ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

03:34 - 08/05/2020

بۆردومان له‌ سوریا گروپه‌ ئێرانییه‌كانى به‌گیرهێناوه‌‌

پەیسەر پرێس

هاوكات له‌گه‌ڵ ململانێ سیاسى و سه‌ربازییه‌كانى له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا و نه‌یاره‌كانى دیكه‌ى له‌ عێراق، ئێران له‌ سوریا كه‌وتووه‌ته‌ قۆناغێكى سه‌خته‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئیسرائیل و دوژمنه‌كانى دیكه‌ى، له‌ سه‌ره‌تاى ئایاره‌وه‌ ته‌لئه‌بیب گروپه‌ چه‌كداره‌ ئێرانییه‌كانى ته‌نگه‌تاوكردووه‌، له‌رێگه‌ى بۆردومانى به‌رده‌وامى پێگه‌ سه‌ربازییه‌كانیان ناوه‌ستێنێت، تا ئه‌وه‌ى گروپه‌كانى ناچار به‌ جێگۆڕكێ و چۆڵكردنى هه‌ندێك شوێن كردووه‌.

له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌، ئێران سه‌ره‌ڕاى بارودۆخى سه‌ختى ناوخۆیى و گه‌مارۆ كه‌مه‌رشكێنه‌كان، سه‌رقاڵى پرۆسه‌یه‌كى نوێى سه‌ربازییه‌و ده‌یه‌وێت خۆى رێكخباته‌وه‌ له‌ سورییا به‌ كه‌مترین زیان، هه‌موو ئه‌و ده‌ردانه‌ى پێشتر هه‌بوون، دواى نه‌مانى قاسم سوله‌یمانى له‌ گۆڕه‌پانه‌كدا سه‌ختتربوون بۆ ئێرانییه‌كان و گروپه‌ لایه‌نگره‌كانیان. 

هێزه‌كانى زیاد ده‌كات 

روانگه‌ى سورى بۆ مافه‌كانى مرۆڤ رایگه‌یاند، ئێران پرۆسه‌ى به‌ سه‌ربازكردنى خه‌ستكردووه‌ته‌وه‌، سه‌رقاڵى توركیا و روسیاى له‌ ناوچه‌كانى باكور قۆستووه‌ته‌، سه‌رقاڵى قایمكردنى جێپێى و خۆ قایمكردنى زیاتره‌.  

به‌پێى روانگه‌كه‌، ژماره‌ى خۆبه‌خشه‌كان له‌ ریزى گروپه‌ لایه‌نگره‌كانى ئێران-دا له‌ باكورى سوریا بۆ شه‌ش هه‌زار و 250 كه‌س به‌رزبووه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها ژماره‌ى گه‌نجان و پیاوانى سورى له‌ ته‌مه‌نه‌ جیاوازه‌كان، كه‌ له‌نێو هێزى میلیشیا ئێرانییه‌كان له‌ پرۆسه‌ى (ته‌شه‌یوع) گه‌یشتووه‌ته‌ چوار هه‌زار و 700 كه‌س له‌ ناوچه‌كانى رووبارى فورات له‌ ریفى دێره‌زوور.

له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ پێگه‌ى (الحل) بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، له‌ باكورى سوریا پرۆسه‌ى چه‌كداركردنى ئێران به‌ڕێوه‌ده‌چێت، به‌ دیاریكراوى له‌ پارێزگاى قه‌نتیره‌ كه‌ گرفتى زۆریان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ كه‌مى خزمه‌تگوزارییه‌كان. 

ئەو پێگەیە لە یەكێك لە كارمەندانی پێشووی" لیوای سەبتین" بەناوی فەیسەڵ ی گواستەوە كە " ئێران و میلیشیاكانی حزبوڵا" بەردەوامن لەسەر چەكداركردنی خەڵك و پرۆسەی بڵاوكردنەوەی مەزهەبی شیعە لەرێگەی میلیشیاكانی نزیك لەخۆیانەوە وەك "سەرایای عەرین" سەر بە لوای 313 لە باكوری دەرعا، سەرباری ناوەندەكان لە سەیدای جۆلان و بریقە و جەباسا خەشەب و حەزر، ئەوانەی دەچنە ریزەكانیانەوە مەشق و راهێنانیان پێدەكرێت لە ناوچەی للجات لەرۆژهەڵاتی دەرعا و نزیك سنورەكانی جولانی سوریا، ئەو سەرچاوەیە دەڵێت، میلیشیاكانی حزبوڵا كاردەكەن لەسەر چەسپاندنی هەژمونی خۆیان لە قه‌نتیره‌، لەرێگەی راكێشانی ئەو گەنجانەی كە لەخزمەتی زۆرەملێی سەربازی حكومی هەڵهاتوون، هەوڵ دەدات لەرێگەی داراییەوە لەخشتەیان بەرێت، ئەوەش لەكاتێكدایە دۆخی بژێوی ژیانی خەڵك خراپە و هەلی كار نیە.

هێرشه‌كان خه‌ستبوونه‌ته‌وه‌

بۆردومانى سه‌ر هێزه‌ ئێرانییه‌كان له‌ سوریا ئه‌م چه‌ند رۆژه‌ خه‌ست بوونه‌ته‌وه‌، ئه‌و گروپانه‌ به‌رده‌وام له‌ژێر مه‌ترسى بۆردومانی فڕۆكه‌ بێفڕۆكه‌وانه‌ ئیسرائیلییه‌كانن. په‌یامنێرى پێگه‌ى (الحل)ى عێراقى له‌ سوریا رایگه‌یاندووه‌، زیاتر له‌ چه‌ند كاتژمێرێك به‌ به‌رده‌وامى پێگه‌كانى حه‌ره‌س سه‌ورى ئێرانى له‌ كێڵگه‌ى زه‌یتون و باره‌گاى تۆپخانه‌ى پێشوویان، هه‌روه‌ها باره‌گایه‌كى دیكه‌ له‌ نزیك سه‌رچاوه‌ ئاو له‌ عه‌ین عه‌لى له‌ ده‌شتى مه‌یادین، هه‌روه‌ها ناوچه‌یه‌كى دیكه‌ له‌ (معزیله‌) و ده‌شتى (صالحیه‌) له‌ ریفى ئه‌لبوكه‌مال بۆردومان كراون. 

به‌پێى زانیارییه‌كانى پێگه‌كه‌ ته‌واوى ناوچه‌كانى گروپه‌ ئێرانییه‌كان له‌ ئه‌لبوكه‌مال و مه‌یادین خراونه‌ته‌ حاڵه‌تى ئاماده‌باشییه‌وه‌. 

له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ روانگه‌ى سورى رایگه‌یاند، ١٤ كه‌س كه‌ هه‌ڵگرى ره‌گه‌زنامه‌ى ئێرانى و عێراقین، له‌ ئه‌نجامى بۆردومانى ئاسمانى بۆ سه‌ر بنكه‌ى میلیشیاكان كوژران له‌ ده‌شتى (قوریه‌، سالحیه‌ و مه‌یادین له‌ دێره‌زوورى رۆژهه‌ڵات. ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردووه‌ ژماره‌ى كوژراوه‌كان زیاتر ده‌بن چونكه‌ بریندارى هه‌ن كه‌ بارودۆخیان ناجێگیره‌.

به‌رپرسانى ئه‌منى ئیسرائیل له‌ ته‌لئه‌بیب ئه‌م هه‌فته‌یه‌ جه‌ختیان كرده‌وه‌، كه‌ ئێران هێزه‌كانى له‌ چه‌ند شوێنێك پاشه‌كشه‌ پێكردووه‌و هه‌ندێك سه‌ربازگه‌شى داخستووه‌.

رۆژنامه‌ى (تایمز اوف اسرائیل) رایگه‌یاندووه‌، به‌رپرسانى ئه‌منى ته‌لئه‌بیب ده‌ڵێت، ئه‌م هه‌وڵانه‌ به‌رهه‌مه‌كانیان ده‌رده‌كه‌وێت، له‌گه‌ڵ چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ى هێزه‌كانى ئێران له‌ سوریا و چۆڵكردنى ژماره‌یه‌كى كه‌م له‌ باره‌گا سه‌ربازییه‌كان، كه‌ پێشتر كۆنتڕۆڵى كردبوون.

به‌پێى رۆژنامه‌كه‌ ژماره‌ى میلیشیا شیعییه‌كانى ئێران له‌ سوریا كه‌میان كردووه‌، هه‌رچه‌ند ئه‌م كه‌مكردنه‌وه‌یه‌ بۆ په‌سه‌ره‌ندنى شه‌ڕى ئه‌هلى و هۆكاره‌كانى هه‌وڵه‌كانى ئیسرائیل نییه‌.

روانگه‌ى سورى شتێكى دیكه‌ ده‌ڵێت
روانگه‌ى سورى بۆ مافه‌كانى مرۆڤ ره‌تیده‌كاته‌وه‌، هێزه‌ ئێرانییه‌كان كشابنه‌وه‌ له‌ سوریا، هه‌رچه‌نده‌ بۆردومان و لێدانه‌كان چه‌ند باره‌ ده‌بنه‌وه‌ بۆ سه‌ر هێزه‌ ئێرانییه‌كان له‌رێگه‌ى ئیسرائیله‌وه‌ له‌ خاكى سوریادا و هێزه‌ ئێرانییه‌كان به‌رده‌وام زیانیان به‌رده‌كه‌وێت به‌هۆى بۆردومانه‌كانه‌وه‌. 

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردووه‌، هێزه‌ ئێرانییه‌كان نه‌كشاونه‌ته‌وه‌ به‌ڵكو شوێنه‌كان گۆڕیوه‌و جێگۆڕكێیان كردووه‌ له‌ شوێنێك بۆ شوێنێكى دیكه‌. پێده‌چێت نه‌یاره‌كانى تاران، فشاره‌كان له‌سه‌ر ئه‌و وڵاته‌ زیاتر بكه‌ن، هاوكات له‌گه‌ڵ قوڵبوونه‌وه‌و خراپى دۆخى ناوخۆى و ده‌ركه‌وتنى زیاترى بۆشایى قاسم سوله‌یمانى و پاشه‌كشه‌ى هه‌ژموونى ئێران له‌ ناوچه‌كه‌دا.