ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

03:54 - 09/06/2020

ئایا کۆرۆنا عێراق بەرەو لێواری مەرگ دەبات؟‌

پەیسەر

ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ ناسراو بە کۆڤید-١٩، زەمین لەرزەیەکی بەهێزبوو، بووە هۆی وێرانکردنی بەشیکی گەورەی ئابووریی جیهان و هێشتایش بەردەوامە لە وێرانکاری. ڤایرۆسەکە جیاوازی لەنێوان رەش پێشت و سپی پێست، موسڵمان و مەسیحی و بێ دین، بەهێز و لاواز و هەژار و دەوڵەمەنددا نەکرد، بەڵکو هات و بە یەکسانی زیانەکانی خۆی بەسەر هەمواندا دابەشکرد.

زیانەکانی ئەم کارەساتە تەنها تەندروستی نییە، بەڵکو زیانە هەرە گەورەکەی لایەنی سیاسی، ئابووری و ڕۆشنبیرییە لەسەر ئاستی کۆمەڵگە و جیهانیش. لە ئێستادا کۆتایی ئەم ڤایرۆسە ڕوون نییە و بەپێی زانیاری بنکە تەندروستییە جیهانییەکان، هێشتا دۆزینەەوەی پێکوتەیەکی گونجاو زۆری ماوە و خەڵکانی زۆرتریش ماون تووشی ئەو ڤایرۆسە ببن.

ڤایرۆسەکە کاریگەری گەورەی لەسەر بەڕێوەبردنی جیهانی دەبێت، بە جۆرێک کە سیستمی جیهانی لە پێش و پاشی ڤایرۆسەکە بە هەمان شێوە نامێنێتەوە.

لەبارەی کاریگەرییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر  عێراق، خالید عەلیوی عەرداوی دکتۆر و وانەبێژ دەنووسێت." وەک ڕوونە کارەساتەکە لەکاتێکدا ڕووی لە وڵاتەکە کرد کە لە خراپترین بارودۆخیدا بوو، کە خۆی لە پەیوەندی نێوان هاوڵاتیان و دەسەڵات و بەڕێوەبردنی دەسەڵاتدا دەبینییەوە. کاتێک ڤایرۆسەکەش هات بوو بە بەشێکی دیکە لە کارەساتی وڵاتەکە."

پێشبینییە جیهانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن ڤایرۆسەکە دەبێتە هۆی کەوتنی ئابووری جیهانی، کە گەورەترین شکستی ئابووری دەبێت لەدوای شکستەکەی ساڵی ١٩٩٢ەوە. ئەمەش وا دەکات بە ملیۆنان هێزی کار بێکار بکەون. هەروەها نرخی نەوت بەڕێژەیەکی ئێجگار زۆر دابەزیوە و بەرەو خراپی دەچێت لە جیهاندا. ئەم ئاماژانە بوونەتە مایەی شۆکێکی گەورە بۆ عێراق، چونکە بەڕێژەی ٪٩٠ داهاتەکەی پشت بە هەناردەکردنی نەوت دەبەستێت.

زۆرینەی هیوای عێراقییەکان لەگەڵ دابەزانی ئێجگار زۆری نرخی نەوت لەناوچوو، ئەمەش بەمانای ئەوە دێت کە دەسەڵات لاوەزە لە مامەڵەکردن لەگەڵ داواکارییەکانی خەڵکی و کۆنتڕۆڵکردنەوەی هاوڵاتیانی عێراق. زیاد لە دەیان ملیۆن هاوڵاتی لەژێر هێڵی هەژارییەوە دەژین و هیچ متمانەیەکیشیان بە دەسەڵات نەماوە.

لە دەرئەنجامی ململانێی هێزە سیاسییەکان ئەم دۆخە لە مانگەکانی ڕابردوودا بەرەو خراپتر ڕۆیشتووە، ئەوەش کاتێک عێراق وەک زەوییەک بۆ پاکتاوکردنی کێشە سیاسییەکان بەکارهێنرا. ئەمە وایکرد دەسەڵات بە هێچ شێوەیەک نەتوانێت پەیوەندی لەگەڵ هاوڵاتیانی ببەستێت.

خالید عەلیوی ئاماژەی بەوەشدا "پێناچێت مانگەکانی داهاتوو هەواڵی دڵخۆشکەریان لەبارەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە پێبێت. هەروەها سزا سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان زۆر لە سزا تەندروستی و ئابوورییەکان زیاتر دەبن. ڕەنگە بینەری ململانێی زیاتر و گەورەترین چینی سیاسەتمەداران بین کە لەنێوان خۆیاندا دابشبوون. دەوڵەت ناتوانێت بەڵێنی خۆی لە کەمکردنەوەی کۆژانەکانی هاوڵاتیان بەرێتەسەر و پێداویستییە سەرەتاییەکانیان بۆ دابینبکات. نەک هەر ئەوە بەڵکو بینەری چەندین توندوتیژی کۆمەڵایەتی دەبین."

وتیشی " هەر کاتێک دۆخی ئابووری زیاتر تێکبچێت  توندوتیژی کۆمەڵایەتی زیاتر دەبێت، توندوتیژی وەک: پەرتەوازەبوونی خێزان، کوشتن و بڕین، بەکاربردنی ماددەی هۆشبەر، جەنگی نێوان نەوەکان و چەندینی تر..."

ئەم پێشبینییانە و چەندانیتر لەبارەی دۆخی عێراقەوە بە مانای ئەوە دێت کە کارەساتی ڤایرۆسەکە وڵاتەکەی بەرەو لێواری ڕووخان بردووە؟ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە پەیوەندی بە رێکارەکان و مامەڵەی حکومەتە نوێیەکەیە، ئەگەری هەیە بەڕاستی ببێتە هۆکاری خستنی عیراق یاخود بچێتە مێژووەوە وەک حکومەتێکی بەرپرسیار کە بە شێوازێکی نوێ سیاسەت دەکات و یارمەتی تێپەڕاندنی کارەساتەکە دەدات بە کەمترین زیانەوە.

هەروەک چینییەکان دەڵێن "هەموو کارەساتێک هەلێکە" ڕەنگە ڤایرۆسی کۆرۆنا هەلێکی نوێ بێت بۆ حکومەتی عێراقی داهاتوو، تاکو دەوڵەتێکی نوێ بە بنەمای نوێیەوە بونیاد بنێتەوە.