ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

10:49 - 20/05/2020

هاوڕایی لەسەر كازمی یەكەم نیشانەی كەمبوونەوەی ئاڵۆزیی نێوان ئەمەریكاو ئێرانە‌

پەیسەر

بە پێێ ڕاپۆرتێكی نیۆرك تایمز كە دوێنێ سێ شەممە 19/5/2020 بڵاوكراوەتەوە تیایدا باس لە كەمبوونەوەی ئاڵۆزبوونی نێوان ئێران و ئەمەریكا دەكات لە عێراق دا، بەجۆرێك لە لایەن ئێرانیەكانەوە پشتیوانی لە سەرۆكوەزیرانی نوێ كرا كە سوور دەزانرا نزیكە لە ئەمەریكیەكانەوە، لە هەمان كاتدا ئێران فەرمانی كردووە بە میلشیا دیار و شاراوەكانی خۆی لە عێراق كە موشەكباران و دروستكردنی دۆخی نائەمنی لە عێراق و بەرامبەر ئەمەریكیەكان كەم بكەنەوە.

بە پێی ڕاپۆرتەكەی نیۆرك تایمز ساڵی ڕابوردوو ئاڵۆزی و كێشەكانی ئەو دوو وڵاتە نەیارەی یەكتری لە عێراق گەشتبووە ڕادەیەك كە خەریك بوو عێراقی گۆڕەپانی بەریەك كەوتنیان ببێت بە ژێرەوە و ببێتە شوێنی هەڵگیرسانی ئاگریی شەڕێكی خوێناویی لە نێوانیاندا، بەڵام دواجار خەریكە ئاڵوگۆڕ بەسەر بۆچوونی هەردوولادا دێت و لە پەیوەندییەكی گرژو ئاڵۆزەوە دەگۆڕێت بۆ پەیوەندی باش و نەرم و هاوكاریی  كردنی یەكتریی.

بە پێی ڕاپۆرتەكەی نیۆرك تایمز كە -الحرة- بڵاوی كردووەتەوە ڕەفتاری ئێران و میلشیاكانی تەواو گۆڕاوە و نایانەوێت بە هیچ شێوەیەك بەریەك كەوتنی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ ئەمەریكیەكان هەبێت، چاودێرانیش پێیان وایە ئەم هەڵوێستە هاوكارییەكی باش دەبێت بۆ هەڵبژاردنەكانی مانگی 11/2020 و دانانەوەی دۆناڵد ترامپ، بەو پێیەی زۆرینەی خەڵكی ئەمەریكا لەو بڕوایەان چارەسەری كێشەی ئەمەریكاو ئێران لە رێگەی ئاشتیی و گفت و گۆوە سەركەوتووتردەبێـت تا ڕێگەی جەنگ و شەڕوشۆڕ.
ڕاپۆرتەكە باس لەوەش دەكات ڕەفتاری ئێرانیەكان گۆڕانكاریی بەرچاوی بەخۆوە بینیوەو ڕاستەوخۆ هەستی پێدەكرێت كە هێور بوونەتەوە، بەڵام لە ڕووە دیارەكەیدا هەستی پێناكرێت، باس لەوەش دەكات ئەوە یەكەم هەنگاوی ئەرێنییەو كردنەوەی دەرگای یەكەم دەبێت بۆ كەمكردنەوەی هەستی دوژمنكارانە بەرامبەر یەكتریی، ئەوەش دبێتە هۆی كەمبوونەوەی ئاڵۆزیی و خاوبوونەوەی مەترسی سەرهەڵدانی جەنگی نێوانیان كە لە چەند مانگی ڕابوردوودا ئاڵۆزییەكان بەرزبوونەوەی بە خۆوە بینیبوو.

بە پێی زانیارییەكانی نیۆرك تایمز دوای ئەوەی چەند ساڵێكە چالاكی پارتیزانی دەستەو تاقمە ئێرانیەكان لە عێراق بووە هۆی ئەوەی كە ئەمەریكا خۆی كۆبكاتەوەو وای نیشان بدات كە بەڕاستی دەیەوێت جەنگی یەكلاكەرەوە لە گەڵ ئێران بكات و ئەو دۆخەش تا سەرەتای ئەمساڵ درێژەی كێشا، بەڵام دوای ئەوەی جیهان ئاڵوگۆڕی سەرەكی بەسەردا هات بە هۆی پەتای كۆرۆناوەو كاریگەریی لەسەر سەرجەم كایەو سێكتەرەكانی ژیان دانا، ئاڕاستەی كاركردن و پەیوەندیەكانی نێوان ئێران و ئەمەریكاش گۆڕانیان بەسەردا هات، بەجۆرێك ئێران میلشیاكانی خۆی ئاگادار كردووەتەوە كە هێرشەكانیان بەرامبەر هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق ڕابگرن، ئەگەر ماوەی ئەم پێنج مانگەی پێشوو بەراورد بكرێت بە ماوەكانی پێش خۆی لە 2003 بەدواوە، بێگومان گۆڕانكاریی بەرچاو بەدیدەكرێـت و بە ئاشكرا هەست بە گۆڕانكارییەكان دەكرێت و چالاكیەكانی ئێران بەتەواوی كەمیان كردووە.

نیۆرك تایمز باسی لەوەش كردووە پشتگیریی كردنی ئێران بۆ دانانی مستەفا كازمی جۆرێكە لەدەركەوتنی دیوە تازەكەی پەیوەندی نێوان ئەمەریكا و ئێران لەسەر گۆڕەپانی عێراق كە لەلایەن ئەمەریكاوە پشتیوانی زۆری لێكراوەو تاڕادەیەكی زۆریش لەسەر ئاستی نێو دەوڵەتیش پەسەند بووە .

نیۆرك تایمز وتەی كەسایەتیەكی سیاسی عێراقی وەرگرتووە كە نەیویستووە ناوو پێگەكەی ئاشكرا بكات لەبەر بارودۆخی ئەمنی گوتویەتی: ئێران لە لوبنان و سوریا كاری زۆری كردووەو پایزی ڕابوردوش بووە هۆی نیگەرانی بەشێكی زۆر لە شیعەكانی خۆیان و نیگەران بوون لەو دۆخە، ئەوان باسیان لەوە دەكرد كە بەشێكی زۆری بوودجەی وڵاتی ئێران لە دەرەوەی وڵاتەكە خەرج دەكرێـت، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی بەرپرسانی ئێران چاكسازیی لەو سیاسەتەیاندا بكەن و بەرپرسانی ئێرانی گەڕاندەوە سەر هۆشی خۆیان.

رۆژنامەكە باس لەوەش دەكات هەرچەندە مستەفا كازمی بەربژێری ئەمەریكیەكان جێگەی متمانەی تەواوی ئێرانیەكان نەبووە بەڵام لەبەر گۆڕانكاریی لە هەڵوێستیاندا فشاری كردووە لە لایەنگران و میلشیاكانی خۆی لە عێراق كە ڕەزامەند بن لە سەر دانانی وەك سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق، چاودێرانی سیاسیش باس لەوە دەكەن ئەوە گەورەترین خاڵی پێشكەوتنە نوێیەكەی نێوان ئەمەریكاو ئێرانە.

میدیاكانی جیهان باسیان لەوەكرد لە رۆژی یەكەمی دەست بەكاربوونی مستەفا كازمی وەك سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق یەكەم باڵیۆزخانە سەردانی كردووەو پیرۆزبایی وڵاتەكەی پێشكەش كردووە باڵیۆزی ئەمەریكا بووە لە بەغدادو بەدوای ئەویشدا باڵیۆزی ئێران بووە، بە پێی ڕاگەیەنراوی ئەنجوومەنی وەزیرانی نوێ، مستەفا كازمی بە باڵیۆزی ئەمەریكای گوتوە ڕێگەنادەین خاكی عێراق بەكار بهێنرێت بۆ هێرشكردنە سەر وڵاتانی دۆست و دراوسێ و بە ئێرانیەكانیشی گوتوە خوازیاریی پەیوەندی باشترن لەگەڵ ئێران.