ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

11:53 - 11/05/2020

ئایینزای شیعە ومامەڵەکردن لەگەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنادا‌

پەیسەر

هەروەک لە سەرتاسەری جیهاندا ڕوویداو بەردەوامیشە، دەوڵەتان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ناچاربوون قەدەغەی هاتوچۆی سەرتاسەری ڕابگەیەنن و هاوڵاتیان لە ماڵەکانیان بهێڵنەوە، ئەمەش بە شێوازی ڕاگەیاندنی بەیاننامەیەکی فەرمی لەلایەن دەوڵەتەوە ئەنجامدراوە، بەڵام کاتێک باسەکە دێتە سەر دەوڵەتێک کە زۆرینەی هاوڵاتیانی پەیڕەوکەری ئایینن ئەوا مامەڵەکردن لەگەڵیدا ئاڵۆزتر دەبێت. تێڕوانینەكان بایەخی زانستییان كەمتر دەبێتەوەو دەچێتەوە ئامێزیی تێڕوانینە ئایدۆلۆژیی و ئاینییەكە.

 
ئەو وڵاتانای تێیدا ئایینزاکان کاریگەریی بەرچاویان هەیە، لە پەیڕەوکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزیدا ڕووبەڕووی ململانێی زیاتر بوونەتەوە. وەك لەوەی وڵاتێك لەڕوویی زانستیەوە بڕیارێك دەردەكات و سەرجەم سیستەمەكەش دەخاتە خزمەتیەوە، نمونەش بۆ ئەوە عێراقە کە ئایینزاکان ڕۆڵێکی کاریگەر بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبونەوەی نەخۆشییەکەلە دەوڵەتدا دەبینن.

لە ناوەڕاستی مانگی ئازارەوە عێراق زۆرترین تۆماری تووشبوونی ڤایرۆسی کۆرۆنای هەبووەو ئەمەش بەسەر سیستمی خزمەتگوزاری وڵاتەکەیەوەبوەتە بار. ئەگەر زیاتر بچینە ناو وردەکاری ئایینی وڵاتەکەوە دەبینین کە ئایینزاکان و بەتایبەتییش ئایینزای شیعە ڕۆڵێکی کاریگەرتری لە دەوڵەت بینیوە بۆ هێشتنەوەی  خەڵک لە ماڵەکانیان.

عێراق بەهۆی ناڕەزایەتییە گەورەکانی ئەم دواییانەیەوە كە بۆ داواكاریی دادپەروەرییی و خزمەتگوزاریی و دابینكردنی ئەمن و ئاسایش هاتبوونە سەر شەقام، لە گەڵ هاوڵاتییاندا لە ململانێدا بووە و نەیدەتوانی خەڵکی بگەڕێنێتەوە ماڵەکانیان و فەرمانی قەدەغەی هاتوچۆکەی سەرکەوتوو نەدەبوو.

لە ١٧ی ئازاردا قەدەغەی هاتوچۆی ٢٤ کاتژمێرییڕاگەیاندو  هەوڵیدا سەرپێچیکاران بە گرتن و غەرامەکردنی بڕێک پارە سزا بدات، بەڵام هاوڵاتیان بە ئاسانی پەیڕەوی بڕیارەکانی دەوڵەتیان نەدەکرد.
لە ماوەی قەدەغەی هاتوچۆدا پیاوان و ڕابەرانی ئایینی لە عێراق کاریگەرییان لەسەر چۆنێتی وەڵامدانەوەی دەوڵەت بۆ جیبەجێکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسەکە هەبووە، بەشێکیان لەڕێی بەگژداچوونەوەی بڕیارەکانی دەوڵەت و بەشێکیان لەڕێی هاوکاریکردنی بڕیارەکانەوە.

ڕۆڵی یەکەمی ڕابەرانی ئایینی هاوکاریکردنی بڕیارەکانی دەوڵەت بوو. عەلی سیستانی،ڕابەری ئایینزای شیعە لە عێراقفەتوایەکی دەرکرد، کە تێیدا بانگەشەەی بۆ مانەوەی هاوڵاتیان لە ماڵەکانیان دەکرد و هاوکات ئامۆژگاری کارمەندان و پزیشكانی کەرتی تەندروستییان دەکرد بچنە سەر کار لەپێناو یارمەتیدانی نەخۆشەکان.

کاریگەری فەتواکەی سیستانی ڕۆڵێکی گەورەی لە گەڕاندنەوەی خەڵک بۆ ماڵەکانیان هەبوو بەتایبەت ئەو پەیڕەوکارە ئاینییانەی گوێیان بۆ بڕیارەکانی فەرمەنڕەوایانی "سیکۆلار" نەدەگرت. بەرپرسانی عێراق، بەتایبەتی وەزارەتی تەندروستی فەتواکەی سیستانییان بە بەیاننامەیەکی هاندەر بۆ یارمەتیدانی دەوڵەت و ژیانی خەڵکی لە قەڵەم دا.

لەم دۆخەدا جێبەجێکردنی فەرمانەکانی مانەوە لە ماڵ بەهۆی کاریگەری فەتوای ڕابەرە ئاینییەکان بووە، ئەمەش وایکردووە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ هاوکات لەگەڵ ئەوەی پرسێکی تەندروستییە، پرسێکی ئایینییش بێت. ئەگەر ڕابەرانی ئایینی وەک سیستانی فەتوایەکی لەوجۆرەیان دەرنەکردایە ئەوا دەوڵەت نەیدەتوانی بە ئاسانی خەڵکی بگەڕێنێتەوە بۆ ماڵەکانیان.

ڕۆڵی دووەمی ڕابەرانی ئایینی ڕەت دانەوەی بڕیارەکانی دەوڵەت بوو دەیانگوت کە شتێک بەناوی ڤایرۆسەوە بوونی نییە، بۆ نمونە قاسم تائی وەک ڕابەرێکی ئایینی و پاڵپشتێکی موقتەدا سەدر گوتی "ئەگەر ڤایرۆسێکیش هەبێت ئەوا موسوڵمانان تووشی نابن." ڕابەرێکی ئایینی دیکە لە هەمان ماوەدا هانی خەڵکی دەدا لە ڕێوڕەسمە ئایینی و پەرستنە بەکۆمەڵەکانیان بەردەوام بن.

ئەم کاریگەرییە ئایینیانە بوونەتە هۆی ململانێیەکی گەورەی کاروبارەکانی دەوڵەت؛ لە یەک کاتدا دەبوو هاوسەنگی لەنێوان ڕەزامەندی ئایینزاکان و پەیڕەوکەرانیان کە سەرپێچی بڕیارەکانی دەوڵەتیان دەکرد ڕابگرن، لەلایەکی دیکەشەوە سەرقاڵبوون بە نیگەرانییەکانی ئازادی ئایینی لە وڵاتەکەدا.

لەدوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەنێو پەیڕەوکارانی ئیمامی کازمیدا، هاوڵاتیان لە مەترسی ڤایرۆسەکە دڵنیابوونەوە و تێگەیشتن کە ڕێکارەکانی خۆپارێزی هاوڵاتیان لە مەترسی ڤایرۆسەکە لەپێناو پاراستنی ژیانیاندایە و و سەرپێچیکردنی ئازادی ئایینی نییە.

هەروەها سەرەڕای دەرئەنجامەکان، هێشتا ئایین یەکێکە لە فاکتەرە هاندەرەکانی هاوڵاتیان و هەماهەنگییان لەگەڵ دەوڵەتدا. ئەگەر بێت و دەوڵەت ڕاوێژ و هەماهەنگی لەگەڵ ڕابەرێکی ئایینیدا نەکات، ئەوا پاڵپشتی هاوڵاتیانی لەدەستدەدات، ئەمە لەکاتێکدا کە عێراقییە دیندارەکان ڕێژەیەکی زۆری دانیشتوانی عێراق پێکدەهێنن.