ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

04:35 - 24/05/2020

فۆتۆگرافەرێكی عێراقی دۆکیومێنتی سەردەمی زێڕین بڵاو دەكاتەوە‌

پەیسەر

بەدوور لە سیاسەت، لەتیف عانی فۆتۆگرافەری عێراقی کۆمەڵێک وێنەی ڕەش و سپی شاری بابلی کۆن و وێنەی خوێندکاران و منداڵانی دۆکیۆمێنت کردووە و نماییشیان دەکات. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو جەنگ و ململانێیانەی عێراق لە ساڵەکانی ڕابردوودا بەخۆیەوە بینیوە، ڕەنگە قورس بێت باوەڕبکەین کە ئەو وێنانە لە عێراق گیراون.

هەرچەندە وێنەکان بە ڕەش و سپی گیراون، زۆرینەی خەڵک پێیان وایە وێنەکان زۆر لایەنی پرشنگدار و ڕەنگینتر لە واقیعی ئێستای عێراق پیشان دەدەن.


وێنەی ژنێکی عێراقی لە بەغدا، ساڵی ١٩٦١

لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ سی ئێن ئێنی عەرەبی، عانی لەبارەی تامەزرۆیی خۆی بۆ ڕابردوو گوتی "بۆ ئەو نەوەیەی پێوەرەکانی ژیانکردنی شەستەکان و حەفتاکانیان بینیوە و ئەزموون کردووە، هەلومەرجی ئێستا بۆیان ئازاراوی و جەرگبڕە."

مزگەوتی حەیدەر لە شەقامی ڕەشیدی بەغدا، ساڵی ١٩٦١
ئەگەر لەکاتی تەماشاکردنی وێنەکانی عانیدا هەستت بە نامۆیی دەکەیت، خەمت نەبێت بەتەنها تۆ نیت ئەو هەستەت هەیە، عانی لەوبارەیەوە گوتی "کاتێک خەڵکی لایەنە هونەری، تەندروستی و وەرزشی فۆتۆکان و ئەو وێنانە دەبینن کە بازدانێکی گەورەی ئابووری و  بەرهەمهێنان لە عێراقدا پیشان دەدەن لە شەستەکان و حەفتاکاندا، سەرسامدەبوون."

پڕۆژەی نیشتەجێبوونی یەرموک لە بەغدا، ساڵی ١٩٦٢
لە وێنەکانی عانیدا، مرۆڤ هەندێک لەبارەی لایەنی تەلارسازیی عێراقەوە دەبینێت، لەڕێی پیشاندانی پردی سامەرا و خانووە هاوشێوەکانی ناوچەی یەرموک لە بەغدا.

سەیرانێکی خێزانی لە پارێزگای سەلاحەدین لە عێراق، ساڵی ١٩٧٠
وێنەکانی عانی بەدەر نەبوون لە وێنەی کۆمەڵایەتی وەک خوێندکاران لە کاتی خوێندنی وانەی وەرزشدا لە خوێندنگەکانی بەغدا، ژەندنی موزیکی خوێندکارێک و خوێنکارێکی زۆر گەنج کە شوانی ماڕ و ماڵاتە.

کاتی نانی نیوەڕۆ لە خوێندنگەیەکی حکومی لە بەغدا، ساڵی ١٩٦١
لەنێوان وێنەکاندا، عانی ئاماژەی بەوە داوە "زۆرینەی بینەرانی وێنەکانم، زیاتر حەز بە وێنەی ئەو کچە بچوکە دەکەن کە شوشەیەکی شیری بەدەستەوەیە هەروەها ئەو کچانەی پەروەردی وەرزشی وەردەگرن."

شاری بابلی کۆن، ساڵی ١٩٧٠
"سەردەمی وێنە سەردەمێکی نەمرە"
عانی دۆکیۆمێنتی دیمەنی جیاوازی لەناوچە جیاوازەکانی وەک بەغدا، سامەرا و نەینەوا کردووە. لەگەڵ ئەوەشدا، کاتێک پرسیاری لێکرا ئەو ناوچانە کامانەن کە هێشتا لە دڵی ئەودا قورسایی خۆیان هەیە گوتی "هەموو عێراق" و هەروەها گوتیشی "دەکرێت شوێنەکان بگۆڕێن یان شوێنەواریان نەمێنێ، بەڵام لەڕێگەی وێنەوە دەمێننەوە و سەردەمی وێنەش سەردەمێکی نەمرە."

شوانێک لە بەغدا، ساڵی ١٩٦٢
بە بڕوای عانی وێنەگری نەوەی تەکنەلۆژیا "هەموو شتێکی وێران کردووە" ئاماژەشی بەوەدا کە ئەو سەر بە نەوەیەک بووە کە وێنەیان دروستکردووە و ئەو ململانێیەی ڕووبەرووی نەوەی نوێ دەبێتەوە ئەوەیە ناتوانن بەبێ بەکارهێنانی کۆمپیوتەر وێنەیەک بخولقێنن.

پردی سامەرا، ساڵی ١٩٦٠
عانی گوتی کە نایەوێت جارێکیتر بگەڕێتەوە سەر پیشەی وێنەگرتن چونکە "غوبارێکی پیس بەسەر ژیانی گشتی و بەسەر هەموو عێراقەوە نیشتووەتەوە."

وانەی موزیک، بەغدا ساڵی ١٩٦٠
عانی کۆتا وێنەی پیشەیی خۆی لە ساڵی ١٩٧٧ دا گرتووە.

کچان لە خوێندنگەیەکی بەغدا وەرزشدەکەن، ساڵی ١٩٦٠

لەگەڵ ئەوەشدا گوتی ئەگەر بێت و جارێکی دیکە بیەوێت کامێراکەی بەدەستەوە بگرێتەوە ئەوا "وێنەی هەیەجان و ئاگایی گەنجانی عێراقی دەگرێت و بەشدار دەبێتە لە هێنانەدی گۆڕانکارییەک دوور لەو ململانێ خێڵەکییەی ساڵانی ڕابردوو بەرهەمیان هێناوە." دواجار عانی گوتی "ئەگەر بمەوێت وێنەیەک بگرم، یەک وێنەی پێکەوەیی هەمووان دەگرم لەپێناو هیوای داهاتوودا."