ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

12:28 - 13/05/2020

بەرەبەیانێكی نوێ لەعێراق، حكومەتێكی نوێ و دۆخێكی نوێی سیاسی‌

لەكۆتاییدا مستەفا كازمی توانی بگاتە پلەی كۆتایی لە كێبركێی وەرگرتنی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، و كابینەی حەوتەمی حكومەتی عێراقی دروستكرد لەدوای گۆڕینی رژێمی عێراق لەساڵی 2003 وە، لە كاتژمێرەكانی سەرلەبەیانی رۆژی 7ی ئایار كابینەی نوێی حكومەتی عێراق سوێندی دەستوری خوارد، بەڵام لەكۆی 22 وەزیری كابینەكەی 15 وەزیریان متمانەی پەرلەمانیان پێدرا، پێنج وەزیر متمانەی پەرلەمانیان وەرنەگرت و دوو وەزارەتیش كاندیدیان بۆ پێشكەش نەكرا، بەڵام دەبێت ئاماژە بەوەبكرێت كە پرۆسەی گواستنەوەی دەسەڵات بەشێوەی دۆستانەلە نێوان عادل عەبدولمەهدی و مستەفا كازمی ئاماژەیە لەسەر دروستی پرۆسەی دیموكراتی لەعێراق، سەرباری ئەو ئاڵنگاریانەی ڕووبەڕووی دەبێتەوە.

كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەناویشیاندا ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا و ئێران نامەی پیرۆزباییان بۆ سەركردە عێراقیەكان نارد، لەگەڵ هیوای دۆخێكی باشتر بۆ عێراق، وڵاتانی جیهان چاوەڕوانن لەگەڵ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق ، گۆڕانكاری بكرێت لەسیاسەتی نوێی بەغداد، كازمی یەكەم سەرۆك وەزیرانە سەر بە نەوەی كۆنی سیاسیەكان نیە و سەر بەهیچ حزبێكی سیاسی گەورەش نیە، بەڵام لەلایەن حزبە گەورەكانی عێراقەوە پشتیوانی كرا بۆ ئەوەی لەسەر كورسی سەرۆك وەزیران خۆی ببینێتەوە.

زۆرینەی وەزیرەكانی كابینەكەی كازمی لەلایەن سەرۆك وەزیرانەوە دیاریكراون، و لەو سیاسەتمەدارانە نین كە پێشتر رۆڵی سەرەكیان لەپرۆسەی سیاسی هەبووە، ئەوەش یەكێكی ترە لەجیاوازیەكانی كابینەكەی كازمی بەراورد بەكابینەكانی پێش خۆی، بەهۆی ئەوەی عێراق وەك گۆڕەپانی ململانێی ئێران و ئەمریكا لێی دەڕواندرێت، هەردوو وڵات بەچڕی چاودێری گفتوگۆكانی پێكهێنانی كابینەی نوێیان كرد، بەڵام هێشتا دیارنیە كامیان گرەوەكەی بردۆتەوە.

چۆن كازمی بوو بەسەرۆك وەزیران
سەرەتای كاندیدكردنی كازمی بەدەستپێشخەری عەمار حەكیم سەرۆكی رەوتی نیشتمانی و بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق بووە، دواتر پاڵپشتیەكانی كازمی لەناو ماڵی شیعە  و دواتریش سوننە و كوردیش زیادی كرد، بەڵام كازمی نەیتوانی پاڵپشتی هەموو لایەنە شیعیەكان بەدەست بهێنێت تەنانەت بەشێك لەوانەی لەسەرەتای كاندیدبوونیدا خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی دواتر لە پشتیوانی كردنی پاشگەزبوونەوە و كەوتنە دژایەتی كردنی سەرئەنجام هەڵوێستی لایەنە شیعیەكانی بەم جۆرە بوو:

هەڵویًستی لایەنە شیعیەكان بەرامبەر كابینەكەی كازمی:
 رەوتی سەدر كە گەورەترین كوتلەی ناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە، لەسەرەتادا هەڵوێستیان روون نەبوو بەڵام لەپێنج رۆژی كۆتایی ماوەی دەستوری پێكهێنانی كابینەی حكومەتدا بەئاشكرا پشتیوانیان كرد و كەوتنە گفتوگۆكردن لەگەڵ هاوپەیمانی فەتح بۆ ئەوەی پاڵپشتی ئەوانیشی بۆ مسۆگەر بكەن، هەرچی هاوپەیمانی فەتح بوو لەقۆناغی یەكەمدا كاندیدبوونی كازمیان رەتیكردەوە بەڵام دواتر وەك جێگرەوەی عەدنان زورفی قبوڵیان كرد، كاتێكیش لە 22ی نیسان كازمی ناوی كاندیدانی كابینەكەی پێشكەشی لایەنە سیاسیەكان كرد، هاوپەیمانی فەتح تەواوی وەزیرەكانی رەتكردەوە، لەدوای گۆڕینی ناوی بەشێك لەكابینەكەی و خستنە بەردەم لایەنەكان جارێكی تر لە 26 نیسان هاوپەیمانی فەتح سەرلەنوێ ئەوانیشی رەتكردەوە، دواتر لەبەرامبەر پێدانی پۆستی وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتی دەنگیان بەكابینەكەی كازمیدا، هەروەها هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بەسەرۆكایەتی نوری مالكی گفتوگۆی قورسیان لەگەڵ كازمی كرد، ئەگەرچی رەتكردنەوەی كاندیدانی پێش كازمی لەلایەن نوری مالكیەوە لەبەرژەوەندی كاندیدی نوێی سەرۆك وەزیران بوو بەڵام مالكی پشتیوانی ئەمیشیانی نەكرد، دواجار بەهۆی ئەوەی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا داوای وەزارەتەكانی پەروەردە و كاروباری كۆمەڵایەتی و جێگری سەرۆك وەزیرانی كرد، لەگەڵ كازمی نەگەیشتنە رێككەوتن و بەشداریی كابینەی نوێی حكومەتیان نەكرد، هەرچی رەوتی حكمە و هاوپەیمانی نەسر بوون پشتیوانی سەرەكی كازمی بوون و هەموو هەوڵێكیان بۆ ئەوە بوو كە كابینەكەی سەركەوتن بەدەست بهێنێت.

هەڵوێستی لایەنە سوننیەكان
هاوپەیمانی هێزە عێراقیەكان و كازمی چەند جارێك دانوستانیان كرد، لەقۆناغی یەكەم و كاتێك كازمی ناوی وەزیرەكانی كابینەكەی پێشكەش كرد، بەشێك لەلایەنەكانی ناو هاوپەیمانی هێزە عێراقیەكان بەتەواوەتی دژایەتی خۆیان بۆ دەربڕی بەڵام بەهۆی گفتوگۆكان و گەیشتنە رێككەوتن لەسەر ناوی كاندیدەكان هەڵوێستی هاوپەیمانی هێزە عێراقیەكان گۆڕدرا و پاڵپشتی كابینەی نوێیان كرد، ئەوەش كاریگەریی گەورەی لەسەر تێپەڕبوونی كابینەكەی كازمی هەبوو، هەروەها هاوپەیمانی شارە ئازادكراوەكان بەسەرۆكایەتی خەمیس خەنجەر پشتیوانی كابینەی كازمی كرد.

هەڵوێستی كورد
بەشێك لەحزبە كوردیەكان هەر لەسەرەتاوە پشتیوانی خۆیان بۆ كابینەكەی كازمی دەربڕی و رۆڵێكی سەرەكیان بینی لە تێپەرنەبوونی كابینەكەی عەدنان زورفی و زیادكردنی چانسی كازمی، بەڵام كورد لەقۆناغی یەكەمی كابینەكەی كازمی تەنها یەك وەزیری وەرگرت.

پێشبینیە سیاسیەكان
زۆر لەچاودێران باسی ئەگەرەكانی سەركەوتن یان سەرنەكەوتنی كابینەكەی كازمی دەكەن، بەڵام ئەوەی لەعێراق ڕوو دەدات وایكردووە قورس بێت پێشبینی ئەوە بكرێت كە ڕوو دەدات، ئەگەر هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەران بكرێت ئەوە پێدەچێت حزبە شیعیەكان یەكەم لایەن بن بۆ هەڵبژاردن هێرش بكەنە سەر حكومەت چونكە كارتی ئۆپۆزسیۆن كاریگەری باشتر لەسەر دەنگدەران دروست دەكات، ئەوەش وا دەكات مانگی هەنگوینی كابینەی نوێ زۆر نەخایەنێت.

ئەوە جگە لەئۆپۆزسیۆنی سیاسی ئاسایی كە وادەكات حكومەت ناچار بێت لەم چەند مانگە كەمەی ماوە چەند بڕیارێك بدات، بەڵام رەنگە ئەوە بەدڵی دەنگدەران نەبێت بۆیە پێدەچێت ئەوە چەند لایەنێكی تر بخاتە بەرەی ئۆپۆزسیۆنەوە بۆ دروستكردنی فشار و بانگهێشتكردنی چەند وەزیرێك بۆ پەرلەمان و وەرگرتنەوەی متمانە لێیان.

ئەوەی ڕوونە ئەوەیە كە كابینەی نوێی حكومەت چەند ئەركێكی قورسی لەسەرشانە، لەوانەش ئیدارەدانی دۆسیەی كۆرۆنا و ڕووبەڕووبونەوەی قەیرانی دارایی و هەوڵدان بۆ چارەسەری كێشەكانی هەولێر و بەغداد، سەرباری ترسی گەشەی دووبارەی رێكخراوی تیرۆرستی داعش، هەروەها ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە و راگرتنی هاوسەنگی لەنێوان تاران و واشنتۆندا، بەڵام ئایە كازمی لەو ئەركە قورسانەدا سەركەوتوو دەبێت؟ لەچەند مانگی داهاتوودا وەڵامی ئەو پرسیارە دەردەكەوێت.