ڕاپۆرتی کوردستانی

04:42 - 23/05/2020

هەر تاكێكی كوردی باشوور چەندە قەرزی بەردەكەوێت؟‌

پەیسەر

وڵاتە قەرزارەكانی جیهان كامانەن؟ هەرێمی كوردستان بەو ژمارە كەمەی دانیشتتوان و بەو ڕووبەرە بچووكەی سەرزەوی كە هەیەتی، خاوەنی نەوتێكی زۆرەو بە بۆری گەورەو بەتانكەر دەفرۆشرێت، ئەمە جگە لە داهاتی ناوخۆو سنوورە نێو دەوڵەتیەكانی، پرسیار ئەوەیە بۆچی قەرزارە، ئەو بڕە پارە قەرزە زۆرەی هاتووەتە سەری كێ هێناویەتی و بۆچی قەرزكراوە؟ سەرۆكی حكومەت جگە لە سەلماندنی قەرزەكان چی لەو بارەیەوە دەڵێت؟ هەرێمی كوردستان لەكوێی وڵاتە قەرزارەكانی دونیادایە؟ 

 

مەسرور بازرانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەڵێت 27 ملیار دۆلار قەرزدارن، بەوەش هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی جیهان لەڕووی قەرزداریەوە دەكەوێتە نێوان دوو وڵاتی ئەفریقی، ب تاكێكی كوردستان 4،474 دۆلار قەرزی بەردەكەوێت، پەیسەر لەم راپۆرتەدا زانیاری دەربارەی قەرزەكانی سەر هەرێم و قەرزی جیهانی خستۆتە ڕوو.

توركمانستان كەمترین قەرزی لەسەرە
ئەگەر وەك وڵاتێكی سەربەخۆ مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكەین ئەوە لەرزی 81 هەمین وڵاتی قەرزداری جیهان دێت، ماڵپەری گڵۆباڵ فایەرپاوەر لیستی وڵاتانی قەرزداری جیهانی بۆ ساڵی 2020 بڵاوكردەوە و تێیدا ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا بە بری 17 تریلیۆن و 910 ملیار دۆلار لەپلەی یەكەمی ولاتانی قەرزداردایە، و وڵاتی توركمانستانیش كە تەنها 539 ملیۆن و 400 هەزار دۆلار قەرزدارە لەكۆتایی پلەدایە.

هەرێمی كوردستان لەنێوان دوو وڵاتی ئەفریقیدا
شەوی رابردوو مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكی ڤیدیۆیدا رایگەیاند حكومەتی هەرێم 27 ملیار دۆلار قەرزدارە، ئەگەرچی نازاندرێت قەرزەكانی سەر هەرێم چەندیان دەرەكین و چەندیان ناوخۆی بەڵام ئەگەر بگەرێینەوە بۆ لیستی گلۆباڵ فایەر پاوەر ئەوە هەرێم دەكەوێتە نێوان هەردوو وڵاتی كینیا و ئەسیوبیا كە لەپلەی 80 و 81 دان، بەجۆرێك كینیا 27 ملیار و 590 ملیۆن دۆلار قەرزدارە و ئەسیوبیاش 26 ملیار و 50 ملیۆن دۆلار قەرزدارە.

قەرزەكانی هەرێم گۆرانیان بەسەردادێت
رۆژی 14ی  شوباتی ئەم ساڵ سەمیر هەورامی وتەبێژی نوسینگەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم بەپەیسەرپرێسی راگەیاند حكومەتی هەرێم 24 ملیار دۆلار قەرزدارە و بری قەرزەكانیش لەلایەن وەزارەتی دارایی و فەرمانگەیەكی تایبەتی ئەنجومەنی وەزیران كە بۆ پرسی قەرزەكان دروستكراوە، لەچوارچێوەی راپۆرتێكدا ئامادەكراوە و دراوەتە حكومەتی عێراق بۆ ئەوەی رێككەوتن لەسەر دانەوەیان بكرێت، بەڵام لەوتارەكەی كاتژمێر 8ی ئێوارەی رۆژی 22ی مانگی سەرۆكی حكومەت بڕی قەرزەكان بۆ 27 ملیار دۆلار زیادیكرد واتا جیاوازی نێوانیان 3 ملیار دۆلارە.

قەرزەكانی سەر هەرێم كەم ناكەن.

مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت لە وتارەكەی ئێوارەی 22ی ئایاردا رایگەیاند" كاتێك داهاتی مانگانەی فرۆشتنی نەوت 700 ملیۆن دۆلار بوو، لەم بڕە داهاتە زیاتر لە 400 ملیۆن دۆلاری بۆ تێچووی دەرهێنانی نەوت و گواستنەوەی و دانەوەی قەرزەكان خەرجكراوە و ئەوەی بۆ خەزێنەی حكومەت گەڕاوەتەوە، تەنیا 300 ملیۆن دۆلار بووە" لەو بەشەدا بە ڕوونی باسی ئەوە دەكات كە بڕی 400 ملیۆن دۆلاری داهاتی نەوت بۆ چەند شتێك خەرج كراوە یەكێكیان دانەوەی قەرز بووە بەڵام لەهەمان كاتدا دەڵێت حكومەتی هەرێم 27 ملیار دۆلار قەرزدارە.

هەر تاكێكی كورد چەند قەرزی بەردەكەوێت؟
بەپێی ئاماری بەرێوەبەرایەتی گشتی ئاماری هەرێم لەساڵی 2019 دا ژمارەی دانیشتوانی هەرێم 6،033،814 كەس بووە، بەوەش هەر تاكێكی هەرێم 4 هەزار و 474 دۆلار781 سەنت قەرزی بەردەكەوێت، ئەوەش لەكاتێكدایە هێشتا ناوی قەرزدەرەكان و جۆری قەرزەكان و چۆنیەتی خەرجكردنیان و هۆكاری وەرگرتنیان بۆ دامەزراوەكانی وەك پەرلەمان و دیوانی چاودێری دارایی و دەستەی دەستپاكی روون نیە، و خەڵكی كوردستانیش هیچ زانیاریەكی دەربارەی ئەو قەرزانە نیە.

جۆرەكانی قەرز لەجیهاندا
دوو جۆر قەرز هەیە لەجیهاندا كە بریتین لە :
قەرزی گشتی ناوخۆی كە تێیدا وەبەرهێنەرانی ناوخۆی وەبەرهێنانی تێدا دەكەن
قەرزی گشتی دەرەكی كە تێیدا لەسەر ئاستی دامەزراوەكان یان وڵاتانی بیانی دەكرێن

بەڵام هێشتا دیار نیە قەرزەكانی سەر هەرێم چەند ناوخۆی و چەندی دەرەكیە، هەروەها مەرجی قەرزدەرەكانیش روون نیە، جگە لەوەی لەجیهاندا پۆلێنێكی تریش بۆ قەرزەكان دیاری كراوە ئەویش لەسەر ئاستی كاتی دانەوەیان، بەجۆرێك بۆ قەرزی كورت ماوە و مام ناوەند و درێژ ماوە دابەش دەكرێن.

قەرزەكان لەسەر ئاستی جیهان 
پەیمانگای پارەداركردنی نێودەوڵەتی لەمانگی تشرینی دووەمی رابردوو رایگەیاند قەرزە دەرەكیە لەساڵی رابردوو رێژەی پێوانەیان تۆماركردووە و گەیشتوونەتە 255 تریلیۆن دۆلار، بەوەش هەر تاكێكی سەر گۆی زەوی نزیكەی 32 هەزار و 500 دۆلاری بەردەكەوێت بەوپێیەی ژمارەی دانیشتوانی سەر گۆی زەوی بە 7 ملیار و 700 ملیۆن كەس مەزندە دەكرێت، لەبەرامبەردا سندوقی دراوی نێودەوڵەتی دەڵێت كۆی قەرزەكان لەجیهاندا بە تایبەت و گشتیەوە گەیشتۆتە 188 تریلیۆن دۆلار ئەوەش یەكسانە بە 230% بەرهەمی جیهان، چاوەروان دەكرێت بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ئاستی قەرزەكان بەرزبكاتەوە بەوپێیەی لەم ساڵدا 8 تریلیۆن دۆلاری تر بچێتە سەر بڕی قەرزەكانی جیهان.