ڕاپۆرتی کوردستانی

03:10 - 16/05/2020

ئایا دوای ١٠٤ ساڵ بەنیازی سایکس پیکۆیەکی ترن؟‌

پەیسەر

ئەمڕۆ ١٠٤ ساڵ بەسەر پەیمانی سایکس پیکۆدا تێپەڕ دەبێت کە لەنێوان بەریتانیا و فەرەنسا لەسەر دابەشکردنی خاکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئیمزاکرا. پەیمانەکە بە ناوی مارک سایکس کە نوێنەری بەریتانیا و جۆرج پیکۆی نوێنەری فەڕەنسا نرا.

 پەیمانی سایکس پیکۆ لەو ڕۆژەوەی کە ئیمزاکرا و تا ئێستا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کردە گۆمی خوێن و جگە لە پڕۆژەیەکی داگیرکەری بە تایبەتی بۆ گەلی کورد هیچ شتێکی تر نەبوو. تۆی زۆربەی داگیرکەریەکان لە ئەنجامی پەیمانی سایکس پیکۆ چینرا. شەڕی سوننە و شیعە، کورد، عەرەب و کورد و تورک، کورد و فارس، موسوڵمان و مەسیحی و ئەو گەلانەی بە سەدان ساڵ بوو لە میزۆپۆتامیا و نیمچە دورگەی عەرەبی پێکەوە دەژیان هەموویان بەرهەمی ئەو پەیمانە شوومە بوون.

سایکس و پیکۆ کە نوێنەری بەریتانیا و فەڕەنسا بوون کاتێک ڕێککەوتن، تایبەتمەندی، ئایینی، کلتوری و نەتەوەیی و جیاوازی جۆگرافیای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان لەبەرچاو نەگرت و لەنێوان خۆیاندا دابەشکاریەکیان لەسەر عەقلیەتی داگیرکەری ئەنجامدا. هێزە ڕۆژئاواییەکان لەبەرانبەر عوسمانیەکان کە بەشێکی زۆری خاکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان داگیر کردبوو، بەهێزتر بوون و بانگەشەی ئەوەیان کرد کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر بۆ ناوچەیەکی ئارام دەگۆڕن.

لە ئەنجامی دابەشکاری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ژمارەیەک نەتەوە – دەوڵەت دروستکران و لەو نێوەندەدا ٤٠ ملیۆن کورد و کوردستان پشتگوێخران و خاکی کوردستان بەسەر نەتەوەکانی تردا دابەشکرا.

دۆخی کورد
پەیمانی سایکس پیکۆ وایکرد کە تا ئیستاش لە سنوری چوار دەوڵەتی (تورکیا، ئێران، سوریا و عێراق) دا کورد وەک کەمینەیەک ببینرێت. هەرچەندە لە پەیمانەکەدا سنوری سیاسی بە ئاشکرایی دیاری نەکران، بەڵام دواتر چوار دەوڵەتەکە تەئکیدیان لەسەر سنورە دروستکراوەکان کردەوە و ئەوەش وەک یاسایەک لەنێوان خۆیاندا جێگیر کرد.

کورد لە باکوور
وەک ژمارە زۆرترین کورد لە ئێستادا لە باکووری کوردستان لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی تورکیادا دەژین. لە سەرەتای دامەزراندنی کۆماری تورکیاوە، وڵات لەسەر عەقلیەتی تورک – سونی و سیاسەتێکی نەتەوەپەرستی بەڕێوەدەچێت. لەو وڵاتەدا ئەگەر بتەوێت هاوڵاتی پلە یەک بیت، پێویستە تورک و سوننی بیت. تا ئێستاش نەتەوە و ئایینەکانی تر لە تورکیا فەراموشکراون و بە شێوەیەکی فەرمی ناناسرێن. لە سەرەتاوە هەبوونی کورد بۆ سەرکەوتنی ئەم سیاسەتەی دەوڵەتی تورکیا بووەتە کێشە ، لە ساڵی ١٩٢٠ەوە تا ساڵی ١٩٣٨ چەندین ڕاپەرین لەدژی کۆماری تورکیا هەڵگیرسان و ئەوەش بووە هۆی ئەوەی کە کۆماری تورکیا بە دەیان کۆمەلکوژی لەبەرانبەر گەلی کورد ئەنجام بدات. لە ساڵی ١٩٦٠ەوە ئیتر چینە ڕۆشنبیرەکەی کورد دەستی بە خەباتی نەتەوەیی کرد و تا ئێستاش تێکۆشانی سەربەخۆیی کورد لەو پارچەیەی کوردستان بەردەوامە.

کورد لە ڕۆژئاوا
لە سوریا نەتەوەی وەک کورد، عەرەب، تورکمان، ئەرمەن، ڕۆم و ئاشووری دەژین و ئەو نەتەوانە خاوەنی چەندین ئایین و مەزهەبی جیاوازن.

لە سوریا بە هیچ شێوەیەک باسی خاکی کورد نەدەکرا و کوردانی ڕۆژئاواش وەک کەسی هاوردە لەقەڵەمدەدران. کوردان ڕۆژئاوا لەسەر خاکیان وەک مرۆڤی بێ وڵات دەژیان.

دوای شۆڕشی بەهاری عەرەبی کە دواتر بووە دەرفەتێک کە شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان هەڵبگیرسێت، گەلی کورد بەڕێوەبەرایەتی خۆی دروست کرد. لە ئێستاشدا کورد لەگەڵ نەتەوەکانی تر لە باکوور و ڕۆژئاوای سوریا خاوەنی پێگەیەکە. ئەو بەڕێوەبەرایەتیە تا ئیستاش لە لایەن هیچ وڵاتێک بە تایبەتی وڵاتانی داگیرکەری کوردستانەوە قبوڵ نەکراوە و تا ئێستاش لەژیر هەڕەشەی ئەواندایە.

کورد لە ڕۆژهەڵات
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لەژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئیراندایە، ژمارەیەکی زۆر کورد دەژین. ئەو بەشەی کوردستان لە ساڵی ١٦٣٩ەوە لە ئەنجامی پەیمانی قەسری شیرین کە لە نێوان سەفەوی و عوسمانیدا ئیمزاکرا، لە ژێر دەسەڵاتی ئێراندا مایەوە. لەو بەشەی کوردستانیش لە سەردەمی سەفەویەکانەوە و تا ئێستاش کورد لە تێکۆشانی نەتەوەیی خۆی بەردەوامە. لە جەنگی جیهانی دووەمدا ئێران لە لایەن ڕووسیا و بەریتانیاوە بۆ ماوەیەک داگیرکرا. لەو کاتەدا کۆماری کوردستان لە مەهاباد لە لایەن قازی محەمەدەوە دامەزرێنرا. دوای ساڵێک کە ڕووسیا ئێرانی جێ هێشت، دەوڵەتی ئێران هێرشی کردە سەر کۆماری مەهاباد و کۆمارەکە کۆتایی هات و قازی و هاوڕێکانیشی لە سێدارەدران. لەو کاتەوە تا ئێستا کورد لەو بەشەی کوردستان لەناو تێکۆشانی نەتەوەییدایە.

کورد لە باشووری کوردستان
دوای دابەشکردنی کوردستان بە پێی پەیمانی سایکس پیکۆ کورد لە باشووری کوردستانیش لەدژی ئینگلیز و دەسەڵاتی ئەو کاتەی عێراق دەستی بە تێکۆشان کرد و ئەو تێکۆشانە تا سەرەتای ساڵەکانی ١٩٩٠ بەردەوام بوو و ئەوە بوو کورد توانی لە بەهاری ساڵی ١٩٩١ لە باشووری کوردستان ڕاپەڕین بکات و لە ئەنجامدا حکومەتی هەرێمی کوردستان دامەزرا و هەرچەندە بەشێکی زۆری خاکی کوردستان تا ئیستاش لەژێر دەستی حکومەتی ناوەندی عێراقدایە بەڵام کورد لە باشووری خاوەن پێگەیەکە و لە جیهاندا ناسراوە.

دەیانەوێت جارێکیتر کورد لە دەرەوەی هاوکێشەکان بێت
لە ئێستادا لە ڕۆژئاوای کوردستان پێگەیەکی کورد هەیە و لە باشووری کوردستانیش حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە. لە سوریا تا ئیستاش بەڕێوەبەرایەتی دیمەشق دان بە کورددا نانێت و دەوڵەتی ئەنقەڕەش هەموو ڕۆژێک هێرشەکانی بۆ سەر کوردانی ڕۆژئاوا بەردەوامی پێدەدات و دەڵێت، "ئەو هەڵەیەی لە باکووری عێراق کردمان، لە باکووری سوریا دووبارەی ناکەینەوە".

لە هەرێمی کوردستانیش هەموو دەوڵەتە داگیرکەرەکان و دەوڵەتانی جیهان لەدژی ڕیفراندۆمی ٢٥ی ئەیلولی ٢٠١٧ وەستانەوە و ڕەتیان کردەوە کە کورد سەربەخۆیی خۆی لەم بەشەی کوردستان بەدەستبهێنێت.

دیزاینێکی نوێ
لە ئێستاشدا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دۆخی شەڕدایە و بە دەستوەردانی ئەمریکا و ڕووسیا بەرەو دیزاینێکی نوێ هەنگاو دەنێت. لە چەند ساڵی ڕابردوودا ڕکابەریەکی زۆر لە نێوان ڕووسیا و ئەمریکادا دەستیپێکردووە و لە ئێستاوە دیارە کە هەندێک وڵاتیان لەناو خۆیاندا دابەشکردووە و دەستوەردان لە کاروباری یەکتریدا ناکەن، لەوانەش سوریا و عێراق و دانوستانەکانی نێوان ئەو دوو زلهێزەش بەردەوامە.

لەم نێوەندەشدا رێگا بە کورد نادرێت کە چارەنووسی خۆیان دیار بکەن و ئەوەش وادەکات کە لە سەرلەنوێ دیزاینکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا مەترسیەکی گەورە لەسەر کورد دروست ببێتەوە کە ئەگەری هەیە ئەنجامەکانی لە ئەنجامی پەیمانی سایکس پیکۆ مەترسیدارتر بێت.