ڕاپۆرتی کوردستانی

02:42 - 10/05/2020

میوانێکی رەزاقورس لە سعودییەوە‌

پەیسەر

ماوەی چەند رۆژێکە باس لە هاتنی كوللـەیەکی مەترسیدار دەکرێت بۆ هەرێمی کوردستان. كوللـەکە کە گەیشتووە بە هەندێک لە ناوچە سنورییەکانی عێراق، مەترسیدارە و ئەگەر بڵاوببێتەوە، بەرهەمی دەغڵ و دان لەو ناوچانەدا دەخاتە ژێر مەترسی و لەناوی دەبات. ئەوەی پرسیارە و مایەی دڵەڕاوکێیە ئەوەیە ئایا ئەم كوللـەیە دەگاتە هەرێمی کوردستان؟

كوللـەی بیابانی چییە؟
(كوللـەی بیابانی) ناوی ئەو جۆرە كوللـەیە کە لە بیابانەکانی وڵاتی سعودییەدا دەژی و گەورە دەبێت. ژینگە و شوێنی ژیانیشی هەر ئەو بیابانە گەرمانەی سعودییەیە، بەڵام هەندێک جار بەهۆی هۆکاری کەش و هەوا و سروشتییەوە لە شوێنی خۆیان دەردەچن، بە کۆمەڵ روو لە ناوچەکانی دیکە دەکەن و هەندێک جاریش تاکو وڵاتانی دراوسێ و دووریش دەڕۆن.

ئەم جۆرە كوللـەیە هێرش دەکەنە سەر ناوچەیەک و بە تایبەت مەترسی لەسەر دەغڵ و دان دروست دەکەن. لە ئێستاشدا دەنگۆی ئەوە بڵاوە، کە گەیشتوون بە چەند شارێکی باشوری عێراق و زیانێکی زۆریان لە بەرهەمی کشتوکاڵی ئەو ناوچانە داوە.

كوللـەی بیابانیگەیشتووەتە هەرێم؟
دەنگۆی گەیشتنی (كوللـەی بیابانی) بە شارەکانی هەرێمی کوردستان، مەترسی لای هاوڵاتیان و بەتایبەت و جوتیاران دروست کردووە.
لەو بارەیەوە حسێن حەمە کەریم وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێم بە پەیسەر پرێسی راگەیاند، ئەم بابەتە "زۆر گەورە کراوە" و بە هیچ جۆرێک مەترسیی نییە بۆ سەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان. واتە مەترسی گەیشتن و هێرشی ئەم كوللـەیە بۆ سەر هەرێم نییە.
لەبارەی ژینگەی هەرێم بۆ ئەو كوللـەیەش وتی، ژینگەی (كوللـەی بیابانی) بیابانەکانی سعودییەیە و جگە لە نالەباری کەش و هەوای کوردستان بۆ ژیان و مانەوەی، لە ئێستادا بە هیچ شێوەیەکی مەترسی نییە و زۆر دوورە لە سنورەکانی هەرێم.
وتەبێژەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ لەبارەی ئامادەکارییان بۆ ئەگەری هێرشی (كوللـەی بیابانی) وتی، 407 ملیۆن دینار بۆ هەڵمەتی قەڵاچۆکردنی كوللـە لە هەرێمی کوردستان تەرخان کراوە، ئەگەر ئەم جۆرە كوللـەیەش بگاتە هەرێمی کوردستان ئامادەن بۆ رووبەڕووبوونەوە، لەناوبردنی و پاراستنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی جوتیارانی هەرێمی کوردستان.

حسێن حەمە کەرێم دڵنیاییشی دا، (كوللـەی بیابانی) کە گەیشتووە بە هەندێک لە ناوچە سنورریەکانی نێوان عێراق و وڵاتی سعودییە، لەم کاتەدا بۆ دەغڵ و دان و بەرهەمی گەنم لە هەرێمی کوردستان هیچ زیانێکی نییە و لە بەشێک لە ناوچەکانی هەرێمیش دوورینەوەی گەنم دەستیپێکردووە.

باسی لەوەش کرد، تاکو ئێستا حکومەتی عێراق سەرکەوتو بووە و نەیهێشتووە ئەم كوللـەیە بگات بە ناوچە کشتوکاڵییەکانی پارێزگاکانی باشور و کۆنترۆڵ کراوە.

سەبارەت بە هەماهەنگییان لەگەڵ بەغدا، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ وتی، لەگەڵ ئەوەی هیچ مەترسییەک لە ئارادا نییە، بەڵام هەماهەنگی تەواویان لەگەڵ حکومەتی عێراقدا هەیە بۆ لەناوبردنی ئەو كوللـەیە، لە ئەگەری گەیشتن و بڵاوبوونەوەی لە عێراق و هەرێمی کوردستان.

بای کەنداو كوللـەکەی دەگەیەنێتە هەرێم؟
سەبارەت بەوەی ئایا هاتنی با لە کەنداوەوە ئەم كوللـەیە لەگەڵ خۆیدا دەهینێت، هیچ راگەیەندراوێکی فەرمی لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵەوە بڵاونەکراوەتەوە.
لەبارەی دۆخی کەش و هەوای هەرێم و هاتنی با لە کەنداوەوە ئاسۆ کەمال بەڕێوەبەری کەشناسی و بومەلەرزەزانی سلێمانی بە پەیسەر پرێسی راگەیاند، ئەمڕۆ لە چاو دوێنی و پێرێدا چالاکی با کەمبووەتەوە و خێرایی با لە سلێمانیش لەنێوان 35 بۆ 40 کیلۆمەترێکدا بووە لە کاتژمێرێکدا.
لەبارەی دۆخی با لە رۆژانی داهاتوودا، بەڕێوەبەری کەشناسی و بومەلەرزەزانی سلێمانی وتی، بەپێی پێشبینییەکان لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوودا هیچ شەپۆلێکی دیکەی با لە کەنداوەوە بۆ سەر ناوچەکانی هەرێم نییە.
بەهۆی جیاوازی کەش و هەوا لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، لە یەک کاتدا وەرزی دروێنە دەست پێناکات، لە کاتێکدا لە ناوچەکانی گەرمیان وەرزی دروێنە دەست پێدەکات، لە بەشێک لە ناوچەکانی دیکەی هەرێم هیشتا گەنم سەوزە و ماوەیەکی زۆری دەوێت بگات بە دروێنەکردنی.

لایەنی پەیوەندیدار لە وەزارەتی كشتوكاڵ و كەش و هەوای كوردستان جەخت لەسەرئەوە دەكەنەوە ئەو ڕەوە كولـلەیەی لە عەرەبستانی سعودییەوە بەرەو باشووری عێراق هاتووە ناگاتە كوردستان و بە هاوكاریی لەگەڵ عێراق ڕێگرییان لەبڵاوبوونەوەی كردووە ، هەربۆیە نابێتە هۆی نیگەرانی و مەترسی لەسەر هەرێمی كوردستان.