ڕاپۆرتی کوردستانی

06:19 - 08/05/2020

کێ هۆکاری ئاڵۆزی ناو زیندانەکانی ڕۆژئاوای کوردستانە‌

پەیسەر

کۆمەڵگای نێودەوڵەتی تا ئیستا بۆ دادگاییکردنی چەکدارانی داعش کە لە زیندانەکانی باکووری و ڕۆژهەڵاتی سوریادا هیچ هەنگاوێکیان نەناوە. بەو هۆیەوە داعشەکان دەست بە ڕاپەڕین و کاری تێکدەری دەکەن و هەوڵ دەدەن هەڵبێن. بە پێی بەرپرسانی هەسەدە و هاوپەیمانان، تا تورکیا لەسەر خاکی سوریا بێت، داعش کۆتایی پێنایەت و ئاڵۆزی ناو زیندانەکانیش هەر دەمێنێت.


لە ئۆپەڕاسیۆنەکانی هیزەکانی سوریای دیموکراتیدا لە ڕۆژئاوای کوردستان و باکووری سوریا بە هەزاران چەکداری داعش دەستگیرکران. بۆ زیندانیکردنی چەکدارەکان ١٦ زیندان دروستکراوەن زیاتر لە ١٩ هەزار چەکداری داعشیان تێدا زیندانیکراون کە خەڵکی ٥٥ وڵاتی جیهانن.


ئەگەر ئەو زیندانیانە هەڵبێن بەهۆی زۆری ژمارەیانەوە مەترسیەکی گەورە لەسەر هەرێمەکە دروست دەکەن.


دوای هێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان لە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ دا زیندانیە داعشەکان دەستیان بە ئاڵۆزی کرد و چەند جار هەوڵیاندا هەڵبێن و هەفتەی ڕابردووش هەوڵێکی بەو شێوەیەیاندا.

لە ١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ دا بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە لە کەمپی عەین عیسا نزیکەی ٧٨٥ خانەوادەی داعشەکان توانیان هەڵبێن و خۆیان گەیاندە ژێر ئەو ناوچەنەی کە تورکیا داگیرکردووە.


هەسەدە: داعشەکان ٥ جار هەوڵیانداوە هەڵبێن
کینۆ گابرییەڵ وتەبێژی فەرمی هێزەکانی سوریای دیموکراتی لە چاوپێکەوتنیکدا لەگەڵ ئاژانسی هاواری ڕۆژئاوای کوردستان باسی هەوڵە تێکدەریەکانی زیندانیانی داعش کرد و وتی، "لە ئێستادا دۆخی زیندانەکان ئارامە. بەڵام ماوەی ڕابردوو دۆخەکە خراب بوو و هەوڵی هەڵهاتنیان دەدا و تا ئیستا هیچ زیندانیەک نەیتوانیوە هەڵبێت. زیاتر لە زیندانی سینا هەوڵی هەڵهاتن دەدرێت، تا ئێستا ٥ جار ئاڵۆزیان دروست کردووە.


گانرییەڵ باسی ئەوەشی کرد، لەو زیندانەدا نزیکەی ٥ هەزار زیندانی هەن کە لە ئۆپەڕاسیۆنی رزگارکردنی ڕەقا و باغۆزی دێرەزۆردا دەستگیرکراون. ئەوانە مەترسیدارترین چەکداری داعش بوون. ئەوان دیوارەکان دەرووخێنن و دەرگاکان دەشکێنن و دروشم بۆ داعش دەڵێنەوە، هێرش دەکەنە سەر شەڕڤانانی هەسەدە و پارێزەرانی زیندانەکە کە خواردنیان بۆ دەبەن.


وتەبێژی هەسەدە دەشلێت، زیندانیەکان دەیانەوێت چارەنووسیان یەکلاییبکرێتەوە و بەرپرسانمان و بەرپرسانی هاوپەیمانان چەندین جار گوێیان لە داواکاریەکانیان گرتووە و دەیانەوێت دادگایی بکرێن.


هاوپەیمانان بۆ دادگاییکردنی زیندانیان خەمساردە
کینۆ گابرییەڵ وتەبێژی فەرمی هێزەکانی سوریای دیموکراتی ئەوەی خستووتەڕوو کە گفتوگۆکان بۆ چۆنیەتی یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی ئەو داعشانە بەردەوامە. لە دوایین کۆبوونەوەی نێوان هەسەدە و هاوپەیماناندا دەرکەوت کە هاوپەیمانان بە خەمساردیەوە سەیری پرسی دروستکردنی دادگایەکی نێودەوڵەتی بۆ دادگاییکردنی داعشەکان دەکات. لە لایەکی ترەوە دەوڵەتانی جیهان دەترسن ئەو داعشانە بگەڕێننەوە بۆ وڵاتەکانیان.

گابرییەڵ وەبیریهێنایەوە کە میلس جیگینس وتەبێژی هاوپەیمانان لە کۆنفڕانسێکی نێودەوڵەتیدا ڕایگەیاند، گەڕاندنەوەی زیندانیە داعشەکانی سوریا بۆ وڵاتەکانیان کێشەیەکی زۆر گەورەیە و داوای لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کردبوو کە چارەسەریەک بۆ کێشەکە بدۆزنەوە.


هەروەها باسی ئەوەش دەکات تا ئێستا هیچ هەنگاوێک بۆ گەڕاندنەوەی داعشەکان و دادگاییکردنیان نەنراوە، لە هەمانکاتدا هیچ وڵاتێک لەبارەی ئەم پرسەوە پەیوەندی بە باکووری و ڕۆژهەڵاتی سوریاوە نەکردووە و وتی، "دادگاییکردنی ئەو داعشانە ئامانجێکی سەرەکیمانە، دروستکردنی دادگایەکی نێودەوڵەتی بۆ دیموکراسی لە سوریا و عێراق زۆر گرنگە، بەلام خەمساردیەک هەیە و ئێمەش لە بەهێزکردنی ئاسایشی زیندانەکان ناتوانین لە ئێستادا هیچ کارێکی تر بکەین.


تا تورکیا لە سوریا بێت، مەترسی داعش کۆتایی نایەت
مایکڵ ڕۆبن بەرپرسێکی پێشووی پنتاگۆن و لێکۆلەر لە ئینیستیتوی ئینتەرپرێسی ئەمریکیش بۆ هەمان ئاژانس باسی لە پرسی زیندانیانی داعش کرد و ڕایگەیاند، ئەگەر زیندانیانی داعش لە زیندانەکانی هەسەدەدا هەڵبێن، یەکسەر دەچنە تورکیا یان ئەو ناوچانەی کە لە ژێر دەسەڵاتی تورکیادان.


ڕۆبن ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەوە تێبگات کە هیچ جیاوازیەک لە نێوان داواکری تورکیا بۆ دروستکردنی هەرێمێک لە سوریا و داواکاری تالیبان پێش ساڵی ٢٠٠١ بۆ دروستکردنی هەرێمێک بە سەرۆکایەتی ئەلقاعیدە لە ئەفغانستان نییە.


ئەو بەرپرسەی پێشووی پنتاگۆن خەمساردی وڵاتانی جیهان و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعشی لەبەرانبەر پرسی داعشە زیندانیەکان ڕەخنە کرد و وتی، دەوڵەتانی ئەندام لە هاوپەیماناندا خۆیان بێدەنگ کردووە، بە تەنها هەسەدە داوای دادگاییکردنی داعشەکان نەکات کە ئەوەش لەکاتێکدایە، دادگاییکردنەکە ئەرکی سەر شانی هاوپەیمانانە.

مایکڵ ڕۆبن ئاماژەی بەوەشکردووە، تورکیا مەترسیە لەسەر سوریا و تا تورکیا لەناو خاکی سوریادا بێت، ، مەترسی داعشیش لە سوریا کۆتایی پێنایەت.


بەرێوەبەرایەتی ڕۆژئاوا: دیلەکانی داعش وەک بۆمبێک بۆ تەقینەوە ئامادەن
دیلەکانی داعش کە لە زیندانەکانی فیدراسیۆنی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریادان، نیگەرانی زۆریان دروست کردووە. بەڕێوەبەرایەتی ڕۆژئاوای کوردستان زۆر جار بانگەوازی ئاراستەی دەوڵەتانی جیهان کردووە کە بۆ ئەو داعشانەی کە خەڵکی ئەو وڵاتانەن چارەسەریەک بدۆزنەوە.


تا ئێستا وڵاتانی جیهان وڵامی بەرپرسانی ڕۆژئاوایان نەداوەتەوە  بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری داوای کردبوو دادگایەکی نێودەوڵەتی دروست بکرێت و دیلەکان دادگاییبکرێن.


بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە ٢٣ی ئازار لە یەکەمین ساڵیادی تێکشکاندنی داعشدا ڕاگەیەنراویکی بڵاوکردەوە و ئەوەی خستەڕوو، بە هەزاران چەتەی داعش لە زیندانەکاندان و لەگەڵ خانەوادەکانیان هەوڵ دەدەن هەڵبێن و ئەوەش مەترسی بۆ سەر داعش دروست دەکات وتی، "داعش هەوڵ دەدات ئەو ئەندامانەیان کە لە زیندان هەڵدێن جارێکیتر رێکیان بخاتەوە و ئەو کەسانەش وەک بۆمبێک بۆ تەقیەنەوە ئامادەن.


لە زیندانەکانی ڕۆژئاوای کوردستان زیاتر لە ١٩ هەزار تیرۆریستی داعش زیندانیکراون و ژمارەیەکی زۆریان خەڵکی وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئاسیا و ڕووسیا و تورکیان، بەڵام زۆربەیان خەڵکی عێراق و سوریان.