ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

05:51 - 23/05/2020

ئایا کازمی وەک سەدام حسێنی پێدەكرێت؟‌

پەیسەر

عێراقی سەردەمی سەدام حسین بەبەراورد لەگەڵ سەردەمی دوای ئەو بۆ عێراقیەكان بەراورد ناكرێت، هەرچەندە سەدام حسین دیكتاتۆرێكی بێ بەزەیی بوو، لەبەرامبەر نەتەوەو ئاینزای شیعەدا نەرمی نەدەنواند ، بەڵام كۆمەڵێك كاری هەبوو كە كە توانیبووی عێراق لە چاوی دەرەوە بپارێزێت، ئەو هەرچەندە خۆی كەسێكی سەربازیی نەبوو، بەڵام هەمیشە نیشانەی سەربازیی لەسەر شان بوو، نەك هەر ئەوە بەڵكو فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانیش بوو.

مستەفا کازمی دوای ئەوەی وەک سەرۆک وەزیران دیاریکرا بەڕێوبەرایەتی چەندین یەکەی گرنگی گرتە ئەستۆ. کە ئەمە دیمەنێکە تا ئێستا هیچ عێراقییەک لە کۆتایی سەردەمی سەدام حسێنەوە بەخۆیەوە نەبینیوە.

کازمی تاکە کەسی سەربازی بوو کە توانی بەم پێگەیە بگات و ئەمەش پرسیارگەلی زۆری لای خەڵک دروست کردووە و نیشانەی پرسیار خرایە سەر ئەو جۆرە ستراتیژییەی لە بەڕێوەبردنی وڵاتەکەدا بەرجەستەی دەكات.

ئەم دیمەنە وایکرد هاوڵاتیان و فیگەرە دیارە عێراقییەکان ماوەی دەسەڵاتی سەربازی سەردەمی سەدام حسێنیان بیربکەوێتەوە. چونکە بەردەوام بە پۆشاکی سەربازییەوە لە چالاکییە نەتەوەییەکاندا دەردەکەوت و پۆشێنی هەمان جلوبەرگی بەسەر وەزارەتەکان و خەڵکی مەدەنیدا فەرز دەکرد.

سەدام حسێن كەسێكی سەربازیی نەبوو بەڵام ئەو ماوەیەی لەسەر دەسەڵات بوو، یاسای تووندی سەربازی هەبوو بەرامبەر ئەوانەی جێبەجێیان نەدەکرد. لەگەڵ کازمیشدا هەمان دیمەنی دووبارە دەبینین، یەکەم هەنگاوی بە دیاریکردنی دوو کەسایەتی سەربازی بۆ وەزارەتی بەرگری و وەزارەتی ناوخۆ دەستیپێکردووە ، کە ئەوانیش (عوسمان غانمی و جومعە عیناد)ن و لە دیارترین ئەفسەرە گەورەکانی سەردەمی شەڕی دژی دەوڵەتی ئیسلامی داعشن. ئەمەش لەدوای ٢٠٠٣ەوە ڕووینەداوە کە دوو ئەفسەری سەربازی ببنە بەرپرسی دوو وەزارەت لەماوەی یەک حکومەتدا.
هەروەها هەنگاوەکانی دواتری بریتی بوو لە گەڕاندنەوەی عەبدولوەهاب ساعدی بۆ بەشی دژە تیرۆر و دیاریکردنی وەک بەرپرسی بەشەکە لەدوای بەرزبوونەوەی پێگەی خۆی. کازمی ساعدی بە "رفیق" بانگ دەکات کە ئەوەش تایبەتمەندییەکی صەدام بوو و کەسانی ناو پارتەکەی بە "رفیق" بانگدەکرد.

کازمی لەڕێی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە هەرەشەی ئاراستەی براگەورەکەی عیماد کرد کە نابێت ناوی ئەو لە کەرتەکانی دەوڵەتدا بۆ چوونەپێشەوەی خۆی بەکاربهێنێت، هەروەها لە دوایین سەردانیدا بۆ بارەگاکانی بەغدا، جلوبەرگی حەشدی شەعبی پۆشی.

ئیدریس مالوڵـڵا ئەلزوبعی، توێژەر لەو بارەیەوە دەڵێت " پۆشینی جلوبەرگی فەرمی سەربازیی چیتر لەگەڵ ڕۆحی سەردەم و ئازادی هاوڵاتیاندا ناگونجێت، چونکە ئەزمونی کودەتا سەربازییەکان و هەوڵدان بۆ فەرزکردن و جێبەجێکردنی یەک سیستم، یەکێک بووە لە مەرجەکانی دەسەڵاتداری دیکتاتۆری و سیستمی  زۆرداریی."

هەروەها بەبڕوای ئەلزوبیعی "کازمی باشترین بەدیلە بۆ سەرۆکایەتیکردنی وڵاتێک بەڵام دوور لە یاسای سەربازیی، سەرەرای ئەوەی لە ڕێکخراوێکی سەربازی هەستیارەوە هاتووە."

لەبارەی گرنگی پەیرەو کردنی یاسایەکی سەربازی تووندەوە دکتۆر کەریم قەرەچەتانی، مامۆستای زانکۆو شارەزای دەرووناسی دەڵێت "وڵاتەکە لە ئێستادا پێویستیبە دیکتاتۆرێکی دادپەروەرە تا کاروبارەکانی وڵات لەم هەلومەرجی ژاوەژاوەدا بەڕێوەببات و جیاوازی لەنێوان گروپێک و گروپێکی دیکەدا نەکات."

هەروەها دەشڵێت "بەکارهێنانی هێز و دەسەڵات بەوجۆرەی سەدام حسێن بەکاریدەهێنا، کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر وڵاتەکە هەیە و رۆلێکی ئەرێنی دەبینێت لەچاو ئەو دیموکراسییەتەی شکستی هێنا و لە دروشمێک زیاتر هیچیتر نەبوو" گوتیشی "ئەو سیستمە عێراقی کردبووە جەنگەڵستانێک بۆ هەر کەسێک کە خاوەنی تفەنگ و دەسەڵات بوایە و لەسەر هەژماری هەژاران وەک یاسا دانەرێک مامەڵەی دەکرد."

بەڵام بۆچوونێكی دیكەش دەڵێت نە ناوخۆی عێراق و نە هەلومەرجی ناوچەیی و نێو دەوڵەتیش نایانەوێ دۆخی عێراق گۆڕانكاریی بەسەردابێت و دەخوازن وەك خۆی بمێنێـتەوەو كەس بەكەس نەبێت.