ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

05:26 - 31/05/2020

هەڵبژاردەکانی واشنتۆن بۆ ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا‌

پەیسەر

لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا پەیوەندییەکانی ئەمریکا و عێراق گۆڕانکاری جیاوازی بەخۆیەوە بینیوە، رانج عەلادینی نووسەر لە ڕاپۆرتێکی شیکاریدا کە لە ماڵپەڕی بروکینگی ئەمریکی بۆ توێژینەوە بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە دەکات واشنتۆن و بەغدا هەلێکی گرنگیان لەبەردەستدایە بۆ دووبارە ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکانیان.

نووسەر لە درێژەی نووسینەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات، " لە دوای ناکۆکییەکانی نێوان عێراق و ئێران بەهۆی کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبولمەهدی موهەندیس، دەکرێت لەنێوان واشنتۆن و بەغدا پەیوەندییەک پێکبهێنرێت کە بۆ هەردوولا کاریگەر و بەسوود بێت."

لە ماوەی پێشوودا مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا عێراقی بۆسەر مێزی گفتوگۆی ستراتیژی بانگهێشتکرد، تاکو لەبارەی پەیوەندی داهاتووی هەردوو وڵاتەکەوە قسە بکەن.

گفتوگۆ ستراتیژییەکە لە زنجیرەیەک کۆبوونەوەی نێوان کەسانی بەرپرسی هەردوو وڵات پێکدێت و گشت لایەنەکانی پەیوەندییەکانیان گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت.

رانج شەش پێشنیار بۆ ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە داهاتوودا  دەخاتەڕوو کە پێکهاتوون لە:

١) یەکە دابەشبووەکان
بەستنی پەیوەندی ماوەدرێژ لەگەڵ بەشێک لە یەکە سەرەکییەکانی هێزەکانی حەشدی شەعبی لەبری داواکاری ئەمریکا بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەموو حەسدی شەعبی. بەتایبەت کشانەوەی میلیشیاکانی لایەنگری عەلی سیستانی لە حەشدی شەعبی هەلێک بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان دەڕەخسێنێت بۆ دروستکردنی پەیوەندی جێگیر لەگەڵیان. هەروەها کار لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق مستەفا کازمی بکرێت تاکو پاڵپشتی سەربازی و ڕاهێنانی سەربازی پێشکەش بکات بەم یەکانە، ئەمەش لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی واشنتن خۆی.

٢) کەمکردنەوەی پێشبینییەکان
نابێت واشنتن پێشبینی ئەوە لە عێراق بکات کە بتوانرێت لەبەردەم هێزە ئێرانییەکانی نێو عێراقدا ڕابوەستێت، چونکە سەرەڕای کشانەوەی هەژمونی ئەم هێزە مێلیشیایانە بەهۆی ڕۆڵە نەرێنییەکانیان  لە نارەزایەتییەکانی ئەم دواییانە و ئەو بۆشاییەی مردنی قاسم سولەیمانی و موهەندیس دروستیانکرد، بەڵام کازمی و هێزە سەربازییەکان ناتوانن ئەم یەکانە فەرامۆش بکەن چونکە هێزە عێراقییەکان تیشک دەخەنە سەر کۆنتڕۆڵکردنی ناکۆکییە ناوخۆکان و کازمیش هێشتا "لە پێگەکەیدا تازەیە و هێشتا بنەمایەکی سیاسی بەهێزی نییە."

٣) یارمەتی مەرجدار
یەکیکی دیکە لە پێشنیارەکانی نووسەر بریتییە لە یارمەتیدانی کازمی لە بابەتەکانی بڕیاردان و حوکمڕانیدا. واشنتۆن دەبێت لەبارەی دووبارە بونیادنانەوەی عێراقەوە خۆی بەدوور بگرێت، چونکە لە بەرژەوەندی ئێراندا دەبێت و هەروەها ئەستەمیشە لە ژینگەی سیاسی ئێستادا ئەوە ئەنجام بدرێت. لەجیاتی ئەوە باشترە عێراق پاڵپشتی بونیادنانی ژێرخانی دارایی عێراق بکات و بەردەوامبێت لە لێخۆشبوونی سزاکان. هەروەها عێراق بتوانێت سندوقی نەختینەیی جیهانی لە بانکەکان دەستبکەوێ تاکو قەرزەکانی خۆی پێیبداتەوە. ئەمەش بەو مانایە دێت کە بە پلانێکی ماوەدرێژ پاڵپشتی دارایی عێراق بکات.

٤) دەستگرتن بە کوردەکانەوە
گرنگیدان بە هێزەکانی دیکەی وەک کوردەکان لە عێراقدا لەڕووی سیاسیی و سەربەخۆیی هەرێمەکەیانەو،ە بەو پێیەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا  لە کوردستان ئامادەییەکی فراونیان هەیە. هەروەها گرنگی یارمەتیدانی کوردەکان لەوەدایە ئەگەر واشنتۆن ناچاربکرێت هێزەکانی لە عێراق بکشێنێتەوە پێش بونیادنانی بەرژەوەندییەکانی ڕەنگە پێویستی بە کوردەکان بێت.

٥) پاڵپشتیکردنی هاوڕێیان
نابێت ویلایەتە یەەکگرتووەکان هاوپەیمانەکانی فەرامۆشبکات، وەک سونە و کوردەکان، سەرەرای ئەو ناکۆکییانەی لەنێوان واشنتۆن و هاوپەیمانەکانیدا دەردەکەوێ، واشنتۆن دەبێت چیتر پێگەیان لاواز نەکات و شوناسیان بەهێزتر بکات.

٦) نەوەیەکی نوێی ڕابەرانی عێراقی
گرنگە پەیوەندی لەگەڵ نەوەی نوێی ڕابەرانی عێراق ببەسترێت، پاڵپشتی ئەوانە بکرێت کە بەهرە و توانای بیرکردنەوەی بەهێزیان هەیە و لە ئێستادا لە دەوڵەتدا کاردەکەن. ئامادەیی چینێک لەو کەسایەتییانەی بڕوایان بە چاکسازی هەیە گرنگە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی ناوەندی لەنێوان ئەوانەی دەیانەوێ سیستمەکە بە هەمان جۆری خۆی بمێنێتەوە و ئەوانەشی دەیانەوێت بە تەواوی نوێبکرێتەوە.

بەبڕوای ڕانج عەلادین جێبەجێکردنی ئەو شەش پێشنیارە لەلایەن واشنتۆنەوە دەبێتە هۆی ئەوەی لەسەر ئاستێکی ماوەدرێژ بتوانێت برەو بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراقدا بدات و بەرژەوەندییەکانی خۆی بپارێزێت.