ڕاپۆرتی کوردستانی

12:07 - 16/05/2020

حكومەت دەست بۆ موڵكەكانی دەبات؟‌

پەیسەر

حكومەتی هەرێم یەدەگی نیە، و لەقەیرانێكی قوڵی داراییدایە، یەكێك لەبژاردەكانی بەردەمی فرۆشتنی موڵكەكانیەتی، بەو كەسانەی بەكاری دەهێنن، سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستانیش هەنگاوەكەی حكومەت بەگرنگ و ئەرێنی دەبینێت.

حكومەت دەیەوێت موڵكەكانی بفرۆشێت
رۆژی چوارشەممە 13/5/2020 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كۆبۆوە و دوای كۆبونەوەكەش لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند " ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی دەربارەی رەشنوسی چەند پرۆژەیاسایەك كرد لەبوارەكانی فرۆشتن و بەكرێدانی مایەكانی دەوڵەت لەهەرێمی كوردستان" و دوای ئامادەكردنیان بەمەبەستی پەسەندكرنیان ڕەوانەی پەرلەمانی دەكەن.

بەپێی زانیاریەكانی پەیسەرپرێس حكومەتی هەرێم بڕیاریداوە لیژنەیەك پێكبهێنێت بۆ فرۆشتنی ئەو موڵكانەی دەوڵەت كە لەلایەن هاوڵاتیانەوە بەكاردەهێندرێت و بەموڵكی میری ناسراون، بەو كەسانەی ئەو زەویانە بەكاردەهێنن، بەبێ ئەوەی حكومەت هیچ سودێكی ئەو تۆ لەو زەویانە وەربگرێت.

زیاد جەبار سەرۆكی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی كوردستان بەپەیسەرپرێسی راگەیاند پرۆژەی فرۆشتنی موڵكەكانی دەوڵەت یان تاپۆكردنیان لەسەر ئەو كەسانەی بەكاری دەهێنن، كارێكی سروشتی و ئاساییە و لەرێگەیەوە حكومەت سەرچاوەیەكی تری داهاتی دەستدەكەوێت بۆ ئەوەی لەو قەیرانە رزگاری بێت، لەگەڵ ئەوەی ئەم پرۆژەیە بەتەنها ناتوانێت حكومەت لەقەیرانی دارایی رزگار بكات، بەڵام خاڵێكی باش دەبێت.

بۆچی بیر لەڕووخاندن بكەینەوە؟
زیاد جەبار سەرۆكی لیژنەی دارایی دەڵێت زیاتر لە 89 هەزار باخ و ڤێلا لەهەرێمی كوردستان كراوە و ئەو پارەی تێیاندا خەرجكراوە، دەیان ملیار دۆلارە، بۆچی دەبێت ئێمە بیرمان لەلای ڕووخاندنیان بێت؟ تەنانەت ئەگەر قەیرانی دارایش نەبێت، ئەگەر حكومەت بیر لە ڕووخاندنی 89 هەزار باخ بكاتەوە، حكومەت ناتوانێت تەنها پاشماوەكەی كۆبكاتەوە، بۆیە لەبری بیركردنەوە لەڕووخاندن بیر لەبونیادنان بكەینەوە، ئەم باخ و خانو و ڤێلایانە دروستكراون، ئەگەر رێكبخرێن جوانیەك بە كوردستان دەبەخشن، تاپۆكردنیان بۆ حكومەت هیچ خەرجیەكی نیە لەبەرامبەردا داهاتێكی باشی دەبێت، و هاوڵاتیەكەش دڵنیا دەبێتەوە لەو پارەیەی خەرجیكردووە و لەبەرامبەر بڕێك پارەدا دەبێتە خاوەنی باخ و خانو ڤێلاكەی خۆی،ئەمە باشترین رێگە و بژاردەیە.

پێویستە تاپۆكردن زەویە كشتوكاڵیەكانیش بگرێتەوە
سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت زەویەكی زۆری حكومەت هەیە كە میریە و بەگرێبەست لەلای جوتیارە و چەندین كڕین و فرۆشتنی پێوەدەكرێت، خاوەنداریەتی زەویەكانی حكومەت بۆ چەند وەزارەتێك دەگەرێتەوە لەوانەش وەزارەتی كشتوكاڵ و ناوخۆ و دارایی و ئەوقاف و پێشمەرگە، جگە لەموڵكەكانی وەزارەتی ئەوقاف دەتواندرێت موڵكی وەزارەتەكانی تر كە لەلایەن هاوڵاتیانەوە بەكاردەهێندرێت بفرۆشرێت و ئەوەش هەنگاوێكی زۆرباشە، بەتایبەت زەویە كشتوكاڵیەكان بۆ ئەوەی جوتیاران زیاتر دڵیان بەموڵكەكانیان خۆش بێت و گرنگی زیاتری پێ دەدات.

لەهەرێمی كوردستان 89 هەزار باخ و ڤێلاهەیە
بەپێی زانیاریەكانی پەیسەرپرێس لەهەرێمی كوردستان 89 هەزار باخ و ڤێلاهەیە و بەشێكی زۆری ئەو باخانە بەشێوەی نایاسایی و بەبێ وەرگرتنی مۆڵەتی فەرمی دروستكراون.
بۆچی حكومەتی هەرێم موڵكەكانی بفرۆشێت؟
وڵاتانی جیهان یەدەگەكانیان بەكاردەهێنن بۆ تێپەراندنی قەیرانی دارایی، بەڵام بەپێی ئەوەی هەرێمی كوردستان یەدەگی نیە و توانای چاپكردنی پارەی نیە و بەئاسانیش قەرزی دەرەكی بۆ ناكرێت، بۆیە پەنا بۆ فرۆشتنی موڵكەكانی دەبات،سەرۆكی لیژنەی دارایی دەڵێت ئەم هەنگاوە هەم بۆحكومەت و هەمیش بۆ هاوڵاتیان سودی دەبێت.

ماوەتەوە بگوترێت ئەگەر لەم قۆناغەشدا فرۆشتنی موڵك و ماڵەكانی حكومەت بە هاوڵاتیان كەمێك پشتیوانی بكات بۆ پێدانی مووچە بە فەرمانبەرەكانی، پرسیار ئەوەیە ئەگەر چارەسەریی بنەڕەتی نەكرا بۆ داهاتوو چی تردەكرێت؟