ڕاپۆرتی کوردستانی

03:42 - 15/05/2020

ئایا ڕاستە ئەلفابێی لاتینی پڕۆژەیەکی ئەتاتورکە و بۆ تواندنەوەی زمانی کوردیە؟‌

پەیسەر پرێس

کوردانی باکووری کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان لە ئێستادا پیتی لاتینی، کوردانی باشووری و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەلفابێی عەرەبی و کوردسانی سۆڤیەتی کۆنیش پیتی کریلی بەکاردەهێنن.

لەسەر ئاستی چوار پارچەی کوردستان و کوردانی سۆڤیەتی کۆن چەندین جار هەوڵی ئەوەدراوە کە بە ئامانجی یەکخستنی زمانی نووسین و خوێندنەوەی کوردی (ئەلفابێ) یەکی گشتگیر هەڵبژێردرێت و هەموو کورد بەو ئەلفابێیە بنووسن و بخوێننەوە. ئەوش وەک هەنگاوێک بۆ یەکێتی نەتەوەیی گەلی کورد.

بەڵام تا ئیستا زمانزان و نووسەرانی کورد نەگەیشتوونەتە هیچ ئەنجامێک و ناکۆکی لەسەر ئەوە هەیە کە ئایا پیتی لاتینی یان پیتی عەرەبی بەکاربهێنرێت.

 

زمانزان و نووسەرانی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان پێیان وایە کە ئەلفابێی لاتینی بۆ دەربڕینی وشەی کوردی باشترینە و وشەی بیانی قبوڵ ناکات. بەڵام زمانزان و نووسەرانی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستانیش پێیان وایە کە ئەلفابێی لاتینی کەموکورتی تێدایە و بۆ دەربڕینی هەندێک وشە ناتەواوە.

بەو شێوەیە وا دەردەکەوێت کە ئەلفابێی لاتینی بۆ زاراوەی کورمانجی تەواو بێت و بەهۆی ئەوەی لەگەڵ زاراوەکەدا دەگونجێت لە لایەن زمانزان و نووسەرانی کورمانجەوە قبوڵ کراوە و کێشەیان بۆ دروست ناکات و لە لایەکی تریشەوە ئەلفابێی عەرەبی کە لە باشووری کوردستان و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەکاردێت لەبەرئەوەی لەگەڵ قسەکردنی سۆرانی دەگونجێت، بۆ ئەم بەشانەی کوردستانیش کێشە دروست ناکات.

کێشەکە دژایەتیکردنە
زۆر کەسی شارەزا پێیان وایە کە ئەلفابێی لاتینی لەگەڵ زاراوەی کورمانجی و زازاکی و ئەلفابێی عەربیش لەگەڵ زاراوەی سۆرانی و هەورامی و هەندێک زاراوەی تری باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەگونجێت و کێشە دروست ناکات و دەبێت هەردووکیشی قبوڵبکرێت.

بەڵام کێشە سەرەکیەکە ڕەتکردنەوەی ئەلف و بێکانە لە لایەن هەندێک کەسێ کورمانج و سۆرانەوە کە دەیانەوێت لاتینی یان سۆرانی بەسەر لایەنەکەی تردا بسەپێنێت کە ئەمە ناکۆکیەکی گەورە دروست دەکات کە هەڵەیەکی زۆر گەورەیە.

 

لێرە ئێمە سەرنج دەدەینە سەر هەندێک بۆچوون کە ئەلفابێی لاتینی وەک بەشێک لە پڕۆژەیەکی مستەفا کەمال ئەتاتورکی دامەزرێنەری دەوڵەتی تورکیای لەقەڵەمدەدەن و ئەوەش درزێکی گەورەتر لەنێوان ئەم پرسەدا دروست دەکات.

ئەلفابێی لاتینی بەرلە دامەزراندنی کۆماری تورکیا و قبوڵکردنی ئەلفابێی لاتینی لە لایەن کۆماری تورکیاوە، لە لایەن نووسەر و ئەدیبانی باکووری کوردستانەوە بەکارهێنراوە.

مێژووی ئەلفابێی لاتینی
لە ناو زمانزان و نووسەر و ئەدیبانی کورمانجدا دوو ڕەوت بوونیان هەیە کە لایەنەک میر جەلادەت بەدرخان وەک دامەزرێنەر یان یەکەمین بەکارهێنەری ئەلفابێی لاتینی دەزانێت و لایەنێکی تریش ئەوانەن کە عەرەبێ شەمۆ خاوەنی یەکەم داستانی کوردی بە ناوی 'شوانی کورد' وەک بەکارهێنەری ئەلفابێی لاتینی لەقەڵەمدەدەن بەڵام زۆربەیان لەسەر ئەوە کۆکن کە میر جەلادەت بەدرخان یەکەمجار پیتی لاتینی بەکارهێناوە.

میر جەلادەت بەدرخان لە نووسینەکانیدا باس لەوە دەکات کە یەکەمجار چۆن ئەو بیرۆکەیەی لەلاگەڵاڵە بووە کە بە ئەلفابێی لاتینی بنووسێت و دەلێت، "من و نوئێل مێجەر لە ساڵی ١٩١٩دا چووینە گوندەکانی شاری مەلەتی باکووری کوردستان. مێجەر بە ئەلفابێی لاتینی ڕووداو و بەسەرهاتەکانی تۆمار دەکرد و منیش هەندێک مەتەڵ، گۆرانی و چیرۆکی کوردیم بە ئەلفابێی عەرەبی تۆمار دەکرد و لەو کاتەدا سەرنجم دایە سەر پیتی لاتینی و لە ناکاودا بڕیارمدا لەمەودوا بە پیتی لاتینی دەست بە نووسین بکەم و کاتێک دەستم پێکرد، پیت بە پیت لەگەڵ زاراوەکەما دەگونجا."

 

لە لایەکی ترەوە لە ساڵی ١٩٢٨ لە ئێریڤانی پایتەختی ئەرمینیا عەرەبێ شەمۆ لە گەڵ ئیسحاق ماریگۆلۆڤ کە ئەویش کەسایەتیەکی کوردی سۆڤیەتە دەستیان بە ئاماەکردنی کتێبێک بۆ فێربوونی ئەلفابێی کوردی کورمانجی بە پیتی لاتینی کرد. لە ساڵی ١٩٢٨ دا کاری کتێبەکەیان تەواو کرد. کتێبەکەیان ناونا (خۆت فێری کورمانجی بکە).

دواتر لە ساڵی ١٩٣٢دا میر جەلادەت بەدرخان بۆ یەکەمجار گۆڤاری هاواری دەرکرد و هەموو بابەتەکانیشی بە ئەلفابێی لاتینی بڵاودەکردەوە و و لەوە بەدواوە نووسەر و ئەدیبە کوردەکان دەستیان بە نووسینی بابەتەکانیان بە ئەلفابێی لاتینی کرد.

عەرەبێ شەمۆش ڕۆمانی شوانی کوردی بۆ یەکەم جار لە ساڵی ۱۹۳٥ لە ئیرەڤانی پایتەختی ئەرمینیا چاپ و بڵاو کراوەتەوە.

ئەلفابێی لاتینی کەی لە لایەن تورکیاوە قبوڵکرا
دوای کۆتاییهێنان بە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و دامەزراندنی کۆماری تورکیا لە ساڵی ١٩٢٣دا، مستەفا کەمال ئەتاتورک دەستی بە هەندێک نوێبوونەوە و ڕیفۆرم کرد و لەو چوارچێوەدا دەستی بۆ پرسی زمان برد. هەرچەندە زۆر کەسایەتی تورک لەدژی ئەو هەنگاوە بوون، بەڵام لە ١ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٢٨دا ئەلفابێی لاتینی بە فەرمی وەک ئەلفابێی تورکیا قبوڵکرا کە پێشتر ئەلفابێی عەرەبیان بەکاردەهێنا.

ئەلفابێی لاتینی کوردی هیچ پەیوەندیەکای بە تورکەوە نییە
لە نووسینەکانی میر جەلادەت بەدرخاندا کە لە سەرەوە باسمانکرد دەردەکەوێت کە یەکەمجار چۆن ئەو بیرۆکەیەی لەلاگەڵاڵە بووە و چۆن دەستی بە نووسین بە پیتی لاتینی کردووە کە لە ساڵی ١٩١٩دا بووە.

 

لەو سەردەمەدا هێشتا دەوڵەتی کەمالیستی دانەمەزرابوو و ٩ ساڵ دوای ئەوە ئەلفابێی تورکیا لە ئەلفابێی عەرەبیەوە بۆ لاتینی گۆڕا.

لێرەداش دەردەکەوێت، ئەو بۆچوونانەی کە باس لەوە دەکەن ئەلفابێی لاتینی پڕۆژەیەکی ئەتاتورکە و بۆ تواندنەوەی زمانی کوردیە دوورە لە ڕاستیەوە و پێدەچێت ئامانجێکی سیاسیی لە پشتەوە بێت.