ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

06:08 - 27/05/2020

عێراق بۆ مووچه‌ وڵاتانى كه‌نداو ده‌گه‌ڕێت و ئێران توڕه‌یه‌‌

پەیسەر پرێس

عێراق بۆ سه‌قامگیریى پێویستى به‌ ئێرانه‌، بۆ پاره‌ش به‌ ئه‌مریكا و وڵاتانى کەنداو، له‌و نێوانه‌دا ناتوانێت ده‌ست له‌ هیچ كام له‌م نه‌یارانه‌ى یه‌كدى به‌ربدات. مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق، به‌زوویى ده‌ستى به‌ هه‌نگاوه‌كان كرد، به‌ره‌و رووى نه‌یاره‌كانى تاران، پێده‌چێت ئه‌م دۆخی بێ پاره‌یى و بێ ده‌ره‌تانییه‌ى عێراقى تێكه‌وتووه‌، به‌ ناچارى وڵاته‌كه‌ بخاته‌ قوڵایى زه‌لكاوى ململانێ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌وه‌.

پێده‌چێت كابینه‌كه‌ى مسته‌فا كازمى پێش ده‌ستپێكردنى دانوستانه‌كانى ئه‌مریكا و عێراق، كه‌ بڕیاره‌ له‌ داهاتوویه‌كى نزیكدا به‌ڕێوه‌بچێت، بییه‌وێت چه‌ند هه‌نگاوێكى خێراو دڵخوازى واشنتن هه‌ڵبنێت. هه‌ر بۆیه‌ش ئاڕاسته‌ى رۆشتنى حكومه‌ته‌كه‌ى رووه‌و ئه‌مریكا روونتر بووه‌ته‌وه‌، ئه‌گه‌رچى سه‌رۆك وه‌زیران باش له‌ پێگەی دیارى ئێران و په‌لوپۆى ئه‌و وڵاته‌ له‌ عێراق شاره‌زایه‌.

عێراق له‌ كه‌نداو بۆ مووچه‌ ده‌گه‌ڕێت

عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراق، سعودیه‌، ئیمارات و كوه‌یت ده‌گه‌ڕێت بۆ مووچه‌، بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێت مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى دابین بكات، كابینه‌كه‌ى كازمى هاوكارى زۆرى پێویسته‌ بۆ پڕكردنه‌وه‌ى كورتهێنانه‌كانى. له‌لایه‌كى دیكه‌شه‌وه‌ ئێران ده‌یه‌وێت له‌رێگه‌ى باڵه‌ سیاسى و سه‌ربازییه‌كانه‌وه‌ له‌ عێراق ئه‌م نزیكبوونه‌وه‌یه‌ رابگرێت. ئه‌گه‌رچى عه‌لاوى له‌ سه‌ردانه‌كه‌یدا دڵنیاییدا،"ئەم گۆڕانکارییانە لە زیانی بەرژەوەندییەکانی وڵات و لایەنێکی دیاریکراو نابێت".

ئێران باڵه‌كانى ده‌خاته‌ كار

رۆژنامه‌ى العرب له‌ راپۆرتێكدا ئاماژه‌ى به‌وه‌كردووه‌، ئێران باڵه‌كانى خۆى له‌ عێراق به‌كارده‌هێنێت، له‌پێناو دروستكردنى ئاسته‌نگ بۆ ئه‌و گفتوگۆ ستراتیژییانه‌ى له‌نێوان عێراق و سعودیه‌دا بوونى هه‌یه‌. بۆ ئه‌مه‌ش هه‌ڵمه‌تێكى به‌فشارى سیاسى و میدیایى بۆ سه‌ر حكومه‌ت ده‌ستپێكردووه‌.

به‌پێى راپۆرته‌كه‌ ئێران بۆ ئه‌م پلانه‌ نوێیه‌ى عێراق-سعودیه‌، ته‌نگ به‌ بوونى ئه‌مریكا له‌ عێراق هه‌ڵده‌چنێت، له‌ دۆخێكدا عێراق زۆر پێویستى به‌ پاراستنى په‌یوه‌ندى خۆیه‌تى له‌گه‌ڵ واشنتن و له‌ قه‌یرانێكى دارایى قورسدایه‌، ئه‌وه‌ش له‌پێناوى ئه‌وه‌ى كازمى ناچار بێت له‌ پردى سعودیه‌ بكشێته‌وه‌، ئه‌گه‌رنا كێشه‌ى ئه‌منیى قوڵ سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن. ئاماژه‌ى به‌ لێدوانێكى نوێى قه‌یس خه‌زعه‌لى ئه‌میندارى عه‌سائیبى ئه‌هلى حه‌ق كردووه‌، كه‌ قسه‌ى توند ده‌كات و هه‌ڕه‌شه‌ له‌ بوونى ئه‌مریكییه‌كان ده‌كات. 

خه‌زعه‌لى گوتى:"عێراقییه‌كان ئاماده‌ن بۆئه‌وه‌ى رۆحى خۆیان پێشكه‌ش بكه‌ن له‌پێناو سه‌روه‌رى عێراقدا". داواى کرد ئه‌مریكا هێزه‌كانى بكشێنێته‌وه‌ له‌ عێراق. جه‌ختیكرده‌وه‌، عێراقییه‌كان‌ مانه‌وه‌ى ئه‌مریكا قبوڵ ناكه‌ن. 

ئێران و كازمى

كاتێك كازمى بووه‌ سه‌رۆك وه‌زیران، بۆ زۆربه‌ى چاودێران هه‌ڵوێستى ئێران نوێ و کوتوپڕ ‌بوو كاتێك تاران پشتیوانى كرد و پێشوازى لێكرد. هه‌رچه‌نده‌ بۆچوونى باو ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سه‌فقه‌یه‌ك له‌ پشتى په‌رده‌وه‌ ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ نوێیه‌ى هێنایه‌بوون، به‌ڵام به‌م دواییانه‌ پێگه‌ى میدڵ ئێست ئاى، ناوه‌رۆكى نامه‌یه‌كى عه‌لى خامنه‌یى رێبه‌رى باڵاى ئێرانى بۆ عه‌لى سیستانى مه‌رجه‌عى شیعه‌كانى عێراق بڵاوكرده‌وه‌. 

مێژووى گه‌یشتنى نامه‌كه‌ بۆ كۆتایى ئازارى رابردوو ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كاتێك ئیسماعیل قائانى، شوێنگره‌وه‌ى قاسم سوله‌یمانى گه‌یشته‌ عێراق و له‌گه‌ڵ سه‌ره‌ گه‌وره‌كانى شیعه‌ كۆبووه‌وه‌، چه‌ند خاڵێك له‌ نامه‌كه‌دا په‌رده‌ له‌سه‌ر دۆخێكى نوێى سیاسى لاده‌دات، پێگه‌ى نوێى ئێرانیش له‌ عێراق ده‌خاته‌ به‌رچاو.

خامنه‌یى نوسیویه‌تى، كارووبارى سیاسى عێراق، بۆ عێراقییه‌كان خۆیان جێده‌هێڵن.‌ سه‌باره‌ت به‌ دیاریكردنى پۆستى سه‌رۆك وه‌زیران ده‌ڵێت‌:"دیاریكردنى سه‌رۆك وه‌زیران، كاروبارى ناوخۆیى عێراقه‌، ئه‌م كاره‌ بۆ سه‌ركرده‌ عێراقییه‌كان جێده‌هێڵین بڕیارى لێ بده‌ن. ئێرانییه‌كان، ناوێكى دیاریكراو ره‌ت ناكه‌نه‌وه‌ بۆ پۆستى سه‌رۆك وه‌زیران، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پشتیوانى سه‌رۆك وه‌زیرانێك ناكه‌ن، دوژمنایه‌تى ئێران بكات، یاخود دوژمنایه‌تى هاوپه‌یمانه‌كانى ئێران بكات له‌ عێراق".

به‌پێى ناوه‌رۆكى په‌یامه‌كه‌، ئه‌گه‌رچى ئێران له‌دۆخێكدا نه‌بێت كه‌ به‌ر به‌ هه‌ژموونى ئه‌مریكا بگرێت لە دانانى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق، به‌ڵام رێگه‌ش ناده‌ن نه‌یارێكى ئێران له‌سه‌ر ته‌ختى ده‌سه‌ڵات بێ گرفت دابنیشێت. ره‌نگه‌ ئێران ئێستا بییه‌وێت له‌رێگه‌ى جوڵاندنى گروپه‌ توندڕه‌وه‌كانه‌وه‌، به‌ پراكتیك ئه‌م په‌یامه‌ جێبه‌جێبكات، به‌و پێیه‌ى تاران به‌ نزیكبوونه‌وه‌ى به‌غدا و ریاز قه‌ڵسه‌و ده‌زانێت له‌سه‌ر حسابى پێگه‌ ئابوورى و سیاسییه‌كه‌یه‌تى له‌ عێراق. به‌ڵام به‌غدا چارى نییه‌ و پاره‌ى له‌ ریاز ده‌ستده‌كه‌وێت نه‌ك له‌ ئێرانییه‌كان. 

ئه‌مجه‌د عقابى په‌رله‌مانتارى سائیرونى موقته‌دا سه‌در، سه‌باره‌ت به‌مه‌ ده‌ڵێت:"پێویسته‌ ئێران، هه‌ستیار نه‌بێت له‌ كاركردنى عێراق بۆ په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ سعودیه‌، به‌ تایبه‌ت له‌مكاته‌دا، كه‌ قه‌یرانێكى دارایى قورس هه‌یه‌ له‌ عێراق، به‌هۆى داڕووخانى نرخى نه‌وته‌وه‌". 

هاوكارى عێراق مه‌رجداره‌‌

پێناچێت وڵاتانى كه‌نداو بیانه‌وێت بێ به‌رامبه‌ر پاره‌ بخه‌نه‌ گیرفانى عێراقه‌وه‌، به‌تایبه‌ت له‌دۆخێكدا كه‌ ئاگادارى وردو درشتى هه‌ژموونى میلیشا ئێرانییه‌كانن له‌ عێراق و ده‌شزانن به‌شێكى ئه‌و پاره‌ى ده‌یده‌ن بۆ مووچه‌ى حه‌شدى شه‌عبى ده‌چێت. 

رۆژنامەی ۆوڵ ستریت جۆڕناڵی ئەمریکی له‌ راپۆرتێكدا ئاماژه‌ى به‌وه‌كردووه‌، وڵاتانی کەنداو بە مەرجی دوورکەوتنەوە لە تاران ھاوکاری بەغدا دەکەن، بەپێی ھەواڵێکی رۆژنامه‌كه‌، وڵاتانی کەنداو بەتایبەت سعودییە و ئیمارات، داوایان لە عێراق کردووە، سنورێک بۆ دەستوەردانەکانی ئێران لە وڵاتەکەیان دابنێت، کە لە (٢٠٠٣)وە ھەژموونیان بەسەر بەغدا سەپاندووە.

به‌غدا چى ده‌كات؟ 

ئیداره‌دانى عێراقى نوێ، له‌یه‌ك كاتدا پێویستى به‌ مامه‌ڵه‌یه‌ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك سه‌رى نه‌یاردا كه‌ هه‌رگیز له‌ مه‌نجه‌ڵێكدا ناكوڵێن، سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێش باش ئه‌و راستییه‌ ده‌زانێت، هه‌ركات ئه‌و هاوسه‌نگییه‌ له‌ په‌یوه‌ندیى عێراق له‌گه‌ڵ وڵاتان تێكچووبێت، كه‌شتییه‌كه‌ى عێراق كه‌وتووه‌ته‌ گێژاوه‌وه.

خۆ ئه‌گه‌ر كازمى نه‌هێڵێت نه‌ شیش بسوتێت نه‌ كه‌باب، به‌ ده‌ستێك هاوكارى و پاره‌ له‌ ئه‌مریكا و وڵاتانى كه‌نداو وه‌ربگرێت و به‌ ده‌ستێكیش ئێرانییه‌كان قایل بكات، ره‌نگه‌ هه‌نگاوه‌كانى كازمیى به‌خێر بشكێته‌وه‌، خۆ ئه‌گه‌ر هه‌ركام له‌و دووبه‌ره‌یه‌ له‌گه‌ڵ عێراق تێكى بده‌ن، بارى سه‌رشانى عێراقى شه‌كه‌ت چه‌ند قات ده‌بێت و ئاوه‌كه‌ش لێڵتر.