11:33 - 12/05/2020
سیمبولى مۆسیقاى یارسان، ئه‌وكورده‌ى له‌سه‌ر دین و هونه‌ر سه‌رى دانا
هونه‌رمه‌ندی ده‌نگخۆش و مۆسیقاژه‌ن و ئاوازدانه‌ری ناوداری كورد، یه‌كێ له ڕابه‌رانی ئاینی یارسان-كاكه‌یی بوو ده‌یویست نوێخوازییه‌ك له‌م ئاینه‌دا به‌دی بێنێت، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش نه‌یاری زۆر بوو، ئه‌و پیاوه ڕیش درێژه‌ی هونه‌رو عیرفانی پێكه‌وه گرێ دابوو شاگرد‌و موردی زۆر و بێ ژماره‌ی هه‌بوو، كه به‌دڵ هۆگری ئه‌و بوون و خۆشه‌ویستییان بۆی هه‌بوو.
سه‌ید خه‌لیل عالی نه‌ژاد، سازی ته‌مبووری زیندووكرده‌وه، به‌ته‌مه‌نێكی كه‌مه‌وه توانی ببێته ناوێكی دیاری مۆسیقای عیرفانی و له هه‌موو ئێران‌دا ناسرا، كه هه‌ر له‌و ڕێگایه‌ش سه‌ری له‌سه‌ردانا و مردنێكی تراژیدی به‌نسیب بوو كه هه‌مووانی تاساند و بۆی به‌داخ بوون. زۆر كه‌سیش كه‌س له ئاشنایانی كوشتنه‌كه‌ی به پیلان ده‌زانن.
سه‌ید خه‌لیل عالی نه‌ژاد كێ یه؟
سه‌ید خه‌لیل له بنه‌ماڵه‌یه‌كی كوردی كرماشان ساڵی 1958 له دایكبوو. بنه‌ماڵه‌كه‌ی له په‌یڕه‌وانی ئاینی یارسانی بوون كه له‌فه‌رهه‌نگی ئاینی كوردستان ڕیشه‌یه‌كی كۆنی هه‌یه. سازی ته‌نبوریش له ئاینی یارسانیدا پایەیە‌كی بڵند و پیرۆزی هه‌یه، وه‌ك شتێكی موباره‌ك و موقه‌ده‌س سه‌یر ده‌كرێت.
په‌یڕه‌وانی ئه‌هلی حه‌ق له‌كاتی كۆبوونه‌وه‌كانیاندا له جه‌مخانه، كه مه‌ڵبه‌ندی ئاینییانه، شیعر و سرودگه‌لی یارسان (سه‌رئه‌نجام) به ئاوازی ته‌مووره‌وه ده‌خوێننه‌وه و له سه‌ره‌تای ده‌ست پێكردنی هه‌ر سرودخوێندنێكدا ته‌نبور یان ته‌مووره‌كه ماچ ده‌كه‌ن و له دوایشدا دووباره ماچی ده‌كه‌نه‌وه و سه‌ید خه‌لیلیش له‌و ژینگه‌یه په‌روه‌رده بوو.
سه‌ید خه‌لیل كاتێ ده‌ستی دایه مۆسیقا خۆشبه‌خت بوو، چوونکە باوكیشی سه‌ید شاهموراد عالی نه‌ژاد ژه‌نیاری ته‌نبور بوو. هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه دایكیشی پشتیوان و هانده‌ری بوو، به پێشنیاری قه‌ده‌م خێری دایكی بوو كه‌چووه لای مامۆستایانی ئه‌و رۆژگاره‌و ده‌رسی سازی ته‌نبوری خوێند. له‌ناو خێزانێكی ئاوهادا بۆ كه‌سێكی وه‌ك خه‌لیلی عالی نه‌ژاد زه‌مینه له‌بار ده‌بێت، تا به ئاڕاسته‌ی هونه‌ر په‌روه‌رده ببێ.
پاشان به‌هۆی به‌توانایی له‌ژه‌نینی ته‌مبوور بووه‌ته سه‌رپه‌رشتی گروپی ته‌مبوور نه‌وازانی سه‌حنه له‌كرماشان. هه‌ر له‌و زه‌مه‌نه‌دا به‌شی هونه‌ر له‌زانكۆی تاران ده‌خوێنێ و به‌سه‌ركه‌وتوویی ته‌واوی ده‌كات. له به‌شی مۆسیقا ماسته‌ری به ده‌ست هێنا و به‌مشێوه‌یه بووه موزیكژه‌نێكی ئه‌كادیمی، كتێبێكیشی به زمانی فارسی ده‌رباره‌ی مێژووی ته‌نبور له چاپ دا‌و كتێبه‌كه‌شی ناونا (ته‌مبور له‌كۆنه‌وه تا ئه‌مڕۆ- تنبور از دیر باز تا اكنون).
سه‌ید خه‌لیل به شوێن كاری تره‌وه نه‌بوو، 24 سه‌عاته خه‌ریكی مۆسیقا و عیرفان بوو، به ته‌واوی خۆی ته‌رخانكردبوو بۆ هونه‌ر و فه‌لسه‌فه‌ی ئاینی یارسانی (كاكه‌یی). جگه له‌وه‌ی ته‌مبورژه‌نێكی لێهاتوو بوو و توانای هونه‌رمه‌ندانه‌ی خۆی له‌و سازه نیشانداوه، سازه مۆسیقییه‌كانی وه‌ك ده‌ف، نه‌ی و تار و سێ‌تار به‌باشی ده‌ژه‌ند. هه‌روه‌ها خۆشنووس بوو، شیعریشی ده‌نوسی نازناوی بێ قه‌رار بوو. موزیكناسه‌كان له ته‌مبور ژه‌نیندا په‌نجه‌ی مامۆستایی بۆ درێژده‌كه‌ن. شاهێدی ئه‌وه‌ی بۆده‌ده‌ن زۆر به‌جوانی و وه‌ستایانه ده‌یژه‌نی.
ره‌دیف و ئاوازی مۆسیقای ئێرانی به‌باشی شاره‌زا بوو. ناوێكی دیاری مۆسیقای عیرفانی و سونه‌تی ئێرانی و كوردی بوو. ئاشنای زۆرێك له‌هونه‌رمه‌نده دیاره‌كانی كورد و مۆسیقای ئێرانی وه‌ك (شه‌جه‌ریان و كه‌یهان كه‌لهور و شه‌هرام نازری و مه‌زهه‌ری خالقی و زۆری تر بوو.
له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی گروپی مۆسیقای (ته‌نبور شه‌مس) به سه‌رپه‌رشتی هونه‌رمه‌ندی ناودار كه‌یخوسره‌و پورنازری، عالی نه‌ژاد وه‌ك موزیكژه‌نێكی دیاری گروپه‌كه ده‌ورێكی باڵای هه‌بوو.
یه‌كێ له هه‌وه‌ڵین كه‌سانی كه سه‌ید خه‌لیل كاری مۆسیقای له‌گه‌ڵ تۆماركردووه شه‌هرامی نازرییه. به‌رهه‌می هاوكاری له‌گه‌ڵ گروپی ته‌نبوری شه‌مس به "تاكنه‌وازی" تاكژه‌نی ته‌مبوور به‌شداری كردووه له ئه‌لبومی (صدای سخن عشق). دواتر سه‌ید خه‌لیل خۆی گروپی (بابا تاهیر)ی دامه‌زراند و ئه‌ندامانی گروپی باباتاهیر له دانیشتنه هونه‌ریه‌كانی دینی دا ئاهه‌نگیان ئه‌نجام ده‌دا.
دووباره ته‌مبووری زیندووكردەوه
ته‌مبور سازێكی موزیكی كۆنی كورده و هه‌زاران ساڵه كورد ته‌مبور ژه‌نن، یارسانه‌كان زۆر په‌یوه‌ست و هۆگری ئه‌م سازه‌ن به‌ڵام تا پێش سه‌ید خه‌لیل عالی نه‌ژاد ئه‌و ئامێره ته‌نها له كونجی خانه‌قا و جه‌مخانه‌كانی یارسانه‌كان ده‌ژه‌ندرا، له‌نێو گروپی مۆسیقادا نه‌بوو، ئه‌وه سه‌ید خه‌لیل عالی نه‌ژاد بوو سه‌ره‌ڕای ئه‌و ناڕه‌زاییانه‌ی هاته به‌رده‌می و رووبه‌ڕووی ره‌خنه‌ی توند بووەوه، توانی ته‌مبوور بێنێته ناو گروپه‌كانی مۆسیقاوه و جارێكی تر زیندووی كرده‌وه كه خه‌ریكبوو بیربچێته‌وه.
له‌ناو موزیكژه‌نه‌كانی ئێران-دا باوه ده‌ڵێن، ته‌مبوور خه‌ریك بوو ناوی له‌ناواندا نه‌مێنێ و بازاڕی هونه‌ریی كزبێ و كه‌سێك نه‌بێ ئاوڕی لێبداته‌وه، ئه‌وه سه‌ید خه‌لیل عالی نه‌ژاد بوو كه ڕه‌ونه‌قی بۆ ئه‌و سازه گه‌ڕانده‌وه، كارێكی وایكرد كه ته‌مبوور ڕۆڵه مێژووییه‌كه‌ی به‌ده‌ست بێنێته‌وه و ببێته‌وه گوڵی مه‌جلیسی تیپه‌كانی مۆسیقا. یه‌كێ له‌و كارانه‌ی پێی هەستا بە كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌و میلۆدی و مه‌قام و ئاوازه كوردییانه‌ی كه له‌ناو كاكه‌ییه‌كاندا هه‌یه، زۆربه‌ی به‌شێوه‌ی نۆته‌ی موزیك نوسییه‌وه‌و به‌شێك له‌ئاواز و میلۆدی ره‌سه‌نی كوردی له‌فه‌وتان پاراست.
باشترین سه‌رچاوه‌ش له‌باره‌ی مێژووی سازی ته‌مبوره‌وه نوسراوبێ كتێبه‌كه‌ی ئه‌وه كه له بنه‌ڕه‌تدا نامه‌ی ماسته‌ره‌كه‌یه‌تی. جگه له‌وه‌ش ده‌یان و سه‌دان خوێندكاری پێگه‌یاند، چه‌ند گروپێكی مۆسیقای وه‌كو (شه‌مس و بابا تاهیر)ی دروستكرد. رۆژ به رۆژ ناوبانگی زیاتر ده‌بوو، وای لێهاتبوو باسی ته‌مبور بكرایه یه‌كسه‌ر ناوی سه‌ید خه‌لیل به‌بیر ده‌هات. ئه‌مه‌ش له‌دوای مردنه‌كه‌ی ڕه‌نگی دایه‌وه، به‌جۆرێك له‌مه‌راسیمی مردنه‌كه‌ی ٣٠٠ ته‌مبوورژه‌ن مۆسیقایان ده‌ژه‌ند كه هه‌موویان لای ئه‌و ده‌رسی موزیكیان خوێندبوو.
سه‌ید خه‌لیل عالی نه‌ژاد، چه‌ندین ئاوازی داناوه و عه‌شق لای ئه‌و باڵاترین هونه‌ر بوو، عه‌شقێكی عیرفانی كه ئیلهام به‌خشی زۆربه‌ی ئاوازه‌كانی بوو. له چه‌ند فیلمێكی ئێرانی‌دا موزیكی فیلمه‌كه هه‌ر ته‌مبوری خۆیه‌تی و تاكنه‌وازی ئه‌یژه‌نێت. له‌ژه‌نینی ته‌مبووردا خاوه‌ن ته‌كنیكی تایبه‌ت به‌خۆی بوو. هه‌ر ته‌نیا ته‌مبورژه‌نێكی ئاسایی نه‌بوو، به‌ڵكو ته‌مبور سازیش بوو وه‌ستایه‌كی ده‌ستڕه‌نگین و كارزان بو له‌دروستكردنی ته‌مبوور. داهێنه‌ری سازێكی نوێی مۆسیقابوو به‌ناوی (تن تار)، كه ده‌نگی ئه‌و سازه له‌نێوان سێ‌تار و ته‌مبوور دایه. خاوه‌نی چه‌ندین ئه‌لبومی گۆرانی و مۆسیقایه. به سۆزی دڵ و بێ ڕیا مۆسیقای ده‌ژه‌ند. ئه‌و باوه‌ڕی وابوو زه‌مانێك كه هونه‌ر بۆ عه‌شق به‌خودا نه‌بێ، ئه‌وه له‌هونه‌ر ده‌رچووه بووه‌ته پیشه و پاره په‌یداكردن. ئه‌و هیچ كاتێ به‌خاتری نه‌وازنده‌یی و ئاهه‌نگ و ژه‌نینی ته‌مبور پاره‌ی وه‌رنه‌ده‌گرت.
مه‌رگی گوماناوی سه‌ید خه‌لیل عالی نه‌ژاد
"یارسانه‌كان تاوانه‌كه ده‌ده‌نه‌پاڵ كۆماری ئیسلامی ئێران"
به‌یانی رۆژی یه‌ك شه‌ممه 18ی نۆڤه‌مبه‌ری 2001 خه‌لیلی عالی نه‌ژاد مامۆستای به‌ناوبانگی مۆسیقا و پیری ئه‌هلی حه‌ق، خه‌ڵكی سه‌حنه‌ی سه‌ر به پارێزگای كرماشان له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، له شاری یوتۆبۆری سوید له کاتێکدا كه بۆ گوتنه‌وه‌ی ده‌رسی مۆسیقا به قوتابیانی چوو بووه ناوه‌ندی فێركارانی سوید، له‌لایه‌ن كه‌سانێكه‌وه به‌چه‌قۆ هێرشی كرایه‌سه‌ر و كوژرا.
دواتریش له ژوورێكی ئه‌و ناوه‌نده ئاگری تێبه‌ردرا و سوتێنرا. زۆر كه‌س له ئاشنایانی ئه‌و دڵنیان له‌وه‌ی كوشتنه‌كه‌ی به پیلان بووه و ده‌ستێكی شاراوه‌ی له‌پشت بووه. به‌قسه‌ی دراوسێكانی ئه‌و رۆژه‌ی كوژرا سێ كه‌س میوانی بوون، دوو كه‌سیان له ئه‌ڵمانیاوه هاتبوو، سێیه‌مین كه‌سیش هاوكار و خزمه‌تكاری عالی نه‌ژاد بوو له‌سوید، ئه‌ڵبه‌ته ئه‌و كه‌سه زۆربه‌ی نزیكه‌كانی به‌هۆكاری مه‌رگی عالی نه‌ژادی ده‌زانن، هه‌رچه‌نده ئه‌و خۆی ئینكاری ئه‌وه‌ی كردووه له‌و سه‌عاته له‌وێ بووبێ.
كوشتنی به‌وشێوه دڕندانه‌یه بووه سه‌ردرێری هه‌واڵی ڕۆژنامه و ته‌له‌فزیۆن و میدیا و ده‌زگا ڕاگه‌یاندنه‌كان. پاش چه‌ند ڕۆژێك پۆلیسی سوید ته‌رمه سوتاوه‌كه‌یان ئاشکرا كرد. بە ١٧٠ رۆژ پۆلیسی سوید لێكۆڵینه‌وه‌كانی له‌و تاوانه ته‌واوكرد، به‌ڵام بێئه‌نجام بوو، چوون ناوی بكوژه‌كانی یا ئه‌و ده‌سته‌ی هۆكاری ئه‌و تیرۆره بوون نه‌دركاند و باسی لێوه نه‌كرد. دوای ئه‌و ماوه زۆره ئینجا ئیجازه‌ی دا به گواستنه‌ی جه‌نازه‌ی سوتاوی ئه‌و بۆ ئێران.
ڕه‌خنه‌ی ئه‌وه له پۆلیسی سوید ده‌گیرێت، كه له‌دۆسیه‌ی كوشتنی هونه‌رمه‌ندێكی ناوداری كوردی ئێران بێ لایه‌ن نه‌بووه و زانیاری و ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كانی بۆ ڕای گشتی ئاشكرا نه‌كرد و پاراستی، له كاتێكدا هه‌موو ماڵه‌كانی سوید كامێرای چاودێرییان هه‌یه.
له‌سه‌ر هۆكاری كوشتنی خه‌لیلی عالی نه‌ژاد ده‌نگۆی زۆر هەیه، بۆیه ئه‌نجومه‌نی یاری سان له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات له ڕاگه‌یه‌نراوێكدا كوژرانی سه‌ید خه‌لیلی به تیرۆر دانا و تاوانه‌كه‌ی دایه پاڵ كۆماری ئیسلامی ئێران. هه‌رچه‌نده له مه‌راسیمی به‌خاكسپاردنیدا په‌یامی وه‌زیری فه‌رهه‌نگ و ئیرشادی ئێران خوێندرایه‌وه كه بۆ ڕێزلێنان له خه‌لیلی عالی نه‌ژاد په‌یامی ناردبوو. ساڵانه‌ش له‌یادی كوشتنه‌كه‌یدا مه‌راسیمی به شكۆ به‌ڕێوه‌ده‌چێ، هه‌رچه‌نده سازمانی ئه‌منیه‌تی ئێران به‌و مه‌راسیمه گه‌وره‌یه خۆشحاڵ نین و فشار له‌خانه‌واده‌ی سه‌ید خه‌لیل ده‌كرێ چیتر ئه‌و یاده نه‌كه‌نه‌وه. ئه‌مه‌ش هێنده‌ی تر گومانه‌كان تۆختر ده‌كه‌نه‌وه‌و یارسه‌كان پێیان وایه كوشتنی ئه‌و كه‌سایه‌تیه دیاره‌ی كورد، به‌شێكه له‌و زنجیره كوشتنه‌ی ده‌ستی كۆماری ئیسلامی ئێرانی له‌پشته‌وه‌یه.
"خۆی وه‌كو سه‌ركرده و ڕێبه‌رێكی ئاینی یارسان نیشان ئه‌دا"
سه‌ید خه‌لیل لێكۆڵینه‌وه‌ی زۆر قوڵی كردووه له‌سه‌ر كتێبی ئاینی كاكه‌ییه‌كان، به‌ناوی (كه‌لامی سه‌ره‌نجام). كتێبێكی دیكه‌ی كۆكردبوه‌وه (خانه ئه‌ڵماس)، خانه ئه‌ڵماس یه‌كێكه له پیرانی دیندارانی كاكه‌یی، سه‌ید خه‌لیل هه‌موو به خه‌تی خۆی نووسیوه‌ته‌وه.
ممه‌مه‌د كه‌مانگه‌ر په‌رده‌یه‌كی له‌سه‌ر لایه‌نێكی ژیانی سه‌ید خه‌لیل لاداوه، نهێنییه‌كی ئاشكرا كردووه كاتێ ده‌ڵێت:"ئه‌وه‌ی كه روون وئاشكرایه بۆ هه‌موو كه‌س سه‌ید خه‌لیل عالی نه‌ژاد ئینسانێكی هونه‌رمه‌ند بوو، به‌ڵام زۆرتر پێی خۆش‌بوو خۆی وه‌كو سه‌ركرده و ڕێبه‌رێكی ئاینی یارسان نیشان بدات. دیاره له‌و بواره‌دا نه‌یده‌توانی زۆر پێشبكه‌وێت، په‌یڕه‌وێكی وای نه‌بوو وه‌كو ڕێبه‌رێك خه‌ڵك بكه‌ونه شوێنی و په‌یڕه‌وی لێبكه‌ن. هه‌ر بۆیه زۆر كه‌س له‌و بابه‌ته كه ئه‌و خۆی وه‌ك سه‌ركرده و ڕێبه‌رێكی ئاینی یارسان پیشان ئه‌دا، ناڕازی بوون، به‌تایبه‌ت سه‌رۆكه‌كانی ئه‌و ئاینه.
به‌ڵام سه‌ید خه‌لیل ئینسانێكی دیندار بوو باوه‌ڕی به ئاینی خۆی بوو، به‌ڵام به‌و چه‌شنه‌ی هه‌ر له‌كۆنه‌وه ئه‌و ئایینه هاتووه ئه‌و له‌گه‌ڵ ئه‌وه هاوده‌نگ نه‌بوو، ده‌یویست به چه‌شنێك نوێخوازییه‌ك له‌م ئاینه‌دا به‌دی بێنێت، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش نه‌یار و موخالفی زۆر بوو. دیسانه‌وه ئیتر ئه‌وه‌ی چۆن كوژراوه خه‌ڵك قسه‌ی جۆربه‌جۆر ده‌كه‌ن، كه‌س نازانێ هۆی چی بووه.
بۆنی مه‌رگی خۆی كردبوو! گه‌ردنی بكوژه‌كانی ئازادكرد
سه‌ید خه‌لیل وه‌ك ئه‌وه‌ی پێشتر زانیبێتی به‌وه‌ی ده‌كوژرێت، یاخود دڵی خه‌به‌ری دابێ كه مه‌گی نزیكه و پیلانێك له‌ئارادیه بۆ كوشتنی، بۆیه نامه‌یه‌كی به‌جێ هێشتووه كه دوای رووداوه‌كه ئاشكرابوو، كه له‌و نامه‌یه‌دا به به‌ده‌ستخه‌تی خۆی نوسیوه ، تیایدا وه‌سێتی كردووه بكوژه‌كه‌ی "قاتله‌كه‌ی" لێی خۆشبن. ئه‌و بكوژانه‌ی كه‌وا جه‌سته‌ی سه‌ید خه‌لیل یان به چه‌قۆ پارچه پارچه كردبوو، دوایش سوتاندوبوویان.
مه‌رگی سه‌ید خه‌لیل بۆ بنه‌ماڵه‌كه‌ی زۆر سه‌خت بوو چوون ئه‌و ته‌نها كوڕیان و تاقانه‌ی ئه‌و ماڵه‌بوو. كاتێ به‌و شێوه كوشتیان ته‌مه‌نی ٤٤ ساڵ بوو. وه‌ك ده‌ڵێن ئه‌وكاته‌ی به‌و شێوه كوژرا ١٢١ رۆژبوو كه به‌ڕۆژوو بوو.
سه‌ید خه‌لیل خۆی وه‌سیه‌تی كردبوو ئه‌گه‌ر مرد بیبه‌نه‌وه ئه‌وێ بینێژن. خه‌ڵكی به‌جۆرێك پێشوازیان له ته‌رمه‌كه‌ی كرد كه له‌مێژووی ناوچه‌كه شتی وای به‌خۆوه نه‌دیوه، پێشینه‌ی نه‌بووه. پاشان له ڕێوره‌سمێكدا ته‌رمه‌كه‌ی هێنرایه‌وه بۆ ئێران و له‌زێدی خۆی له‌شاری كرماشان و له ته‌نیشت گۆڕی باوكی به‌خاك سپێردرا.
كه‌سایه‌تی
روخسارێكی عارفانه‌ی هه‌بوو، جوانییه‌ك له‌روخساریدا به‌دیده‌كرا. كه هێنده‌ی تر خۆشه‌ویستی كردبوو. مرۆڤێكی راستگۆ بوو، مته‌واز و خاكی بوو، ره‌فتارو گوفتاری یه‌ك بوو، به‌رامبه‌ر به خه‌ڵكی فه‌خری نه‌ده‌كرد. ئاره‌زووی زۆری له وه‌رزش هه‌بوو ، به‌تایبه‌ت خۆی یاریزانی "كاراتی"بوو. هاوكات جگه له به‌هره و توانای ده‌نگخۆشی، هونه‌رمه‌ندێكی خۆشنوس یش بوو.
سه‌رچاوه:
1ـ به‌رنامه‌ی زایه‌ڵه، ڕادیۆی كوردی سوید، تایبه‌ت به مه‌رگی گوماناوی سه‌ید خه‌لیل عالی نه‌ژاد
2- مێژووی مۆسیقای كوردی: محه‌مه‌د حه‌مه باقی