ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

12:18 - 18/05/2020

پەیسەر هەڵوێستی ئەمریكا دەربارەی چارەسەری كێشەكانی هەرێم و بەغداد ئاشكرا دەكات‌

ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا داوا لەكازمی دەكات كێشەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان چارەسەر بكات، دژی ئەوەشە بەغداد راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ پارێزگای سلێمانی بكات.
باڵیۆزی ئەمریكا پەیامەكەی گەیاندووە، پرسی مامەڵەی بەغداد لەگەڵ پارێزگاكان ، پرسێكی گرنگەو ماوەیەكە میدیاكانی كوردستان بایەخی پێدەدەن و بۆ ئەو مەبەستەش پرۆژەی جیاواز خراونەتە ڕوو.

رۆژی 9ی ئایار ماسیو تولر باڵیۆزی ئەمریكا لەبەغداد وەك یەكەم باڵیۆز و نێردەی دەرەكی سەردانی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراقی كرد، لەدۆخێكدا هێشتا 24 كاتژمێر بەسەر وەرگرتنی سندوقی سەرۆك وەزیرانی لە عادل عەبدولمەهدی تێپەرنەببوو، هەروەها كەمتر لە 48 كاتژمێر بوو پەرلەمانی عێراق متمانەی بەكابینەی نوێی حكومەت دابوو.

 بەپێی زانیاریەكانی پەیسەرپرێس باڵیۆزی ئەمریكا چەند پەیامێكی داوە بەسەرۆك وەزیرانی نوێ، لەوانەش كێشەكانی موچە و بودجە و یاسای نەوت و غاز و ناوچە جێناكۆكەكان لەگەڵ كورد چارەسەر بكات، هەروەها مامەڵەی راستەوخۆ لەگەڵ هیچ پارێزگایەكی هەرێمی كوردستان نەكات بەدیاریكراویش پرۆژەی هەرێمی سلێمانی و مامەڵەی راستەوخۆی لەگەڵ ئەو پارێزگایە بەپرۆژەیەكی ئێرانی وەسفكردووە، باڵیۆزی ئەمریكا خواستی وڵاتەكەی بۆ مانەوەی هێزەكانی پیشانداوە، داواشی كردووە سەرۆك وەزیرانی نوێ سنورێك بۆ چالاكی هێزەشیعیەكان دابنێت.
 نوسینگەی كازمی لەبەیاننامەیەكدا كە دوای سەردانەكە بڵاویكردەوە دەڵێت عێراق نابێتە گۆڕەپانی یەكلایی كردنەوەی كێشەی وڵاتانی دراوسێ و دۆست، بەیاننامەكە دەڵێت باڵیۆزی ئەمریكا پشتیوانی واشنتۆنی بۆ عێراق لەبوارەكانی ئابوری و ڕووبەڕووبونەوەی كۆرۆنا دەربڕیوە.

پەرلەمانتارێك: بەرژەوەندیەكانی ئەمریكا لەعێراق ڕوون و ئاشكران
لای خۆیەوە میادە نەجار ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بەپەیسەرپرێسی راگەیاند ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا هێزی یەكەمی بەرێوەبردنی جیهانە و بەرژەوەندیەكانی لەعێراق زۆر ڕوون و ئاشكران، بەوپێیەی شوێنی جوگرافی عێراق بۆ واشنتۆن گرنگەو  دراوسێی توركیا و ئێران و ئوردن و كوەیت و سوریا و سعودیەیە، بۆیە ئەمریكا بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەكانی خۆی گرنگی بەعێراق دەدات، بۆ ئەمەش چارەسەری كێشەكانی هەرێم و بەغداد لەبەرژەوەندی ئەمریكادایە، پێدەچێت ئەمریكا بیەوێت لەعێراقەوە بەرژەوەندیەكانی بپارێزێت و پرۆژەی بۆ وڵاتانی تر هەبێت.

كازمی 120 رۆژی لەلایەن ئەمریكاوە بۆ دیاریكراوە
رۆژی 7ی ئایار و لەدوای وەرگرتنی متمانەی پەرلەمان مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لەرێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی كرد بە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند وەك پاڵپشتییەك بۆ كابینەی نوێی حكومەتی عێراق، واشنتۆن 120 رۆژ مۆڵەت دەداتە عێراق بۆئەوەی كارەبا و غاز لە ئێران بكرێت.
لەو بارەیەوە میادە نەجار دەڵێت: ئەو 120 رۆژ دیوێكی تریش هەیە ئەویش ئەوەیە كازمی لەو ماوەیەدا لەژێر چاودێری ئەمریكا و هاوپەیمانەكانیدا دەبێت، ئەگەر لەو ماوەیەدا ڕووی لەرۆژئاوا بكات، ئەوە پشتگیری تەواوەتی دەكەن و قەرزی پێدەدەن و یارمەتیدەری دەبن لەدووبارە ئاوەدانكردنەوە و دروستكردنی ژێرخانی ئابوریی عێراق، بەڵام ئەگەر لەو ماوەیەدا بەئاراستەی ئێران بروات ئەوە دوورنیە هەمان چارەنوسی عادل عەبدولمەهدی هەبێت، بۆیە زۆر بەڕوونی دیارە كە بەرژەوەندی ئەمریكا لەوەدایە كێشەكانی هەرێم و بەغداد چارەسەر ببن.

ئەمریكا هەرێمی كوردستانی سەقامگیری دەوێت
میادەنەجار دەڵێت ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا دەیەوێت هەرێمی كوردستان یەكپارچە و سەقامگیر بێت بۆ ئەوەی بەخواستی خۆی گۆڕانكاری ئەنجام بدات، هەرێمی كوردستان قەوارەیەكی سیاسی و دەستوری خۆی هەیە ئەگەر بەتەنها مامەڵە لەگەڵ سلێمانی بكرێت ئەوە پێچەوانەی دەستورە، دووئیدارەی یان مامەڵەی راستەوخۆی بەغداد لەگەڵ پارێزگایەك قەوارەی سیاسی و دەستوری هەرێم لەناو دەبات، ئەوەش بەرژەوەندی ئەمریكای تێدانیە، جگە لەوەی بەرژەوەندی ئەمریكا لەوەدایە كە ئێران دەستوەردان لەو ناوچەیە نەكات، و دەیەوێت هەژمونی تاران لەعێراق كەم بكاتەوە و لەعێراقەوە ئەمریكا شەڕی ئێران دەكات، جگە لەوەی ئەمریكا رابەرایەتی جیهانگیری دەكات و جیهانگیریش بەرژەوەندی لەوەدایە وڵاتەكان و بازارەكان یەكبخرێن نەك دابەش بكرێن و پارچە پارچە بكرێن.

لایەنی دووەمی كێشەكانی عێراق چی دەكەن؟
ئەگەر ئەوە دیدگای ئەمەریكیەكان بێت بۆ داهاتووی عێراق و كابینەی سەرۆك وەزیرانە نوێیەكەی، ئەوا ڕوون نیە لایەنی دووەمی كێشەكان( كە بریتین لەو وڵاتانەی دەست لە كاروباری عێراق وەردەدەن) چی دەبێت و چۆن دەبێت، ڕوون نییە ئاخۆ ئێران و توركیا هەڵوێستیان چی دەبێت و چۆن مامەڵە لەگەڵ پێشهاتە سیاسی و ئەمنی ئابوورییەكان دەكەن؟ ئاخۆ عێراق دەبێـتەوە بازاڕیی تەقینەوەكان و نائارامی باڵ دەكێشێتەوە بەسەریدا، یان قۆناغێكی دیكە دێتەوە پێش و ئەوانیش لە دۆخی نوێی ناوچەكە تێدەگەن.