ڕاپۆرتی کوردستانی

11:34 - 22/05/2020

ناتۆ.. باشترین یارمه‌تیده‌ری ئه‌ردۆغان بۆ تێكشكاندنی نه‌یاره‌كانی‌

پەیسەر پرێس

توركیا له‌ زۆر له‌ ناكۆكییه ‌جیاوازه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ئاماده‌یی دووباره‌ی له‌م چه‌ند ده‌یه‌ی دواییدا هه‌بووه‌، رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كانی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان له ‌ده‌ره‌وه‌ی سنوری وڵاته‌كه‌ی فراوانتربووه‌، هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كانی به‌كارده‌هێنێت بۆ فراوانكردنی سنوری ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازی و دیبلۆماسی وڵاته‌كه‌ی له‌ به‌رامبه‌ر نه‌یاره‌ نوێیه‌كانی كه‌ یه‌كڕیزییان له‌ دژی دروستكردووه‌، له‌و وڵاتانه‌ی ئاڵۆزییان تێداییه‌و بوون به‌ گۆڕه‌پانی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌، بۆ پیشاندانی ئاستی هه‌ژموونی وڵاته‌ نه‌یاره‌كان.

توركیا له‌م چه‌ند رۆژه‌ی دواییدا پێشكه‌وتنی گه‌وره‌ی له‌لیبیا به‌ده‌ستهێنا

له‌و ئاڵۆزییانه‌ی ئه‌ردۆغان دروستیان ده‌كات، یه‌كێك له‌ به‌هێزترین كارته‌كانی ده‌ستی به‌رامبه‌ر نه‌یاره‌كانی ئه‌ندامێتی وڵاته‌كه‌یه‌تی له‌ هاوپه‌یمانێتی باكووری ئه‌تڵه‌سی(ناتۆ)، و له‌كاتێكدا ٦٨ساڵ تێده‌په‌رێت به‌سه‌ر ئه‌ندامێتی توركیا له‌و هاوپه‌یمانێتییە، به‌هۆیه‌وه‌ له‌ڕووی سیاسی و دیبلۆماسییه‌وه‌ پێگه‌ی ئه‌نكه‌ره‌ به‌رزبووەته‌وه‌، ئه‌ردۆغان له‌رێگه‌ی ئه‌م كارته‌وه‌ یاری له‌گه‌ڵ نه‌یاره‌كانی ده‌كات، به‌جۆرێك له‌لایه‌ك هه‌وڵده‌دات ده‌ستكه‌وته‌كانی وڵاته‌كه‌ی له‌رێگه‌ی ئه‌م هاوپه‌یمانێتییە‌ گه‌وره‌تر بكات و له‌لایه‌كی تره‌وه‌ سنورێك بۆ زیانه‌كانی وڵاته‌كه‌ی دابنێت له‌رێگه‌ی ناتۆوه‌.

له‌ لیبیا چۆن ئه‌ردۆغان له‌ یاریكردن به‌رامبه‌ر نه‌یاره‌كانی سه‌ركه‌وتووبوو له‌رێگه‌ی ناتۆوه‌؟ توركیا له‌م چه‌ند رۆژه‌ی دواییدا پێشكه‌وتنی گه‌وره‌ی له‌لیبیا به‌ده‌ستهێنا، به‌جۆرێك حكومه‌تی ویفاقی نیشتمانی لیبی كه‌ له‌لایه‌ن توركیاوه‌ له‌رووی سه‌ربازی و دیبلۆماسیه‌وه‌ پشتیوانی ده‌كرێت چه‌ند ناوچه‌یه‌كی ژێرده‌ستی هێزه‌كانی خه‌لیفه‌ حه‌فته‌ری كۆنتڕۆڵكرد كه‌ له‌لایه‌ن ئیمارات و میسره‌وه‌ پشتیوانی ده‌كرێت، ئه‌وه‌ی پاڵپشتی سه‌ركه‌وتنی توركیای كرد له‌ دۆسیه‌ی لیبیادا راگه‌یاندنه‌كه‌ی ناتۆ بوو له‌رێگه‌ی یه‌نس ستۆڵتنبێرگ ئه‌مینداری گشتی رێكخراوه‌كه‌ كاتێك رایگه‌یاند، ئاماده‌ن پشتیوانی حكومه‌تی لیبیا بكه‌ن كه‌ له‌لایه‌ن فائیز سه‌راجه‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرێت، گوتیشی:"پێویسته‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان پابه‌ندی قه‌ده‌غه‌ی هه‌نارده‌ی چه‌ك بن، ئه‌مه‌ش واتای ئه‌وه‌نییه‌ كه‌ ناتۆ به‌یه‌ك چاو سه‌یری حه‌فته‌ر و سه‌راج ده‌كات، به‌ڵكو ناتۆ ئاماده‌ی پاڵپشتی حكومه‌تی ته‌رابلوسه‌".

توركیا دووه‌م هێزی ناو ناتۆیه‌ له‌ڕووی قه‌باره‌وه‌ له‌دوای ویلایه‌ته ‌یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا 

پێش ئه‌م لێدوانه‌، ستۆلتنبێرگ و فایز سه‌راج سه‌رۆكی حكومه‌تی ویفاقی نیشتمانی، به‌ته‌له‌فۆن گفتوگۆیان كرد و تێیدا ئه‌مینداری ناتۆ ئاماده‌ی رێكخراوه‌كه‌ی بۆ حكومه‌ته‌كه‌ی سه‌راج ده‌ربڕی، له‌بواره‌كانی دروستكردنی دامه‌زراوه‌ی به‌رگری و ئه‌منی وه‌ك وه‌ك وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ك بۆ داواكاری سه‌راج.

توركیا دووه‌م هێزی ناو ناتۆیه‌ له‌ڕووی قه‌باره‌وه‌ له‌دوای ویلایه‌ته ‌یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا به‌یه‌كێك له‌و وڵاتانه‌ داده‌نرێت كه‌ زۆرترین به‌شدارییان هه‌یه‌ له‌ سندوقی گه‌شه‌ی هاوبه‌شی تایبه‌ت به‌ هاوپه‌یمانێتییە‌كه‌، هه‌روه‌ك زۆر باره‌گای سه‌ربازی ناتۆی له‌خۆگرتووه‌ له‌وانه‌ش فه‌رمانده‌ی هێزی ووشكانی كه‌ له ‌ویلایه‌تی ئیزمیری رۆژئاوای توركیایه‌، هه‌روه‌ها سیستمی راداری سه‌ر به‌ناتۆ له‌سه‌رخاكی توركیایه‌.

وا پێده‌چێت توركیا ئه‌م هه‌ژموونه‌ی خۆی له‌ناو ناتۆ وه‌ك ئه‌ندامێكی هه‌میشه‌یی به‌كارهێنابێت بۆ نوێكردنه‌وه‌ی هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ ئه‌بوزه‌بی له‌چه‌ند هه‌فته‌ی رابردوودا، و نه‌مانی ناوی ئیمارات له‌ناو لیستی ئه‌و وڵاتانه‌ی كه‌ به‌شدارن له‌ به‌رنامه‌ی هاوبه‌ش له‌ ناو ماڵپه‌ری فه‌رمی ناتۆ ئه‌و زانیاریانه‌ زیاتر پشت راستده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ی ناتۆ له‌گه‌ڵ ئیمارات نوێ نه‌كراوه‌ته‌وه‌.

ئه‌ردۆغان پشتیوانی خۆی له‌ وڵاتانی ناتۆ به‌ده‌ست ده‌هێنێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌ لیبیا ده‌یكات

به‌ڵام ئایه‌ ڤیتۆی توركی له‌ پشت تازه‌نه‌كردنه‌وه‌ی ئه‌و به‌رنامه‌ هاوكاریه‌یه‌؟ چه‌ند مه‌رجێك دیاریكراون بۆ هه‌ر وڵاتێك كه‌ ده‌بێته‌ هاوبه‌شی ناتۆ، كاتی ئه‌و هاوكارییه‌ دیاریكراوه‌ و ده‌كرێت تازه‌بكرێته‌وه‌، به‌پێی راپۆرتێكی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ئیمارات به‌وه‌ تاوانباركراوه‌ كه‌ پێشێلی ناردنی چه‌كی كردووه‌ بۆ هێزه‌كانی خه‌لیفه‌ حه‌فته‌ر، ره‌نگه‌ یه‌كێك له‌هۆكاره‌كانی نوێنه‌كردنه‌وه‌ی ئه‌و هاوبه‌شییه‌ بۆ ئه‌و هۆكاره‌ بگه‌ڕێته‌وه‌.

به‌پێی راپۆرتێكی لیژنه‌یه‌كی شاره‌زایانی سه‌ر به‌نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ئه‌بوزه‌بی پێشێلی بریاری نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانی كردووه‌ تایبه‌ت به‌قه‌ده‌غه‌ی ناردنی چه‌ك بۆ لیبیا، ره‌نگه‌ ئه‌وه‌ یه‌كێك بێت له‌هۆكاره‌كانی نوێنه‌كردنه‌وه‌ی ئەو به‌رنامه‌یه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ فشاره‌كانی توركیاش، راپۆرته‌كه‌ كه‌ وێنه‌یه‌كی راده‌ستی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشیی نێوده‌وڵه‌تی كراوه‌ باسی ئه‌وه‌ی كردووه‌ نزیكه‌ی 37 گه‌شتی ئاسمانی له‌سه‌ره‌تای مانگی كانونی دووه‌م چه‌ك و پێداویستی سه‌ربازییان پێ بووه‌ و له‌رێگه‌ی كۆمپانیایه‌كی ئیماراتییه‌وه‌ بۆ پشتیوانی خه‌لیفه‌ حه‌فته‌ر ره‌وانه‌ی لیبیا كراوه‌، ئه‌وه‌ش نیگه‌رانی ناتۆی لێكه‌وتۆته‌وه‌ به‌وپێیه‌ی ئه‌میندار له‌ په‌یوه‌ندیه‌ ته‌له‌فۆنیه‌كه‌ی چه‌ند رۆژ پێش ئێستای له‌گه‌ڵ سراج باسی ئه‌وه‌ی كرد كه‌ گرنگه‌ هه‌موو لایه‌ك رێز له‌ پابه‌ندبوونی قه‌ده‌غه‌ی ناردنی چه‌ك بۆ لیبیا بگرن، كه‌ له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ سه‌پێندراوه‌، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ پێشلكردنی له‌لایه‌ن ئیماراته‌وه‌.

به‌رنامه‌ی هاوبه‌شی ناتۆ و ئیمارات

به‌رنامه‌ی هاوبه‌شی نێوان ئیمارات و ناتۆ به‌پێی رێككه‌وتنێك بوو كه‌ له‌ 19ی تشرینی یه‌كه‌می ساڵی 2016 له‌لایه‌ن ئه‌نوه‌ر قرقاش وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیمارات واژۆكراوه‌ له‌گه‌ڵ ناتۆ، له‌رێگه‌ی به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندی دووقۆڵی و هاوكاری كرده‌یی له‌رێگه‌ی چه‌ند ده‌رچه‌یه‌كی گفتوگۆی به‌رده‌وامی هاوكاری له‌بواره‌كانی پرۆسه‌كان و لێكۆڵینه‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن ناتۆوه‌ سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرێت، هه‌روه‌ها ئاڵوگۆڕی زانیاری و به‌رێوه‌بردنی قه‌یران و دۆخی نائاسایی و پلانی ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی تیرۆر و فێربوون و راهێنان له‌خۆده‌گرێت.

له ‌به‌رامبه‌ر سه‌ركه‌وتنی توركیا به‌سه‌ر ئیماراتدا له‌ناو ناتۆدا رۆژنامه‌كانی ئیمارات چه‌ند راپۆرتێكیان بڵاوكرده‌وه،‌ كه‌ تێیدا باسی ئه‌وه‌یان كردووه:"گه‌لانی ئه‌و وڵاتانه‌ی ئه‌ندامی ناتۆن متمانه‌یان به‌و هاوپه‌یمانیه‌تیه‌ نه‌ماوه‌ و توركیا كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئاڵۆزیه‌كانی ناو هاوپه‌یمانیه‌تیه‌كه‌ هه‌یه‌"

توركیا هه‌موو هه‌وڵێكی داوه‌ بۆ دورخستنه‌وه‌ی میسر و ئیسرائیل له‌ چالاكییه‌ سه‌ربازییه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی ناتۆ

هه‌مان شت بۆ لێدوانی به‌رپرسانی میسریش راسته‌، به‌جۆرێك مسته‌فا فەقهی یه‌كێك له‌ دیبلۆماتكاره‌كانی پێشووی میسر له‌ لێدوانێكی ته‌له‌فزیۆنیدا رایگه‌یاند:"ئه‌ردۆغان پشتیوانی خۆی له‌ وڵاتانی ناتۆ به‌ده‌ست ده‌هێنێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌ لیبیا ده‌یكات، جگه‌ له‌ فه‌ره‌نسا كه‌ پاڵپشتی ناكات، هه‌روه‌ها سه‌رۆكی توركیا پاڵپشتی ئه‌مریكاشی هه‌یه‌"

یه‌كه‌مجار نییه‌ توركیا له ‌رێگه‌ی ناتۆوه‌ یاری له‌گه‌ڵ نه‌یاره‌كانی ده‌كات

به‌پێی به‌ڵگه‌نامه‌كانی توركیا كه‌ دزه‌یان كردووه،‌ توركیا هه‌موو هه‌وڵێكی داوه‌ بۆ دورخستنه‌وه‌ی میسر و ئیسرائیل له‌ چالاكییه‌ سه‌ربازییه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی ناتۆ، ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌و دووڵاته‌ گرژی به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌، له‌ناو ئه‌و چالاكیانه‌ی كه‌ توركیا ئاسته‌نگی بۆ دروستكردوون مه‌شق و راهێنانی هاوبه‌شی ساڵی 2015 بووه‌، له‌چوارچێوه‌ی ده‌ستپێشخه‌ریه‌ك كه‌ مێژووه‌كه‌ی بۆ 24ساڵ پێش ئێستا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و وڵاتانی ناتۆ له‌گه‌ڵ وڵاتانی جه‌زائیر و میسر و ئیسرائیل و ئوردن و مۆریتانیا و مه‌غریب و تونس به‌یه‌كه‌وه‌ مه‌شق و راهێنان ده‌كه‌ن.

به‌پێی به‌ڵگه‌نامه‌ دزه‌پێكراوه‌كانی توركیا، ئه‌نكه‌ره‌ رۆڵی هه‌بووه‌ له‌دوورخستنه‌وه‌ی ئیسرائیل له‌مه‌شق و راهێنانی ناتۆ.

ئه‌م راپۆرته‌ له‌ماڵپه‌ری ساسه‌پۆست به‌زمانی عه‌ره‌بی بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ و په‌یسه‌رپرێس كردویه‌تی به‌كوردی