ڕاپۆرتی کوردستانی

03:11 - 08/06/2020

قوربانیانی کۆمەلکوژی ئێزیدییەکان داوای کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیەکی تایبەت بە کۆمەلکوژی ئێزیدییەکان دەکەن‌

لەیس حسێن

دوای نزیکەی شەش سال لەسەر کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکان لە قەزای شنگال و ڕزگارکردنی ژمارەیەکیان کە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە رفێندرا بوون كێشەو گرفتەكانی بەردەم ئەو ڕزگاربووانەو كەس و كاری ئەوانەشی كە تائێستا چارەنووسیان نادیارە بووەتە خەمی رۆژانەیان و تا ئێستاش چاوەڕێ بوون لایەكی جدییان لێبكرێتەوە بەڵام تەنها چاوەڕوانییان بۆ ماوەتەوە.

ئەوئازادكراوانە و كەس و كاری چارەنووس نادیارەكان و تەنانەت نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراونی ئێزیدییش پێیان وایە نوسینگەیەك چارەسەری ئەو هەموو كێشەیە ناكات، بۆیە داوای کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیەکی تایبەت بە کۆمەلکوژی ئێزیدییەکان دەکەن بۆ ئەوەی قەرەبوویان بکات و خزمەتی پێویستیان بۆ دابین بکرێت. "

خەولە مجۆ" کە کچە رزگاربوویێکی ئێزیدی یە بۆ "پەیسەر پرێس" گوتی، ڕزگاربووانی ئێزیدی لە هەموو لایەکەوە پێویستیان بە هاوکاری و پشتیوانی هەیە، چونکە تا ئێستا وەک پێویست خزمەتی ئەوان نەکراوە.

هەروەها گوتیشی، هیوامان ئەوەیە کە شوێنێکی تایبەت بە کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکان دابمەزرێت و خزمەتی قوربانیانی کۆمەڵکوژیەکە بکات بەتایبەت لە ڕووی دەروونیەوە چونکە ژمارەیەکی زۆری رزگاربووان كە رفێندرا بوون لەلای داعشەوە نەهامەتییەی زۆریان بینیوە و پێویستیان بە چارەسەریی دەروونی زۆر هەیە، بۆ ئەوەی دەست بە ژیانی ئاسایی خۆمان بكەینەوە.

. "بەسمە ئالدەخی" کە کچە چالاکوانێکی ئێزیدی یە و لە بوواری ڕزگاربووانی ئێزیدی کار دەکات بۆ "پەیسەر پرێس" گوتی، ڕزگاربووانی ئێزیدی دەستی داعش زۆر کێشەیان هەیە و ژماریەکیان توانای بەخێو کردنی منداڵەکانیان نییە چونکە هیچ داهاتی ماددیان نییە بۆیە کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیەکی تایبەت بە کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکان و خزمەتکردنی قوربانیانی کۆمەڵکوژییەکە باشترین ڕێگە چارەیە بۆ ئەم هەموو نەهامەتییەی بەسەری ئەواندا هاتووە، لەبەر ئەوەی توانای بەڕێوەربەرایەتی لە نوسینگە زیاترە و لە لایەن حكومەتیشەوە بایەخی زۆرتری پێدەدرێت.  

هەروەها دەڵێت: کردنەوەی شوێنێک بۆ قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی داعش زۆر بە گرنگ دەبینم چونکە ئەوان یەک و دوو نیین کە لایەنێک هاوکارییان بکات بۆیە دەبێت ئیتر حکومەت هەر وا بێ دەنگ و بێ هەڵوێست نەمێنێت و هاوکاری و پشتیوانی ماددی و مەعنەوی بۆ قوربانیان دابینبکات.  

نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراونی ئێزیدی لە پارێزگای دهۆک لە مانگی 10ی سالی 2014 بە بڕیاری نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان (ئەو کاتە) کرایەوە و پشتیوانی دارایی لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە لێدەکرێت. " بەڵام ئەو نوسینگەیە لە ئاستی پێداویستی و وەڵامدانەوەی خواستەكانی رزگاربووەكاندا نییە.

حسێن کۆرۆ" بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراونی ئێزیدی لە پارێزگای دهۆک بە "پەیسەر پرێس" ڕایگەیاند:
 دوای ڕزگارکردنی رفێندراون لە دەستی تیرۆریستانی داعش، ئەوان پێویستی زۆریان بە هاوکاریی و پشتیوانی ماددی و مەعنەوی هەیە، چونکە وەک ئەزانن زۆر نەهامەتیان بینیوە و تراژیدی زۆریان بەسەر هاتووە.

هەروەها گوتیشی، ئێمە لە نوسینگەی رزگارکردنی رفێندراونی ئێزیدی دەنگمان لەگەل دەنگی کەسوکاری قوربانیان و ڕزگاربووانی دەستی داعشە و دەبێت كە بە زوویی بەڕێوەبەرایەتیەکی گشتی تایبەت بە کۆمەڵکوژیی ئێزیدیان دابمەزرێت و خزمەتی زیاتر بە ڕزگاربووان و قوربانیانی ئەم کۆمەڵکوژییە بکات و هەموو داتا و زانیاری و دۆکیومێنتی کۆمەڵکوژییەکە كۆبكاتەوەو بپارێزێت بۆ ئەوەی ببێتە فاکتەرێکی گرنگ بۆ بە جینۆسایدکردنی کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکان لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتیش.

هەروەها گوتی، بۆ ئەم مەبەستە و دوای بێ هیوا بوون لە حکومەتی عێراق داوا لە هەر سێ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و هەموو پەرلەمانتارانی کوردستان دەکەم کە ئەم داوایە بکەنە پڕۆژە یاسایەک و بۆ دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی بەرزبكەنەوە و دەنگی لەسەر بدرێت بۆ ئەوەی زیاتر خزمەتی قوربانیانی کۆمەڵکوژیی ئێزیدییەکان بکرێت.

لەسەر ئەم بابەتە "پەیسەر پرێس" بەدواداچوونی کرد و چەند جارێک پەیوەندی بە تاکە پەرلەمانتاری ئێزیدی "هەدیە موراد" لەسەر فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان ئەندامە بەڵام ئامادە نەبوو هیچ لێدوانێک لەسەر ئەم بابەتە بدات.

بەپێی دوایین ئاماری نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراونی ئێزیدی لە پارێزگای دهۆک لە کۆمەڵکوژیی ئێزیدییەکان لە قەزای شنگال لە سالی 2014، 6417 کەسی لەلایەن چەکدارانی داعش رفێندراون و 3528 کەس رزگارکراون و تا ئێستاش 2889 کەسی تر چارەنووسیان نادیارە.