ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

03:23 - 09/06/2020

ئایا ئێران لە ناوخۆ تێکشکاوە؟‌

پەیسەر

دوای کوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس، چاوەڕوان دەکرا ئێران کاردانەوەیەکی توند بنوێنێت و تۆڵەی سەرکردە کوژراوەکەی و هاوڕێکەی بکاتەوە، بەڵام کاردانەوەکانی تاران زۆر کەمتربوون لەوەی چاوەڕوان دەکرا، باهیرە شێخلی نووسەری عێراقی لە وتارێکدا باس لە هەڵوێستەکانی ئێران و دۆخی ناوخۆی وڵاتەکە دەکات و پێی وایە ئێران لە ناوەوە خەریکی داڕووخانە.

نووسەر لە وتارەکەیدا دەڵێت، لەدوای کوشتنی قاسم سولەیمانی لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا لەلایەن موشەکەکانی ئەمریکاوە، عەلی خامنەیی هەڕەشە ئامێزانە ڕایگەیاند "لەدوای ئەم ڕووداوەوە تۆڵە لە تاوانباران دەکرێتەوە." بەڵام جگە لەو کاردانەوانەی میلیشیا ئێرانییەکان دژ بە باڵیۆزخانەی ئەمریکا و ئەو ناوچانەی هێزە ئەمریکییەکانی لێیە ئەنجامیاندا، جیهان هیچ تۆڵەیەکی ئێرانی نەبینی. ئەم کاردانەوانە زۆر کەمتربوون لەو تۆڵە توندانەی خامنەیی باسی لێوەدەکردن.

سەربارەت بە دۆخی ناوخۆی وڵاتەکە نووسەر پێی وایە، ڕاستییەکە ئەوەیە کە مەرگی سیستمی ئێرانی، بەشێوەیەکی خۆکردەیی لەناوەوەی سیستم خۆیدا دەستیپێکردووە. ڕوونە کە تاران تەواوی هەوڵی خۆی لەدەرەوەی وڵات خستووەتە گەڕ تاکو کاریگەری خۆی بسەلمێنێت، لەکاتێکدا لە ناوەوە و لە ساڵی ٢٠٠٩ەوە لە خۆی دەخوات، کە هاوکاتە لەگەڵ ساڵی ساختەکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئێران.

بە بڕوای چاودێران دابەزینی نرخی دراوی ئێرانی و هەڵئاوسانی ئابووری گەیشتوەتە لووتکە و فەرمانبەران چیتر ناتوانن بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخ و کەمبوونەوەی ڕێژەی فرۆشییەوە ژیانبکەن. ئەمەش ساڵانە نزیکەی ٥٠٠ هەزار کەس بۆ ڕیزی ژمارەی بێکاران زیاد دەکات.

باهیرە شێخلی لە درێژەی وتارەکەیدا نووسیویەتی، دراوی ئێرانی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی کەوتووە و یەک دۆلار بەرامبەر ٩ هەزار تومەنی ئێرانییە، کە ئەمە شکستێکی مێژوویی دراوی دەوڵەتی ئێرانە، کە مافی هاوڵاتییانی بۆ پارەدارکردنی هێزە میلیشیاکانی خەرجدەکات. ئەگەریش خوێندنەوە بۆ ناڕەزایەتی هاوڵاتییان بکرێ کە زۆرینەی شارەکانی ئێرانی گرتوەتەوە، دەبینین بەهۆی داواکارییەکانیانەوە ڕۆژانە چەندین کەس دەستگیر دەکرێت، ئەمەش وایکردووە هاوڵاتییان ئازادی لەدەستبدەن و لەژێر هێڵی هەژارییەوە بمێننەوە، ئەمانە هەموو ئاماژەن بۆ ئەوەی ئێران خەریکە لە ناوخۆی خۆیەوە بەرەو تێکشکان دەچێت.

لەبارەی دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی خەڵکی ئێرانەوە نووسەر بەم شێوەیە هەڵسەنگاندنی خۆی خستووەتەڕوو، ئێران بە هیچ شێوەیەک مافی بۆ هاوڵاتیانی دابیننەکردووە لەبەرامبەر ئەوەی لەدەستیانداوە، پەرەپێدانی کۆمەڵایەتی و ئابووری فەرامۆشکردووە و تیشکی خستوەتە سەر سەرچاوەکانی فرۆشتنی ئایدیۆلۆژیا لە دەرەوەی سنووری وڵاتەکە، لەپێناو ئەم ئامانجەشدا هەموو پارەی کۆکراوەی خۆی تەرخانکردووە. سیستمی ئێرانی سیستمێکی پیری لاوازە، ماوەی ٣٧ ساڵە بەسەر سنگی هاوڵاتییانییەوە وەک نەخۆشییەکی درمی کوشندەی لێهاتووە، هاوڵاتیان هیچ چارەیەکیان نەماوە جگە لە هەوڵدان بۆ ڕزگاربوون لەو خەونە بێزارکەرە.

ئاماژە بەوەش دەکات، ئەوەی پێی وایە ئێران لەپێناو وەهمێکدا وادەکات هەڵەیە، چونکە ئامانجی ئەو بەدیهێنانی ستراتیژییەکە کە پێشتر توێژینەوەی لەسەرکراوە، دەیەوێت کەسان و لایەنێکی هەبن کە لەکاتی پێویستدا بیانجوڵێنێت. ڕووخانی سیستمی ئێرانی بە مانای کۆتتاییهاتنی تیررۆریزم و کۆتاییهاتنی جەنگی ناوچەکە دێت. عەرەبەکان و موسوڵمانان دەبێت هەموو لەدژی سیستممی ئەو وڵاتە بجەنگن.

نووسەری وتارەکە بۆچوونی حسێن داعی نووسەر دەخاتەڕوو کە دەڵێت، " دروستکردنی  تیرۆریزم، پاڵپشتیکردنی و فراوانکردنی دروستکراوی سیستمی ئیسلامی ئێرانییە. داعش یەکێکە لەو نمونانە."

شێخلی لە وتارەکەیدا بەم شێوەیە باس لە متمانەی خەڵکی ئێران بە دەوڵەتەکەیان دەکات؛ هەموو ئەوانەی باسکران بوونەتە هۆی ئەوەی هاوڵاتیان متمانەیان بە دەسەڵاتی ئێرانی نەمێنی و بڕوای پێنەکەن. کوشتنی سولەیمانی پەیوەندی  نەبوو بە لاوازبوونی سیستمی ئێرانییەوە، چونکە سولەیمانی هیچ نەبوو جگە لە جێبەجێکارێک.

دەشڵێت، بەپێی ڕؤژنامەیەکی نزیک لە ڕێکخستنەکانی شۆڕشی عێراقی، سولەیمانی سیاسەتی سیستمەکەی جێبەجێدەکرد و بە هێزەکانیی دەوڵەت ئەوەی دەکرد نەک هێزی تایبەت بە خۆی، ئەو هێزەی کە هەندێک وەک وەهمێک گەورەیان کردووە و هەوڵدەدەن بیگەیەنن بە کەسانی دیکەش.

نووسەر بەم جۆرە کۆتایی بە بۆچوونەکانی دەهێنێت، لەدوای مەندوب سامی نوێیەوە بۆ پێگەکەی، ناوی هەرچییەک بێ و تایبەتمەندی و تواناکانی هەرچییەک بێ، لە قۆناغی ئەم کێشە و ڕووخانەدا هاتووە و ناتوانێت ڕۆڵێکی کاریگەر ببینێت. هەر بۆیە دوێنێ کڕیاران دەستیانکردووە بە وەرگرتنەوەی هەژمارەکانیان، چونکە بەچاوی خۆیان ڕووخان و کەوتنی ڕابەرانی پێشویان بینی و بەشێکی دیکەیان بۆ ڕابەری نوێ دەگەڕێن.