ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

12:54 - 28/05/2020

خەونی عوسمانییەت شکۆی تورکیا دەشکێنێت؟‌

پەیسەر پرێس

ماوەی چەند ساڵێکە تورکیا دەستی بە پەلهاویشتن کردووە بۆ دەرەوەی سنورەکانی، بەتایبەت لە سەردەمی دەسەڵاتداریەتی پارتی داد و گەشەپێدان، ئەم پەلهاویشتنەش هەندێک جار بە سود و بڕێک جاریش بە زیان بەسەر ئەنقەرەدا شکاوەتەوە، سوریا یەکێکە لە مەیدانەکانی شەڕی تورکیا بۆ سەپاندنی هەژموون و مانەوە، ئەنجامی تاقیکردنەوەی سوریا کاریگەری قوڵی لەسەر داهاتووی ئەو وڵاتە دەبێت.

سوریا؛ جیهانی بچوک
دوای ئەوەی شۆڕشی گەلانی سوریا گۆڕدرا بە ململانێی چەکداریی و وڵاتەکەش بوو بە مەیدانی درێژترین جەنگی سەدەی نوێ، بەشێکی زۆری دەوڵەتانی ناوچەکە و جیهان دەستیان خستە ناو کاروباری سوریا و راستەوخۆ و ناڕستەوخۆ چوونە ناو شەڕ، پێکدادان و ململانێ سەختەکانی ئەو وڵاتەوە.

تورکیا کە درێژترین سنوری لەگەڵ سوریادا هەیە، درەنگتر بەڵام دواجار هاتە ناو جەنگەکەوە، ئەنقەرە بوو بە یەکێک لە لایەنە سەرەکییەکانی شەڕ و ململانێ سەخت و دژوارەکانی وڵاتە شەکەت و ماندووەکەی شام، ئێستا بەشێکی زۆری جیهان لەگەڵ تورکیادا لە سوریان و ئەو وڵاتە بووە بە جیهانێکی بچوککراوە.

عوسمانییەتی نوێ
بەشێکی زۆری چاودێران کۆکن لەسەر ئەوەی، پارتی داد و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان، خەون بە دروستکردنەوەی تورکیایەکی بەهێزەوە دەبینێت و بە مکوڕیشەوە کاری لەسەر دەکەن، تەنانەت ئەم خەونە بە دروستکردنەوەی عوسمانییەت و بونیادنانی پایەکانی عوسمانییەتی نوێ ناو دەبەن.

تورکیا جگە لەوەی لە رووی پەروەردە، کەلتور و بازرگانییەوە توانی بگات بە دوورترین وڵاتانی جیهان، هەوڵیشیدا لە ناوچە گەرم و پڕ لە ململانێکانی جیهاندا، ئامادەیی سەربازیی هەبێت، هەر بۆیە هێزی سسەربازی خۆی لە چوارچێوەی رێککەوتن بێت یان لەشکرکێشی ناردە بەشێک لە وڵاتان.

شام لە شەکرەوە بۆ ژەهر
شام گەرچی مێژوویەکە لە شەکر بۆ دەیان ملیۆن گەشتیار، خاوەن خەون و کەسی بێوڵات، بەڵام لە دە ساڵی رابردوودا بوو بە ژەهر و ژیانی لە سەدان هەزار هاوڵاتی ئەو وڵاتە وەرگرتەوە، ژەهری سوریا هەر تەنها دەوڵەت و هاوڵاتیانی خۆی نەکرد بە قوربانی، چەندین دەوڵەتی دیکە لە سوریادا کەوتنە ناو شەکری داوەکەوە و زیانی گیانی و ماددی زۆریان پێگەشت، سەرەڕای ئەوەی تورکیا هەمیشە خۆی بە براوە زانیوە، بەڵام بەشێک لە چاودێران باس لەوە دەکەن یەکیک لە نێچیرەکانی داوی سوریا تورکیا بەهێزەکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.

تورکیا لە قوڕەکەدایە؟
لەگەل ئەوەی تورکیا بەردەوام خۆی بە براوە و یەکێک لە لایەنە بەهێزەکانی شەڕی سوریا دەزانێت، بەڵام کەم نین ئەو توێژەر و پسپۆڕانەی پێیان وایە تورکیا لە شەڕی سوریا تێوەگلێندراوە و خراوتە ناو قوڕە خەستەکەی سوریاوە.

سەرەڕای ئامادەیی چەند ساڵی رابردووی ئەنقەرە لەسەر خاکی سوریا، کردنەوەی سەرجەم دەرگاکان بۆ هاتنە ناو سوریا لەلایەن وڵاتە زلهێزەکانەوە، وەک داوێک لێکدەدرێتەوە تاکو تورکیا بکەوێتە ناو قوڕەکەوە و دواتر بۆ رزگاربوون باجی گەورە بدات و پەنایان بۆ بباتەوە.

هێرشەکانی سوپای سوریا (بە قایلبوونی روسیا) بۆ سەر هێزەکانی تورکیا لە پپارێزگای ئیدلب لە شوباتی ئەمساڵ، بە سەرەتای کۆتاییهاتنی رۆڵی تورکیا و خنکانی لە قوڕەکەدا لێکدەدرێتەوە.

جەمال ئۆزکاهرامان نووسەری رۆژنامەی (The jerusalem Post) لە وتارێکیدا باس لە بڕی ئەو بودجە و تێچووە زۆرە دەکات کە تورکیا بۆ ئامادەبوونی لە سوریا خەرجی کردووە و دەیکات.

لەم چوارچێوەیەدا ئۆزکاهرامان باس لەو چاوەڕوانییە زۆرەی ئەردۆغان بۆ پوتین دەکات لە مۆسکۆ لە هۆڵی چاوەڕوانی، کە بە قورس و خراپی بەسەر شکۆی ئەردۆغان و کۆماری تورکیادا شکایەوە.

تورکیا بۆچی لە سوریایە؟
بەرپرسانی تورکیا پاراستنی سنور و هاوڵاتیانی ناوچە سنورییەکانی لەگەڵ سوریا کردووە بە بیانووی بوونی لە سوریا و رایگەیاندووە، مافی خۆیەتی بۆ پاراستنی هاوڵاتییەکانی دەستوەردان لە کاروباری سوریا بکات و تەنانەت هێزیش بهێنێتە ئەو وڵاتەوە.

ئۆزکاهرامان ئاماژە بەوە دەکات بۆ تێگەشتن لە هۆکاری بوونی تورکیا لە سوریا، دەبێت بە وردی لە مێژووی تورکیا بڕوانین و تێیبگەین.

ئەو نووسەرە باس لەوە دەکات، تورکیا بەر لە بەهاری عەرەبی دەستی بە پڕۆسەی کۆتاییهێنان بە نەیارییەکانی لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێ کردبوو، لەوانەش سوریا و هەوڵی سفرکردنەوەی کێشە دەرەکییەکانی دەدا، بەڵام کاتێک سوریا کەوتە ناو شەڕی ناوخۆ و گروپە چەکدارییەکان هەریەکە و بەشێک لە خاکی ئەو وڵاتەیان کۆنترۆڵکرد، بەتایبەت کە هێزە کوردییەکان خاکی رۆژئاوایان کۆنترۆڵ کرد و ئیدارەی "رۆژئاوای کوردستانیان" راگەیاند، تورکیا لە سفرکردنەوەی کێشەکانەوە پەڕییەوە بۆ دەستوەردان لە سوریا، لەژێر ناوی "رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر".

هەڵکردنی گڵۆپی سەوز بۆ تورکیا
لەگەڵ ئەوەی ئەمریکا و روسیا هەرگیز بە ئاشکرا رەزامەندییان بۆ ئامادەیی تورکیا لە سوریا دەرنەبڕیوە، بەڵام دواتر گڵۆپی سەوزیان بۆ سوپای تورکیا هەڵکرد تاکو دەست بە سەر شاری جەرابلوسدا بگرێت، دواتریش و هەر لەسەر رەزامەندیی و بێدەنگی روسیا و ئەمریکا دەستی بەسەر عەفرین و بەشێک لە ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستاندا گرت.

تورکیا نەوەستا تاکو روسیای قایلکرد بە دانانی 12 خاڵی چاودێری و بنکەی سەرابازی بچوک لە ئیدلب، ئەوەش بۆ پاراستنی هێزەکانی خۆی و هاوپەیمانەکانی لەو ناوچەیە.

نووسەر پێی وایە، روسیا کە تێگەشت تورکیا نەیتوانیوە ناوچەکە لە گروپە توندڕەوەکان بپارێزێت کە بەشێکیان هاوپەیمانی ئەنقەرەن، گڵۆپی سەوزی بۆ سوپای سوریا هەڵکرد تاکو هێرش بکاتە سەر سوپای تورکیا، هێرشەکە بووە هۆی کوژرانی 34 سەرباز، کە لە مێژووی سوپای تورکیادا کەموێنە بووە.

گەڕانەوەی عوسمانییەت
جەمال ئۆزکاهرامان چەند هۆکارێکی سەرەکی و پێکەوەبەستراو رووندەکاتەوە بۆ ئامادەیی تورکیا لە سوریا و بەتایبەت ئیدلب؛

کاتێک لە ساڵی 1923 و دوای هەرەسی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی کۆماری تورکیای نوێ دامەزرا، دەوڵەت و نوخبەی بیرۆکراتی تورکیایان لە دەوڵەتە ئیسلامییەکان دابڕی، نوخبە کۆمەڵایەتیی و ئاینییەکەیان لاوازکرد، پیتی عەرەبییان بە لاتینی گۆڕی، پۆشاکی رۆژهەڵاتی و کەلتوری قەدەغە کرا و تورکیایان بەرەو رۆژئاواییبوون ئاڕاستە کرد، بەڵام ئەو ناوچانەی سونە نشین بوون، بە تەواوی ئەم گۆڕانکارییەیان پەسەند نەکرد و قایل نەبوون، ئەو کاتەشی ئەردۆغان هاتە سەر دەسەڵات، خەونی ئەوە بوو ئەم ناقایلبوونەی سەد ساڵ پێش ئێستا زیندوو بکاتەوە، تورکیا بۆ سەردەمی پێش کۆمار بگەڕێنێتەوە و عوسمانییەتی نوێ دروستبکاتەوە، ئەوەش لەڕێگەی هێنانەوەی بابەتە کەلتورییەکان، چاککردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سفرکردنەوەی کێشەکان لەگەڵ جیهانی دەرەوەی خۆیدا.

ئەو کاتەی گروپە چەکدارییەکان دژی حکومەتی سوریا دەجەنگان، تورکیا پشتگیری هەندێکیانی کرد، ئەمەش بە بۆچوونی ئۆزکاهرامان بۆ دروستکردنەوەی پایەکانی عوسمانییەتی نوێ بوو لەکاتی رووخانی حکومەتی دیمەشق.

ئەو کاتەشی هێزە کوردییەکان لە رۆژئاوای کوردستان گروپە چەکدارییەکانیان وەدەرنا، حکومەتی سوریا بە رەزامەندی روسیا بەشێکی زۆری ناوچەکانی کۆنترۆڵکردەوە (جگە لە ئیدلب کە حکومەتی تورکیا سەرنجی خستووەتە سەر) و دۆخی ئیدلب بەرەو ئاستێک هەنگاوی نا کە دوو هەڵبژاردە لەبەردەم ئەنقەرەدا مایەوە، کشانەوە لە ئیدلب و پشتکردنە گروپە چەکدارە هاوپەیمانەکانی.

ئۆزکاهرامان پێی وایە شکستی ئەردۆغان و حکومەتی تورکیا بۆ بەدیهێنانی عوسمانییەتی نوێ و ناتوانایی لە پاراستنی گروپە چەکدارە هاوپەیمانەکانی شکۆ و هەژموونی تورکیای لە ناوچەکە و جیهاندا شکاندووە، ئەمەش وای کردووە ئەنقەرە دەستوەردان لە ئیدلب بکات، بۆ ئەوەی شکۆی خۆی بگەڕینێتەوە.

فۆبیای کوردی
لەنێو هەموو هۆکارەکانی بوونی تورکیا لە سوریا و دەستوەردانە سەربازییکانیدا، بوونی هێز و دەسەڵاتی کورد گرنگترین و دیارترین هۆکارە.

جەمال ئۆزکاهرامان لەبارەی ئامانجی تورکیا لە سوریا و بوونی دەسەڵاتی کوردییەوە دەڵێت، دەستوەردانی تورکیا لە کاروباری سوریا و هێرش و ئامادەییە سەربازییەکانی لە ئیدلب و ناوچە کوردییەکان، پەیوەندی بە "فۆبیای کوردی"یەوە هەیە.

نووسەر پێی وایە، تورکیا هەرگیز قایل نابێت کوردەکان چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن، تەنانەت رێگری دەکات لەوەی کوردەکان لە ناوەوە و دەرەوەی تورکیا بە مافە سەرەتاییەکانی خۆیان بگەن، هەر بۆیە بە هەموو هێزی خۆیەوە لە رۆژئاوای کوردستان، پەلاماری بەشێک لە ناوچە کوردییەکانی دا.

لە ئێستادا تورکیا شەڕی بەدەستهینانەوەی هەژموون دەکات لە سوریا، سەرەڕای هەموو فشارەکان و تەنانەت هێرشەکانی سوپای سوریاش بۆ سەر هێزەکانی، ئامادە نییە خاکی ئەو وڵاتە بەجێبهێڵێت. تاکو ئێستاش ئەردۆغان و حکومەتی تورکیا خۆیان بە سەرکەتوو دەزانن، بەردەوام باس لە پێویستی ئامادەبوونیان دەکەن لە ناو خاکی سوریا و بە مافی خۆیانی دەزانن بەرگری لە سنورەکانیان بکەن.

تورکیا دەیەوێت شام بکات بە شەکر و هەژموونی خۆی بۆ ناوخۆی وڵاتەکەی و جیهانی دەرەوە بسەلمێنێت، بەڵام نەیارەکانی ئەنقەرە لە سوریا زۆرترن لە دۆستەکانی، بۆیە بۆ گەیشتن بەم ئامانجە رووبەڕووی دەیان سەختی و هەڵدانی پیاڵەی ژەهر دەبێتەوە. جەنگی سوریا بەردەوامە و تورکیاش بەهەموو هێز و هەژموونی خۆیەوە لە سوریایە و شەڕی پاراستنی شکۆی خۆی دەکات.