ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

04:18 - 08/06/2020

جەنگی لیبیا؛ چارەنووسی حەفتەر بەرەو کوێ؟‌

پەیسەر

ماوەی چەند رۆژێکە گۆڕانکاری گەورە لە مەیدانی جەنگی لیبیا روویداوە، هاوسەنگی هێز لەبەرژەوەندی حکومەتی ویفاقی نیشتمانی و لە زیانی هێزەکانی حەفتەر گۆڕانی بەسەردا هاتووە، میسریش هەوڵ دەدات بەر لە کۆتایی شەڕ، هێزەکان لەسەر مێزێک کۆبکاتەوە و حەفتەریش هەوڵ دەدات سود لەم دەستپێشخەرییەی قاهیرە وەربگرێت و هێزەکانی کۆبکاتەوە.

لیبیا لەنێو بەرداشی وڵاتە ناکۆکەکاندا
لیبیا لە دوای کۆتاییهێنان بە رژێمی قەزافییەوە دابەش بوو بەسەر چەن ناوچەیەکدا، لە ماوەی رابردووشدا هێزەکانی حەفتەر کۆنترۆڵی رۆژهەڵاتیان کرد و ناویان لە خۆیان نا "سوپای نیشتمانی لیبی" و رۆژئاوای وڵاتیش لەدەستی هێزەکانی سەر بە حکومەتی ویفاقی نیشتمانیدا بوو.

خەلیفە حەفتەر لەلایەن، روسیا، ئیمارات و میسرەوە پشتیوانی دەکرێت، تورکیا و قەتەریش پشتیوانی حکومەتی ویفاقی نیشتمانی دەکەن.

ماوەی ساڵێکە هێزەکانی رۆژهەڵاتی لیبیا (حەفتەر) هێرشیێی گەورەیان بۆ کۆنترۆڵکردنی رۆژئاوای وڵاتەکە دەستپێکردووە و هەوڵی کۆنترۆڵکردنی وڵاتەکە دەدەن.

سەرەڕای کوژرانی هەزاران کەس، حەفتەر نەیتوانی بەئامانجەکانی بگات و پێنجشەممەی رابردووش حکومەتی ویفاقی نیشتمانی کۆنترۆڵکردنی تەواوی تەرابلوس و سەرکەوتنی کۆتایی لەو ناوچەیەدا راگەیاند.

سەرەڕای قایلبوونیان بە دەستپێشخەرییەکی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان، بەرەبەیانی رۆژی شەممە حکومەتی ویفاق دەستپێکردنی هێرشەکانی بۆ کۆنترۆڵکردنی شارەکانی سرتی کەناری و جەفرە راگەیاند.

رەشەباکە حەفتەر رادەماڵێت؟
پێگەی (ئۆریان ٢١) راپۆرتێکی دەربارەی گۆڕانکاریی هێزەکان لە لیبیا بڵاوکردووەتەوە. لە راپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە، جەنگی لیبیا لە ئێستادا لە بەرژەوەندی هاوپەیمانی دەسەڵاتداردایە لە تەرابلوس. هێزەکانی حکومەتی تەرابلوس توانیویانە چەند شارێک لەژێر دەستی هێزەکانی حەلیفە حەفتەر دەربهێنن. ئەم سەرکەوتنەش بەهۆی هاوکارییە سەربازییەکانی تورکیاوە بووە و دانیشتوانی بەشێک لەو ناوچانەش هاوکاربوون بۆ گەڕانەوەی حکومەتی تەرابلوس.

خەڵکی لیبیا و بەتایبەت تەرابلوس کە بەدەست بێ ئاویی و بێکارەباییەوە دەناڵێنن و ڤایرۆسی کۆرۆناش هێندەی دیکە ژیانی لێ تاڵ کردوون، بە هیواوە لە دواین گۆڕانکارییەکانی شەڕ دەڕوانن و بە هیوان وڵاتەکەیان بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایش و سەقامگیریی.

خەڵکی تەرابلوس ئێستا زیاتر لە شەڕەکەوە دوورن، ئەوەش دوای ئەوەی سەرەتای ئەم هەفتەیە هێزەکانی فازیز سەراج (حکومەتی ویفاقی نیشتمانی) لە بنکەی ئاسمانیی نیشتمانی دەستیان بەسەر موشەکی دژە فڕۆکەدا گرت، کە دواین سەنگەری هێزەکانی حەفتەر بوو لە رۆژئاوای تەرابلوس.

بەپێی زانیارییەکانی بەشێک لە ئاژانسەکان، ئەم سیستمە بەرگرییە رووسی بووە و لەلایەن ئیماراتەوە بە حەفتەر دراوە، بەڵام سوپای نیشتمانی لیبیا دان بەم شکستەدا نانێت و وتەبێژەکەیان بە "کشانەوەیەکی تەکتیکی" ناوی دەبات.

تورکیا؛ دوژمنەکەی حەفتەر
شکستی هێزەکانی حەفتەر راستەوخۆ پەیوەندی بە هاوکارییەکانی تورکیاوە هەیە. لە چەند هەفتەی رابردوودا، هێزەکانی حکومەتی ویفاق دەیان شار و شارۆچکەیان لە هەرێمی تەرابلوس لە دەستی هێزەکانی حەفتەر دەرهێناوە.

حەفتەر زیاتر پاشەکشە دەکات و هێزەکانی لیوا ئوسامە جوەیلی فەرماندەی یەکەی سەربازیی رۆژئاواش لە حکومەتی ویفاقی نیشتمانی، گەمارۆی شاری تەرهونەیان لە دووری ٥٠ کیلۆمەتر لە باشوری رۆژهەڵاتی تەرابلوس داوە و رایانگەیاندووە لە چەند رۆژی داهاتوودا کۆنترۆڵی دەکەن.

هاوکارییەکانی تورکیا هۆکاری سەرەکی بوون بۆ یەکلاکردنەوەی جەنگی تەرابلوس. پێش هاوکارییەکانی رووسیا هێزەکانی حەفتەر بە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئیمارات توانیبوویان سەرکەوتنی گەورە تۆمار بکەن، بەڵام هاتنی تورکیا بۆ نێو شەڕەکە تەرازووی هێزەکانی گۆڕی.

فڕۆکە بیفڕۆکەوانەکانی تورکیا بەردەوام هێرشیان دەکردە سەر سەنگەرەکانی هێزەکانی حەفتەر و ناوەندی فەرماندەییان، ئەمەش بە تەواوی هاوسەنگی هێزی لە بەرژەوەندی حکومەتی ویفاق گۆڕی.

جگە لە هاوکارییەکانی تورکیا، یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکان لەنێوان هێزەکانی حکومەتی ویفاق، کاریگەری گەورەی هەبووە لەسەر سەرکەوتنەکانیان بەسەر حەفتەردا.

میسر حەفتەر رزگار دەکات؟
دوای شکستە بەردەوامەکانی حەفتەر، میسر دەستپێشخەرییەکی خستووەتەڕوو بۆ وەستاندنی شەر و چارەسەرکردنی قەیرانی لیبیا. بەشێک لە چاودێران و بەتایبەت رکابەرەکانی میسر و حەفتەر، ئەم دەستپێشخەرییە بە هەوڵی میسر بۆ رزگارکردنی حەفتەر دەبینن.

عەبدولفەتاح سیسی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ خەلیفە حەفتەر و عقیلە ساڵح سەرۆکی پەرلەمانی رۆژهەڵاتی لیبیا، دەستپێشخەرییەکەی راگەیاند.

سیسی داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد سەرجەم لایەنەکانی لیبیا ناچار بکەن و بۆ دەرکردنی "مورتەزیقە بیانییەکان" لە تەواوی خاکی لیبیا، هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاکان و چەکداماڵینیان.

دەستپێشخەرییەکە ناوی (راگەیاندنی قاهیرە)یە، داوای راگرتنی شەڕ دەکات لە رۆژی دووشەممە هەشتی حوزەیرانەوە، جەختیش لە ئەنجامەکانی لوتکەی بەرلین کراوە، کە لە کانونی دووەمی رابردوو ئەنجامدرا و داوا لە لایەنە ناکۆکەکان کرابوو رێگربن لە هاتنی چەک بۆ لیبیا و هەوڵیش بدەن بە چارەسەری سیاسیی بگەن.

لە دەستپێشخەرییەکەدا داوای تەواوکردنی کارەکانی لیژنەی سەربازیی (5+5) کراوە، کە نەتەوە یەکگرتووەکان سەرپەرشتی دەکات و لە پێنج بەرپرسی سەربازی هەموو لایەنە ناکۆکەکانی لیبیا پێکهاتووە.

حەفتەر: تورکیا رابگرن
خەلیفە حەفتەر رایگەیاند، تورکیا لە رێگەی هاوپەیمانی دروستکردن لەگەڵ حکومەتی ویفاق کە بە "نادەستوری" ناوی دەبات، هەوڵی گەمارۆدانی لیبیا و میسر دەدات، داواشی لە سیسی کرد، تورکیا ناچار بکات هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ "میلیشیاکان" رابگرێت و "مورتەزیقەکان"یش بگەڕێنێتەوە ئەو شوێنانەی لێوەی هاتوون.

سەرۆکی پەرلەمانی رۆژهەڵاتی لیبیاش داوای کرد، لیبییەکان لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدەنەوە، دەستور هەموار بکرێتەوە و هەڵبژاردنیش ئەنجامبدرێت.

تاکو ئێستا روون نییە داهاتووی لیبیا بەرەو کوێ هەنگاودەنێت. سەرەتای رەشەباکە لە بەرژەوەندی حەفتەر نییە و بەشێکی زۆری هێزەکانی کەوتوونەتە بەر رەشەباکە و بەرەو لاوازی زیاتر دەڕۆن.

ئەگەر میسر، رووسیا و ئیمارات فریای خەلیفە حەفتەر نەکەون کە هەر رۆژەی ناوچە و شارێک لە دەستدەدات و رزگاری نەکەن، رەنگە ئەو ناوچانەی دیکەش لەدەستبدات کە ئێستا کۆنترۆڵی کردوون.

هەفتەی داهاتوو لە ئاستی دیپلۆماسیی و مەیدانیش چەند رۆژێکی گرنگ دەبن بۆ روونبوونەوەی هاوکێشەی هێز و ململانێکانی لیبیا، حەفتەر هەوڵی راوەستاندنی شەڕ دەدات و حکومەتی تەرابلوسیش دەیەوێت تا دوایین سنوری لیبیا نەوستێت، دەیەوێت کۆتایی بە جەنگی وڵاتەکە بهێنێت و حەفتەر دەربکات.