ڕاپۆرتی کوردستانی

04:33 - 12/05/2020

چاره‌نوسى چاكسازى له‌نێو کێشمەکێشی سیاسیدا چى به‌سه‌ر دێت؟‌

پەیسەر پرێس

هه‌فته‌ى رابردوو هه‌ر كه‌ به‌ركوڵى یاساى چاكسازى بیسمیلاى لێ كرا، له‌پڕ كێشه‌ سیاسییه‌كانى یه‌كێتى و پارتى نوێبوونه‌وه‌، حكومه‌ت له‌ بیرێكدایه‌، بێ جێبه‌جێكردنى بڕیاره‌كان بۆ چاكسازى ئه‌سته‌مه‌ بێته‌ ده‌ره‌وه‌، ته‌شه‌نوجى ئه‌و دوو حزبه‌ دیسانه‌وه‌ هه‌نگاوه‌كانى سڕكرد، چه‌ند رۆژى رابردوو شاندى وه‌زاره‌تى دارایى چوونه‌ ژمێریارى یه‌كه‌ى حه‌فتا و هه‌شتا و به‌ ده‌ستى به‌تاڵ هاتنه‌وه‌، ئه‌و دوو یه‌كه‌ ئاماده‌ نه‌بوون هاوكاربن بۆ جێبه‌جێكردنى یه‌كه‌م هه‌نگاوى یاساى چاكسازى.

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان شه‌ش رۆژ پێش ئێستا و ٥ی ئه‌م مانگه‌، سه‌ره‌تاكانى یاساى چاكسازى خسته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌ دوو رۆژ دواتر دانیشتنێكى په‌رله‌مانى به‌سه‌ردا هات و هه‌نگاوه‌كانى چاكسازى هێنده‌ى تر سست كرد، جێبه‌جێكردنى بایۆمه‌ترى، یه‌كخستنه‌وه‌ى ژمێریارى یه‌كه‌كانى حه‌فتا و هه‌شتا و كه‌مكردنه‌وه‌ى مووچه‌ى پله‌ باڵاكان، ئه‌و سێ بژارده‌ حازربه‌ده‌سته‌ن، كه‌ مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت سه‌روو ٢٠٠ ملیار دینارى مانگانه‌ بگێڕنه‌وه‌ بۆ خه‌زێنه‌ى حكومه‌ت و بارى مووچه‌ زۆر سوك بكه‌ن، به‌ڵام هه‌ر سێ هه‌نگاوه‌كه‌ هێشتا بڕیارى سه‌ر كاخه‌زن.

هێزەکانی حەفتاو هەشتا لیستی مووچەیان رادەست نەکردووە 

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پرێس، دواى ئه‌وه‌ى له‌به‌ر رۆشنایى بڕیاره‌كانى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى خانه‌نشینى سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تى دارایى، سه‌ردانى یه‌كه‌كانى 70 و 80یان كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ى لیستى مووچه‌خۆره‌كانیان پێبده‌ن، به‌ڵام هیچ كام له‌و دوو یه‌كه‌یه‌ ئاماده‌ نه‌بوون داتاكان به‌ لیژنه‌كه‌ى حكومه‌ت بده‌ن، هێشتا كاره‌كان بۆ یه‌كخستنه‌وه‌ى خانه‌نشینى ئه‌و دوو هێزه‌ له‌ نێو خانه‌نشینى وه‌زاره‌تى دارایى ده‌ستى بۆ نه‌براوه‌، ژمێریارى هه‌ردوولا ئاماده‌نه‌بوون هاوكارى لیژنه‌كه‌ى وه‌زاره‌تى دارایى بكه‌ن. 

حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌دۆخى دارایى هه‌ره‌ خراپى خۆیدایه‌، كارێكى خێراو ئاسانیش بۆ‌ حكومه‌ت جێبه‌جێكردنى بڕیاره‌كانى هه‌فته‌ى رابردووى خۆیه‌تى، به‌ڵام هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌و دۆخه‌ داڕوخاوه‌ ئابورییه‌ كێشه‌ سیاسییه‌كانى نێوان دووان له‌ پێكهێنه‌ره‌ سه‌ركییه‌كانى حكومه‌ت(یه‌كێتى و پارتى) جێبه‌جێكردنى هه‌ر بڕیارێكى بۆ چاكسازى قورس و ئاڵۆز كردووه‌. 

 كێشه‌ سیاسییه‌كانى یه‌كێتى و پارتى كاریگه‌رى خراپى ده‌بێت، له‌سه‌ر بڕیاره‌كانى چاكسازى

دابان محه‌مه‌د ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان بۆ په‌یسه‌ر پرێس گوتى، تا ئێستا بڕیاره‌كانى چاكسازى له‌ ئه‌رزى واقیعدا نه‌خراونه‌ته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌، به‌بڕواى ئه‌و كێشه‌ سیاسییه‌كانى نێوان یه‌كێتى و پارتى كاریگه‌رى خراپى ده‌بێت، له‌سه‌ر بڕیاره‌كانى چاكسازى و كاره‌كان راده‌گرن.

هاوكات سه‌رچاوه‌یه‌كى وه‌زاره‌تى دارایى بۆ په‌یسه‌ر پرێس باسیله‌وه‌كرد، ئه‌و گرژییه‌ سیاسییه‌ى ئه‌م چه‌ند رۆژى دروست بوون‌، هه‌نگاوه‌كانى راگرتووه‌و كاریگه‌رى زۆرى كردووه‌ته‌ سه‌ر كاره‌كان بۆ جێبه‌جێكردنى چاكسازى.

تا ئێستا تۆمارى بایۆمه‌ترى نه‌دراوه‌ته‌ وه‌زاره‌تى دارایى 

ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد ئه‌گه‌ر یه‌كه‌كانى ژمێریارى حه‌فتا و هه‌شتا بخرێنه‌ سه‌ر وه‌زاره‌تى دارایى، بایۆمه‌ترى كارى پێبكرێت، هاوكات مووچه‌ى پله‌باڵاكان به‌وجۆره‌ كه‌ بڕیارى له‌سه‌ر دراوه‌ كه‌م بكرێته‌وه‌ ئه‌وا ٢٠٠ ملیار و زیاتر بۆ حكومه‌ت ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. ئه‌و كات حكومه‌ت به‌ هه‌ندێك چاكسازى له‌ داهاتى ناوخۆ ده‌توانێت مووچه‌ دابین بكات. 

به‌پێى دوایین بڕیارى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران، پێویستە وەزارەتى دارایى و ئابوورى مووچە تەنیا بۆ ئەو کەسانە خەرج بکات، کە لە داتابەیسى تۆمارى بایۆمەترى تۆماركراون و بە فیعلى لە خزمەتى وەزیفیدان، هەروەها بڕینى مووچەى ئەو کەسانەى کە بە فیعلى خزمەتى وەزیفى ناکەن.

تا ئێستا تۆمارى بایۆمه‌ترى نه‌دراوه‌ته‌ وه‌زاره‌تى دارایى و ئه‌و مه‌له‌فه‌ به‌ته‌واوى لاى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران هه‌یه‌، به‌ گوته‌ى دابان محه‌مه‌د ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان بایۆمه‌ترى جێبه‌جێبكرێت ٢٠٠ هه‌زار مووچه‌ى نا یاسایى نامێنن و پاره‌یه‌كى زۆر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ‌ حكومه‌ت. تا ئێستا دیار نییه‌ بڕیارى حكومه‌ت بۆ دابه‌شكردنى مووچه‌ له‌رێگه‌ى تۆمارى بایۆمه‌ترییه‌وه‌ كه‌ى ده‌چێته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

هەرچی سەبارەت بە بڕیاری حکومەتە بۆ وەرگرتنەوەی قەرزەکان بەپێی زانیارییەکانی پەیسەر ئاستەنگی زۆر لەبەردەم حکومەتەو وا بەزوویی ئەو پارەیە ناگەڕێتەوە، ئەو موڵکانەی کراونەتە رەهنەوە، بەشێکیان نرخیان زۆر کەمترە لە قەرزەکە جگە لەوەش هەندێک لە قەرزارەکان قەرزێکی زۆری خەڵکیشیان لایە، و هەندێک لە رەهنەکانیش فرۆشراون بە خەڵک.   

جێبه‌جێكردنى بڕیاره‌کانی چاکسازی تیمێكى یه‌كگرتوو و حكومه‌تێكى كاراى ده‌وێت

شێركۆ جه‌وده‌ت ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى كوردستان بۆ په‌یسه‌ر پرێس گوتى:"دواكه‌وتنێكى زۆر و خاوخلیچكییه‌كى زۆر هه‌یه‌ له‌ جێبه‌جێكردنى چاكسازییه‌كاندا. هه‌تاوه‌كو سه‌رقاڵى كێشمه‌كێشمى سیاسى بین و هه‌تاوه‌كو به‌ ده‌رئه‌نجامى كێشه‌ سیاسییه‌كان داموده‌زگا حكومڕانییه‌كان په‌كبخرێن و رێگرییان لێ بكرێت، ئه‌و ده‌رئه‌نجام هاوڵاتى زیان ئه‌كات و به‌هیچ ناگه‌ین".

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان له‌ دوایین كۆبوونه‌وه‌ى هه‌فته‌ى رابردووى ٣٠ بڕیارى بۆ چاكسازى له‌ داهاتى ناوخۆو مووچه ‌و وه‌رگرتنه‌وه‌ى قه‌رزه‌كانى ده‌ركرد، جێبه‌جێكردنى هه‌ركام له‌و بڕیارانه‌ تیمێكى یه‌كگرتوو و حكومه‌تێكى كاراى ده‌وێت كه‌ بۆ چاكسازییه‌وه‌ سه‌رقاڵ بێت، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌گه‌ر پارته‌ پێكهێنه‌ره‌كانى حكومه‌ت به‌ ململانێى و كێشه‌ سیاسیه‌كانیانیه‌وه‌ خه‌ریك بن و تیمه‌كانى حكومه‌ت دابه‌ش بكه‌ن، چاكسازى له‌دۆخێكى وه‌هادا ده‌بێته‌ مه‌حاڵ. 

بارى سه‌رشانى خه‌ڵك و گوزه‌رانیان قورس و تاقه‌تپڕوكێنه

هه‌موو ئه‌و ناكۆكییه‌كانه‌ له‌ دۆخێكدان، بارى سه‌رشانى خه‌ڵك و گوزه‌رانیان قورس و تاقه‌تپڕوكێنه‌ و خه‌ڵك چاره‌سه‌رى خێراى ده‌وێت، ئایا حزبه‌كان پشت له‌ ململانێكان و روو له‌ خه‌ڵك ده‌كه‌ن، یاخود كێشه‌ سیاسییه‌كان جارێكى خه‌ڵكى ده‌کەنە سووتوى ململانێى سیاسییه‌كان و قه‌یرانه‌كان قوڵتر و بێ چاره‌ترده‌بن.