ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

01:58 - 28/05/2020

ئایا ئیسرائیل پشت لە تورکیا دەکات؟‌

پەیسەر

مێژووی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و تورکیا بە چەندین قۆناغی هەستیار و ئاڵۆزدا تێپەڕیوە، سروشتی پەیوەندییەکانی نێوان تەلئەبیب و ئەنقەرە بەجۆرێکە، تێگەشتن لێی سەخت و دژوارە، چونکە ئەوەی لە رووکەشدا دەردەکەوێت، ئەوە نییە لە راستیی پەیوەندی نێوان ئەو دوو وڵاتەدا هەیە.

پەیوەندییەکی دەگمەن
پەیوەندی ئیسرائیل و تورکیا یەکێکە لە پەیوەندییە هەرە دەگمەنەکان، سروشت، ئاست و شێوازی پەیوەندییەکانیان تایبەت و جیاوازە، ئەوەی دەردەکەوێت لەنێوانیاندا، هەرگیز ئەوە نییە کە هەیە لە نێوانیاندا، واتە دوو جۆر پەیوەندی لەنێوان ئەم دوو وڵاتەدا هەیە؛

یەکەم؛ پەیوەندی راگەیەندراو، لەم ئاستەدا ئیسرائیل و تورکیا پەیوەندییەکانیان لە میدیا و لێدوانی بەرپرسانی هەردوولادا دەردەخەن، بەڵام لە راستیدا ئەمە پەیوەندیی راستیی نێوانیان نییە و تەنها بۆ رای گشتی خۆیان و جیهان بەم جۆرە مامەڵە دەکەن و لێدوان لەسەر یەکتر دەدەن.

دووەم؛ پەیوەندی راستی، ئەم پەیوەندییە راستیی و سروشتی پەیوەندییەکانی نێوانیانە، ئاشکرا ناکرێت و بە نهێنیی دەمێنێتەوە و لە میدیادا باس ناکرێت.

بۆ نموونە کاتێک لە میدیاکان و لێدوانی بەرپرسەکانیاندا وا دەردەکەوێت کە پەیوەندییەکانیان زۆر خراپ و ئاڵۆزە، ئەگەر هەیە هەردوولا لە پەیوەندییەکی زۆر باش و بەهێزدا بن و بەپێچەوانەشەوە.

دوژمانیەتییەکی ناچاریی
لەگەڵ ئەوەی تورکیا پەیوەندی بازرگانی و ئابووریی گرنگی لەگەڵ ئیسرائیل هەیە، بەڵام ناچارە خۆی وەک دوژمنی ئەو وڵاتە نمایش بکات و دەربخات.

دوای هاتنە سەر دەسەڵاتی پارتی داد و گەشەپێدان لە تورکیا، ئەنقەرە رووی لە وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی کرد، تورکیا لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانیدا لەگەڵ وڵاتانی ئیسلامی ئامانجی ئەوە بوو ببێت بە "برا گەورە"یان و دەمڕاستی جیهانی ئیسلامی.

لەو دۆسیە و رووداوانەی جیهاندا کە پەیوەندی بە جیهانی ئیسلامی و موسڵمانانەوە هەبووە، تورکیا لە هەموو وڵاتە ئیسلامی و عەرەبییەکان زیاتر پێداگریی کردووە و بەرگری لە موسڵمانان دەکات، ئەمەش پێگەیەکی گرنگی لای موسڵمانانی وڵاتانی عەرەبی و ناعەرەبیش دروستکرد، بەتایبەت بەرگری تورکیا لە فەڵەستینییەکان و هاوکاریکردنیان، وایکرد سۆزی بەشێکی زۆری مسوڵمانان بۆ تورکیا رابکێشێت.

ئەم "برا گەورەییە"ی تورکیا، راستەوخۆ کردی بە دوژمنی ئیسرائیل، بەم جۆرەش تورکیا بەبێ ئەوەی بیەوێت، ناچارە وەک دوژمنی تەلئەبیب و سیاسەتەکانی دەربکەوێت، لەکاتێکدا ئەمە خواستی راستیی دەوڵەتی تورکیا نییە کە پەیوەندییەکی زۆری لەگەڵ ئیسرائیلدا هەیە.

تورکیا بەم دۆستایەتییەی موسڵمانان وڵاتە عەرەبییەکان توانی پشتیوانییەکی گەورەی گەلانی عەرەبیی بەدەستبهێنێت، بەڵام خستییە ناو کێشەی زۆر ئاڵۆزەوە لەگەڵ ئیسرائیل.

ئیسرائیل؛ دۆستێک لەناو دوژمنەکاندا
لەگەڵ ئەوەی ئیسرائیل لە ئێستادا دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیادا چاک بکاتەوە و پەرە بە دۆستایەتیی نێوانیان بدات، بەڵام لە هەمان کاتدا هەوڵی چاککردن و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی دەدات لەگەڵ یۆنان و قوبرس کە نەیاری سەرسەختی تورکیان، بەم جۆرەش تەلئەبیب کە ئێستا دەیەوێت خۆی بەدۆستی ئیسرائیل پیشان بدات و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەنقەرە پەرەپێبدات، رێک لەناو دوژمنەکانی تورکیاوە سەری دەرهێناوە و دەرکەوتووەتەوە.

رۆژنامەی (ئات  لایار)ی ئیسپانی وتارێکی (ئانا رۆدریگز)ی نووسەری بڵاوکردووەتەوە کە باس لەوە دەکات، هاریکاری سەربازیی سیانیی نێوان ئیسرائیل، یۆنان و قوبرس کە لە تشرینی دووەمی (2017)ەوە دەستیپێکردووە، کاریگەریی یەکلاکەرەوە و درێژخایەنی دەبێت لە ناوچەی رۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست.

ئەم هەنگاوەش ئاڵۆزییەکان زیاتر دەکات، چونکە ناکۆکییەکان لەبارەی  کۆنترۆڵکردنی غازی رۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست، ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە زیاتر دەکات و چارەسەرکردنی ململانێکانی لیبیاش قورستر دەبێت.

رۆدریگز لەبارەی داهاتووی ناوچەکەوە ئاماژە بەوە دەکات، دۆخ و داهاتووی ناوچەکە بەندە لەسەر هەڵسوکەوتەکانی تورکیا و بڕیارەکانی هاریکارییە سیانییەکە (ئیسرائیل، یۆنان و قوبرس) کە لە مانگەکانی سەرەتای ئەمساڵدا گەیشتووەتە ئاستێکی پتەو، بۆ دژایەتیکردنی ئامادەیی تورکیا لە ناوچەکە.

لەم کاتەدا کە ئیسرائیل هەوڵی بونیادنانەوەی پەیوەندییەکانی دەدات لەگەڵ تورکیا، وەزارەتی بەرگری یۆنان رایگەیاندووە، سیستمی (هیرۆن)یان بۆ فڕۆکەی بیفڕۆکەوان لە ئیسرائیل بە کرێ گرتووە، لەپێناو سەپاندنی ئاسایش لە سنورەکانیدا، ئەمەش دیسان ئاڵۆزی دەخاتەوە ناو پەیوەندییەکانی نێوان تەلئەبیب و ئەنقەرە.

لە سەرەتای ئەم مانگەشدا (ئایاری 2020)، نوێنەرانی ئیسرائیل و یۆنان واژۆیان لەسەر رێککەوتنێکی نێوانیان کرد، لەبارەی سیستمی (هیرۆن) و بەم جۆرەش هاوکارییە سەربازیی و فڕۆکەوانییەکەی نێوان تەلئەبیب و ئەسینا چووە بواری جێبەجێکردنەوەوە و بەپێی رێککەوتنەکە، سیستمەکە سێ ساڵ بەکاردەهێنرێت، راهێنان بە کارمەندە یۆنانییەکان دەکرێت و سیستمەکەش بەرپرس دەبێت لە پاراستنی ئاسایشی سنورەکانی یۆنان.

نووسەر لەبارەی پێویستی ئەو رێککەتنەوە دەڵێت، یۆنان ترس و گومانی لە چالاکی فڕۆکە بیفڕۆکەوانەکانی تورکیا هەیە لە دەریای ئیجە، بۆیە پەنای بۆ ئەم رێککەتنە لەگەڵ ئیسرائیل بردووە.

پەلهاویشتنی تورکیا
لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا تورکیا هەوڵی پەلهاویشتنی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەی دوورتریش داوە، بەتایبەت لە بواری ئاسمانیی و چاودێرییدا.

بەپێی هەندێک سەرچاوە، لە ساڵانی رابردوودا، تورکیا چەند شێوازێکی فڕۆکەی بێفڕکەوانی پەرە پێداوە، کە رۆڵێکی گرنگیان هەبووە لە ئۆپراسیۆنەکانیدا لە ناوچەکە، بەتایبەت لە عێراق، سوریا و لیبیادا.

بێگەمان ئەم پەلهاویشتنەی تورکیا بە تایبەت لە بواری چاودێرییدا، هەڕەشەیە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا و بەتایبەت لە سنورە ئاوییەکاندا.

دەریای سپی ناوەڕاست؛ ناوەندی قەیران

دەریای سپی ناوەڕاست بە درێژایی مێژووی کۆن و نوێ، شوێنی پێکدادانی بەرژەوەندی نێوان وڵاتان بووە، ئەوەش بەهۆی پێگە جیۆسیاسییەکەیەوە.

دەریای سپی ناوەڕاست گرنگیی جیۆسیاسیی گەورەی هەیە، لە میسرەوە دەرگای دەریای ناوەڕاستە و دەرگای ئەوروپاشە. دۆزینەوەی غازیش لە ناوچەکەدا لەلایەن ئیسرائیل، میسر و لوبانانەوە لە ساڵی 2009، پێگەی جیۆسیاسی ناوچەکەی گرنگتر و کێشە و ئاڵۆزییەکانیشی لەنێوان وڵاتانی ناوچەکە زیاتر کرد.

ماوەیەک پێش ئێستا بەرپرسێکی پایە بەرزی ئیسرائیل بە پێگەی (میدڵ ئێست ئای) راگەیاندبوو، حکومەتی ئیسرائیل دەیەوێت پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ تورکیا پەرە پێبدات.

هاریکاریی و رێککەوتن لەسەر غاز لە رۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست و سوریا، کاریگەریی گرنگی دەبێت لەسەر هاریکاریی و پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و تورکیا.

پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و تورکیا لە ساڵی 2010 چوونە قۆناغێکی ترسناک و تەنانەت پچرانەوە، ئەوەش دوای ئەوەی ئیسرائیل هێرشی کردە سەر کەشتییەکی هاوکاری تورکیا بۆ کەرتی غەززە و لەو رووداوەدا نزیکەی دە هاوڵاتی تورکیا کوژران.

کەشتییەکە بەشێک بوو لە کەشتی ئاشتی و  هاوکاری ئەنقەرەی بۆ کەرتی غەززە دەگواستەوە، لە رێگادا بەرەوڕووی هێرشێکی ئیسرائیل بووەوە، رووداوەکە بووە هۆی بەستن و راگرتنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا و کشانەوەی نوێنەرە دیپلۆماسییەکان.

لە دوای چەند ساڵێک لە ئاڵۆزیی و نەبوونی پەیوەندی، لە ساڵی 2016 هەردوو وڵات دەستیان بە دروستکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان کردەوە. هەردوو وڵات باڵیۆزیان لای یەکتر نییە بەتایبەت دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند پایتەختی قودس ئیسرائیلە.

کۆرۆنا دەبێتە ناوبژیوان؟
لەگەڵ ئەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ زۆربەی وڵاتانی جیهان بوو بە بەڵا و سەختییەکی زۆری بۆ دروستکردن بەڵام رەنگە ببێتە هۆی دروستبوونەوەی پەیوەندی لەنێوان بەشێک لە وڵاتە ناکۆکەکانی جیهان.

دوای دەیان ساڵ لە ئاڵۆزی و کێشمەکێشی نێوانیان، ئەگەر هەیە ڤایرۆسی کۆرۆنا پردی پەیوەندی نێوان تەلئەبیب و ئەنقەرە دروستبکاتەوە.

رۆدریگز پێی وایە ڤایرۆسی کۆرۆنا رووناکی خستووەتەوە سەر پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئیسرائیل.

بەپێی زانیارییەکانی پێگەی (میدڵ ئێست ئای) ئیسرائیل لە هەفتەکانی رابردوودا هاوکاری تورکیای کردووە بۆ گەیاندنی هاوکارییە تەندروستییەکانی ئەنقەرە بۆ کەرتەکانی رۆژئاوا و غەززە.

ڤایرۆسی کۆرۆنا، کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بوونی دوژمنی هاوبەش هەلێکن بۆ نزیکبوونەوەی هەردوولا لە یەکتر.

لەنێوان ئەنقەرە و ئەسینا کامیان؟
ئیسرائیل لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نزیک دەریای سپی ناوەڕاست بۆ دۆستێکی متمانەپێکراو دەگەڕێت تاکو بەرژەوەندییەکانی بۆ بپارێزێت، بەتایبەت لە بابەتی غازی سروشتیدا.

نووسەرەکەی رۆژنامەی (ئات لایار) پێی وایە نزیکبوونەوەی ئیسرائیل و تورکیا لە ئێستادا، ئەگەر هەیە کێشە بۆ پەیوەندییە سێ قۆڵییەکانی نێوان ئیسرائیل، یۆنان و قوبرس دروستبکات، لەگەڵ ئەوەشدا لە ساڵانی رابردوودا وا دەردەکەوێت ئەسینا جێگەی ئەنقەرەی بۆ ئیسرائیل گرتووەتەوە، بەڵام تورکیا ئاسان بێدەنگ و دەستەوسان نابێت و دەست لە بەرژەوەندییەکانی هەڵناگرێت.

رۆدریگز پێی وایە بەگژداچوونەوەی هەژموونی تورکیا، دەبێتە هۆی دروستکردنی هاوپەیمانی لەنێوان ئیسرائیل، میسر، یۆنان و قوبرس.

ئیسرائیل دەیەوێت هەم ئەنقەرەی لەدەستنەچێت هەم ئەسینا بەدەستبهینێت، تاکو بتوانێت هاوسەنگی پەیوەندییەکانی رابگرێت، ئەمەش لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی لە ناوچەکە و بەتایبەت لە ناوچەی دەریای سپی ناوەڕاست.