ڕاپۆرتی کوردستانی

09:55 - 15/05/2020

بەرەی هاوبه‌ش، ئیسلامییه‌كان لە دەستی دەسەڵات رزگار دەكات؟‌‌

پەیسەر

زۆرجار گوێ بیستی ئەوە بووین ئەگەر ئیسلام و موسڵمانێتی یەك سەرچاوەیان هەیەو هەمووشیان بۆ یەك ئامانج و یەك مەبەست كار دەكەن، بەڵام لەڕوانگەی هەڵوێستی سیاسی و پرۆژەكانیانەوە زۆر لەیەك دوورن، هەندێكجار هەڵوێستێك دێتە پێشەوە كە دەكرێت بگوترێت هەندێكیان لە حیزبەكانی دیكەوە نزیكتر بوون تا ئیسلامیەكان، هەرچەندە چەندجارێكیش هەوڵیان داوە بەرەیەك دروست بكەن بەڵام نەیانتوانیوە، ئاخۆ بۆچوونی خۆیان چییە؟

حزبە ئیسلامیەكانی كوردستان لەدوای ساڵی 2003 و دروست بوونی قۆناغێكی نوێی خەبات هەوڵیاندا وەك جێگرەوەی دەسەڵات خۆیان نمایش بكەن، بۆ ئەمەش باجی گەورەیان دا، هەر لەسەرەتای دەركەوتنی ئەو هەوڵانەدا رۆژی 10ی تەموزی 2003 عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی لەلایەن هێزەكانی ئەمریكا وە دەستگیركرا، رۆژی 6/12/2005 بارەگاكانی یەكگرتووی ئیسلامی لەبادینان سوتێندران دوای ئەوەی یەكگرتووی ئیسلامی بڕیاریدا بەلیستی سەربەخۆ بەشداری لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بكات.

لەدوای هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی ساڵی 2009 و دروست بوونی بزوتنەوەی گۆڕان وەك هێزێكی نوێی ئۆپۆزسیۆن دەرفەرتی كاركردن بۆ هێزەئیسلامیەكان زیاتر بوو یەكگرتوو و كۆمەڵ  وەك دوو هێزی ئۆپۆزسیۆنی كاریگەر شان بەشانی بزوتنەوەی گۆڕان دەستیان دایە خەباتی مەدەنی و ئۆپۆزسیۆنی لەپێناوی راستكردنەوەی هەڵەكانی دەسەڵات، لەزۆرقۆناغدا فشاریان لەسەر حكومەت و حزبە دەسەڵاتەدارەكانی هەرێم دروست كردووە، لەئێستادا پێگەی ئۆپۆزسیۆن و حزبە ئیسلامیەكان گۆڕانی بەسەردا هاتووە، لێرەو لەوێ باس لەوە دەكرێت كە ئیسلامیەكان دەیانەوێت بەرەیەكی كاری هاوبەش لەنێوان خۆیاندا دروست بكەن بەڵام ئایا بەرەی ئیسلامی دەتوانێت لەدەستی یەكێتی و پارتی رزگاریان بكات؟

كۆمەڵ: ئامادەیی كاری پێكەوەین
رێبوارحەمەد وتەبێژی كۆمەڵی ئیسلامی بەپەیسەرپرێسی راگەیاند وەك كۆمەڵی ئیسلامی ستراتیژی كاری هاوبەشی لایەنە ئیسلامیەكانیان بە كارێكی پێویست زانیوە و هەموو كاتێكیش ئامادەییان هەبووە، بەڵام لەئێستادا هیچ دەست پێشخەریەكی نوێ نە لەلایەن كۆمەڵ و نە لەلایەن یەكگرتووەوە بۆ ئەو بەرەیە نەخراوەتە ڕوو، بەڵام ئێمە هەمیشە گوتومانە لەگەڵ لایەنە ئیسلامیەكان بەدیاری كراوی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان خاڵی هاوبەشمان زۆرە، و لەرابردوودا كاری پێكەوەیمان كردووە و وەك ستراتیژ باوەرمان بەكاری هاوبەش و پێكەوەی هەیە لەگەڵ لایەنە  ئیسلامیەكان و تەنانەت گوتومانە لەگەڵَ لایەنەكانی تریش لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و بەرژەوەندی گشتی و مافی هاولاتی  لەگەڵ لایەنەكانی تریش لەرابردوودا كاری پێكەوەیمان كردووە، بۆ داهاتووش ئەم ستراتیژە دەمێنێتەوە.

وتەبێژی كۆمەڵی ئیسلامی دەڵێت دۆخی هەرێمی كوردستان بەجۆرێكە ئەو ستەم و گەندەڵ و قۆرغاكاریەی كە هەیە، هەروەها گرفتی موچە و نەبوونی خزمەتگوزاریی و دۆخی خراپی بژێوی ژیانی هاوڵاتیان، خاڵی هاوبەشی هەموو لایەنەكانە ئێمە پێمان وایە لەسەر ئەو بنەمایانە هەرچەند لایەنەكان هاوهەڵوێست بن، دەتوانن زۆرتر رۆڵیان هەبێت بۆ باشكردنی دۆخەكە.

رێبوار حەمەد دەڵێت كۆمەڵی ئیسلامی لاواز نەبووە و لەسەر هەمان شێوازی كاری خۆی بەردەوامە، و بەبەردەوامی لەژێر فشاردایە و باجی هەڵوێستەكانی دەدات، بۆیە پێمان وایە كۆمەڵ لەجاران بەهێزتر و بەهەڵوێست ترە، ئێمە لەخولی پێشوو شەش كورسیمان هەبووە ئەمجارە حەوت كورسیمان هەیە.

یەكگرتوو: ئیسلامیەكان بەرنامەیان یەكە و ئاگامان لەیەكە
لای خۆیەوە شێركۆ جەودەت سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لەپەرلەمانی كوردستان بەپەیسەرپرێسی راگەیاند ئیسلامیەكان پرۆژەیان یەكە، بەرنامەیان یەكە و ئاگایان لەیەكە و بەیەكەوە كار دەكەن وە هەمەهەنگی باش لەنێوانیاندا هەیە، وە تەبایەكی باش لەنێوانیاندا هەیە، بەڵام ئەوەی هەیە لەهەرێم شڵەژانی سیستمی حوكمرانیە دامەزراوەكانی حوكمرانی لەژێر پرسیاردان، دەستوەردانی حزبی لەدەرەوەی پەرلەمان و حكومەت كاری پەرلەمان و حكومەتی شڵەژاندووە، بەهۆی ئەو شڵەژاویەوە هاوڵاتیان زەرەرمەندی یەكەم دەبن، دەبێت ئەوە راست بكرێتەوە.

بەرەی ئیسلامی بێ مەترسیش نیە
رەنگە دروستكردنی بەرەیەكی ئیسلامی هاوبەش كارێكی ئاسان نەبێت و حزبە دەسەڵاتدارەكان بەهەموو توانایانەوە دژی بوەستنەوە، سەرباری ئەوەی كە یاسای ڕووبەڕووبونەوەی تیرۆر زۆرتر وەك چەقۆی سەر ملی حزبە ئیسلامیەكان بەكارهێندراوە، بۆیە پێدەچێت لەكاتی دروست بوونی وەها بەرەیەكدا ڕووبەڕووی فشاری دەرەكی و ناوخۆی ببنەوە.

ئیسلامییەكان لە پەرمان
كۆمەڵی ئیسلامی لەپەرلەمانی كوردستان خاوەنی 7 كورسی پەرلەمانە و یەكگرتووی ئیسلامیش خاوەنی پێنج كورسیە و بزوتنەوەی ئیسلامی لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامی بەیەك لیست بەشداری هەڵبژاردنی كرد بەڵام خاوەنی هیچ كورسیەكی پەرلەمانی نیە، لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش كۆمەڵ دوو كورسی و یەكگرتووش دوو كورسی پەرلەمانی هەیە و بزوتنەوەی ئیسلامی هیچ كورسیەكی نیە، ئیسلامیەكان كوردستان نە لەحكومەتی هەرێم بەشدارن و نە لەحكومەتی عێراقیش، بەشێوەیەكی گشتی هەم لەهەرێم و هەمیش لەبەغداد ئۆپۆزسیۆنن.

گەرچی گفتوگۆكانی لەیەك گەیشتن لەنێوان ئیسلامیەكانی كوردستان چەندینجار قسەوباسی لێوەركراوەو چەندین دانیشتن ئەنجام دراوە، بەڵام دواجار لەئەنجامدانی هەڵوێستێك یان نوسین و بابەتی لایەنێك بووەتە هۆی شێواندنی دۆخەكەو هێندەی تر لەیەك دوور كەوتوونەتەوە، گەرچی هەمووان باس لەو دەكەن كە موسڵمانێتی چەتری یەكگرتنەوەی لایەنی دینی هەمووانە لەڕوانگەی تیۆرییەوە، بەڵام لە پراكتیزەو جێبەجێكردنەوە وا دەرنەچووەو نەك هەموویان لە پشتەوە چاڵ بۆ یەكتری هەڵدەكەنن، بەڵكو خەنجەریشیان لە پشتی یەكتریی داوە.