ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

06:34 - 30/05/2020

محەممەد باقر قاڵیباف كێیە؟‌

پەیسەر

پەرلەمانی ئێران رۆژی پێنجشەممە 28-05-2020 بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کۆبووەوە. محەممەد باقر قالیباف نوێنەری تاران و سەر بە باڵی پارێزگاران بە 230 دەنگ لەکۆی 267 دەنگ وەک سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هەڵبژێردرا و بووە شەشەمین سەرۆك پەرلەمانی ئەو وڵاتە كە پێی دەگوترێت (مەجلیس شورا). 

هەر لە کۆبوونەوەیەدا ئەمیر حوسێن قازی زادەی هاشمی بە 208 دەنگ بە جێگری یەکەم و عەلی نیکزاد بە 196 دەنگ بە جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هەڵبژێردران. بەم پێیە هەر سێ کورسی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی ئێران بە نوێنەرانی پارێزكاران پڕکرایەوە.

محەمەد باقر قاڵیباف سیاسەتمەدارێکی پارێزكار (محافیزكار)ی ئێرانییە و بەرپرسی هێزی سەربازی پێشووە کە لە ساڵی ٢٠٠٥ بۆ ٢٠١٧ وەک سەرۆكی شارەوانی تاران کاریکردووە. لە ٢٣ی ئەیلولی ساڵی ١٩٦١ لە خوراسان لەدایك بووە و هەرچەندە هەندێك لە سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن تەنها باوكی لە كوردەكانی ناوچەی خۆراسانە و دایكیشی فارسە، لە هەمان كاتدا بەشێك لە سەرچاوەكانی تر باس لەوەش دەكەن دایكیشی هەر لەكوردەكانی خۆراسان بێت، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە لە هیچ بۆنەیەكی سیاسی و كۆمەڵایەتی و هەموو وێستگەكانی ژیانی ناوبراودا ئاماژەی بەوە نەكردووە ك كورد بووبێت..

ساڵی 1982 و لە تەمەنی 21 ساڵیدا هاوسەرگیریی كردووە، بە پێی هەندێك لەسەرچاوەكان ئیمام خومەینی خۆی هاوسەرەكەی –زەهرا سادات مشیر-ی بۆ مارە كردووە. كە یاریدەدەری سەرۆكی شارەوانی تاران بووە بۆ كاروباری خانمان، بەڵام كاتێك قاڵیباف خۆی بۆ سەرۆك شارەاوانی تاران بەربژێر كردووە دەستی لە كار كێشاوەتەوە.

لە  ساڵی ١٩٨٠ و لە تەمەنی نۆزدە ساڵیدا لە ماوەی جەنگی نێوان ئێران و عێراقدا دەستی بە پیشەی سەربازیی کردووە و ساڵی ١٩٨٢ بووە بە فەماندەی گشتی هێزی چەکداریی ئیمام ڕەزا بووە. هەروەها ساڵی ١٩٨٣بۆ ١٩٨٤ هەڵسوڕێنەری گشتی قەرارگای نەسر بووە.

لەسەرەتای هاتنە سەركاری كۆماری ئیسلامی ئێران و دەركەوتنی كێشەكانی كوردستانی رۆژهەڵات لەگەڵ حكومەتی ناوەندی تاراندا قاڵیباف وەك یەكێك لە فەرماندەكانی سوپا بەرەو كوردستان دێت و كاری كۆكردنەوەی زانیاریی و هەواڵكریی دەكات ئەوەی كە زۆر هاوكاریی دەكات كورد بوونیەتی و دەبێـتە هۆی ئەوەی زانیاری زۆرتر كۆبكاتەوە.

بەر لە كۆتایی جەنگی عێراق و ئێران بووە بە جێگری گشتی هێزەكانی بەسیج.
ساڵی 1997 بە فەرمانی عەلی خامنەئی رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران بووەتە فەرماندەی هێزە ئاسمانیەكانی سەر بە سوپای پاسداران و لەو ڕێگەیەشەوە دەبێتە یەكێك لە فڕۆكەوانە سەركەوتووەكانی ئێران.

كاتێكیش خۆپیشاندانی خوێندكارانی زانكۆی تاران لە 1998 دا دروست بوو، پێداهەڵپرژان لە نێوان سوپا و خوێندكاراندا درووست بوو، چەند بەرپرس و فەرماندەی سەربازیی نامەیەكیان ئاڕاستەی سەرۆك كۆماری ئەو كات (محمد خاتەمی)كرد كە تیایدا نوسیبوویان : ئەگەر حكومەت ئارامی هەڵدەبژێرێت، ئەوا جامی ئارامی ئێمە پڕبووە و لێی دەڕژێت، ئەگەر حكومەت بە زووترین كات چارەسەری ئەو (ئاژاوەیە – وەك ئەوان گوتوویانە) نەكات ئەوا ئێمە دێینە ناو دۆخەكەوە و چارەسەری دەكەین. بە پێی سەرچاوە ئاگادارەكان ئەو نامەیە بە فشاری قاڵیباف و چەند سەركردەیەكی دیكەی سەربازی نوسراوە و لە هەمان كاتیشدا چەندە هەڕەشە و چاو سووركردنەوە بووە لە خوێندكارەكان هێندەش ئاگاداركردنەوەی سەرۆك كۆمار بووە كە چیتر جڵە و بۆ خۆپیشاندانەكان شل نەكات.

وەك سەرچاوەكان ئاماژەی پێدەكەن بەهۆی ئەوەی –هیدایەت لطفیان- فەرماندەی هێزە ناوخۆییەكان نەیتوانی سەركوتی خۆپیشاندانەكان بكات، دەستی لە كارەكەی كێشایەوە و قاڵیباف بووە جێگرەوەی و بەفەرمانی خامنەئی 1999 بوو بە فەماندەی هێزە ناوخۆییەكانی ئێران، یەكێك لە سەركەوتنەكانی لەو بوارەدا چالاككردنی پۆلیس 110 بوو، كە كاری فریاكەوتنی خێرایە.

هێزە ناوخۆییەكانی ئێران لەكاتی فەرماندەیی قاڵیبافدا زۆرترین چالاكی دژ بە خەڵكیان ئەنجام داوە، كەش و هەوای ئازادی و كاری رۆژنامەوانی و كۆنترۆڵكردنی سایت و ئەنتەرنێت بەرتەسك كراوەتەوە، لەو میانەیەدا لە 2002 تا 2003 زۆرترین رۆژنامەنووس دەستگیر كراون..

لەبارەی كۆنترۆڵی كۆمەڵگەشەوە قاڵیباف لە 2004 دا داوای لە ڕێبەری وڵاتەكەی كردووە كە ڕێگەیان پێبدات تا ئەو كارە نەشیاوانەی لەناو كۆمەڵگەدا هەن چارەسەری بكات و ڕووبەڕووی یاسایان بكەنەوە.

كاتێكیش كە سەرۆكی شارەوانی بووە لەلایەن -سایتی معمار نیوز-ەوە ڕاپۆرتێك بڵاوبووەتەوە كە تیایدا ئاماژە بە گەندەڵییەكانی ناوبراو كراوە، كە كار ئاسانی بۆ هەندێك كەس كردووە و بە نیوەی نرخ زەوی گرانبەهای پێبەخشیون، دواتر ئەو تۆمەتانە رەوانەی دادگا كران و لە ئاكامدا تۆمەتەكەی لەسەر ساغ نەبوویەوە و بووە هۆی ئەوەی سەرنوسەری سایتەكە سزای مادی بدرێت، دواجار لە نێو میدیاكانی دژ بە دەسەڵاتی ئێران ئەوە بڵاوبوویەوە كە دادگا لە بەرژەوەندی قاڵیباف بڕیاری داوە، ئەگینا كێشەكە بوونی هەبووە.

یەكێكی دیكە لە كارەكانی محمدباقر قاڵیباف دروستكردنی زیندانێكە بەناوی (كهریزك) كە چەندین كەسی تێدا زیندانی كراوە بەڵام بەهۆی ئەوەی چەند كەسێك لەو زیندانە گیانیان لەدەستدا، بۆیە بووە هۆی ناڕەزایی خەڵك و دواجار بە فەرمانی خودی خامنەئی ئەو زیندانە داخرا.

قاڵیباف بڕوانامەی دکتۆرای لە جوگرافیادا لە زانکۆی تەربیەت مودەریس بەدەستهێناوە. هەروەها خاوەنی بڕوانامەی فڕۆکەوانییە و لە زانکۆی تاران وەك پرۆفیسۆر كاری كردووە.

ساڵی ٢٠٠٢ لە ماوەی کەمپەینی جەنگی قاچاخچێتییدا وەک نوێنەری سەرۆک موحەمەد خاتەمی دیاریکراوە و كارەكانی كردوە. ساڵی ٢٠٠٥ لەلایەن لیژنەی  تارانەوە وەک سەرۆکی شارەوانی تاران کاندیدکراوە و بووتە سەرۆك شارەوانی تاران.

قاڵیباف چەندجارێک خۆی بۆ سەرۆكایەتی كۆمار هەڵبژاردووە و سەرکەوتوو نەبووە.  لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٣دا لە بەرامبەر حەسەن ڕۆحانیدا بە پلەی دووەم هات و ٦،٠٧٧،٢٩٢ دەنگی بەدەستهێنا.

بۆ جاری سێیەم ساڵی ٢٠١٧ خۆی کاندیدکردەوە بەڵام لە بەرامبەر کاندیدی ئیبراهیم رەیسیدا کشایەوە.

محەمەد باقر قاڵیباف لە رۆژی 5شەمەوە 28 ئایار 2020 بە فەرمی بووەتە سەرۆكی پەرلەمان –مجلس شورا اسلامی –ی ئێران، ئەوەی كە چاوەڕێ دەكرێت ئەوەیە پەرلەمانی ئێران بەو ئاڕاستەیە ببات كە توندڕە و پارێزگارەكان ئەو وڵاتە دەیانەوێت، ئەگەر ئەو لە سەردەمی بەسیجییەكەیدا بەرگەی خۆپیشاندانی خوێندكارانی زانكۆی تارانی نەگرتبێت و گوتبێیتی (بەهاوكاریی هاوڕێ و هاوبیرەكانی) جامی ئارامییمان پڕبوو، ئاخۆ چ جۆرە یاسایەك دێننە پێشەوە و لە سەردەمی سەرۆكایەتی ئەودا پەرلەمان و جێبەجێكردنی یاساكان ئێران و كۆمەڵگەی ئێرانی بەكوێ دەبەن؟