ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

04:07 - 06/05/2020

پسپۆڕان: پلانەکەی ئەردۆغان مەترسی لەسەر کۆمەڵگا دروست دەکات‌

پەیسەر

لە سەرتاسەری تورکیا نزیکەی ١٣٠ هەزار کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و ژمارەی ئەو کەسانەی گیانیشیان لەدەستداوە گەیشتووەتە نزیکەی ٣ هەزار و ٥٠٠ کەس، بەڵام لەگەڵ هەڵکشانی ژمارەی تووشبووان و قوربانیان حکومەت پلانێکی بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە ڕاگەیاندووە.

کابینەی حکومەتی تورکیا بە سەرۆکایەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دوێنی لە ڤیدیۆ کۆنفڕانسێکدا پلانی 'ئاساییکردنەوە دۆخی تورکیا'ی ڕاگەیاند.

 

دواتر رەجەب تەیب ئەردۆغان پلانەکەی ئاشکرا کرد و  ڕایگەیاند، هەرچەندە ژمارەیەک ڕێوشوێنی نوێ بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە گیراوەتەبەر، بەڵام بە تەواویی ناتوانرێت دۆخەکە ئاسایی بکرێتەوە.

قەدەغەی هاتوچۆ بۆ خەڵکی سەڕوو ٦٥ ساڵ و خوار ٢٠ ساڵ بەردەوام دەبێت

بە پێی پلانە ئەم هەفتەیەش قەدەغەی هاتوچۆ لە هەموو شارەکانی تورکیا بەردەوام دەبێت. لە مانگی ئایار و حوزەیران و تەموزدا وردە وردە هەوڵ دەدرێت قەدەغەی هاتوچۆ سووک بکرێت.

بە پێی پلانەکە لە ١٠ی ئەم مانگەیەوە کەسانی سەروو ٦٥ ساڵ دەتوانن ڕۆژی ٤ کاتژمێر هاتوچۆ بکەن. هەروەها نەوجەوان و منداڵانی خوار ٢٠ ساڵیش لە ١٣ی ئایارەوە دەتوانن ڕۆژانە لە کاتژمێر ١١ بۆ ٣ی دوای نیوەڕۆوە بە گرتنەبەری ڕێوشێنی وەک بەکارهێنانی دەمامک و دەستکێش هاتوچۆ بکەن.

لە مانگی حوزەیرانیشدا دەست بە تاقیکردنەوە دەکرێت. بە پێی پلانەکە سەرەتا خوێندکارانی زانکۆ و دواتر قوتابیان دەست بە تاقیکردنەوە دەکەن.

ئەردۆغان ڕاشیگەیاند، لە ١١ی ئەم مانگەوە ئارایشگا، سەرتاشخانە و مۆڵەکان دەکرێنەوە و دەست بە جموجووڵی بازار و کردنەوەی دوکانەکان دەکرێت.

 

لە شارەکانی ئانتالیا، ئایدن، ئەرزەڕۆم، هاتای، موغلا، مێرسین قەدەغەی هاتوچۆ هەڵدەگیرێت، بەڵام لە ئەستەنبوڵ و ئەنقەرە و ٢٤ شاری تر بەهۆی ئەوە تا ئێستاش دۆخەکەیان ناجێگیرە، قەدەغەکە بەردەوام دەبێت.

لە لایەکی ترەوە کار بۆ ئەوە دەکرێت کە گەشتی ناوخۆ و دەرەوە بۆ ئەو شار و وڵاتانەی کە دۆخەکانیان ئاسایی بوونەتەوە دەستپێبکرێت.

لە شوێنە قەڵەبالغەکانیشدا پیویستە هەموو کەسێک دەستکێش و دەمامک بەکاربهێنرێت و فرۆشتنی دەمامک و دەستکێش ڕێگەیان پێدەدرێت کە لە چەند مانگی ڕابردوودا قەدەغەکربوو.

پرۆفیسۆر سارپ ئونەر لەبارەی بڕیارەکانەوە بۆ ماڵپەڕی دوێچەڤێلای ئەڵمانی ڕایگەیاند، لە مۆڵەکاندا ناتوانرێت ماوەی دووری نێوان هاوڵاتیان کۆنتڕۆڵ بکرێت  و ئەمەش ریسکێکی گەورە دروست دەکات و پێویستی بە ڕێوشوێنی زۆر توند هەیە.

ئوزگور موفتئۆغلۆ پسپۆڕی ئابۆریش بۆ هەمان ماڵپەڕ ڕەخنەی لە پلانەکەی حکومەتی داد و گەشەپێدان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە کرد و ڕایگەیاند، لە لایەک دەیانەوێت ئابۆری خۆیان ببوژێننەوە  و بەو هۆیە ژیانی هاوڵاتیانیان خستووەتە مەترسیەوە و دەڵێت، بە کردنەوەی مۆڵەکان حکومەت ناتوانێت قەیرانی دارایی کە بەرووکی هاوڵاتیانی گرتووەتەوە، کۆتایی پێبهێنێت و جگە لە دروستکردنی مەرتسی لەسەر ژیانی هاوڵاتیەکان هیچ سوودێکی نابێت.

هەروەها موستەفا دورموش پسپۆڕی ئابوری تورکیا بە دوێچەڤێلای ڕاگەیاندووە، لەگەڵ ڕاگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆ و مانەوە لە ماڵەوەدا، نرخێ خواردن و شتومەکەکان کۆنتڕۆڵ نەکرا و بەو هۆیەوە نرخی پێداویستیە سەرەتاییەکانی هاوڵاتیان زیادیان کرد. لە لایەکی ترەوە بە هەزاران کەس بێکار مانەوە و لە کارەکانیان دوورخرانەوە.

 

ئەوەش وایکردووە کە قەیرانی ئابوری زیاتر قوڵببێتەوە و پێویستە هەنگاوێک بنرێت بۆ باشکردنی دۆخی ژیانی هاوڵاتیان. لەبەرئەوەش کردنەوەی بازار و مۆڵەکان کاریگەری لەسەر باشکردنی دۆخی هاوڵاتیان نابێت.

دۆخی باکووری کوردستان
بەرلەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە باکووری کوردستان و تورکیا بڵاوببێتەوە، قەیرانێکی گەورەی بێکاری و هەژاری لە شارە کوردیەکاندا هەبوو، بەڵام لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرسەکە قەیرانی بێکاری و هەژاری زیاتر بووە و کوردانی باکووری کوردستان لە دۆخێکی زۆر سەخت و ناخۆشدا دەژین.

حکومەت هەموو جۆرە هاوکاریەکی رێکخراو و پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانیشی بۆ هاوڵاتیان قەدەغە کردووە و بە پێی بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا پێویستە هەموو هاوکاریەک پێشکەش بە دەزگاکانی حکومەت بکرێن و حکومەت بە سەر هاوڵاتیاندا دابەشی بکات.

لە لایەکی ترەوە ڕێوشوێنی پێویست لە شارە کوردیەکان نەگیراوەتە بەر و لە زۆربەی شارەکانی باکووری کوردستان نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا ئامادە نەکرابوو و تا ئیستاش زۆربەی هاوڵاتیانی شارەکانی تر بۆ پشکنینی کۆرۆنا سەردانی شاری ئامەد دەکەن کە ئەمەش مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە زیاتر دەکات.