لێکۆڵینەوە

11:01 - 03/06/2020

شەفافیەتی نەوتی هەرێمی كوردستان و راپۆرتێك لە سەر كۆمپانیاكانی وردبینی‌

پەیسەر

پرسی نەوت و گاز نەك هەر لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، بەڵكو بۆ پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و ناوەند و بگرە لەسەر ئاستی هەموو جیهانیش پڕیەتی لە كێشەو ململانێ، بەجۆرێك ئاڵوگۆڕ لە نرخەكەیدا دەتوانێت گۆڕانكاریی بەسەر ئاڕاستەی سیاسەت و پەیوەندییە نێو دەوڵەتیەكانیشدا بهێنێت، بەجۆرێك نەوت یەكێكە لە بنەما سەرەكی و بنچینەییەكانی ئابووری جیهان، هەرێمی كوردستانیش زۆر نیە چووەتە ناو ئەو بوارەوە، هەر لە سەرەتاوە دەركەوت كە ئەو كەرتە ناڕوونی زۆری تێدایە، بۆ ئەو مەبەستە دوو كۆمپانیای گەورەی نێو دەوڵەتی گرێبەستیان لەگەڵ كراوە بۆ ئەوەی كار لەو كەرتەدا بكەن. كارەكانیان چۆن بەڕێوە چووە، سەرنج و تێبیەنەكان لەسەر ڕاپۆرتەكانیان چین؟

رێكخراوی رونبین بۆشەفافیەت لە پرۆسەكانی نەوت(RORT) ڕاپۆرتێكی وردی لە بارەی شەفافیەتی نەوتی هەرێمی كوردستان و چۆنیەتی وردبینی كردن تیایدا بڵاو كردووەتەوە بەناونیشانی( چەند سەرنج و تێبینیەكی لەسەر وردبینی دیلۆیت بۆ نەوتی هەرێم 2019 ) لەو ڕاپۆرتەدا كە چەند رۆژێك پێش لە ئێستا بڵاوكراوەتەوە بەوردی سەرنج خراوەتە سەر پرۆسەی وردبینی كردنی ئەو كەرتە گرنگە، ڕاپۆرتەكەپێكهاتوو لە (38)لاپەڕەی (A4) لە ئامادەكردنی یادگار صدیق گەڵاڵی و فریا كاڵی پێداچوونەوەی ڕاپۆرتەكە لەلایەن دكتۆر یادگار كەمال ئەحمەدەوە كراوە..

لە ڕاپۆرتەكەدا پێناسەیەكی ڕێكخراوەكە كراوە و هاتووە: رونبین رێكخراوێكی مەدەنی ناحكومی قازانج نەویستە و بێلایەن و سەربەخۆیە، بایەخ دەدات بە لێكۆڵینەوەو هەڵسەنگاندن، چاودێریی پرۆسەكانی نەوت و گاز و پێشنیاری چارەسەرو چاكسازیی بۆ لایەنی پەیوەندیدار دەكات، ئامانجی ڕێكخراوەكە بریتییە لە بەشداریی كاریگەر لە بنیاتنانی بنەماكانی شەفافیەت لەبواری نەوت و گازدا، بەرزكردنەوەی ئاستی زانیارییەكان و رۆشنبیریی هاوڵاتیان بەشێوەیەكی زانستی و ئەكادیمی، هەوڵدان بۆ گەیشتن بە زانیاری دروست و هەڵسەنگاندن و لێكدانەوەی زانستی و پێشنیاری چارەسەر بۆكۆی پرۆسەكانی نەوت و گاز.

لەپێشەكی راپۆرتەكەیاندا هاتووە (رونبینی یەكێكە لە گرنگترین ئامرازەكانی حوكمڕانی درووست و كاریگەر لە هەموو وڵاتە دیموكراسی و پێشكەوتووەكاندا، بۆیە هەچ هەنگاوێك دەنرێت بۆ زیاتر روونبینی لە داهات و خەرجی دامودەزگا حكومیەكان رۆڵی ئیجابی دەبینێت لە پێشكەوتنی وڵاتدا، لەگەڵ ئەوەی پێمان باشە حكومەت لە ڕێگەی (دیلۆیت) ڕاپۆرتی داهاتی نەوت بڵاوبكاتەوە، بەڵام هەندێك سەرنجی خۆمان هەیە لەسەر كۆی پرۆسەكەو شێوازیی راپۆرتەكان.

لە ڕاپۆرتەكەدا تیشك خراوەتە سەر چوارچێوەی یاسایی سێكتەری نەوت لە هەرێمی كوردستان و ڕێكخراوەكە لە بڕگەیەكدا نوسیویەتی: بە پێی یاسای ژمارە  لە ساڵی2007 ی یاسای نەوت و گازی هەرێمی كوردستان دەبوو چوار كۆمپانیا دروستبكرایە ، بەڵام تا ئێستا هیچیان دروست نەكراون، بەرپرسیارێتی دروست نەكردنی ئەو كۆمپانیایانەش لە ئەستۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانە.

دواتر ڕاپۆرتەكە چووەتە سەرمێژوویەكی كورتی نەوتی هەرێمی كوردستان و تیایدا بە كورتی باسی لە چۆنیەتی سەرەتای دەرهێنان و خستنە بازاڕی نەوتی هەرێمی كوردستان كردووە و لەنێو ئەو بەشەشدا باسی چۆنیەتی گرێبسەتە سەرەتاییەكان و شیرینی نەوت كراوە. هەروەها باس لەوەش كراوە كە چەند ساڵێكە بە ناڕوونی نەوت لە ڕێگەی تانكەرەوە بەرەو توركیا و ئێران ڕەوانە دەكرێت.

دواتر ڕاپۆرتەكە كورتە مێژوویەكی دیلیۆتی كردووەو دواتریش لە بڕگەیەكی تردا ر هاتووە كە حكومەتی  هەرێم بۆیە وردبینی دۆسیەی نەوتی ڕادەستی ئەو دوو كۆمپانیا گەورەیەی جیهان كردووە لەبەر ئەوە بووە كە متمانەی بە چاودێریی دارایی خۆی نەبووە سەر لەو دۆسیەیانە دەربكەن، لەكاتێكدا لەناو ڕێكەوتنەكەدا نەهاتووە كە ئەو كۆمپانیایانە ناچار بكات فەرمانبەرانی شارەزای بواری نەوت لەسەر چۆنیەتی وردبینیەكان ڕابهێنن بۆئەوەی لە داهاتوودا پشت بەوان نەبەسترێت و لە سەر ئاستی ناوخۆیی ئەو كارە بكەن و ئەو تێچوونە بۆ حكومەت بگەڕێتەوە، راپۆرتەكە بە گومانەوە لەو كارە دەڕوانێت و دەڵێت: چوار ساڵ واتە وەرگرتنی پسپۆڕیی لە بوارێكی دیاریكرداودا، واتە بەدەستهێنانی بڕوانامەی ماستەر لە بوارێكی دیاریكراودا، ئیتر بۆچی ناكرێت فەرمانبەرانی هەرێم وەها كارێكیان پێ ڕابسپێرێت؟

راپۆرتەكەی ڕێكخراوی وردبین وردەكارانە چووەتە ناو بابەتەكەوەو تیایدا ئاماژەكراوە بە شرۆڤەی كارەكانی حكومەتی هەرێم بۆ دۆسیەی نەوت و تیایدا هاتووە: هەرێمی كوردستان تا ڕادەیەكی باش لە بواری نەوتدا كێشەی یاسایی نیە، بەڵكو كێشەی لە بواری جێبەجێكردنی یاساكەدایە، یاسای نەوت بڕگە سەرەكی و جەوهەرییەكانی پشتگوێ خراوە، تا ئەم ساتەش چەند مادەیەكی گرنگی یاساكەی جێبەجێ نەكردووە، كە ڕاستەوخۆ پەیوەستن بە بنیاتنان و و ڕێكخستنی ژێرخانی نەوتی هەرێمەوە ئەوە نزیكەی 13 ساڵە دواكەوتووە بە بێ هیچ هۆكارێكی تەكنیكی.

راپۆرتەكە ئەنجامگیریی بۆ ژمارەكان كردووە و سەرنج و تێبینەیەكانی خۆیانی لەسەر كۆی ژمارەكان تۆماركردووە، دواتر ئەو لیست و ژمارانەی كە بە زمانی ئینگلیزی بڵاو كراوەتەوە كراوە بەكوردی و لە كۆتایی ڕاپۆرتەكەدا دانراوەتەوە، بۆ ئەوەی ئاسانكاریی بكات بۆ خوێنەری كورد.

 

بۆ خوێندنەوەی تەواوی ڕاپۆرتەكە:

کلیک لێرە بکە