ڕاپۆرتی کوردستانی

05:58 - 12/05/2020

جەنگی پەرستاران لە سەردەمی کۆرۆنادا‌

رۆژی لەدایکبوونی دامەزرێنەری پەرستاریی نوێ (Florence Nightingale)، کراوە بە رۆژی جیهانیی پەرستاران، لە هەندێک وڵاتانی جیهاندا لە  رۆژانی 6 تا 12ی مانگی ئایاری هەموو ساڵێک و بۆ ماوەی هەفتەیەک، چالاکیی ئەنجامدەدرێت.

رۆژی جیهانیی پەرستاریی

Florence Nightingaleی بە رەگەز بەریتانی لە 12ی ئایاری 1820 لەشاری فلۆرەنسا لەدایکبووە و لە 13ی ئابی 1910 کۆچی دوایی کردووە.

(Florence Nightingale) کە چاکسازێکی کۆمەڵایەتیی، ژمێریار و پەرستار بووە، رۆژی لەدایکبوونەکەی کراوە بە رۆژی پەرستاریی لە جیهاندا.

ئەم پەرستارە بەناوبانگە لە شەڕی (قرم)دا(1853-1856)چارەسەری سەربازە بریندارەکانی دەکرد. لەبەرئەوەی شەو و رۆژ و بەبێ وەستان چارەسەری سەربازە بریندارەکانی دەکرد، ناویان لێنابوو (ژنی گڵۆپی).

(Nightingale) لە ساڵی 1860 لە نەخۆشخانەی (St Thomas)ی شاری لەندەن قوتابخانەیەکی تایبەت بە پەرستاریی کردەوە، بەمەش پەرستاریی بردە قۆناغێکی نوێوە و بوو بە یەکەم قوتابخانەی پەرستاریی مەدەنیی.


پەرستاریی لە سەردەمی کۆرۆنادا
پەرستاریی یەکێکە لە ئەرکە قورسەکان، ئەوانەی پەرستارن بەردەوام لە ڕیزی پێشەوەی ئەو مەرگ و کارەساتانەدان، رووبەڕووی مرۆڤایەتیی دەبنەوە.

لەگەڵ سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، قورسیی و مەترسیداریی ئەرکی پەرستاران پیشانی هەمووان درایەوە.

رووبەڕوو لەگەڵ مەرگ
ڤایرۆسی کۆرۆنا هەڕەشەی لە هەموو دانیشتووانی جیهان کرد و هەمووانی ناچارکرد لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە، بەڵام پەرستاران زیاتر لە جاران روویان لە نەخۆشخانەکان کرد و لەبەردەم ئەم ڤایرۆسە کوشندەیەدا وەستان.
لە کاتێکدا هەموان لەم ڤایرۆسە هەڵدەهاتن و خۆیان دەپاراست، پزیشک و پەرستاران بە دوای ڤایرۆسەکەدا دەڕۆشتن، دەیاندۆزییەوە و رووبەڕووی دەبوونەوە.

 لەو وڵاتانەی ڤایرۆسی کۆرۆنا زیاتر بڵاوبوونەوە، دۆخی پەرستاران قورستر و گرانتر بوو.

مردن و جەنگ لەبری هەمووان
پەرستار و پزیشکەکان، دوور لە خێزان و خۆشەویستەکانیان، ماڵەکانیان بەجێهێشت و لە نەخۆشخانەکاندا و لەبەردەم کۆرۆنادا وەستان و شەڕی مانەوەیان بۆ هەموان کرد.

لەو وڵاتانەی ڤایرۆسەکەی تێدا بڵاوبووەوە، ژمارەیەک پزیشک و پەرستار گیانیان لەدەستدا.
ژمارەی ئەو پەرستارانەی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە، بەردەوام روو لە زیادبوونە و ژمارەکانیش لە گۆڕاندان.

لە هەرێمی کوردستان چەند پزیشک و پەرستارێک تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و دوای چەند رۆژێک چاکبوونەوە.

لە رۆژهەڵاتی کوردستان نزیکەی 140 پزیشک،،پەرستارو کارمەندی نەخۆشخانە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، کە زۆربەیان لە پارێزگای کرماشانن.

بە پێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران تاکو کۆتایی مانگی رابردوو لە کرماشان، لە کۆی 109 پزیشک، پەرستار و کارمەندی تەندروستی تووشبوو بە کۆرۆنا، پزیشکێک گیانی لەدەستداوە.

هەر بەپێی ئامارەکە لە بۆکان کارمەندێکی تەندروستی و لە نەخۆشخانەی سەقزیش پەرستارێک بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە.

لە بەریتانیا تاکو ئێستا زیاتر لە 50 پەرستار بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە.

تاکو 3ی ئایاری ئەمساڵ تەنها لە ئەمریکا، 27 دکتۆر و پەرستار بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە.

ژیان و مردن پێکەوە
لە کۆتایی مانگی رابردوو، رووداوێک خەڵکی بەریتانیا و جیهانی تووشی خەمباریی کرد، ئەویش گیانلەدەستدانی  دوو پەرستاربوو بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە.

 دوو خوشکی دووانە کە بەپێی قسەی خوشکێکی دیکەیان لە ژیاندا زۆربەی تایبەمەندی و ئارەزووەکانیان وەک یەک بووە، لە یەک هەفتەدا و لە نەخۆشخانەی ساوسمبستۆنی بەریتانیا بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە گیانیان لەدەستدا.

كایتی دایڤس و ئیما دایڤس دوو خوشکی دوانە بوون. هەردووکیان پەرستار بوون و کەسێتیی و تەنانەت خولیاکانیشیان لەیەکەوە نزیک بوو.

سەرەتا کایتی دایڤسی تەمەن 37 ساڵ کە پەرستاری تایبەت بە منداڵان بوو، لە نەخۆشخانە کۆچی دوایی کرد، سێ رۆژ دواتریش ئیمای خوشکی کە پەرستار بووە لە بەشی نەسشتەرگەری ریخۆڵە و نۆ ساڵ خزمەتی دەکرد، بە کۆرۆنا گیانی لەدەستدا.

ئەرکێکی نوێی پەرستاریی

لە ساڵانی پێشوودا پەرستاران ئەرکەکەیان دیاریکراو بووە، بەڵام لە سەردەمی نوێدا ئەرکێکی دیکەیان گرتووەتە ئەستۆ کە پێدانی هۆشیارییە بە هاوڵاتیان.
لە سەردەمی سەرهەڵدانی کۆرۆنادا، بەهۆی پێشکەوتنی هۆیەکانی راگەیاندن، پەرستاران جگە لە ئەرکە قورسەکەی خۆیان، بەردەوام لە رێگەی راگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە لەبارەی مەترسییەکانی کۆرۆنا و چۆنییەتی خۆپاراستنیان، هۆشیارییان بە خەڵک دەدا.

کاتێک پەرستارێکی ئیتاڵی لە 20ی ئازاری ئەمساڵ باسی لە دۆخی کارەسەتباری وڵاتەکەی کرد، هەموو خوێنەرانی تووشی نیگەرانیی و خەمێکی قوڵ کرد. لێرەوە پەرستاران جگە لە ئەرکی خۆیان، بوون بە کەسانێک کە هەموانیان لە کوشندەیی ڤایرۆسەکە ئاگادار دەکردەوە،تاکو جیهان خێراتر لە جاران بەرەو رووی ئەم ڤایرۆسە ببنەوە.

پەرستارە ئیتاڵییەکە (Daniela Confalonieri) لە (Bergamo)ی هەرێمی (Lombardia)وە کوشندەیی ڤایرۆسەکەی ئاشکراکرد و وتی "ئیتر توانای ژماردنی مردووەکانمان نەماوە"
لەگەڵ ئەوەشدا پەرستارەکە هیوای بە خەڵک دایەوە و ورەی هەموانی بەرزکردەوە و داوای لە خەڵکی جیهان کرد " دەست لە خەندەکانتان هەڵمەگرن و بە بەهێزی بمێننەوە"

ئەمساڵ رۆژی جیهانیی پەرستاران لە قورسترین ماوەی میژووی مرۆڤایەتییدا دەکرێتەوە، کە مرۆڤایەتیی لەبەردەم یەکێک لە مەترسیدارترین ڤایرۆسەکانی میژوودایە کە تاکو ئێستا 288,973 کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە چوار ملیۆن و 290 هەزار کەسیش تووشی ڤایرۆسەکە بوون.