02:24 - 06/05/2020
ئه‌و هونەرمەندەی ٤٠٠گۆرانی تۆمارکرد و به سواڵكردن ده‌ژیا
نه‌سرین شێروان یه‌كێكه له‌ژنه بوێرانه‌ی له‌و سه‌رده‌مه كاری هونه‌ری كردووه كه ژن نه‌یوێراوه گۆرانی بڵێ. له‌سه‌ره‌تای په‌نجاكان ده‌ركه‌وت و گۆرانی گوتووه كه له تێڕوانینی باوی كۆمه‌ڵگای كوردی، گۆرانی گوتن عه‌یبه و شوره‌یی بوو، ئه‌و ژنانه‌ی گۆرانی‌یان ده‌گوت به‌په‌نجه‌ی ده‌ست ده‌ژمێردران، ئه‌و توانی زاڵ بێ به‌سه‌ر به‌ربه‌سته‌كانی كۆمه‌ڵگای ئه‌و سه‌رده‌مه و كۆت وبه‌ندەکانی شكاند، توانی زیاتر ٤٠٠ گۆرانی كوردی بخاته سه‌ر خه‌رمانی ئاواز و میلۆدی كوردی و گه‌نجینه‌ی گۆرانی فۆلكۆری ده‌وڵه‌مه‌ند بكات.
ئه‌م هونه‌رمه‌نده، په‌رێشانی و به‌دبه‌ختی زۆری به‌چاوی خۆی بینیوه، له ئاخر و ئۆخری عومری به سواڵكردن ده‌ژیا و زۆریش به‌كه‌ساسی مردووه.
له باكوری كوردستانه‌وه بۆ به‌غدا
ساڵی ١٩٢٢ له گوندێكی ناوچه‌ی شێرناخ له‌باكووری كوردستان، له‌ماڵی عومه‌ر عوسمان كچێك له‌دایك بوو، ناویان نا نه‌سرین. ئه‌م نازناوی (شێروان)ه‌ش له‌رادیۆی كوردی لێیان ناو به‌سه‌ریدا بڕا. له به‌خت و ناوچه‌وانی ئه‌و، ژیان خۆشیی بۆنه‌هێنا ته‌مه‌نی لاوی و گه‌نجی به شوانی و كۆچه‌ری و ئه‌م شار و ئه‌و شار برده سه‌ر، دواتر نه‌سرین له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌كه‌یان گونده‌كه‌یانی جێهشتووه و به‌ره‌و باشوری كوردستان شۆڕده‌بنه‌وه، سه‌ره‌تا له زاخۆ ده‌گیرسێنه‌وه، پاشان به‌ره‌و بۆ به‌غدا ده‌چن و بۆ بژێوی ژیانی له ماڵی یه‌كێك له مه‌سیحیه‌كان، كه له پێشدا ناسیاویان بووه ده‌مێنێته‌وه.
ماوه‌یه‌ك بۆ ماڵی جه‌مال بابان كه له زه‌مانی مه‌لیكی (پاشایه‌تی) وه‌زیر بوو دوو ساڵ له‌وێ به‌رده‌ستی ده‌كرد، خزمه‌تكار و كاری ناو ماڵیان بۆ ده‌كات. له‌و ماڵه‌ش شه‌وانه ئاهه‌نگ هەبوو. هونه‌رمه‌ندانی كورد داوه‌ت ده‌كران و گۆرانی و مه‌قام و لاوكیان ده‌گوت.
نە‌سرینیش هه‌م له‌وان گۆرانی تازه فێرده‌بوو هه‌میش خۆی ئه‌و لاوك و گۆرانییانه‌ی له‌سینه‌یدا بوون و به‌هۆی شوانییه‌وه فێربووبوو بۆی ده‌گوتن، به‌ڵام تا ئه‌و ده‌مه‌ش كچه كوردێكی غه‌ریبی به‌غدا بوو، هێشتا وه‌ك گۆرانیبێژ نه‌ناسرابوو.
چۆن ده‌رگای هونه‌ر به‌روویدا كرایه‌وه؟
هه‌ر له سه‌ره‌تاوه به‌هۆی ده‌نگخۆشییه‌وه چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ی لێده‌كرا ببێته هونه‌رمه‌ندێكی به‌توانا، به‌ڵام هه‌ژاریی ناچاری كردبوو به‌خزمه‌تكاری، له‌ماڵی ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی به‌غدا كاره‌كه‌ری ده‌كرد.
له‌به‌ختی ئه‌و ڕۆژێك عه‌لی مه‌ردان له ماڵی یه‌كێ له كورده‌كانی به‌غدا، بۆ ئاهه‌نگێك داوه‌ت ده‌كرێ. ئه‌ویش ئه‌و وه‌خته كچێكی ١٣ بۆ ١٤ ساڵان بوو كاره‌كه‌ری ئه‌و ماڵه بووه، له گه‌رمه‌ی گۆرانی و هه‌ڵپه‌ڕكێ و شاییدا، به ده‌نگێكی خۆش گۆرانی و ستران ده‌ڵێ.
عه‌لی مه‌ردان بانگی ده‌كات لای خۆی و چه‌ند پرسیارێكی لێده‌كات. كه ده‌زانێ ده‌نگی خۆشه داوای لێده‌كات بێته ڕادیۆ گۆرانی بۆ تۆمار بكه‌ن. عه‌لی مه‌ردان جگه له‌وه‌ی خۆی هونه‌رمه‌ندێكی ناسراو بوو ئه‌وكاته به‌رپرسی به‌شی هونه‌ری رادیۆی كوردی به‌غدا بوو.
نه‌سرین شێروان (كه ئه‌وكات ته‌مه‌نی بچووك بوو) یه‌كه‌مجار چووه‌ته ڕادیۆ زۆر ترسی لێ ده‌نیشێ، له راڕه‌وه‌كه‌ی ئێزگه ده‌گه‌ڕێته‌وه و ڕاده‌كات، عه‌لی مه‌ردان دەیهێنێتەوە بۆ ناو ئێزگه. له‌و رۆژه‌وه وه‌ك ئه‌ندامێكی كۆرسی ئێزگه دایاننا.
به پێشنیاری هونه‌رمه‌ند عه‌لی مه‌ردان، له 25-3-1944 له ئێزگه‌ی به‌غدا ده‌ست به‌كار بوو و به هاوكاری تیپی مۆسیقای ڕادیۆ، چه‌ندین سترانی بۆ ڕادیۆی كوردی به‌غدا تۆمار كرد، یه‌كه‌م سترانی (ده لێ.. لێ) بوو.
بۆ پێیان ده‌گوت كچی ئێزگه؟
له‌سه‌ره‌تاوه عه‌لی مه‌ردان زۆر هاوكاری نه‌سرین شێروانی ده‌كرد، له فێركردنی ئاوازی گۆرانییه‌كان چونكه نه‌خوێنده‌وار بوو ده‌بوایه له‌كاتی دانانی گۆرانییه‌كانی یا له‌زاری ئاوازدانه‌ره‌كه‌وه چه‌ند جارێك شیعره‌كه‌ی بۆ بڵێنه‌وه و ئه‌ویش سه‌یری ده‌مو لێویانی ده‌كرد تا گۆرانیه‌كه فێربێ، ئینجا دوای چه‌ندینجار پرۆڤه و دووباره‌و سێ باره‌كردنه‌وه، نه‌سرین شێروان هه‌رچه‌نده نه‌خوێنده‌وار بوو به‌ڵام به ڕاستی هونه‌رمه‌ند بوو، خودا مێشكێكی سافی پێ به‌خشی بوو، گورج شیعر و ئاوازی گۆرانییه‌كانی له‌به‌رده‌كرد.
هێنده‌ی به‌لای گۆرانی و هونه‌ره‌كه‌ی ده‌چوو، هێنده بیری به‌لای شتی تردا نه‌ده‌چوو، بۆ نموونه تا مردیش شوی نه‌كرد، ناویان نابوو(كچی ئێزگه). تاكو بووه هونه‌رمه‌ندێكی دیاری ڕادیۆی به‌غداـبه‌شی كوردی، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی بووه ئه‌ندامێكی چالاكی كۆرسی ئێزگه.
هونه‌رمه‌ند نه‌سرین شێروان، له‌هه‌ڕه‌تی گه‌نجی ئه‌وه‌نده به‌جورئه‌ت چووەته ناو دونیای هونه‌ر بووەته به‌شێك له جێ سه‌رنجی ئاوازدانه‌ران، ئه‌وه‌تا هونه‌رمه‌ندی شه‌ماڵ سائیب ئاوازی(به‌هاره به‌هاره)ی بۆ داناوه‌و نه‌سرین شێروان له گه‌وره‌ترین كۆمپانیای عێراق(كۆمپانیای چه‌قماقچی) تۆماریكردووه. له سه‌ره‌تای په‌نجاكان كۆمپانیای (چه‌قماقچی) زۆر له‌به‌رهه‌مه‌كانی بۆ تۆماركرد.
به‌هۆی ڕادیۆی به‌غداوه، ئاشنای هونه‌رمه‌ندانی ناوداری كورد علی مه‌ردان، حه‌سه‌ن زیره‌ك، تاهیر تۆفیق، محمد عارف جزراوی، حه‌سه‌ن جزراوی، شه‌ماڵ صائیب، ڕه‌سوڵ گه‌ردی، حوسێن علی، باكوری بووە، نه‌سرین شێروان له چه‌ندین ئاهه‌نگدا به‌شداربووه و گۆرانی گوتووه له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی كورد.
نه‌سرین شێروان له زۆر له گۆرانییه‌كانی به‌شی كوردی رادیۆی به‌غدا كۆرس بوو. ده‌نگی نه‌سرین كاری له‌هه‌ست و سۆزی هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك كردبوو، ده‌یوت خۆشترین ده‌نگه له‌گوێی مندا. به‌تایبه‌ت ئه‌و ماوه‌یه‌كی هونه‌رمه‌ند (حه‌سه‌ن زیره‌ك) ده‌هاته ڕادیۆی به‌غدا بۆتۆماركردنی گۆرانییه‌كانی، به‌هۆی هونه‌ره‌وه بووبوونه دوو هاوڕێی نزیكی یه‌ك، به‌جۆرێك ده‌توت چه‌ند ساڵه به‌یه‌كتر ئاشنان، له‌كاتێكدا نه‌سرین كچه كوردێكی باكوری كورستان و حه‌سه‌ن زیره‌كیش له رۆژهه‌ڵاته‌وه.
چی پێشكه‌شی هونه‌ری كوردی كردووه؟
له‌ناو ئه‌و ژنانه‌ی له‌رادیۆی به‌غدا گۆرانی‌یان گوتووه، نه‌سرین شێروان له‌ریزی پێشه‌وه‌یه له تۆماركردنی گۆرانی و زۆرترین به‌رهه‌می پێشكه‌شی هونه‌ر كوردی كردووه. قوربانییه‌كی مه‌زنی دا بۆئه‌وه‌ی له‌بواری هونه‌ر كاربكات.
هه‌ندێ جار خۆی گۆرانی و ئاوازی داناوه. به‌پێی قسه‌ی خۆی نه‌سرین (٤٢٠) ستران و گۆرانی هه‌یه له‌ئێزگه كوردییه‌كه‌ی به‌غدا. جگه له‌و سترانانه‌ی بۆ كۆمپانیاكانی تۆمار قه‌وان (كۆڵۆمبیا ، به‌یزافۆن ، چه‌قماقچی) تۆماركردووه.
ئاوازی زۆربه‌ی گۆرانییه‌كانی له نه‌غمه‌ی مه‌قامی(به‌یات، حوسه‌ینی)یه. كه ئاوازێكی غه‌مگین و به‌سۆزی هه‌یه كه‌وا نزیكه له روحیه‌تی ژیانی نه‌سرین شێروانه‌وه.
نزیكه‌ی (٤٢٠) گۆرانی و لاوك و سترانی ڕه‌سه‌نی كوردی تۆمار كردووه. به‌هۆی ئه‌وه‌ی سه‌ره‌تای رادیۆی كوردی تاماوه‌یه‌كی زۆریش تۆماركردنیان نه‌بوو به‌رهه‌مه‌كان هه‌ر راسته‌وخۆیی په‌خش ده‌كران، بۆیه ئه‌رشیفێكی كه‌می ماوه.
جگه له‌و گۆرانی و سترانه فۆلكلۆرییانه‌ی له باكوری كوردستان بیستبووی خۆشی چه‌ندین ئاوازی داناوه‌و به‌هاوكاری مۆزیكژه‌نەكانی ڕادیۆی به‌غدا تۆماریكردووه. ئه‌و له‌ناوجه‌رگه‌ی به‌غداوه گۆرانی ره‌سه‌نی كوردی ده‌گوت، كه‌وا مۆزیكژه‌نه‌كانی هیچیان كورد نه‌بوون وهه‌موویان عه‌ره‌ب بوون.
ئه‌مه‌ش به‌پێچه‌وانه‌ی گۆرانییه‌كانی ئه‌م رۆژگاره‌وه، چونكه له‌ناو ئه‌م سروشته جوان و ئه‌و هه‌موو مۆزیكژه‌نه كورده، گۆرانییه كوردییه‌كان بۆن و به‌رامه‌ی میلۆدی فارسی و توركی و عه‌ره‌بی گرتووه، بۆیه زۆر له شاره‌زایان و هونه‌رمه‌ندانی كورد ده‌ڵێن، زه‌مه‌نی په‌نجاكان سه‌رده‌می زێڕینی گۆرانی و موزیكی كوردی بوو.
گۆرانی (هه‌ی نێرگز نێرگز) هی كێیه؟
گۆرانی (هه‌ی نێرگز نێرگز) كوردێك نیه نه‌بیستبێ و عه‌ره‌به‌كانیش حه‌زیان لێیه و چۆته ناو موزیكی توركیشه‌وه، له حه‌فتاكان ئه‌و گۆرانیه له‌ته‌له‌فزیۆنه‌وه گروپێكی كۆرس و به ده‌نگی نه‌جات كچێكی ده‌نگخۆشی مه‌سیحی، به هاوكاری هونه‌رمه‌ندی كه‌مانژه‌ن (دڵشاد محمد سعید) په‌خشكراو كه‌وته سه‌رزاری هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان. له‌ئه‌سڵدا هی هونه‌رمه‌ند (نه‌سرین شێروان)ـه كه له شه‌سته‌كان له ڕادیۆی به‌غدا تۆماری كردووه.
ئه‌مانه به‌شێكن له خه‌رمانی هونه‌ی ئه‌و ژنه هونه‌رمه‌نده‌ی كه ئاواتی به‌رزی گۆرانی و سترانی كوردی بووبووه نان و ئاوی.
(هه‌ی نێرگز نێرگز، گوڵ شینی، گولێ هه‌ی نار، دیلان دیلان، لاوكی دلی لێ لێ، ته دلێ من سۆت ئه‌ڤینی، به‌ژنه ته زراڤه، ئاڤا ڕووبارێ مه، ئێوارێ ڤێ هاڤینێ، ده‌ردێ دلا، قه‌ول و قه‌رارێ ته، ده‌نگێ دۆلابێ، لۆیلم كۆچه‌ری، خانێ تو زانی، زاڵم)
مردنێكی پڕ له‌ئازار و بێكه‌سی
نه‌سرین شێروان هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و پاره كه‌مه‌ی له‌رادیۆی به‌غدا هه‌فتانه وه‌ریده‌گرت، له‌گه‌ڵ دایك و باوكی ده‌ژیا. هونه‌رمه‌ند باكوری ده‌ڵێ:"هه‌ندێك جار ١٠ فلسی نه‌بوو، به‌پێیان ده‌هاته ئیزاعه". سه‌ره‌ڕای هه‌ژاری به‌ڵام هاوكاری خه‌ڵكیشی كردووه، وه‌ك هونه‌رمه‌ند گوڵبه‌هاری هاوڕێی ده‌ڵێت"زۆر به ره‌حم و به‌سۆزبوو، خۆی نان نه‌بوو بخوات، فه‌قیرێكی بدیبایه، روبعه دینارێكی پێ بوایه ده‌یدایه".
نه‌سرین شێروان تاكو ساڵانی حه‌فتاكان له كاری هونه‌ری به‌رده‌وام بوو، ساڵانی كاركردنی له‌رادیۆی به‌غدا، ئه‌وپه‌ڕی خۆشی عومری ئه‌و بوو به‌هۆی ته‌مه‌نه‌وه وازی له گۆرانی ووتن هێناو دابڕا له‌كاری هونه‌ری.
ئه‌و ژنه شۆخ و شه‌نگه‌ی له‌تافی گه‌نجیدا هه‌مووان به‌هۆی جوانییه‌كه‌یه‌وه تامه‌زۆری بینینی بوون له‌پیریدا لێكه‌وت، نه‌خۆشی زۆری بۆهێنابوو، هه‌ژاریش له‌ولاوه بوه‌ستێ كه بڕستی لێ‌بڕی بوو، به‌هۆی بێ پاره‌ییه‌وه توانای كڕینی ده‌رمانه‌كانیشی نه‌بوو جارجار خه‌ڵكی خێرۆمه‌ند ئاوڕیان لێده‌دایه‌وه‌و هاوكارییان ده‌كرد، به‌تایبه‌تی ئه‌و كاتانه‌ی كه له به‌غدا ده‌ژیا.
له هه‌مووشی ناخۆشتر ئه‌وه‌بوو، نه‌سرین شێروان پێش ئه‌وه‌ی بمرێت، هه‌ژاری و برسێتی و بێكه‌سی له‌به‌غدادا هێنده زۆری بۆهێنابوو، كه ناچاری كردبوو ده‌ست له‌خه‌ڵكی پان بكاته‌وه و له شه‌قامه‌كانی به‌غدا سواڵی ده‌كرد. له‌و به‌غدایه‌ی كه‌وا ده‌یان ده‌وڵه‌مه‌ندو سه‌رمایه‌داری كوردی لێ‌بوو، كه‌چی ئاوڕیان له‌و هونه‌رمه‌نده كورده نه‌دایه‌وه‌و ده‌كه‌وێته سواڵكردن.
هه‌روا بێ بێكه‌سی و به هه‌ژاری سه‌ری نایه‌وه. هه‌تا له ژیانیشدا بوو ڕێزلێنانی به‌خۆوه نه‌بینی، ئه‌مه‌ش له‌رووی ده‌روونییه‌وه كاری تێده‌كات. ئه‌و كۆتاییه‌ی ژیانی نه‌سرین شێروان خۆی له خۆیدا حیكایه‌تێكی ناخۆش و جێی داخه، ئه‌و خانمه هونه‌رمه‌نده‌ی ٤٠٠ گۆرانی ره‌سه‌نی كوردی تۆماركرد، له كۆتایی تەمەنی له ماڵێكی داڕووخاوی كۆن و تاریك ده‌ژیا، بێكه‌س و ته‌نیا، ماڵه‌كه‌ی له به‌غدا بوو، ناوبه‌ناو هه‌ندێ له هاوسێكانی خواردنیان بۆ ده‌برد و یارمه‌تییان ده‌دا.
ئه‌و هونه‌رمه‌نده هه‌ر به هه‌ژاری له ته‌مه‌نی پیری و بێ هێزی و به بێكه‌سی له‌به‌غدا سه‌ری نایه‌وه، بە ئازاری دووری وڵات و نه‌خۆشی و بێ ده‌رمانییەوە گیانی سپارد و كۆچی دواییكرد، له ١٠ی تشرینی یه‌كه‌می ساڵی ١٩٩٠. كه مردیش له‌به‌ر بێ كه‌سی شاره‌وانی ته‌رمه‌كه‌ی ناشت.!
سه‌رچاوه:
1-گۆرانیبێژه نه‌مره‌كان.. به‌شی یه‌كه‌م: باكوری
2-دیكۆمێنتارییه‌ك له‌سه‌ر ژیانی نه‌سرین شێروان، كه‌ناڵی ستێرك تی ڤی، ئاماده‌كاری به‌رنامه: كاكشار ئۆرامار
3-زانیارییه‌كانی نوسه‌ر نازم دڵبه‌ند