ڕاپۆرتی کوردستانی

01:36 - 11/05/2020

چیرۆکی ئەو کچە ئێزیدییەی ناچار بوو وەک داعشێک بژیی‌

پەیسەر پرێس

لەیلای کچە تەمەن ١٧ ساڵی ئێزیدی، دوای چەند ساڵێک لە رفاندنی لەلایەن چەکدارانی داعشەوە، گەڕایەوە ناو خێزان و کەسوکارەکەی، بەڵام چیرۆکی لەیلا جیاوازە لە چیرۆکی سەرجەم کچ و ژنە رفێندراوەکانی دیکەی دەستی داعش.

رفاندنی لەیلا
دوای ئەوەی چەکدارانی داعش دەستیان بەسەر شاری موسڵدا گرت و بەهێزتر بوون، هێرشیان کردە سەر ناوچەی شەنگال و هەزاران کچ و ژنی ئێزیدییان رفاند و بەشێکیشیان گواستنەوە بۆ سوریا.

لەیلا یەکێک بوو لەو کچە ئێزیدییانەی لە تەمەنی 11 ساڵیدا و لەگەڵ خوشکێکیدا لەلایەن چەکدارانی داعشەوە رفێندرابوو.

لەیلا دوای رفاندنی، لە خێزانەکەی دادەبڕێت و لەو کاتەوە لەژێر دەستی دەسەڵاتی داعش و لەناو ژنە داعشەکاندا ژیاوە.

رزگاربوونی لەیلا
دوای ئەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات زۆربەی ناوچەکانی ژێر دەستی رێکخراوی داعشی رزگارکرد، ژمارەیەکی زۆری کچ و ژنانی ئێزیدی لەلایەن هێزەکانەوە رزگارکران و هەندێکیشیان هەڵهاتن و خۆیان رزگارکرد، بەڵام چیرۆکی لەیلا دونیایەکی دیکەی هەیە.

دوای ئەوەی هەسەدە باهۆز رزگار دەکات، لەیلا لەگەڵ سەدان خێزانی داعشدا لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە دەگوازرێنەوە بۆ کەمپی هۆڵ لە رۆژئاوای کوردستان.

لەیلا لە کەمپەکەدا بە گۆشەگیریی و دوور لە چاوی ژنە داعشەکانی دیکە ژیاوە و تێکەڵیان نەبووە.

رزگاربوون
دوا ساڵێک مانەوەی لە کەمپی هۆڵ، هێزەکانی سوریای دیموکرات ناسنامەی راستی لەیلایان بۆ دەردەکەوێت، ئاشکرادەبێت کە سەر بە داعش نییە و یەکێکە لە کچە رفێندراوەکان.

دواتر لەیلا دەگەیەندرێتە
رێکخراوی (ماڵی ئێزیدی)، کە رێکخراوێکە لە رۆژئاوای کوردستان و کار بۆ گێڕانەوەی کچ و ژنە ئێزیدییە رفێندراوەکانی دەستی داعش دەکات بۆ ناو خێزانەکانیان.

کۆرۆنا؛ کۆسپی نێوان لەیلا و خێزانەکەی
لەیلا بڕیار بووە زووتر بگەڕێتەوە ناو خێزانەکەی، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، لە گەڕانەوەی دواکەوتووە.

لەیلا بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، "لەگەڵ خێزانەکەمدا قسەم کرد، وتیان چاوەڕوانی تۆین و بگەڕێرەوە لامان، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە رێگاکان داخران" و سنوری نێوان هەرێم و رۆژئاوای کوردستان داخرا.

گەیشتنەوە ئامێزی خێزان
رۆژی یەك شەممە 10/5/2020 لەیلاو رزگاربووویەکی دیکەی ئێزیدی، لە رێگەی دەروازەی سێمێلکا(فیشخابور)ەوە گەیشتنەوە هەرێمی کوردستان و هەردووکیشیان لە بارێکی تەندروستی باشدان.

لەیلا دوای دەرچوونی لە کەمپی هۆڵ لەگەڵ خێزانێکدا لە گوندێکی سەر بە شاری حەسەکە ماوەتەوە.
دوای گەیشتنەوەیان بە هەرێم، لەیلا و رفێندراوە رزگاربووەکەی دیکە، بە خێزانەکانیان شادبوونەوە.

لەیلا یەکێکە لەو هەزاران ئێزیدییەی ساڵی 2014 و لە هێرشی داعش بۆ سەر شەنگال رفێندران و بۆ ناوچەکانی ژێر دەستی داعش لە عێراق و سوریا گواسترانەوە، بەڵام هێشتا وردەكارییەكانی ئەو ماوەیەی نەگێڕاوەتەوە كە لەنێو سیستەمی توندڕەوەكانی داعشدا چیی بەسەر هاتووەو ئەو ڕووداوە خەمناكانە كامانەن كە لەیلا لەو ماوەیەدا چەشتوویەتی.