ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

11:04 - 14/05/2020

توركیا منداڵانی سوریا رەوانەی لیبیا دەكات بۆ شەڕكردن لەریزی میلیشا چەكدارەكان‌


توركیا بە سەرپێچییەكی دیكەی بەندەكانی جاڕنامەی مافەكانی مرۆڤ و یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەكان تۆمەتبار دەكرێت، ئەویش بەكارهێنانی منداڵان و مێردمنداڵانی سوریایە لە ریزی میلیشیا چەكدارەكانی سەر بە ئەنكەرە لە لیبیا.

رامی عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ نهێنییەكی نوێی لەبارەی پێشێلكارییەكانی توركیا لە سوریا ئاشكراكرد و رایگەیاند كە منداڵان و مێردمنداڵانی سوریا بەزۆر دەخزێندرێنە ریزی میلیشیا و گروپە چەكدارەكانی سەر بە ئەردۆغان و لە لیبیا بەكوشت دەدرێن بەبێ‌ ئەوەی تەنانەت تەرمەكانیشیان رادەستی كەسوكاریان بكرێتەوە.

نهێنی كارەكە چۆنە؟
بەپێی بەدواداچوونەكان، هێزەكانی توركیا منداڵان و مێردمنداڵان لە تەمەنی 12 ساڵ تا 18 ساڵ لە ئیدلب و ریفی حەلەبەوە بەناوی كاركردن دەگوازنەوە بۆ عەفرین دوای چەند رۆژێك ئەو مێردمنداڵانە پەیوەندییان بە كەسوكاریانەوە دەبچڕێت و بێسەروشوێن دەبن، سەرەتا بە كەسوكاریان دەوترێت كە لە كێڵگەكانی زەیتون، یان لە كێڵگە  كشتوكاڵیەكاندا لە عەفرین كاردەكەن، بەڵام لەگەڵ بچڕانی پەیوەندییاندا واتا بە نهێنی گوازراونەتەوە بۆ لیبیا و لە ریزی كەتیبە و گروپە میلیشیاكانی توركیادا دژی سوپای نیشتمانی لیبیا چەكداركراون و دەبرێنە بەرەكانی جەنگ.

هەر بەپێی بەدواداچوونەكانی روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ، تیمی تایبەتی سەر بە میلیشیاكانی توركیا لە عەفرین سەرقاڵی تەجنیدكردن و راهێنان و گواستنەوەی منداڵانی سورییە بۆ لیبیا و تەنانەت بەشی زۆر ئەو منداڵانەش نازانن كە بەمەبەستی شەڕ رەوانەی لیبیا دەكرێن، بەڵكو هەر پێیان دەوترێت بە مەبەستی كاركردن لە كێڵگە كشتوكاڵییەكان دەگوازرێنەوە، لەكاتێكدا بەپێی جاڕنامەی گەردونی مافەكانی مرۆڤ و مافەكانی منداڵ، بەكارهێنانی منداڵان لە جەنگدا بە تاوان و سەرپێچی مافەكانی منداڵان و مرۆڤ دەستنیشان كراوە و ئەنجامدەرانی وەك سەرپێچیكاری یاسا نێودەوڵەتییەكان ناسێندراون.

رێگای مەرگ لەناو ئاگردا چۆن ئاشكرابوو؟
روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ كە توێژینەوەكەی بە ناونیشانی "گەشتی مەرگ . . . توركیا منداڵان فڕێدەداتە ناو ئاگری لیبیا" ئەنجامداوە، باس لەوە دەكات كە بێسەروشوێن بوونی منداڵانی سوریا و ئەو ئاوارانەی لە ناوچەكانی خۆیان هەڵكەنراون و لە ناوچەكانی ئیدلب و ریفی حەلەب گیرساونەتەوە جێگەی گومان بوو، بەتایبەت كە سەرجەم خانەوادەی منداڵە بێسەروشوێنەكان هەمان چیرۆكیان هەبوو، ئەویش ئەوەبوو كوڕەكانیان چوون بۆ كاركردن لە كێڵگە كشتوكاڵییەكانی عەفرین و ئێستا بێسەروشوێنن، تا رۆژێك خانەوادەی یەكێك لەو مێردمنداڵە بێسەروشوێنانە كوڕەكەی خۆیان لە گرتەیەكی ڤیدیۆیدا بینی كە لە شەڕی لیبیا تۆماركرابوو، خانەوادەكە كەوتنە بەدواداچوونی چارەنووسی منداڵەكەیان و چوونە عەفرین، لەوێ‌ هیچ زانیارییەكی ئەوتۆیان دەستنەكەوت رێكخراوەكان و روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤیان تێگەیاند، سەرەنجام دەركەوت كە ئەو گرتە ڤیدیۆییەی خێزانی منداڵە بێسەروشوێنەكە بینیبویان جەنگی لیبیا بووە و منداڵەكەشیان كوژراوە و ڤیدیۆكە هی چەند رۆژێك پێش كوژرانی بووە، تەنانەت تەرمەكانیشیان ناگەڕێنەوە.

لەلایەكی دیكەوە دواین ئامارەكان لەبارەی بەشداری میلیشیاكانی سەر بە توركیا لە شەڕی ناوخۆیی لیبیادا باس لەوە دەكەن كە ئەنكەرە زیاتر لە 12 هەزار چەكداری رەوانەی لیبیا كردووە و لەو ژمارەیەش نزیكەی 3 هەزاریان تا ئێستا كوژراون كە روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ گومانی خۆی نیشانداوە چ لەناو چەكدارە رەوانەكراوەكان و چ لەناو كوژراوەكانیشدا رێژەیەكی زۆر لە منداڵان و مێردمنداڵان بوونیان هەبێت.

تاوانی جەنگ
بەپێی جاڕنامەی گەردونی مافەكانی مرۆڤ و مافەكانی منداڵان كە نەتەوەیەكگرتووەكان پەسەندی كردووە، بەكارهێنانی منداڵان و مێردمنداڵان لەخوار تەمەنی یاساییەوە لە ململانێ‌ چەكدارییەكان و جەنگدا، بە تاوانی جەنگ ئەژمار دەكرێت، بەوپێیەش توركیا بە رەوانەكردنی منداڵان بۆ جەنگ لە لیبیا تاوانی جەنگی ئەنجامداوە و بەپێی رێكارەكانی ئەنجامدانی تاوانی جەنگیش پێویستە لە دادگای نێودەوڵەتی لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵدا ئەنجام بدرێت.