ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

01:29 - 29/12/2018

کچانی شەقامی ئینقلابی تاران كێن؟‌

پەیسەر

" کچانی شەقامی ئینقلاب" ناوی بزووتنەوەیەکی ژنان و کچانە دژ بە سەپاندنی  حیجابی زۆرەملێ لە ئێراندا، ئەم بزووتنەوەیە دوای ئەوە دەستی پێکرد کە لە سەرەتای ساڵی  ٢٠١٨دا کچێک بە ناوی ویدا موەحید وەک ناڕەزایی لە دژی سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ لە شەقامی ئینقلابی تاران سەری رووت کرد و لەسەر سەکۆیەک راوەستا و لەچکەکەی کرد بە دارێکەوە.

ئەم رووداوە بە خێرایی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنییەوە و هێزە ئەمنییەکان ویدا موەحیدیان دەستگیرکرد، بەڵام لە رۆژانی دواتردا ژنانی دیکەش لە شەقامی ئینقلاب چالاکییەکەی ویدایان دووبارەکردەوە، تا وایلێهات شێوازی بزووتنەوەیەکی دژ بە حیجابی زۆرەملێی بە خۆوەگرت، بۆ ماوەی چەند مانگ کچان و ژنان لە تاران لە دەرفەتێک دەگەڕان بۆ ئەوەی بچنە سەر سەکۆیەک و سەریان ڕووت بکەن و لەچکەکانیان بکەن بە دارێکەوە و رایوەشێنن.

لەماوەی چەند هەفتەیەکدا هێزە ئەمنییەکان ٢٩ کەس لەو ژنانەیان دەستگیرکرد، بۆ ئەوەی ڕێگری بکەن لە بەردەوامی چالاکییەکە، پۆلیس دەستکاری هەموو سەکۆکان و بۆکسەکانی کارەبا و تەلەفونیان کرد، بە جۆرێک کە هیچ ژنێک نەتوانێت بچێتە سەر سەکۆکان.

لە سەرەتای دەستپێکردنی بزووتنەوەکەدا بۆ چاوترسێنکردنی ژنان عەباس جەعفەری دەوڵەت ئابادی سەرۆکی داواکاری گشتی تاران رایگەیاند یەکێک لە ژنە دەستگیراوەکان بە تاوانی هاندانی خەڵک بۆ گەندەڵی ئەخلاقی و کاری نا شەرعی و حەرام بە دوو ساڵ زیندان سزادراوە.

لە ساڵی ١٩٧٩وە و بە ماوەیەکی کورت دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی دەسەڵات حیجابی زۆرەملێی بەسەر ژناندا سەپاند، لە دوو ساڵی یەکەمدا کۆمەڵێک خۆپیشاندان و ناڕەزایی بەرامبەر بە بڕیارەکە بەڕێوەچوو، بەڵام هیچ کاریگەریی نەبوو و دەسەڵات توانی بڕیارەکەی بباتەسەر.

لە ساڵانی نەوەدەکان بە دواوە ژنانی ئێران بۆ جوانکاری چەندین جۆر داهێنانی سەرنجڕاکێشیان کرد لە شێوازی باڵاپۆش  و سەرپۆشەکانیاندا، بە جۆرێک کە سەرنجی ژنانی  لە هەندێک لە وڵاتانی ئیسلامی ناوچەکەشدا راکێشا، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا داهێنانەکان لە شێوازی حیجاب و سەرپۆشدا نەوەی نوێ رازی ناکات، هەڵوەشانەوەی حیجابی زۆرەملێ بووەتە یەکێک لە داخوازییە سەرەکییەکانی ژنانی ئێران، هەر لەم ساڵانەی دواییدا چەندین چالاکی و کەمپینی سەرنجڕاکیشیان دژ بە حیجابی زۆرەملێ بەڕێوەبردووە. 

کاردانەوە ناوخۆییەکان 
"کچی شەقامی ئینقلاب کێیە و لە کوێیە؟" پرسیارێکە کە تەنها لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری یەکەمدا، نۆزدە هەزار جار لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باسکراوە. 
ئەم چالاکییە ڕێبەری ئێران، عەلی خامنەییشی هێنایە قسە، لە کۆبوونەوەیەکدا باسی لەوەکرد هەڵەیە ئەو مافە بە ژنان بدرێت کە خۆیان ئازادبن لەوەی حیجاب بکەن یان نەیکەن، خامنەیی لە وتارەکەیدا بزووتنەوەی کچانی شەقامی ئینقلابی بە پیلانی دوژمنانی ئێران و ئیسلام لە قەڵەمدا و وتی: "  دوژمنەکانمان پارەیەکی زۆریان خەرج کردووە، بانگەشەیەکی زۆریان کردووە بۆ بەلاڕێدابردنی ژنانی ئێران، دەرەنجامەکەشی ئەوەبووە چەند کچێکیان فریوداوە لە شوێنە گشتییەکاندا لەچکەکانیان فڕێ بدەن و سەریان ڕووت بکەن، بەڵام کۆماری ئیسلامی ڕێگە بەم جموجوڵانە نادات". 

لە ئێران هەرکاتێک خامنەیی لە دژی کەسێک یان پرسێک قسەی کرد، دوای ئەوە پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان بە توندی رەفتار دەکەن، نەسرین ستودە کە پارێزەری بەشێک لەو کچە دەستگیرکراوەکانی شەقامی ئینقلاب بوو رایگەیاند حکومەت بەرپرسیارە لە پاراستنی گیانی کچانی شەقامی ئینقلابدا. 

غولامحسێن ئێژەیی، وتەبێژی دەزگای دادوەری ئێران کچانی شەقامی ئینقلابی تۆمەتبار کرد بەوەی هەندێکیان بە پیلانی دوژمنان ئەو کارەیان کردووە و هەندێکیشان دوای بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر لەچکەکانیان فڕێداوە، ئەم جۆرە تۆمەتبارکردنانە لە ئێران باوە و خەڵکی ئێران کەمتر باوەڕ بەو جۆرە تۆمەتبارکردنانە دەکەن، بەڵام ئەوەش هەیە هەر تۆمەتبارکردنێک لەلایەن دەسەڵاتی دادوەرییەوە ئاماژەیە بۆ بڕیاری سزادانی قورس بۆ ئەو کەسانەی تۆمەتبار دەکرێن.

حسێن نوری هەمەدانی کە یەکێکە لە مەرجەعەکانی تەقلیدی شیعە، کچانی شەقامی ئینقلابی بە زبڵ و خاشاک ناوبرد، ئەحمەد خاتەمی کە مەلایەکی نزیک لە خامنەییە و وتاربێژی نوێژی جومعەی تارانە، لە وتاری نوێژی جومعەدا باسی لەوەکرد دوو ڕەوت لە کۆمەڵگای ئێراندا سەریانهەڵداوە، رەوتێکیان بانگەشە بۆ بێ ئەخلاقی و بێ حیجابی دەکات و رەوتەکەی دووەمیش ( مەبەست لە رۆشنبیرانە ) هەوڵدەدات ئەم دیاردەیە وەک دیاردەیەکی ئاسایی پێناسە بکات.

لە دوای کاردانەوەکانی خامنەیی و هەندێک لە پیاوانی ئایینی، بەرپرسانی هێزە ئەمنییەکان کەوتنە هەڕەشەکردن لە کچانی شەقامی ئینقلاب و رایانگەیاند تاوانی ئەم کچانە هەر ئەوە نییە کە پابەند نەبوون بە یاسا و رێسا ئایینییەکانەوە، بەڵکو خەڵکیان هانداوە بۆ گەندەڵی ئەخلاقی، هەربۆیە سزای ئەمجۆرە کەسانە ١٠ ساڵ زیندانە.

کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە راگەیەنراوێکدا داوای ئازادکردنی بێ مەرجی کچە دەستگیرکراوەکانی شەقامی ئینقلابی کرد، ٢ی شوباتی ٢٠١٨ وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پشتگیری وڵاتەکەی بۆ کچانی شەقامی ئینقلاب دەربڕی و دەستگیرکردن و سزادانی ئەو کچانەی  ئیدانە کرد، رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ ( هیومەن ڕایتس ۆچ) داوای هەڵوەشانەوەی بڕیاری  سزادانی کچانی شەقامی ئینقلابی کرد.

سەبارەت بە ڕاگەیەندراوەکەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی کە کاتی خۆی باس لەوە دەکرا کە هەڵوێستێکی بەجێ و خێرا بووە لە لایەن ئەو ڕیکخراوەیەوە، ڕەها بەحرەینی، یەک لە توێژەرانی رێکخراوەکە لە لێدوانێکدا بۆ پەیسەرپرێس باسی لەوەکرد بەهۆی ئەوەی لە ڕوانگەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتییەوە یاسای حیجابی زۆرەملێ یاسایەکی ستەمکارانەیە و سەرچاوەی سووکایەتیکردن و هەڵاواردنی ڕەگەزییە، هەربۆیە گرنگیی دەرکردنی ئەم ڕاگەیەندراوە بەپەلەیە دەردەکەوێت.

رەها بەحرەینی دەڵێت دوو داوامان لە بەرپرسانی ئێران کرد، یەکەم داوامان لێکردن دەستبەجێ یاسای حیجابی زۆرەملێ هەڵبوەشێننەوە و  دووهەم ئەو ژنانەی بە شێوەی ئاشتیخوازانە ناڕەزایی خۆیان لە یاساکە دەردەبڕن، نابی لە لایەن دادگا و دەسەڵاتەوە لێپێچینەوەیان لەگەڵ بکرێت و ئازار بدرێن، دەبێت دەستبەجێ دەستگیرکراوەکان ئازاد بکرێن.

نازیلا گوڵستان چالاکێکی بوار مافەکانی ژنانە لە ئێراندا و ساڵانێک لەسەر دۆسیەی حیجابی زۆرملێ توێژینەوەی کردووە، سەبارەت بەو بۆچوونەی کە ژنانی ئێران کێشەی زۆر گەورەتریان لە حیجابی زۆرەملێ هەیە و پرسی حیجاب کێشەیەکی ئەوەندە گەورە نییە، بە پەیسەرپرێسی وت: " راستە پێشتر ئەو بۆچوونە باو بوو کە دەبێت ژنان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان، لەناو داوکارییە جۆراوجۆرەکانیاندا، ئەولەوییەت بدەن بەو داواکارییانەی کە گرنگترن، بەڵام ئێستا بەپێی ئەزمونی خەباتی ژنان لە ئێران و وڵاتانی دیکەش ئەم بۆچوونە وەلانراوە، ژنان دەبێت لەسەر ئاستی جیاجیادا و بەپێی قۆناغ هەموو داواکارییەکانیان بێننەبەر باس، ژنان نابێت چاوەڕێ بکەن تا داوکارییەکیان جێبەجێ نەکرێت، داوکارییەکانی دیکەیان باس نەکەن".


سەبارەت بە بزووتنەوەی ژنانی ئێرانیش، نازیلا گوڵستان دەڵێت، لە ئێران شۆڕشێکی فیکری گەورە لە گوتار و کرداردا ڕوویداوە، ژنانی ئێرانی لە سەرچاوەی کێشە و ئازارەکانیان تێگەیشتوون و داوای گۆڕانکاری بنەڕەتی دەکەن، هەر ئەوەی کچێکی گەنج بە شێوەی سیمبۆلیک لەچکەکەی بە لقێکەوە دەکات و بێ‌دەنگ دەوەستێ و سەرنجەکان بەرەو لای خۆی ڕادەکێشێت، ئاماژەیەکی گەورەیە بۆ ئەو گۆڕانکارییە گەورەیەی کە بەڕێوەیە.

 بزووتنەوەی ژنانی ئێرانی لەم چەند ساڵەی دوایدا بە جۆرێک فرەچەشن بووە تەنانەت شڕۆڤەکار و بیرمەندانی کۆمەڵناسیش سەریان لێی سووڕماوە و لە زۆر ڕووەوە لێکیان داوەتەوە و تاوتوێیان کردووە، لە ئێران نەوەیەکی نوێ بەڕێوەیە کە ئەکت و چالاکییەکانیان خەریکە سەرنجی جیهان بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت.