ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

05:46 - 09/05/2020

خەریکە ناکۆکی لەسەر پارە و ئابوری دەسەڵاتی سوریا دەڕووخێنێت‌

پەیسەر

یەکەمجارە کەسێکی ناو خانەوادەی ئەسەد ڕاستەوخۆ ڕەخنە لە بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا دەگرێت و باسی زۆڵمی ڕژێمی ئەسەد لەبەرانبەر گەلی سوریا دەکات، ئەوەش کۆمەڵێک پرسیار و گریمانەی دروست کردووە.

چەند ڕۆژ لەمەوبەر ڕامی مەخلوف کوڕی خاڵی بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا و ملیاردێری سوریا لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی فەسیبووک دیمەنەی ڤیدیۆی بڵاوکردەوە و تێیایدا باسی لە زوڵمی ڕژێمی ئەسەد لەبەرانبەر خەڵکی سوریا کرد، هەروەها باسی ئەوەشی کردووە کە حکومەت داوای سەدان ملیۆن دۆلاری لێی کردووە وەک باجی 'سوریاتێل' کە خاوەنەکەی ڕامی مەخلوف خۆیەتی.

 

ئەوەش قەیرانێکی گەورەی لەناو خانەوادەی ئەسەددا دروست کردووە و دەرگای پێشبینی و پرسیارگەلێکی کردووەتەوە کە ئایا، ئامانج، پشتپەردە و هۆکاری ئەو ناکۆکیانە چییە.

مەخلوف وەک حاکمی خەزینەی وڵات دەبینرێت و هەموو لایەنە ئابۆریەکانی سوریا لە دەستی ئەودان. ناکۆکیەکانی رامی مەخلوف لەگەڵ بەشار ئەسەد و ڕەخنەکردنی ئەو دەسەڵاتەی کە خۆشی بەشێکی بەهێز بووە، رووداوێکی ئاسایی نییە. ئەوە دەردەخات کە دۆخی ڕژێمی سوریا لە قۆناخێکی نوێدایە.

لێدوانەکانی رامی مەخلوف لەدژی ڕژێم و بەشار ئەسەد کۆمەڵێک پرسیار دەخەنەڕوو لەوانەش: ئایا ئەو ناکۆکیانە لەبارەی قەیرانی ئابۆری خانەوادەی ڕژێمە یان بەهۆی تەسکبوونەوەی دەسەڵاتی ڕژێمە. پرسیارێکی تر ئەوەیە ئایا بەشار ئەسەد دەیەوێت رامی مەخلوف لە کەشتی دەسەڵات دەربکات و دەست بەسەر پارەکەیدا بگرێت. یان وڵاتانی جیهان دەیانەوێت مەخلوف کە لایەنێکی سەرەکی ڕژێمە لە ئەسەدی جیابکەنەوە و دواتر دەسەڵاتی لەدەستدەربهێنن.

بێگۆمان مەخلوف لە سایەی خانەوادەی ئەسەد گەیشتووەتە ئەم ئاستە و ئیمپراتۆریەتێکی گەورەی ئابوری لە ناوخۆ و دەرەوەی سوریادا بنیاتناوە. کاتێک حافز ئەسەد هاتە سەر دەسەڵات، ژنبراکەی بە ناوی محەمەد مەخلوف لە کارمەندێکی فڕۆکەخانەوە کردە بەڕێوەبەری بانکی بیناسازی سوریا. بەو شێوەیە محەمەد مەخلوف بە هەموو شێوەیەک هاوکاری حافز ئەسەدی کرد و دەسەڵاتیی ئەوی پاراست.

 

دوای ئەوەی بەشار ئەسەد هاتە سەر دەسەڵات، ئەوەیش وەک باوکی پەیوەندیەکانی لەگەڵ ڕامی مەخلوفی کوڕی محەمەد مەخلوف پتەو کردەوە و هەردووکیان بەجۆرێک بوونە جێگرەوەی باوکیان و ڕامی مەخلوفیش بە هەموو شێوەیەک پشتگیری بەشار ئەسەد کرد.

بۆیەش شتێکی ئاسان نییە ڕامی مەخلوف بە تەنها بەهۆی داواکاری بەشاری ئەسەد بۆ چەند سەد ملیۆن دۆلارێک دەست بە دوژمنایەتی ماڵی ئەسەد بکات.

بە پێی چاودێرانی دۆخی سوریا هۆکاری ئاڵۆزبوونی پەیوەندیەکان بەشار ئەسەد و رامی مەخلوف بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پێشبڕکەیەکی گەورەی نوێ ئابوری لە سوریا لەنێوان خانەوادەی ئەسەد و خانەوادەی مەخلوف دروست بووە و ئەندامانی تری هەردوو خانەوادەکە لەناو هاوکێشەکاندان.

هۆکارێکی تری ناکۆکیەکانی ئەسەد و مەخلوف بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ڕامی مەخلوف چەندین جار لە ڕاگەیەنراوەکاندا رەخنەی زۆری لە ئەسما ئەسەدی هاوسەری بەشار ئەسەد گرتووە کە پارەیەکی زۆری قوڕخ کردووە و بە ئاشکرایی ڕایگەیاندبوو، بەشار ئەسەد تابلۆیەکی ٣٠ ملیۆن دۆلاری لەم دۆخەی سوریادا بۆ ئەسما ئەسەدی کچی کڕیوە.

هەروەها لە چەند ساڵی ڕابردوودا ئەسما ئەسەد دەستی بەسەر ژمارەیەک کۆمپانیای گەورەی رامی مەخلوفدا گرتبوو بە بیانۆی ئەوەی باجیان نەداوە و بەڕێوەبەری کۆمپانیاکانی گۆڕی و داهاتی کۆمپانیاکانیشی قورخ کردبوو و میدیا عەرەبیەکان باسی ئەوە دەکەن کە ئەسما ئەسەد هەوڵ دەدات کەسێکی تر لە جێگەی رامی مەخلوف کە وەک خەزنەداری سوریا دەناسرێت، دیاری بکات و ئابۆریەکەی لەدەستی دەربهێنێت.

 

جگە لەوەش خانەوادەی مەخلوف دەستی بەسەر نزیکەی ٦٠٪ی ئابوری سوریادا گرتووە و چەندین کۆمپانیای زەبەلاحی نەوتیان هەیە و پەیوەندیە ئابوریەکانی سوریا لەگەڵ وڵاتانی جیهان بە تایبەتی ڕووسیا لەدەستی ئەو بنەماڵەدایە.

چاودێران باس لەوە دەکەن، بەهۆی فشارەکانی ڕۆژئاوا بە تایبەتی ئەمریکا کە دەیەوێت پڕۆژە سزایەکی نوێ بە ناوی یاسای قەیسەر بە سەر ڕژێمی سوریادا بسەپێنێت، مەخلوف دەیەوێت، خۆی لە ڕژێمی ئەسەد دووربگرێت و ڕووی خۆی سپی بکاتەوە و ئۆباڵی هەموو کوشتار و ئاڵۆزیەکانی وڵات بخاتە ئەستووی خانەوادەی ئەسەد و لە کەشتی دەسەڵات خۆی بدزێتەوە.

هەروەها بۆچوونێکی تریش هەیە کە لەو بروایەدایە، ڕۆژئاوا و ئەمریکا دەیانەوێت رامی مەخلوف ڕاکێشن بۆ لای خۆیان و بەم شێوەیە هاوکاری مادی لە بنەماڵەی ئەسەد ببڕن و بەو شێوەیەش کۆتایی بە دەسەڵاتی بنەماڵەی ئەسەد بهێنن.