ڕاپۆرتی کوردستانی

09:19 - 30/05/2020

چارەنووسی 200 دەرچووی پەیمانگای مامۆستایانی شەنگال نادیارە‌

لەیس حسێن

بە هۆی نەبوونی متمانەی حکومەتی عێراقەوە، تا ئێستا چارەنووسی نزیکەی 200 دەرچووی پەیمانگای مەڵبەندی مامۆستایانی شەنگال نادیارە.

نزیکەی 200 دەرچووی پەیمانگای مەڵبەندی مامۆستایانی شەنگال لەبەر متمانە نەدان بە پەیمانگەکە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی عێراقی فیدراڵ، لە دامەزراندن لەسەر میلاکی پەروەردەی پارێزگای نەینەوا خەریکە بێ بەش دەبن، چونکە پەیمانگەکە سەر بە هەرێمی کوردستانە.

پەیمانگای مەڵبەندی مامۆستایانی شەنگال سەر بە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی قەزای شنگال لە ساڵی 2013 لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دامەزراوە، ئەمەش بەهۆی کەمی لە میلاکی بەشی کوردی لە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی قەزای شەنگال.

لەسەر ئەم بابەتە "ناسر جندی" کە دەرچووی ئەم پەیمانگەیە بە "پەیسەر پرێس"ی وت، ئێمە ژمارەیەکی زۆری دەرچووانی پەیمانگای مەڵبەندی مامۆستایانی شەنگالین، چەند جارێک سەردانی بەرپرسانمان کردووە بەڵام بە چەند بیانوویەک تا ئێستا دامەزراندنمان بۆ نەکراوە.

باسی لەوەش کرد، تاکو ئێستا هیچ لایەنێک لەسەر ئەم بابەتە هەڵوێستی نەبووە.

ناسر بە ڕێگای "پەیسەر پرێس"ەوە داوای لە لایەنی پەیوەندیدار کرد کە بە زووترین کات ئەم کێشە چارەسەر بکرێت.

لەلای خۆیەوە "یاسین ئەحمەد" یاریدەدەری بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزا شنگال بۆ "پەیسەر پرێس" ئاماژەی بەوە کرد، لە سەرەتاوە چاودێری ئەم بابەتەمان کردووە و بە سوپاسەوە بە هاوکاری وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتووین بە رێگا  چارەیەک.

هەروەها ئاشکرای کرد، لە کاتێکی نزیکدا ئەوەی پێویست بێت دەکرێت، چونکە ئەم خوێندکارە دەرچووانە خەڵکی شارەکەن و ماندووبوونی زۆریان بینیوە و شایستەی خزمەتن.

پەیسەر پرێس لەسەر هەمان بابەت پەیوەندی بە لیژنەی دامەزراندن لە پەروەردەی پارێزگای نەینەوا "خالد شاهین" کرد، کە سەرۆکی لیژنەکەیە و ڕایگەیاند، ئێستا و دوای چەندین پەیوەندی و هەوڵی ئێمە لەگەڵ لایەنەکانی دیکە، گەیشتووینەتە چارەسەری ئەم کێشەیە، کە بە هۆی نەبوونی متمانەی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی عێراقی فیدراڵ بە پەیمانگای مەڵبەندی مامۆستایانی شنگال، لیستی مامۆستایانیی دامەزراوی بڵاونەکرابووەوە.

وتیشی، بە زووترین کات لیستی ناوەکان بڵاودەکرێتەوە و دەرچووانی پەیمانگای شنگال وەک هەموو دەرچووانی  دیکە مافیان پێ ئەدرێت و دادەمەزرێن