگی نیسان و سەرەتای ئایاردا گەیشتنە لوتکە. ئەفسەرێکی پلە باڵاش لە دەزگای هەواڵگری عێراق ئاشکرایکردووە، هێرشەکانی داعش لە مانگی نیساندا سێ هێندەی مانگەکانی پێشوو زیادیان کردووە. 

چەکدارانی داعش تەنها لە دەرەوەی شارەکان نەوەستان و هەفتەی رابردوو لە ناوەندی کەرکوک پەلاماری بارەگای هەوڵگریان دا، لە هێرشەکەدا چوار ئەندامی هێزە ئەمنییەکان برینداربوون.

یەکێک لەو پارێزگانەی چەکدارانی داعش زۆرترین و قورسترین  چالاکییان تێدا ئەنجامداوە پارێزگای سەڵاحەدینە.

لە دوایین هێرشیشدا سەرەتای ئەم مانگە چەکدارانی داعش "قورسترین" هێرشیان کردە سەر چەکدارانی حەشدی شەعبی و پۆلیسی فیدراڵی عێراق. لەو هێرشەدا زیاتر لە ١٠ چەکداری حەشدی شەعبی و  ئەندامی پۆلیسی فیدراڵی عێراق کوژران و دەیان کەسی دیکەیان لێ بریندار بوون.

لە ٢٠ی نیساندا بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێكی چێنراو بە كاروانێكی هێزەكانی حەشدی شەعبی لە بەشی چەپی قەزای شەرگات لە باکووری پارێزگای سەڵاحەددین، سێ چەکداری حەشدی شەعبی کوژران و سێی کەسی دیکەیش برینداربوون.

ئۆپراسیۆنی دژ بە داعش

لەگەڵ بەهێزبوونەوەی داعش و هۆشداریدانی چەند بەرپرسێکی ئەمنیی عێراقی لە بەهێزبوونەوەی داعش، بەڵام تاکو ئێستا ئۆپراسیۆنی جددی و فراوان بۆ سەر چەکدارانی رێکخراوەکە ئەنجامنەدراوە.

لەگەڵ ئەوەشدا لە ناو شارەکاندا و بۆ دەستگیرکردنی ئەندامانی شانە نووستووەکانی داعش، ئۆپراسیۆن لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە ئەنجامدراوە و هەفتەی رابردووش شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق بڵاویکردەوە، لە ئۆپەراسیۆنێکدا، بەرپرسی لەسێدارەدان لە ڕێکخراوی داعش لە نزیک قەزای دوجەیل دەستگیرکراوە.

گەڕانەوەی داعش

کۆرۆنا، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانی و ناکۆکییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر و سەرقاڵبوونی هێزە ئەمنییەکان هەلی سەرهەڵدانەوە و بەهێزبوونەوەی داعشی بەهێزتر کرد.

کۆتایی مانگی ئازار و سەرەتای نیسان، هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ئەمریکا رایانگەیاند بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و رێکخستنەوەی هێزەکانیان، لە زۆربەی بنکە سەربازییەکان کشاونەتەوە، ئەمەش دەرگای بۆ چەکدارانی داعش ئاوەڵا کرد چالاکییەکانیان دەستپێبکەنەوە، چونکە گەورەترین رێگری بەردەم داعش، هێرشی فڕۆکەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بوون کە لە ساڵی (2014)ەوە لە خاکی عێراقدا بڵاوبوونەوە.

وەزارەتی بەرگری ئەمریکاش ئاماژە بەوە دەکات، هێزە عێراقییەکان توانای دەستڕاگەیشتنیان بە زانیارییە هەواڵگرییەکان بۆ بەکارهێنانیان لە هێرشەکان بۆ سەر چەکدارانی داعش نییە، ئەگەر لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە هاوکاری نەکرێن.

سەرەڕای بەهێزبوونەوەی داعش بەڵام بە دوور دەزانرێت وەک ساڵانی پێشوو دەست بە سەر جوگرافیایەکی فراواندا بگرن.

فازڵ ئەبو رەغیف، لێکۆڵەری سیاسیی و ئەمنیی بە ئاژانسی هەواڵی فەڕەنسی راگەیاندووە، داعش ناتوانێت بگەڕێتەوە سەردەمی بەهێزی خۆی و دەستبگرێت بەسەر ئەو جوگرافیا فراوانەی پێشتر کۆنتڕۆڵی کردبوو.

ئەفسەرێک لە هێزی هاوپەیمانان لە بەهێزبوونەوەی داعش کەمدەکاتەوە و پێی وایە، هێرشەکانی داعش لە مانگەکانی پێشوودا ئاماژەی زیادبوونێکی گەورە نین.

باسی لەوەش کردووە، نابێت تەنها باس لە ژمارەی هێرشەکان بکرێت، بەڵکو دەبێت قسە لەسەر جۆر و چۆنییەتی هێرشەکانیان بکرێت، ئەوەشی کە "ئێمە دەیبینین هێرشی ئاسایی و سەرەتایین."

ناکۆکییەکانی نێوان و بەغدا و هەرێم و نەبوونی هەماهەنگی نێوان هێزە عێراقییەکان و پێشمەرگەش، زیاتر هەلیان بە چالاکبوونەوەی چەکدارانی داعش بەخشی.

بەرپرسانی پێشمەرگە چەندین جار هێزە ئەمنییەکانی عێراقیان بەوە تۆمەتبار کردووە کە هاوکار و هەماهەنگیان لەگەڵ پێشمەرگەدا نییە و ئەوەش هۆکاری سەرەکی بەهێزبوونەوەی داعشە لە ناوچە کێشە لەسەرەکان.

سەرەتای مانگی نیسان جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی ھەرێم گوتی، رێکخراوی داعش زۆر بەهێز بووە، هۆکاری ئەم بەهێزییەشیان ئەوەیە سوودیان لەو بۆشاییە ئەمنییەی لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق لە ناوچە کێشە لەسەرەکان دروست بووە، وەرگرتووە. 

جێگری سەرۆکی ھەرێم باسی لەوەش کردبوو، چەکدارانی داعش لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی عێراقەوە، هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی پێشمەرگە، چونکە هیچ ھاریکارییەک لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق نییە و هەرێمی کودستانیش زۆر هەوڵیداوە هەماهەنگی دروستبکات، بەڵام عێراقییەکان نەهاتوونەتە پێشەوە و وەڵامیان نەداوەتەوە.

ئێستا بەشێک لە چاودێرانی دۆخی ئەمنیی عێراق باس لەوە دەکەن، هیچ پلانێک نییە بۆ راگرتنی چەکدارانی داعش و هەمووان بە دیار بەهێزبوونەوەی داعشەوە دانیشتون و لەبری بەرەنگارەیی، رۆڵی تەماشاکەر دەبینن، بەڵام ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان و هاوڵاتیانی ئەو ناوچانە باجەکەی دەدەن.

بەشێک لە سەرچاوە عێراقییەکانیش هۆشداری ئەوە دەدەن، ئەگەر داعش رانەگیرێت، ئەگەر هەیە لە چەند هەفتەی داهاتوودا دەست بەسەر چەند شوێنێکی نیشتەجێبوون و شارۆچکەیەکدا بگرن.