ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

05:54 - 07/06/2020

داهاتووی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە عێراق‌

پەیسەر

لە سەرەتای ئەمساڵەوە و لە ناوەندە سیاسیی و ئەکادیمییەکانیشدا، بە چڕی باس لە داهاتووی هێزەکانی حەشدی شەعبی دەکرێت، سەرەڕای سەرجەم ناکۆکییەکان، بەشێکی زۆری ئاڕاستەکان باس لەوە دەکەن، حەشدی شەعبی بەم جۆرە نامێنێتەوە، ئەوەش هەم بەهۆی ناکۆکیی نێوان هێزەکانی ناو حەشد و هەم بەهۆی ئەو ئاڕاستەیەی دەیەوێت هەموو هێزی وڵات لە دەستی دەوڵەتدا کۆبکاتەوە.

سنوردانان بە رێزەوە
مایکڵ تایسن لە بەشی لێکۆڵینەوە سەربازیی و ئەمنییەکان لە پەیمانگای واشنتۆن باس لەوە دەکات، دەسەڵاتدارانی بەغدا لەگەڵ دەستخۆشیلێکردن و رێزلینان لێیان، هەوڵ دەدەن سنور بۆ حەشدی شەعبی دابنێن، بەڵام تاکو ئێستا تەنها چەند هەنگاوێک نراوە، هەوڵەکانی داهاتوو بۆ ئەوەیە چاکسازیی لە بواری ئاسایشی وڵاتدا بکرێت، بەم جۆرەش وردە وردە چەک لە حەشدی شەعبی دابماڵرێت و تێکەڵ بە هێزی گشتی وڵات بکرێن.

یەکێک لە ئاڵنگارییەکان بریتییە لە سەرکردایەتیی و کۆنترۆڵکردن لەم هێزانەدا، تەنانەت حەشدی شەعبی بەبێ ئاگاداری حکومەتی عێراق پلانەکانی دادەڕێژێت و ئۆپراسیۆنەکانی ئەنجامدەدات.

ئەم نەبوونی کۆنترۆڵەی حکومەتی ناوەند کاتێک دەرکەوت کە بەشێک لە هێزەکانی حەشدی شەعبی لە پەلاماردانی خۆپیشاندەرانی بەغدا تێوەگلێندران، هەروەها ئەو کاتەی کە حەشدی شەعبی بە فڕۆکەی بێفڕکەوان هێرشیان کردە سەر سعودییە و پەلاماری هەندێک نێردەی دیپلۆماسیشیان دا، لەگەڵ ئەوەشدا هیچ لایەنێکی ناو حەشدی شەعبی بەرپرسیارییەتی خۆی لەم هێرشانە رانەگەیاند، ئەمەش وا دەکات بە تەواوی جوڵە و پلانەکانی ئەم هێزانە نەزانرێت و مامەڵەکردن لەگەڵیان ئاسان نەبێت.

جوڵە و هێرشە ناوەخت و نەزانراوەکانی حەشدی شەعبی بەرەو زیان و لێدانێکی مێژووی بردن کە بەر دڵی هێزەکە کەوت، ئەویش وەڵامی ئەمریکا بوو بۆ ئەم هێرشانە، ئەوەش بوو بە هۆی کوشتنی گەورەترین پشتیوانیان کە قاسم سولەیمانییە، هەروها کوستنی سەرکردەکەیان ئەبو مەهدی موهەندیس.

مستەفا کازمی کە پەیمانی حکومەتێکی بەهێزی داوە، هەوڵ دەدات بیسەلمێنێت تەنها حکومەت هێزی یەکەمی وڵاتە، بۆ نموونە چەند رۆژێک پێش ئێستا هەوڵی دا فشار بخاتە سەر ئەو هێزانەی کە بە هێرشکردنە سەر خۆپیشاندەرانی باشوری عێراق تۆمەتبار کرابوون و بەڵێنیشی دا لێکۆڵینەوە لە دۆسییەی ئەو خۆپیشاندەرانە بکات کە دوور لە یاسا دەستگیرکراون یان کوژراون، بەڵام چاودێران پێیان وایە ئەم هەنگاوانە لەسەرخۆ دەبن، چونکە ئەرکی سەرەکی کازمی لە ئێستادا رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، تێکشکاندنی داعش و رزگارکردنی ئابووریی عێراقە.

مایکڵ نایتس پێی وایە چەکداماڵینی هێزەکانی حەشدی شەعبی سەخت و دژوار دەبێت، ئەوەش بەهۆی پێگە و بوونە سەربازیی و سیاسییە گەورەکەی، لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەری چاکسازی هەیە، بەتایبەت کە لایەنە عێراقییەکان لە هەندێک بابەتدا کۆکن و ئەگەری نزیکبوونەوەیان هەیە.

نووسەر لەبارەی داهاتووی حەشدی شەعبییەوە دەڵێت، لە هەنگاوی یەکەمدا سەرکردایەتیی حەشدی شەعبی دەخرێنە ژێر سەرکردایەتیی و دەسەڵاتی دەوڵەت و گەلەوە. دواتر ئەو فەرمان و ئەرکانە دیاریکراو دەبن کە بەم هێزانە دەدرێن و دەکرێن بە وزەیەکی تێکەڵکراو لەگەڵ هێزەکانی دیکەدا بۆ بەرگریی نیشتمانی، لە قۆناغی کۆتاییشدا ئەم هێزانە لە مەیدانەکانی شەڕە بۆ هێزی رێزلێگیرا و راهێنراو دەگوازرێنەوە.

دۆستی دوێنێ و رکابەری ئەمڕۆ
حەمدی مالیک شیکەرەوەی کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست باس لەو هێزانە دەکات، جیاواز لە حەشدی شەعبی پەیوەست نین بە ئێرانەوە و زیاتریش لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراقدان یان لانی کەم پەیوەندییان لەگەڵ حکومەتی عێراقیدا بەهێز و ئارامە.

حەمدی باس لە "ألوية العتبات" دەکات کە رێکخراوی نیمچە سەربازین، ناسراون بە "وحدات الأضرحة" و لە چوار هێزی سەرەکی پێکهاتوون؛
"لواء أنصار المرجعية"، "لواء علي الأكبر"، "فرقة العباس القتالية" و "فرقة الإمام علي القتالية". ئەم هێزانە پەیوەست نین بە (پاسەوانی شۆڕشی ئیسلام)ی ئێران، بەڵکو پەیوەست و بەستراون بە عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق.

ئەندامە کردەییەکانی هەر چوار هێزەکە نزیکەی ١٨ هەزار کەسن و هەزاران ئەندامی دیکەشیان هەیە و ئامادەی هەر ئەرکێکن لە کاتی پێویستدا پێیان بسپێردرێت.

"فرقة العباس القتالية" بەهێزترین گروپە لە رووی سەربازییەوە، زیاتریش پڕچەک کراوە و لە هاوکارییەکی بەهێز و بەردەوامی سەربازییدایە لەگەڵ وەزارەتی بەرگری عێراق.

چەند تایبەتمەندییەک ئەم هێزانە لەو هێزانەی دیکە جیادەکاتەوە کە پەیوەستن بە ئێرانەوە؛

ئەم هێزانە تەنها لەگەڵ دامەزراوە نیشتمانییەکانی عێراقدا کار دەکەن و هاوکارییان هەیە، خۆیان لە پەیوەستی بە (پاسەوانی شۆڕشی ئیسلام)ی ئێران و هێزە دەرەکەییەکانی دیکە دەپارێزن.

جیاوازییەکی دیکەیان ئەوەیە خۆیان لە پڕۆسەی سیاسیی دەپارێزن و وەک هێزی سەربازیی دەمێننەوە، لە کاتێکدا هێزەکانی سەر بە ئێران هەوڵ دەدەن تێکەڵ بە پڕۆسەی سیاسیی بن و حزبیش دروستبکەن.

ئەم هێزانە ئەمریکا بە "دوژمن" ناناسێنن و لە دروشمی دژ بە ئەمریکا دووردەکەونەوە، بەڵام لە کاتی هێرشی ئەمریکاشدا بێدەنگ نابن و سەرکۆنەی دەکەن، وەک هێرشی ئەمریکا بۆ سەر بنکەیەک لە فڕۆکەخانەی کەربەلا لە مانگی ئازاری ئەمساڵ.

چوارەم تایبەتمەندی ئەم هێزانە ئەوەیە، تاکو ئێستا بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ تۆمەتبار نەکراون، یەکێکیش لە هۆکارەکان ئەوەیە نیازیان نییە لە ناوچە سونە نشینەکاندا پێگە و بارەگایان هەبێت کە شوێنی پێشێلکردنی مافی سونەکانە لەلایەن هێزە شیعییەکانی دیکەوە. پێگەی سەرەکی ئەم هێزانە شارە شیعییە "پیرۆزەکانە" بەتایبەت کەربەلا، نەجەف و بیابانی پەیوەست بە پارێزگای ئەنبار.

لێکۆڵەر پێی وایە ئەم تایبەتمەندییانەی لەم هێزانەدا هەیە، راستەخۆ دەیانخاتە بەرەی دژ بە میلیشیاکانی نزیک لە ئێران. زانیاریی هەیە کە پێش کوشتنی لەلایەن ئەمریکییەکانەوە، ئەم هێزانە هەوڵیانداوە ئەبو مەهدی موهەندیس لە سەرکردایەتیکردنی حەشدی شەعبی دووربخەنەوە، دوای کوشتنیشی دژایەتی خۆیان بۆ دانانی ئوبە فەدک لە شوێنەکەی دەربڕی، ئەوەش بەهۆی نزیکیی لە ئێرانەوە.

لە کۆتاییدا ئەم هێزانە لە چوارچێوەی حەشدی شەعبی کشانەوە و بەڵینیشیان دا کە هاوکاری هەر هێزێکی دیکەی ناو حەشدی شەعبی بن بۆ کشانەوە و دەرچوون لێیان.

بەشێک لە چاودێران پێیان وایە ئەم کشانەوەیەی هێزەکانی سەر بە سیستانی لە حەشدی شەعبی، مانای کۆتاییهاتنە بە پشتگیری گەورەترین پێگەی ئاینیی شیعەکانی عێراق لە حەشدی شەعبی.

بۆ ئەوەی رێگربن لەم دوورکەوتنەوەی سیستانی لێیان، هادی عامری، ئەحمەد ئەسەدی و چەند سەرکردەیەکی دیکەی دیاری حەشدی شەعبی و هێزەکانی نزیک لە ئێران، سەردانی نوێنەری سیستانیان لە کەربەلا کرد، تاکو ئەم هێزانە پەشیمان بکەنەوە لە کشانەوە و قایلیان بکەن بگەڕێنەوە ناو چوارچێوەی حەشدی شەعبی.

ناکۆکی نێوان هێزەکان
ئەیمەن جەواد تەمیمی شیکەرەوە و خوێندکاری دکتۆرا لە زانکۆی سوانزی بۆچوونی وایە، بەشێک لە هێزەکانی ناو حەشدی شەعبی وەک هێزی بەرگری دژ بە ئەمریکا و خاوەن تۆماری رەسمی لە دەوڵەتی عێراق، خاوەن ناسنامەی دژ بەیەکن کە دیارترینیان "عصائب أهل الحق و وكتائب حزب الله"ن.

لە دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی بەشێک لە کەسایەتییە دیارەکانی ناو حەشدی شەعبی دەرکەوتنیان لە میدیاکاندا کەمکردووەتەوە، بەتایبەت قەیس خەزعەلی سەرکردەی عەسائیبی ئەهلی حەق، ئەوەش لە ترسی بە ئامانجگرتنیان لەلایەن فرۆکە ئەمریکییەکانەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا هێزەکانی حەشدی شەعبی بە گوتاری جیاوازەوە بەردەوامن لە دژایەتیکردنی بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و بەردەوامیش هەڕەشەن بۆ سەر سەربازە ئەمریکییەکان.

بەشێک لە هێزەکانی حەشدی شەعبی سەرەڕای دژایەتیکردنی هێزەکانی ئەمریکا و بە ئاشکرا رایانگەیاندووە، بەڵام لەبەرئەوەی بەشێکن لە دامەزراوەی سەربازی حکومەتی عێراق، ناتوانن راستەوخۆ هێرش بکەنە سەر سەربازە ئەمریکییەکان.

یەکێکی دیکە لە ناکۆکییەکانی ناو حەشدی شەعبی ئەو کاتە دەرکەوت کە بەشێک لە هێزەکان بە ئاشکرا دژایەتی خۆیان بۆ کاندیدکردنی مستەفا کازمی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران دەربڕی و بە هاوکاریکردنی ئەمریکا لە کوشتنی سولەیمانی و موهەندیس تۆمەتباریان کرد، ئەمە لە کاتێکدا بەشێکی دیکەی حەشدی شەعبی پشتگیرییان کرد.

چەند رۆژێک دوای ئەوەی بوو بە سەرۆک وەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی دەستیکرد بە جوڵە لە دژی گروپی "ثأر الله" بە تۆمەتی تێوەگلانیان لە کوشتن و بریندارکردنی خۆپیشاندەرانی بەسرە، ئەمەش بە هەوڵێکی رێکخراوی حکومەتەکەی دادەنرێت بۆ دژایەتیکردنی حەشدی شەعبی و گروپە هاوشێوەکانی، بچوکی ئەم گروپەش لە چاو کەتائیبی حزبوڵا و عەسائیبی ئەهلی حەق هۆکار بووە بۆ ئەوەی کازمی بە ئاسانی بتوانێت دژایەتی بکات.

سەرەڕای ئەم ئاماژانە کە باس لە دژایەتیکردنی کازمی بۆ حەشدی شەعبی دەکەن، مانگی رابردوو مستەفا کازمی سەردانی بارەگای حەشدی شەعبی کرد و پۆشاکەکەشی پۆشین، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە حەشدی شەعبی وەک شانازییەک باسی بکەن.

ئەوەی چاوەڕوان دەکرێت ئەوەیە کازمی ئەگەر خواستیشی هەبێت، ناتوانێت بە یەک جار و لە یەک کاتدا دژایەتی خۆی دەربڕێت بۆ حەشدی شەعبی و ناچارە مامەڵەیان لەگەڵ بکات، ئەگەر هەوڵی لاوازکردنیشیان بدات پێویستی بە کاتێکی زۆرە.