ڕاپۆرتی کوردستانی

05:30 - 23/05/2020

هەڵمەتی پارتە سیاسیەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بۆ داهاتوویەکی گەش‌

پەیسەر

لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا (ڕۆژئاوای کوردستان) ٢٥ پارتی سیاسی لەژێر چەترێکدا کۆبوونەوە. ئەو هەنگاوەک وەک یەکەمین هەوڵ دێت بۆ کۆکردنەوەی لایەنە ناکۆکەکانی ڕۆژئاوای کوردستان.

پارتە سیاسیەکان لەژێر ناوی (پارتەکانی یەکێتی نەتەوەیی کورد) کۆبوونەتەوە و ئامانجیان ئەوەیە کە بۆ بەدیهێنانی دەستکەوتە نەتەوەیی و داواکاریەکانی کورد، پێکەوە کار بکەن.

 

لەوبارەیەوە ماڵپەڕی دوێچەڤێلای ئەڵمانی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ساڵح موسلیم هاوسەرۆکی پێشووی پەیەدە و سەرۆکی کۆمیتەی دیپلۆماسی ئەو پارتە ئەنجامداوە و موسلم پێی وایە کە پەرت و بڵاوی پارتە سیاسیەکان ڕۆژئاوای کوردستان زیانێکی گەورە بە دۆزی کورد لەو پارچەیەکی کوردستان دەگەیەنێت.

ناکۆکیەکان لەبەرژەوەندی دوژمندان
ساڵح موسلیم لە چاوپێکەوتنەکەدا باسی ئەوە دەکات،" دوژمنان لە پەرت و بڵاوی و ناکۆکیەکانی نێوان پارتە سیاسیەکانی ڕۆژئاوای کوردستان سوود دەبینن و پارتەکان لەدژی یەکتری بەکاردەهێنرێن. لەم دواییانەشدا بینیمان، کوردێک دەبەنە لیبیا و لەدژی گەلانی ئەو وڵاتە شەڕ دەکات و بەکاری دەهێنن.بۆچی؟ کورد لێرە کێشەی خۆی هەیە. پێویستە کورد یەکبگرێتەوە و ئەو هێڵە سوورانەی کە لەبەرانبەر یەکتری دانراون، پێویستە بسڕێنەوە.

لە نێوان ئەو پارتانەی کە لە ژێر چەتری (پارتەکانی یەکێتی نەتەوەیی) کۆبوونەتەوە، بە تەنها کورد نین بەڵکو لایەنی عەرەبی و ئاشووریشیان تێدایە. ئەو بزوتنەوانە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە لە باکووری سوریا کار دەکەن و پەیوەندیەکانی باشیان لەگەڵ پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە) دا هەبووە.

ئەگەر پەیوەندیان باشە بۆچی لەژێر چەترێک کۆدەبنەوە؟
وەک وتم ئەم یەکگرتنە بە تەنها بۆ کورد نییە، بەڵکو نەتەوەکانی تریش بەشدارن. ئەم یەکگرتنەی کورد بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر کوردەکانی عێراق و تورکیاش دادەنێت.

لە لایەکی ترەوە وەک باشووری کوردستان، هەروەک چۆن کێشە لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ڕوویدا و هەیە، لە ڕۆژئاوای کوردستانیش ئەو کێشەیە دروست بووە.

لە نێوان پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) و ئەنجومەنی نیشتیمانی کوردی – سوریا (ئەنەکەسە) کە لەساڵی ٢٠١١دا دامەزرا، ناکۆکی لەسەر هەندێک پرسی وەک، پەیوەندیەکان لەگەڵ تورکیا دەبێت چۆن بێت، داهاتووی کوردانی سوریا بە کوێ دەگات و دەبێت مامەڵە کورد لەگەڵ ڕژێمی سوریا چۆن بێت، ناکۆکی دروست بوو و تا ئێستا بەردەوامە.

لە نێوان هەردوولا زۆر جار کۆبوونەوە ئەنجامدران، بەڵام هیچ ئەنجامێکیان نەبوو و سەرکەوتوو نەبوون. لەم دواییانەدا بە نێوەندکاری ئەمریکا و فەڕەنسا دانوستانەکان جارێکیتر دەستیان پێکردەوە. تا ئێستا هیچ ئەنجامێکیان نییە، بەڵام لایەنەکان سوورن لەسەر ئەوەی بەردەوامی بە دانوستانەکان بدەن.

 

یەکێک لە ئامانجەکانی کۆبوونەوەی ٢٥ پارتی سیاسی لە باکووری سوریا لە ژێر یەک چەتردا، ئەوەیە کە پەرە بە پەیوەندیەکانی نێوان پەیەدە و ئەنەکەسە بدەن.

لە قۆناغی سەرەتادا لایەنەکان پێکەوە کۆدەبنەوە و هەوڵی کەمکردنەوەی ناکۆکیەکان دەدەن و لە قۆناغی دووەمیشدا کۆمیتەیەک لە ٧ ئەندام لە هەردوولا و لایەنەکانی تر پێک دێت.


ساڵح موسلیم باسی ئەوەشی کرد کە ئەنەکەسە بە تەنها دەیەوێت دانوستان لەگەڵ پەیەدەدا بکات و وتی، " پەیەدە بە تەنها پارتێکە و نوێنەرایەتی هەموو وڵات ناکات. (پارتەکانی یەکێتی نەتەوەیی) پێکەوە نوێنەرایەتی بەشێکی زۆر کۆمەڵگا دەکەن و هەم لەگەڵ ئەنەکەسە و هەم لەگەڵ لایەنەکانی تر دانوستان دەکەن و ئێمە پێمان باشە پڕۆسەیەکی هابەش بەڕێوەببرێت."

ئەمە بە تەنها پرسی پەیەدە نییە. پرسی ئەو ٢٥ پارتە سیاسیەکی تری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریایە. هەموو پارتێک ئازادە، بەڵام بڕیارەکە وایە کە هەموو پارتەکان پێکەوە دانوستان لەگەڵ ئەمریکا و ئەنەکەسا بکەن و ئەوەش لە ڕێگەی کۆمیتەیەک یان شاندێک دەبێت."

ساڵح گەدۆ سکرتێری گەشتی پارتی چەپی دیموکراتیش لەبارەی دانوستانەکانی نێوان پارتەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بۆ هەمان ماڵپەڕ قسەی کرد و وتی، یەکێتی نێوان پارتە سیاسیەکان دەستکەوتنی زۆری ئابوری و سیاسی مسۆگەر دەکەن.

سکرتێری گەشتی پارتی چەپی دیموکراتیش باسی ئەوەشی کرد کە پێویستە لایەنە کوردیەکان بەرژەوەندی ناوچەیەکان لەبەرچاو بگرن و پەیوەندیەکانیان لەگەڵ یەکتری لە پەیوەندیەکانیان لەگەڵ لایەنە دەرەکیەکان باشتر بکەن.

گەدۆ پێی وایە ئەم دانوستانانە بە ئاقارێکی باشدا دەڕۆن و لە داهاتوودا ئەنجامی باشیان دەبێت.