ڕاپۆرتی کوردستانی

09:46 - 06/05/2020

باوكی شێخ مەحمود و براكەی چۆن كوژران؟‌

پەیسەر

مێژووی كەسایەتییە دیارەكانی كورد، بەشێكی زۆری لاپەڕەكانی مێژووی ئەم نەتەوەییەی داگیركردووە، نەك هەرئەوەندە لە بەشێكی زۆری مێژوودا كورد بەوان ناسراوەتەوە، بەڵام مەخابن ناكۆكی و بینینی رۆڵی (كلكە تەور)یی لە مێژووی ئەم نەتەوەیە نەبڕاوە، شێخ مەحموودی نەمر (حەفید) یەكێكە لەو كەسایەتییە دیارانەی لە سەر ئاستی نێو دەوڵەتی سەردەمی خۆیدا مامەڵەی لەگەڵ كراوەو شۆڕشی بەرپاكردووەو دواتریش حكومەتی ڕاگەیاندووە، بەڵام بەداخەوە مێژووی ئەو سەردەمەش خاڵی نەبووە لە ناكۆكیی و كێشەی ناوخۆیی.

بنەماڵەی شێخ مەحمودی بە یەكێك لە بنەماڵە ناودارەكانی سەردەمی خۆیدا دادەنرێت هەر بە بۆنەی ئەو ناوبانگیەیی هەیان بوو خەڵكی سوێندیان بەسەریان دەخوارد. دەركەوتنی شێخ مەحمود وەكو كوڕی شێخ سەعید ببووە ماییەی مەترسی بۆسەر خەڵكانی دەوروبەر، چونكە دەیانزانی ئەم منداڵەگەورە بێت هەژموونێكی گەورە بەسەر عەشیرەتەكانی دیكەدا هێشتا لاوێكی تازە پێگەیشتووبوو. شەڕێكی گەورەی لەدژی عەشیرەتی (جاف وهەمەوەند)دا بەرپاكردبوو. ئەوان بەجۆرێك ناویان رۆیشتبوو سوڵتان عەبدولحەمید كۆدی تایبەتی بە شێخ سەعید دابوو تاوەكو هەركاتێك پێویستی كرد پەیوەندی راستەوخۆ بكات بەوانەوە. بەڵام دوژمنی سەرەكی ئەم بنەماڵەیە لقی ئیتحاد و تەرەقی سلێمانی بوو. ئەوانەی لقی سلێمانیانی هەندێك لەو ئەفسەرانە بوون كە لە (مەكتەبی حەرەبی) گەڕابوونەوە و حەزیان دەكرد دژایەتی ئەو كەسانە بكەن كە دەسەڵاتیان هەبوو. پاشان بە هۆی ئەوانەوە بنەماڵەی شێخ سەعیدی باوكی شێخ مەحمود نێردرانە موسڵ بۆ ئەوەی لەوێ ئاسودە بن. ئەوان بە هیوا بوون بگەڕێنەوە بۆ سلێمانی و ژیانێكی دیكە دەست پێ بكەن. بەڵام لە پڕێكدا هەموو شتێك گۆڕا لە هیواوە بۆ مردن و كوژرانی چەند كەسێكی ئەو بنەماڵەیە.

دوژمنی سەرەكی ئەم بنەماڵەیە لقی ئیتحاد و تەرەقی سلێمانی بوو

رۆڵی ئیتحاد و تەرەقی لە موسڵ
كاربەدەستانی ئیتحاد و تەرەقی لە موسڵ بۆ فرسەتێك دەگەڕان بۆ ئەوەی بیانوویەك درووست بێت و بنەماڵەی شێخ سەعیدی باوكی شێخ مەحمود لەناوبەرن. لەبەر ئەمە لە سەرەتای هاتنی ئەو بنەماڵەیە بۆ موسڵ هەموو هەوڵێكیان دەدا تاوەكو ئەو بنەماڵەیە لەبەرچاو خەڵكی بخەن. ئەوان كاریان ببوو بەوەی كە هەواڵی ناراست و چەواشە و بوختان لە دژی ئەو بنەماڵەیە لە ناو خەڵكیدا بڵاو بكەنەوە. بۆیە دوای ماوەیەك بەسەر رۆیشتنی بنەماڵەی شێخ مەحمود بۆ موسڵ ئاژاوەیەك سەری هەڵدا ئەوسەری دیار نەبێت و ئەوەی روویدا كە نەدەبوو ڕوو بدات ئەو كارەساتەش لە مێژووی سیاسیدا بە فیتنەی موسڵ یان (دقة الموصل) ناسراوە.

سەرهەڵدانی كێشەكە
دووەم رۆژی جەژنی قوربانی ساڵی 1908 شێخ مەحمود و شێخ ئەحمەدی برای بە هاوڕێیەتی كابرایەك ناوی بەها ئەفەندی (1) لە ماڵی مستەفا بەگی قایمقامی عەسكەری میوان دەبن. ماڵی مستەفا بەگ دەكەوێتە ناوچەی مەیدانی (باب توپ) ئەم ناوچەیەش لە بۆنەكەدا زۆرقەرەباڵغ بووە، چونكە دیمەنێكی دڵڕفێنی هەیە. دەگوترێت بەها ئەفەندی سەرخۆش دەبێت، دوای ئەوەی لە ماڵی مستەفا بەگ دێنە دەرەوە بەها ئەفەندی پلار و توانج لە ئافرەتێك دەگرێت و ئافرەتەكەش دەست دەكات بە قیژە و هاوار.هەندێكیش لە پیاو و گەنجی ئەو ناوە لەسەر ئافرەتەكە دێنە دەنگ پەلاماری بەها دەدەن، دەیانەوێت بیكوژن. كارلەكار دەترازێت و شێخ ئەحمەد لەسەر هاوڕێكەیان دەیكاتە شەڕ. كاردەگاتە دەمانچە و چەقۆ. چەند كەسێك لەو شەڕە بریندار دەبێت. خەڵكی موسڵ دەوروژێن دەیان كەس دەوری شێخ ئەحمەد و شێخ مەحمودی برا بچووكی بەها ئەفەندی دەدەن. دەیانەوێت هەر لەوێ بیانكوژن. لە سەردەمە چەند جەندرمەیەكی عوسمانی كورد لەسەریان دێنە دەنگ و بەدەر لەوانەش هێزی(هێسترسوار)یش كوردن. ئەوانیش پشتیوانی برا كوردەكانیان دەكەن.

هەڵگرتنی چەك
شەڕی لەنێوان كوردەكان و خەڵكی موسڵ گەرموگوڕتر دەبێت. چەندین كەس لە هەردوو لا دەكوژرێت.  هەربۆیە خەڵكی موسڵ دەست دەدەن چەك و پەلاماری جەندرمە كوردەكانی سوپای عوسمانی دەدەن، ئەوانیش ناچار پەنا دەبەنە بەر سەرا. كاتێك رۆژی دووەمی بەسەردا دێت، خەڵكی بە چەكەوە دەچنە سەرای والی عوسمانی و داوا دەكەن جەندرمە كوردەكانیان رادەست بكەن. والی جەندرمەكان ناداتە دەستی خەڵكەوە بۆیە دواتر داوای شێخ  ئەحمەد و هاوڕێكانی دەكەن (2) والی لەبری ئەوەی وەكو چۆن جەندرمەكانی رادەست نەكرد ئەوانیش رادەست نەكات بە خەڵكەكە دەڵێت" ئەوان لێرە نین خۆتان بڕۆن بیاندۆزنەوە." خەڵكەكەش تێدەگەن شێخ ئەحمەد و هاوڕێكانی لە ماڵی شێخ سەعید دەبن. والی سێ كەس لە ناودارانی موسڵ رادەسپێڕێت بچن شێخ سەعید بانگ بكەن. شێخ سەعید باوەڕیان پێ ناكات بۆیە بەناوی پاسەوانی و پاراستنەوە دەستەیەك سەرباز لەگەڵی دەچێت. هەركە دەگەنە سەرا، بە پێی فەرمانی تۆفیق بەگ كە بە (تۆفیق دارەكە بهێنە(3) ئەوكاتە بەڕێوبەری پۆلیس بووە بە پلەی موقەدەم(4) دەرگای سەرا دادەخرێت و شێخ سەعید لە دەرەوە بەتەنیا دەمێنێتەوە و جگە لەوەی خزمەتكارێكی لەگەڵ بووە هیچ كەسێكیان لەگەڵ نەبووە.

ئەوەی لە ماڵی شێخ سەعید دەبێت شەڕی مان و نەمان دەكەن

كوشتنی ناهەق
دوای ئەوەی شێخ سەعید و خزمەتكارەكەی بەتەنیا دەمێننەوە، كەسێك لەناو حەشاماتەكەوە بەردێكی گەورە هەڵدەگرێت دەیگرێتە شێخ سەعید بەری سەری دەكەوێت و دەستبەجێ دەیكوژێت. خزمەتكارەكەی لە ترسی گیانی خۆی قورئانێكی بە ڕووی خەڵكەكە بەرزدەكاتەوە بۆ ئەوەی نەیكوژن، بەڵام خەڵكەكە گوێ بەوە نادەن و بەرخەنجەر و چەقۆی دەدەن و دەیكوژن. پاشان خەڵكەكە بە هەموویانەوە پەلاماری ماڵی شێخ سەعید دەدەن. ئەوەی لە ماڵی شێخ سەعید دەبێت شەڕی مان و نەمان دەكەن. بەڵام دەرئەنجام شێخ ئەحمەدی برای شێخ مەحمود دەكوژرێت. پاشان ڕوو دەكەنە ئەو(خان)ەی كە پیاوەكانی شێخ سەعید وەكو بارەگا بەكاریان دەهێنا. هەموو ئەوانە دەكوژن كە لەو خانەدا بوون. ئەو كەسەی كە دەگوترێت ئەم ئاگرەی هەڵگیرساند بەها ئەفەندی بوو. هەر لەگەڵ دەستپێكردنی یەكەم شەڕەوە ئەو خۆی شاردەوە و تێیتەقاند و بۆی دەرچوو.

شێخ مەحمود نكۆڵی لێدەكات
دوای ئەوەی ئەوان دەكوژرێن بە هیچ جۆرێك باسی هەڵهاتن و ڕزگاربوونی شێخ مەحمود لەم باسەدا نییە. منەوەری كورد ڕەفیق حیلمی (5) دەلێت " من خۆم لە شێخ مەحمودم بیستووە كە ئەو گوتوویەتی لەو ڕووداوە ئەو لەگەڵیان نەبووە. " كەچی لە هەمان كاتدا مامۆستا غوڵامی دەڵێـت شێخ مەحمود لەماڵی مستەفا بەگ بووە. بەڵام نە لە شەڕ و پێكدادانەكەی سەرا كە باوكی كوژرا و لەو كاتەی شێخ ئەحمەد لە ماڵەكەی خۆیان كوژراوە باسی شێخ مەحمودی تێدا نییە. كەسێكی وەكو نووسەری پەرتووكی(مقدرات العراق السیاسیە) دەڵێت" شێخ مەحمود هەرگیز خۆی لە زمان درێژی نەپاراستووە و ئەو كەسەی كە قسەكەی كردووە "بەها ئەفەندی" نەبووە بەڵكو شێخ مەحمود بووە توانجی گرتۆتە ئافرەتەكەی موسڵ.
بە بڕوای ڕەفیق حیلمی، شێخ مەحمود هەر لە مناڵیەوە چاوی بڕیووەتە گەورەكان و بڕوا ناكرێت كە شێخ مەحمود هەڵەی وایكردبێت. مامۆستا غوڵامی دەڵێت " پێ دەچێت پێش ئەوەی كێشەكە درووست بێت شێخ مەحمود چووبێتە ماڵی" خدر هەمەوەند" دیسان مێژوو نووسان دەڵێت ناكرێت شێخ مەحمود باوك و براكانی جێهێشتببێت. چونكە لە هەموو قۆناغەكانی ژیانیدا شێخ مەحمود كەسێك نەبووە لە مەیدان هەڵبێت.

كاتێك پەیامی نزیكبوونەوەی شێخ لە كەركوك بڵاوبوەوە ئەو شەوە تا بەیانی كەس خەوی لێنەكەوت

شێخ مەحمود دەگەڕێتەوە
ئەو كارەساتەی لە موسڵ ڕوویدا سەرەپا ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی عوسمانی گرتەوە، خەڵكی شارەكانی سلێمانی و كەركوك ئاگر لە هەناویان بەرز دەبووەوە. هەربۆیە عەشیرەتێكی گەورەی وەكو هەمەوەند دەیانویست شۆڕشێك بەرپا بكەن. حكومەتی موسڵ لە ترسی ئەوەی هیچ ڕوونەدات شێخ مەحمود و دارودەستەكەی راگیركرد و نایانهێشت لە موسڵ بچنە دەرەوە. هەربۆیە خەڵكی وایان لە حكومەتی موسڵ تێگەیاند ئەگەر بێت و شێخ  مەحمود و دەستودایرەكەی نەگەڕێنەوە بۆ سلێمانی ئەوا ئەگەری هەیە خەڵكی عەشایەر هەڵبكوتنە سەر موسڵ و تۆڵەیان بكەنەوە. والی موسڵ بڕیاریدا شێخ مەحمود و براكانی بنێرێتەوە سلێمانی. هەر بۆیە ئەو سەردەمە بە پێی نووسراوەكانی مێژوو نووسان. ژیانی خەڵكی جگە لە خواردن و خەو باس باسی ئەو كارەساتەی موسڵ بوو.

رەفیق حیلمی بەمجۆرە باسی كارەساتەكە دەكات
كوژرانی شەهیدی كورد بەسەر هەموو زمانێكەوە بوو. لە هەموو لایەكەوە شیعر و هەڵبەست بە زمانەكانی عەرەبی و توركی و فارسی بۆیان دەلاواندەوە. خەڵكی عەشایەر خۆیان ئامادەدەكرد بچن بەرەو پیری شێخ. دەف و دایرە لە هەموو لایەكەوە خۆڕنین بوو. كارەساتی كەربەلا دووبارە ببووە. خەڵكی موسڵ وەكو زندیق تەماشا دەكرا. كاتێك پەیامی نزیكبوونەوەی شێخ لە كەركوك بڵاوبوەوە ئەو شەوە تا بەیانی كەس خەوی لێنەكەوت. من ئەو ئەوكاتە لە حوجرەی مەلا تەقی بووم مامۆستاكەمان(لاوانەوە)یەكی دوور و درێژی پێ لەبەركردم پێش گەیشتنی شێخەكان لەبەردەمی هەزاران كەسدا خوێندمەوە. كاتێك گەیشتنە كەركوك شێخ مەحمود ڕووی لە تەكیە و شێخ قادری برای و ئەوانی دیكە لە خانەقا مانەوە. لەو كاتەدا ڕەشید پاشا كرا بە والی موسڵ لەوێ تەنیا یەك ڕۆژ مایەوە خێرا خۆی گەیاندە كەركوك و دڵی شێخ مەحمودی دایەوە و بە هێزێكی گەورەوە شێخ و براكانی لەگەڵ خۆی بردەوە بۆ سلێمانی. كاتێك ڕەشید پاشا هات زۆر باش بوو، كاتێكیش گەڕایەوە بۆ موسڵ ئەو كەسانەی كە دەستیان لە كوشتنی شێخ سەعید و ئەحمەدی كوڕی هەبوو، گرت و زۆربەیانی بە لە سێدارە و سجنكردن مەحكوم كرد.

حكومەت هەمیشە دەترسا شێخ مەحمود بە هێزێكەوە هێرش بكاتە سەر موسڵ و تۆڵەی باوك و براكەی لە خەڵكی ئەو شارە بكاتەوە

شێخ مەحمود تۆڵەی خۆی لە كێ دەكاتەوە؟
لە پاش ئەوەی شێخ مەحمود بە دڵێكی پڕ خەمەوە دەگەڕێنەوە بۆ سلێمانی بە ماوەیەكی زۆر كەم لە شاری كفری باوكی بەها ئەفەندی دەكوژرێت. دەڵێن ئەو كەسەی دەستی لە كوژرانی باوكی بەها ئەفەندی هەیە" شێخ مەحمود"ە هەربۆیە دادگا بە شێوەی ئامادەنەبوو حوكمی شێخ مەحمودی بە سێ ساڵ زیندانیدا. شێخ مەحمود خۆی بە دەستەوە نادات و لە هەر لە دەوروبەری شاری سلێمانی و گوندەكانی دەوروبەر دەژی. حكومەتیش زۆر سوور نابێت لەسەر ئەوەی دەستگیری بكەن بۆیە كاتێك ڕوو لە شار ناكات ئەوانیش نایانەوێت بیگرن. هەربۆیە دوای ئەم كارەساتانە ئەستێرەی بەختی شێخ مەحمود دەدرەوشێتەوە، خەڵكێكی زۆری لێ كۆبووەوە، بۆیە حكومەت هەمیشە دەترسا شێخ مەحمود بە هێزێكەوە هێرش بكاتە سەر موسڵ و تۆڵەی باوك و براكەی لە خەڵكی ئەو شارە بكاتەوە. بەڵام دواتر دەوڵەتی عوسمانی  هەڵوەشێنرایەوە و شێخ مەحمودی مەلیك دوای ماوەیەك بووبە مەلیكی كوردستان.

پەراوێزەكان:
1-بەها ئەفەندی كوڕی عەبدوڵا ئەفەندی كوڕی حاجی ئیبراهیم بوو ئەو سەردەمە باشكاتب بووە و بە ڕەچەڵەك خەڵكی كفرین
منعم غوڵامی (الضحايا الثلاث) ، طاهر عمرى (مقدرات العراق السياسية)
2-والی ساڵی 1908 فەریق زەكی پادشای خەلكی حەلەب بووە و ئەندامێكی باڵای ئیتحاد و تەرەقی بووە.
3-دیارە كەسێكی زۆرداربووە هەركێ قسەی كردووە بەر داری داوە.
4-ئەو سەردەمە پێی گوتراوە(تابور ئاغاسی)
5-یاداشتەكانی رەفیق حیلمی