ڕاپۆرتی کوردستانی

04:20 - 11/05/2020

ئایا ئابووریی هەرێم دەبووژێتەوە؟‌

پەیسەر پرێس

وێنە: بەختیار حەسەن

لە کۆتایی 2019 ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شاری وهانی چینەوە سەرهەڵدەدات و جگە لە چەند وڵاتێکی کەم، هەموو جیهان دەگرێتەوە. ڤایرۆسەکە ژیان لە 285 هەزار کەس وەردەگرێتەوە و ئابووریی بەهێزترین وڵاتانی جیهانیش دەخاتە مەترسییەوە. هەرێمی کوردستان یەکێکە لەو شوێنانەی ئابورییەکەی بە قورسی کەوتووەتە ژێر کاریگەرییە نەرێنییەکانی ڤایرۆسەکەوە

داخستنی سنورەکان؛ کردنەوەی دەرگای قەیران
حکومەتی هەرێم لە کۆتایی مانگی شوبات و بۆ رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، سنورەکانی لەگەڵ ئێران داخست. داخستنی سنورەکان لەگەڵ ئێراندا سەرەتای دروستبوونی بەشێک لە قەیرانە داراییەکانی هەرێم بوو، چونکە هاتوچۆی بازرگانی رووی لە کەمبوونەوە کرد و هاتوچۆی گەشتیاریش وەستا.

داخستنی سنورەکان وای کرد، ئەو داهاتەی لە سنورەکان، لە رێگەی هاتوچۆی بازرگانی و هاتنی گەشتیارانی دەرەوەوە دەست حکومەتی هەرێم دەکەوتن، بە تەواوی کەم ببێتەوە. ئەمەش هیندەی دیکە دۆخی دارایی هەرێمی کوردستانی رووبەڕووی مەترسیی کردەوە.

هەر بەهۆی داخستنی سنورەکانەوە، ژمارەیەکی زۆر کەس کە لە سنورەکان کاریان دەکرد، بێکاربوون و نرخی بەشێکی زۆری کاڵا و شتومەکەکانیش بەرزبوونەوە.

قەدەغەی هاتوچۆ و نزیکبوونەوە لە سفر-داهات
دوای ئەوەی لە ناوەڕاستی مانگی ئازار قەدەغەی هاتوچۆ لە شارەکانی سلێمانی و هەولێر راگەیەندرا و دواتریش هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتەوە، دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان رۆیشتە قۆناغێکی نوێوە.

راگرتنی دەوامی فەرمانگەکان و قەدەغەی هاتوچۆ، ژیانی ئاسایی هاوڵاتیانی وەستاند، بەم جۆرەش داهاتی ناوخۆی هەرێم بە تەواوی رووی لە کەمی کرد، بەو پێیەی بەشێك لە داهاتەكەی لەڕێگەی فەرمانگەكانەوە كۆدەبێتەوەو پێی دەگوترێت داهاتی ناوخۆیی.

تەنانەت بەرپرسانی حکومەتی هەرێم چەند جارێک باسیان لەوە کرد، کە داهاتی ناوخۆی هەرێم لە سفر نزیک بووەتەوە.

بەم جۆرەش یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی دابینکردنی موچەی فەرمانبەران لە نەبوونی تەواوەتی نزیک بووەوە و مەترسی لەسەر موچەی فەرمانبەران گەورەتر بوو.

بڕینی بەشە بودجەی هەرێم
لە ناوەڕاستی مانگی نیسانەوە بەشە بودجەی هەرێم لەلایەن حکومەتی عێراقەوە ڕاگیراوە.

ڕاگرتنی بەشە بودجەی هەرێم لەلایەن بەغداوە، بووە هۆی ئەوەی حکومەتی هەرێم نەتوانێت موچەی مانگی یەکی ئەمساڵ دابەشبکات.

سەرەڕای ناردنی چەند شاندێکیش بۆ بەغدا، نەتوانرا کێشەی نەناردنی بەشە بودجەی هەرێم چارەسەر بکرێت. سەرەڕای ئەوەش حکومەتی هەرێم بەپێی خشتەیەک دەستی بە دابەشکردنی موچەی مانگی یەکی 2020ی چەند وەزارەتێک کرد.

دابەزینی نرخی نەوت
دابەزینی نرخی نەوت دارایی عێراق و هەرێمی کوردستانیشی رووبەڕووی مەترسییەکی گەورە کردەوە. ئەمەش وایکرد داهاتی هەرێم و عێراق رووبەڕووی کەمبوونەوە ببێتەوە کە بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بە نەوت دەبەستێت.

مانگی رابردوو حکومەتی عێراق رایگەیاند، دوای ئەوەی نرخی نەوت بە تەواوی دابەزی، داهاتی وڵات بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە، بۆیە بەغدا چەند هەنگاوێکی بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی قەیرانی دارایی نا، گرنگترینیشیان راگرتنی پڕۆسەی پارەدارکردن و خەرجییەکان بوو.

ئەمانەی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە 5ی ئایار رایگەیاند، پڕۆسەی پارەدارکردن و سەرجەم خەرجییەکان رادەگرن تا ئەو کاتەی حکومەتی نوێی عێراق بڕیاری نوێ لەبارەیانەوە دەدات.

هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێم
دوای بڕینی بەشە بودجەی هەرێم لەلایەن بەغداوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی قەیرانی دارایی، چەند رێوشوێنێکی گرتەبەر و ژمارەیەکی بڕیاری دەرکرد.

ئەنجومەنى وەزیرانی ھەرێم ٥ی ئەم مانگە کۆبووەوە و بۆ رزگاربوون لە قەیرانی دارایی و کەمکردنەوەی کێشە داراییەکان چەند بڕیارێکی دەرکرد.

گرنگترین بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کەمکردنەوەی خەرجییەکان بوو، بەم شێوەیەی لای خوارەوە؛

یەکەم؛ کەمکردنەوەى مووچە و دەرماڵەى خاوەن پلە باڵا و تایبەتەکان لە سەرۆکایەتییەکانی هەرێمى کوردستان، حکومەتى هەرێم، سەرۆکایەتی و سەرجەم ئەندامانی پەرلەمان، ئەنجومەنى دادوەریی هەرێم، ئەنجومەنى پارێزگا لە بوارەکانى خزمەتى شارستانى، سەربازیی، هێزەکانى ئاسایشى ناوخۆ، ئاسایشى گشتى، ئەنجومەنى ئاسایش و هەموو ئەوانەی کە بەو پلانە خانەنشین کراون و دەکرێن.

دووەم؛ خەرجکردنى تەنیا مووچەى بنەڕەتى بۆ ئەو پلە تایبەتانەى کە لە بەڕێوەبەرى گشتىیەوە بەرەو سەرەوەن، سەرۆکى یەکە کارگێڕییەکان لە پارێزگار، قائیمقام و بەڕێوەبەرى ناحییە کە (معومن) و پێویستە لەسەر وەزارەتى دارایى و ئابوورى لە ماوەى 30 رۆژ لە چوارچێوەى یاساى چاکسازیی چارەنووسى وەزیفیان یەکلایى بکاتەوە.

سێیەم؛ پێویستە وەزارەتى دارایى و ئابوورى مووچە تەنیا بۆ ئەو کەسانە خەرج بکات کە لە داتابەیسى تۆمارى بایۆمەترى تۆمارن و بە کردەیی لە خزمەتى وەزیفیدان، هەروەها بڕینى مووچەى ئەو کەسانەى کە بە کردەیی خزمەتى وەزیفى ناکەن.

چوارەم؛ کەمکردنەوەى بودجەى تەشغیلی بۆ نزمترین ئاست بە جۆرێک تەنیا بوارە سەرەکییەکانى خەرجى بگرێتەوە، وەکو بوارى دابینکردنى دەرمان، پێداویستى پزیشکى، تاقیگەیی و خواردنى نەخۆشخانە، زیندانییەکان، خانەى بەساڵاچووان، نەوجەوانان، منداڵان، شێڵتەرەکانى ژنان، پاکردنەوەى شار و شارۆچکەکان، نەخۆشخانەکان و پێداویستیەکانى ئاو، کرێى وێستگەکانى بەرهەمهێنانى کارەبا و چاکردنەوەى رێگاوبانەکان.

پێنجەم؛ پەیڕەوکردنى سیستمى نوێى ئۆنلاین بۆ خەرجکردنى بودجەى تەشغیلی، لە پێناوى برەودان بە شەفافیەت و کەمکردنەوەى رۆتین.

شەشەم؛ راگرتنى خەرجییەکانى بودجەى وەبەرهێنان (پڕۆژەى وەزارەتەکان و پەرەپێدانى پارێزگاکان).

حەوتەم؛ پێداچوونەوە بە نەسریە و پێشینەى وەزارەت و سەرجەم دامەزراوەکانى هەرێم لەلایەن ئەنجومەنى وەزیران و وەزارەتى دارایى و ئابوورى بە ئاراستەى کەمکردنەوەى بۆ نزمترین ئاست.

ھەشتەم؛ راگرتنى خەرجکردنى راستەوخۆى وەزارەتەکان لەسەر بەشە داهاتى خۆیان.

نۆیەم؛ پێداچوونەوە بە خەرجییەکانى خزمەتگوزاریی بوارى نەوت و گاز.

زیادکردنی داھات
لە هەمان کۆبوونەوەدا ئەنجومەنی وەزیران، بڕیاری زیادکردنی داهاتەکانی داوە، وەک یەکێک لە چارەسەرەکانی قەیرانی دارایی هەرێم.

ئەنجومەنی وەزیران لەبارەی زیادکردنی داهات و سەرچاوەکانەوە بڕیاریداوە بە هەڵوەشاندنەوەى سەرجەم ئەو لێخۆشبوونانەى کە دراون لە رەسمى گومرگ و باج، کە ناگونجێن لەگەڵ یاسا و ڕێنماییە دەرکراوەکاندا، سەپاندنى باج لەسەر هاوردەکردن و پاڵاوتنى بەرهەمە نەوتییەکان، هەڵوەشاندنەوەى تەرخانکردنى زەوى بۆ ئەو پڕۆژانەى مۆڵەتى وەبەرهێنانیان پێدراوە بەڵام دەست بە جێبەجێکردنیان نەکراوە.

لە درێژەی بڕیارەکاندا هاتووە، هەڵوەشاندنەوەى تەرخانکردنى زەوى کە بە موساتەحە دراون بەڵام دەست بە جێبەجێکردنى پڕۆژەکان نەکراوە، وەرگرتنەوەى قەرزە بازرگانییەکان لەلایەن وەزارەتى دارایى و ئابوورى لەبەر رۆشنایى یاساى چاکسازیی، پەسەندکردنى پێشکەشکردنى خزمەتگوزاریی دابەشکردنى کارەبا و کۆکردنەوەى کرێى بەشداربووانى کارەبا لەلایەن کەرتى تایبەتەوە لە ژێر سەرپەرشتى و چاودێرى حکومەت.

سەرەڕای ئەوەی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق پێکهاتووە بەڵام تاکو ئێستا هیچ بڕیارێک لەلایەن حکومەتی نوێوە بۆ ناردنی پشکی هەرێم نەدراوە. حکومەتی هەرێمیش رایگەیاندووە، بەو توانایەی لەبەردەستیدایە دەستی بە دابەشکردنی موچەی چەند وەزارەتێک کردووە.

حکومەتی هەرێم چاوەڕوانی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراقە، یەکەم هەنگاوی گرنگ بنێت بۆ پیشاندانی دۆستایەتی خۆی بۆ هەولێر، کە ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانە.