عیراق

11:51 - 21/05/2020

بەربژێرێكی خەلیفەی داعش دەستگیر كرا‌

پەیسەر

دەزگای هەواڵگرییی عێراق لە پێگەی فەرمی خۆی دەستگیرکردنی سەرکردەیەکی گەورەی داعشی ڕاگەیاند و سەرچاوەکان بە سی ئێن ئێنیان ڕاگەیاند: خەلیفەی بەغدادی نییە، بەڵكو یەكێك بووە لەوانەی كە بەربژێری خەلافەتەكەی داعش بووە لە دوای كوژرانی ئەبووبەكری بەغددادیی.

ڕۆژی چوارشەممە میدیای فەرمی عێراقی دەستگیرکردنی عەبدولناصر قارداشی ڕاگەیاند و لە هەمان کاتدا هێزە ئەمنییەکانی عێراق بە میدیای سی ئێن ئێنی عەرەبیان ڕایگەیاندووە کە قارداش ئەو کەسە نییە هەڵبژێردراوە بۆ جێگرەوەی ئەبوبەکری بەغدادی خەلیفەی پێشووی داعش.، بەڵام یەكێك بووە لەوانەی كە بەربژێر بووە بۆ ئەوەی ببێتە جێگرەوەی ئەبووبەكری بەغدادی دوای ئەوەی لە 2019 دا كوژرا، لەگەڵ ئەوەشدا ڕاگەیاندنی دەزگای هەواڵگری عێراقی ئاماژەی بەوە دابوو قارداشی کاندیدی خەلافەتی ئەبوبەکرد بەغدادییە بۆ ڕابەرایەەتیکردنی دەوڵەتی ئیسلامی داعش.

هەروەها سەرچاوەیەکی ئەمنیش بە میدیای فەرمی عێراقی ڕاگەیاندووەدام و دەزگای هەواڵگری نیشتیمانی توانیویانە دەستبەسەر سەرکردەیەکی داعشدا بە ناوی عەبدول ناصر قارداشدا بگرن. هەروەها ئاماژەشی بەوەداوە کە قارداش لە ڕێکخستنەکانی داعشدا پێگەی سەرۆکی لیژنەی هەبووە و وەک ڕابەرێکی ڕێکخستنەکانی داعش لە سەردەمی ئەبو مەسعەب زەرقاوی پێشوەوە کاریکردووە بۆ ڕێکخستنەکانی قاعیدە لە عێراق.

هەمان سەرچاوە ڕایگەیاندووە "ڕێکار و لێکۆڵینەوە پێویستەکان لەگەڵ ئەو تیرۆرستەدا لەڕێی دام و دەزگای هەواڵگری نیشتیمانییەوەگیراونەتە بەر."

ڕێکخستنی دەوڵەتی ئیسلامی داعش لە تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩ دانی بە کوشتنی خەلیفەیداعش ئەبوبەکری بەغدادی و جێگرەکەی ئەبو حەسەنی موهاجردا ناوە، ئەویش لەڕێگەی تۆمارێکی دەنگییەوە کە لە زاری وتەبێژێکی نوێوە بەناوی ئەبو حەمزەی قورەیشی، لە ڕاگەیاندنی داعشەوە بڵاوی کردوەتەوە و دانی بە کوشتنییاندا ناوە.

بەپێی تۆمارە دەنگییەکە کەسێکی سعودی بەناوی "ئەبو ئیبراهیم هاشمی قوڕەیشی" وەک جێگرەوەی بەغدادی دیاریکراوە بۆسەرکردایەتیکردنی ڕێکخستنەکانی داعش.
هەروەها ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕایانگەیاند ئەبوبەکر بەغدادی و جێگرەکەی ئەبو حەسەن موهاجر لە دوو پرۆسەی جیاوازدا لە باکووری سووریا لە تشرینییەکەمی ٢٠١٩دا کوژراون.

ڕێکخراوی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ دا لەنێوان هەردوو وڵاتی عێراق و سووریادا دەوڵەتێکی توندڕەویان بەناوی (دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام-داعش) دامەزراندو شاری (ڕەقەی سووریا)یان وەک پایتەختی خەلافەتەکیان ناساند و بەهۆی کارە توندوتیژییەکانیان زۆرینەی وڵاتانی جیهان هاوپەیمانێتییان لەدژی دەسەڵاتەکەی داعش پێکهێنا و دواجار لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٧دا دەسەڵاتیان کۆتایی هاتوو  ئەبوبەکری بەغدادیش دوای دوو ساڵ لە خۆشاردنەوە کوژرا، بەڵام لە ئێستادا ڕێکخراوەکە بڵاوەی کردووە و لە شێوەی مەفرەزەی بچوک و شانەی نووستوودا لێرەو لەوێ کارەکانیان ئەنجامدەدەن.