ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

03:06 - 18/05/2020

جگە لە کۆرۆنا، سزای ئابووری و هەژاریی، ئێران ڕووبەڕووی قەیرانێکی تر دەبێتەوە‌

پەیسەر

ئێران وڵاتێكی دەوڵەمەندە لە ڕووی هێزی مرۆیی و هەڵكەوتەیەكی جوگرافی لەباریشی هەیە، بەڵام ماوەیەكی زۆرە هاونیشتیمانیانی ئەو وڵاتە بەدەست هەژاریی و بێدەرەتانییەوە گیرۆدەن، پێش ئەوەی ڕژێمی شاهەنشاهی بە حكومەتی ئیسلامیش بگۆڕێت شەپۆلی كۆچی ستوونی (لە گوندەكانەوە بۆ شارەكان) دەستیپێكردبوو، بەجۆرێك خەریك بوو گوندەكانی ئەو وڵاتە بەرەو وێرانەیی بچێت، كاریگەرییە هەمە لایەنەكانی ئەو دیاردەیە هەر زوو سەری هەڵداو لە ئێستاش دا گەشتووەتە ترۆپكی نەهامەتی.

 

لە هەلومەرجی ئێستادا کە ئێران ڕووبەڕووی قەیرانەکانی کۆرۆنا، هەژاری، بەرزبوونەوەی نرخی شتومەك، بێکاریی و زەمین لەرزە دەبێتەوە، خراپی بەڕێوەبردن وایکردووە خاوەن داهاتە کەمەکان و مام ناوەندەکان ڕووبەڕووی قەیرانێکی دیکە ببنەوە کە ئەویش قەیرانی شوێنی نیشتەجێبوونە.

بەپێی وتەکانی مەهدی سوڵتان محەمەد، شارەزای بواری خانوبەرە بازاڕی کڕین و فرۆشتنی خانوو فشارێکی ئێجگار زۆری لەچاو جاران خستوەتە سەر کرێچییەکان و مەهدی سوڵتان پێشنیاریکرد گرێبەستی ماڵەکان لەنێوان ساڵێک بۆ ٥ ساڵ نوێ بکرێتەوە تاکو کۆنتڕۆڵی ئەو هەڵئاوسانە ئابوورییە بکرێت کە لەسەر نرخی کرێ خانووەکاندایە.

بەرزبوونەوەی نرخ جیاواز لە هەموو جارەکانی پێشوو
جۆبین قاترانی لە ماڵپەڕی ئێران فۆکس گوتی "لە سەرەتای هاویناندا کێشەی خێزانە کرێچییەکان زیاد دەکات، بەڵام لەم ساڵدا کرێچییەکان دەستیان بە گەڕانی پێشوەختە کردووە بۆ دەستکەوتنی ماڵی گونجاوتر بەهۆی کێشەکانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە.

بەپێی سەنتەری ئامارەکانی ئێران نرخی کرێی خانووەکان لە تاران بەراورد بە ساڵی پار بە ڕێژەی ٪٢٧ و ٪٣٢ زیادیکردووە. ئەمەش وایکردووە بەشێکی زۆری خیزانەکانی تاران ماڵەکانیان بۆ ناوچە هەژارنشینەکان بگوازنەوە.

ترس لە داهاتووی پیشەیی
دۆخەکە لەناوچەکانی دیکەش لە تاران باشتر نییە، بۆ نمونە لە پارێزگای ئەسفەهان چەندین کارمەند و کرێکار خۆیان ئامادەدەکەن تا نشینگەکانیان بۆ ناوچەکانی دەوروبەربگوازنەوە. نرخی کرێ خانوو لە ناوچەی بەهارستان بە ڕێژەی زیاد لە ٪٥٠ بەرزبوەتەوە. ئەمەش بووەتە هۆکاری بڵاوبوونەوەی ترس و خەمی کارمەند و کرێکاران لە پیشەکانی داهاتوویان، چونکە زۆرینەیان لەناوچە هەژارنشینەکاندا نیشتەجێن.

کرێکاران لەپێناو چوونە سەرکارەکانیان ناچارن چەندین کیلۆمەتر ببڕن. بەوپێیەشی لە ناوچەی هەژارنشیندان و داهاتێکی کەمیان هەیە و لە هەمان کاتیشدا نرخی کرێ خانووەکانیان بەرزبوەتەوە، ئەگەری زۆرە ببێتە هۆی ئەوەی کارەکانیان لەدەست بدەن یان دەستبەرداری کارەکانیان بن.

گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان
لەماوەی ساڵەکانی دواییدا نرخەکان دوو هێندە زیادیانکردووە، بەڵام بنەڕەت و سەرچاوەی بەرزبوونەوەی نرخ لە ٥٠ ساڵ پێش ئێستاوە دەستیپێکرد. ئەوکاتەلە ٪٦٠ی دانیشتوان لە لادێکان نیشتەجێبوون و داهاتی ڕۆژانەیان لە زەوییە کشتوکاڵییەکانیان پەیدادەکرد. لەلایەکەوە نەیاندەویست بەرەو شارەکان بڕۆن و لەلایەکی دیکەشەوە شارەکان قەرەباڵغ نەبوون بۆیە خەڵکی دەیانتوانی بە نرخی گونجاو ماڵەکانیان بە کرێ بگرن. لەدوای شەستەکانەوە گۆڕانکاری لە بونیادی ئابووریدا ڕوویدا و وایکرد هێزی کارەکان ڕوو لە شارەکان بکەن.

بنەڕەتی کێشەکان
بەپێی ئامارێکی نوێ، لە ٪٤٠ی خێزانەکانی دانیشتووی شارەكانن لە ئێران و لە تارانی پایتەخت دەگاتە ٪٥٠. لە زۆربەی هەلومەرجەکاندا دانیشتوان چاوەڕوانیان لە دەوڵەت هەیە کە کرێی خانوبەرەکان کەمبکاتەوە.

سوڵتان محەمەدی دەڵێت "کرێی خانوو بەشێویەکی پراکتیکی ئەو داهاتەیە کە خاوەن ماڵەکە لە بازاڕی خانوبەرەدا دەستیدەکەوێت. خاوەن ماڵ نرخی کرێکەی بەپێی بەرزبوونەوەی نرخی خانووەکە زیاد دەکات هەربۆیە ئەستەمە نرخی کرێکان وەک خۆیان بن لەکاتێکدا نرخی خانووەکان بەشێوەیەکی خەیاڵی ڕوو لە زیادبوون بن."

هەروەها پێشنیاریکرد سەرەتا چارەسەری هەڵئاوسان بکرێت وەک ئامرازێک بۆ چارەسەرکردنی بەرزبوونەوەی کرێی خانوو، چونکە هەڵئاوسان بنەڕەتی هەموو کێشەکانە" بۆیە لەسەر دەوڵەت پێویستە بەرهەمهێنانی دراو کەمبکاتەوە و هاوسەنگی ڕابگرێت."

دووڕێیان
لەم چوارچێوەیەدا دەوڵەتی ئێرانی لەپێناو ڕزگارکردنی ئابووری وڵاتەکەی چوار سفری دراوی نیشتمانی لابردووە. لەلایەکی دیکەوە نرخی پێداویستییە سەرەتاییەکانی  وەک بەنزین، نان و هێلکە بەرزبوەتەوە و کاریگەری لەسەر پێداویستییەکانی دیکەش هەبووە. بەبڕوای شارەزایان بە ئەگەری زۆرەوە لەگەڵ بەردەوامی هەلومەرجی ئێستادا خەڵکی زیاتر شارەکان جێدەهێڵن و ڕوو لە لادێکان دەکەن. بۆیە هاوڵاتیان دەبێت لەنێو دووڕیانێکی سەختدا بڕیار بدەن؛ یان کارەکانیان لەدەستبدەن یا لەناوچە هەژارنشینەکاندا بەرگەی ژیان بگرن.

قاترانی دەڵێت "دەوڵەتی ئێرانی لە تشرینی دووەمی ساڵی پاردا بووە هۆی تووڕەکردنی هاوڵاتیان و گەورەترین ناڕەزایەتی لە مێژوودا لێکەوتەوە. بەڵام ناوچە هەژارنشینەکان لە زیانەکانی ناڕەزایەتییەکاندا پشکی شێریان بەرکەوت و کارەساتی خوێناوی گەورەی لە شارەکانی ئەسفەهان، شیراز و خوزستانی لێکەوتەوە."

ئاخۆ دەوڵەتی ئێران بە وردی کار لەسەر هەلومەرجی ژیانکردنی هاوڵاتیان لەبەرچاو دەگرێت و ناهێڵێت کارەساتەکان بە ڕێژەیەکی گەورەترو زۆر کاریگەری وەرچەرخێنەر لەسەر ژیانی ئابووری هاوڵاتیان دادەنێت، یان لێدەگەڕێت چەرخی رۆژگار چۆن دەگەڕێت بگەرێت، تەنها ئەو كاتانە دێتە دەنگ كە زیانی ڕاستەوخۆیان بۆ سەر دەسەڵات هەبێت، ئەگینا پێناچێت هێندە خەمی هەژارانی وڵاتەكەیان لە كۆڵ گرتبێت.