ڕاپۆرتی کوردستانی

03:49 - 20/05/2020

کۆبوونەوەکانی جنێف بۆ پرسی سوریا بێ کورد دەستپێدەکەنەوە‌

پەیسەر

کۆبوونەوەکانی جنێف بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ٩ ساڵەی سوریا دەستپێدەکاتەوە کە ساڵی ڕابردوو لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکاندا کۆمیتەی دەستووری بنەڕەتی سوریادا ئامادەکرابوو.

گایر پیدیرسین نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سوریا ڕایگەیاند، نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا و کۆبوونەوەی لایەنەکانی شەڕی سوریا ئامادەیە.

 

پیدیرسین پێویستە لایەنەکان کە بەشدارن کە کۆمیتەی دەستووری بنەڕەتی سوریادا، لە جنێف جارێکیتر کۆببنەوە و ئەو پێشنیارانەشی ڕەتکردەوە کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە کۆبوونەوەکان بە ڤیدیۆکۆنفڕانس ئەنجام بدرێن، لەبەرئەوەی کێشەی سوریا پێویستە بە دانوستان و کۆبوونەوەی راستەوخۆی لایەنەکانە.

نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سوریا باسی ئەوەی کرد کە بێمتمانەییەک لەنێوان لایەنە سەرەکیەکانی کێشەی سوریادا دروست بووە  و لە شاری ئیدلب کە وەک دوایین قەڵای ناکۆکی لەسەر لەقەڵەمدەدرێت، شەڕ بەردەوامە و داوای لە وڵاتانی ئەمریکا و ڕووسیا کرد کە پشتگیری لە هەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کۆتاییهێنان بە قەیران و نزیککردنەوە لایەنەکانی سوریا بدەن.

 

دانوستانەکانی پرسی دروستکردنی کۆمیتەی دەستووری بنەڕەتی سوریا و ئەندامێتی ١٥٠ کەس لەنێوان ڕژێمی سوریا و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئەو وڵاتە و نوێنەری ولاتە زلهێزەکانی جیهان دوای چەندین مانگ لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوو کۆتایی هات.

هەوڵدرا ڕژێمی سوریا و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان و نزیکەی ٥٠ وڵاتی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا، لە ڕێگەی دەستوورێکی نوێ کۆتایی بە قەیرانە ٩ ساڵیەکەی سوریا بهێنن. قبوڵکردنی لیستی ئەندامانی کۆمیتەی دەستووری بنەڕەتی کە لە کەسایەتی ئۆپۆزسیۆن، سەرۆک عەشیر و ژنان و کەسایەتی لایەنگری ڕژێم پێک دێت، بە هۆی تێبینیەکانی ڕژێمی سوریا ٢٠ مانگی خایاندبوو.

ئایا کۆمیتەی دەستووری بنەڕەتی سوریا بێلایەنە؟
کریستین هیلبیرگ گەورە پسپۆڕی کاروباری سوریا بۆ ماڵپەڕێ دوێچەڤێلای ئەڵمانیا باسی لە پێکهاتەی کۆمیتەی دەستووری بنەڕەتی سوریا کرد و ڕایگەیاند، کۆمیتەی دەستووری بنەڕەتی سەربەخۆ نییە ، بەهۆی ئەوەی دەوڵەتی تورکیا کاریگەری تەواوی لەسەر کۆمیتەکە هەیە، ڕێگەی نەداوە ئەندامی کورد لە کۆمیتەکەدا هەبێت. هەروەها لە لایەکی ترەوە ڕووسیاش ڕێگەی بە هەندێک گروپی دژی ڕژێمی سوریا نەداوە کە لە کۆمیتەکەدا بەشدار بن. ئەمەش وایکردووە کە کۆمیتەکە سەربەخۆ نەبێت و نەتوانێت کارەکانی جێبەجێ بکات.

لایەنەکانی ڕۆژئاوا دان بە کۆمیتەکەدا نانین
ساڵێ ڕابردوو لە کاتی ڕاگەیاندنی کۆمیتەی دەستووری سوریا ٣٠ لایەنی ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگەیانڕاوێکیان بڵاوکردەوە و باسی ئەوەیان کرد "ئەو قسانە دوای ئەوە دێت، کە تورکیا، رووسیا و ئێران لە لوتکەی سێقۆڵیدا لە ئەنقەرە بڕیاریاندا کۆمیتەی نووسینەوەی دەستوور لە زووترین کاتدا دەست بەکارەکانی بکات. ئەوە نیشانی دەدات ئەو لایەنانەی رێککەوتون و بەو ئەنجامە گەیشتون لایەنی سوری نین، بەڵکو لایەنی تورک و روس و ئێرانین. ئەوانەش هەوڵ دەدەن چارەسەرییەکی سیاسی بەپێی بەرژەوەندیی خۆیان لە سوریا رووبدات، نەک لەسەر بنەمای ئامانج و داخوازی گەلی سوریا و بۆیەش ئێمە کۆمیتەکە بە هەموو شێوەیەک ڕەتدەکەینەوە و پابەندی بڕیارەکانی نابین."

بێ کورد قەیرانەکە چارەسەر دەبێت؟
بەڕێوەبەرایەتی ڕۆژئاوا و باکووری سوریا دەسەڵاتی بە سەر لەسەدا ٣٠ خاکی سوریادا هەیە. لە ڕووی سەرچاوکانی ئاو و سەرچاوە سروشتیەکان و کشتوکاڵەوە زۆربەی پێداویستیەکانی سوریا دابین دەکات.

پێکهاتەکانی باکووری سوریا لە سەرەتادا گەلی کورد بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانیان بە هەزاران شەهیدیان داوە و تا ئێستاش تێکۆشانی گەلانی باکووری سوریا لە چوارچێوەی هێزەکانی سوریای دیموکراتیکدا بەردەوامە.

 

ڕۆژئاوا و باکووری سوریا خاوەنی زیاتر لە ٧٥ هەزار شەرڤانن. لە لایەن هاوپەیمانی نێودەولەتی و بە تایبەتی ئەمریکاوە پشتگیری لێدەکرێت. خاوەنی ژمارەیەکی زۆر لە چەکی قوڕس و پێشکەوتووە.

لە لایەکی ترەوە، خاوەنی سیستمی خوێندنی پێشکەوتوو و بە دەیان هەزار خوێندنگا و زانکۆیە. پەیوەندیەکی دیپلۆماسی زۆری لە گەڵ وڵاتانی جیهاندا هەیە و زۆر جار لە لایەن وڵایە زلهێزەکانەوە پێشوازیان لێکراوە.

بەو پێیە دارشتنی دەستوورێکی بنەڕەتی بە بێ ئامادەبوونی نوێنەرانی پێکهاتەکانی ڕۆژئاوا و باکووری سوریا، سەرکەوتوونابێت و بەو هەوڵانە نەک دەتوانرێت نەخشەی ڕۆژئاوای کوردستان و باکووری سوریا بسڕێتەوە، بەڵکو هۆکارێکی بۆ پارچەبوونی لەسەدا ٣٠ خاکی سوریا.