ڕاپۆرتی کوردستانی

03:52 - 28/05/2020

گۆرانیەکانی هەڵقووڵاوی ژیانی کۆمەڵایەتی و ئەوینداری و نیشتیمانپەروەری بوون‌

پەیسەر

تەحسین تەها لە سەدەی ڕابردوودا بە دەنگ و هونەرەکەی توانی خزمەتێکی زۆر بە گەلەکەی بکات و مۆرکی نەتەوەکەی بپارێزێت، ٢٥ ساڵ بە سەر کۆچی دوایی ئەو هونەرمەندە تێدەپەڕێت، بەڵام تا ئێستاش دەنگێکی زیندووی کوردستان و بە تایبەتی دەڤەری بادینانە.

 تەحسین تەها لە خانەوادەیەکی هونەردۆستی نیشتیمانپەروەردا لەدایک دەبێت و باوکی هانیداوە کە دەست بە هونەری گۆرانیبێژی بکات و باوکیشی شاعرێکی ئەو سەردەمە بووە. تەحسین تەها چەندین شیعری باوکی وەک 'ڕابە جتیار، بەهدینان، چوومە زاخۆکێ' کردووە بە گۆرانی و دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبووە کە تا ئێستاش گوێیان لێدەگیرێت.

هونەرمەند تەحسین تەها لە ساڵی ١٩٤١ لە شارۆچكەی ئامێدی سەر بە پاریزگای دهۆک، لە بنەماڵەیەكی كوردپەروەر لە دایكبووە و هەر لەو شارۆچکەیە قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی تەواو کردووە، لە ساڵی  ١٩٦٠لە كولێژی هونەرە جوانەكان لە بەغدا وەردەگیرێت، بەڵام هەر لەو ساڵەدا بە بیانووی بەشداریکردن لە کار و چالاکی سیاسی دەستگیردەکرێت و لە خوێندن دوور دەخرێتەوە.

 

تەحسین تەها، بەهۆی ڕەنگدانەوەی هەستی نیشتیمانپەروەری لەسەر گۆرانیەکانی چەندین جار زیندانی كراوە، بەرهەمەکانیشی لە نێوان ساڵانی ١٩٦٠-١٩٧٠زیاتر لە ١٢٠ گۆرانییە کە لە ڕادیۆی كوردی لە بەغدا تۆماركراون کە هەموویان هەڵقووڵاوی ژیانی کۆمەڵایەتی و ئەوینداری و نیشتیمانپەروەری بوون.

لە ساڵی ١٩٦٣ـەوە لە لایەن ڕژێمی بەعسەوە لە گەڵ خاڵێکی بە ناوی عومەر، دووبارە دەستگیردەکرێتەوە و زۆر نابات بەر لێبوردنی گشتی دەکەوێت و ئازاد دەکرێت، جارێکیتر دەچێتەوە بەر خوێندن و لە دوای تەواوکردن پەیمانگا بۆ یەکەمجار دەبێتە مامۆستای سرود لە شارۆچکەی مەخمور.


یەكەمین گۆرانیشی بەناوی 'ئەشكەرا ناكەم یا لبەر ڤی دلی' کە نووسین و ئاوازی خۆی بووە و لە ساڵی ١٩٥٨ تۆماری کردووە و ناوبانگێكی زۆریشی پەیدا كردووە، هەروەها وەک ئەکتەریش بەشداریی چەند شانۆیەکی کردووە.

 

تەحسین تەها لە نێوان ساڵانی ١٩٧٦-١٩٧٩دا، لە سێ شانۆی بە ناوەکانی داستانی شۆڕش، ڕووباری ژیان و دەرگاكانی ژیان، ڕۆڵی سەرەكی لە گەڵ هونەرمەندانی دیكەی وەک 'سەلام مەحموود عەدۆ، سوبحی كۆیی، تەحسین سابیر، جەودەت مەحموود، كوردۆ گەڵاڵی، ئەسعەد عومەر، ئامانج یونس، دەگێڕیت.

داستانی شۆڕش، نووسینی شاعیر مەدحەت بێخەو، ئاوازدانەران: وریا ئەحمەد، جان تۆماس، تەلعەت عارف، ڕەنجبەر حەسەن، سەید ئەحمەد بەرزنجی، دەرهێنانی تەحسین تەها، و یاریدەری دەهێنەر سوبحی كۆیی بوو، ئەم شانۆیە لە ساڵی ١٩٧٧ دا، لە فێستیڤاڵی چالاكی قوتابخانەكانی كوردستان و عێراق لە شاری هەولێر و بەغدا دا، خەڵاتی یەكەمی بەدەستهێناوە.

ڕووباری ژیان، هەر لە نووسینی مامۆستا بێخەو و دەرهێنانی تەحسین تەها، یاریدەری دەرهێنەر سوبحی كۆیی بوو، ئاوازداران هەمان هونەرمەندانی پێشوو بوون كە ئاماژەم بەناویان داوە و ئەم شانۆیەش لەساڵی ١٩٧٨دا، لەشاری موسل و هەولێر نمایشكرا و خەڵاتی یەكەمی لەسەر ئاستی كوردستان و عێراقدا بەدەستهێنا.


دەرگاكانی ژیان، لە نووسینی شاعیر نازم دڵبەند لە دەستپێكی ساڵی ١٩٧٩دا بەرهەمهێنرا.

 

سەمیر زاخۆیی موسیقاژەن و هاورێی تەحسین تەها کە دانیشتووی زاخۆیە، دەربارەی کەسایەتی تەحسین تەها دەڵێت: خەڵکی بادینان و زاخۆ بە تایبەت زۆر حەزیان لە دەنگی بوو و بەردەوامی گوێیان لە دەنگی دەگرت، چونکە گۆرانی بۆ نەتەوەکەی دەوت و کەسێکی نیشتمان پەروەر بوو، هاوکات مامۆستا تەحسین هەمیشە خواستی کوردستانێکی سەربەخۆی هەبوو، بۆیە زۆرێک لە گۆرانییەکانی لەو پێناوەدا وتووە.

هونەرمەند تەحسین تەها لەو سەردەمە کە باری کوردستان سەختبووە، چووەتە وڵاتی هۆڵەندا و چەند ساڵێک لەو وڵاتەدا بە ئاوارەیی ژیا، تا لە ٢٨ی ئایاری ١٩٩٥ لە نەخۆشخانەیەکی ئەو وڵاتە بەجەڵتەی دڵ کۆچی دوایی کرد و تەرمەکەی لە دوای چەند ڕۆژێک هێنرایەوە کوردستان و لە ئامێدی بەخاک سپێردرا.