ڕاپۆرتی کوردستانی

03:57 - 10/06/2020

زەعیم سدیق؛ جەلادی کارەساتی 9 حوزەیرانی سلێمانی‌

پەیسەر

دوای ئەوەی گفتوگۆکانی نێوان کورد و حکومەتی عێراق بۆ رێککەوتن شکست دەهێنێت، سوپای عێراق لە چەند ناوچەیەکی کوردستان دەست بە ئازاردان و کوشتنی خەڵکی کوردستان دەکاتەوە، لە چەند شوێنێکیش رووبەڕووبوونەوە لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق روودەدات، یەکێک لەو کارەساتانە نۆی حوزەیرانی ١٩٦٣ی شاری سلێمانی و دەورووبەری بوو.

بەعس بەرەو کوردستان

دوای ئەوەی حزبی بەعس هاتە سەر دەسەڵات و بە تەواوی بەهێزبوون، پەیوەندییەکانی نێوان و کورد و بەغدا بە تەواوی تێکچوو، یەکێک لە کارەساتەکانی هاتنی بەعس و تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان کورد و بەغدا، نۆی حوزەیرانی ١٩٦٣ بوو.

حزبی بەعس کە دەیزانی توڕەیی خەڵکی کوردستان بە ئاسانی کۆنترۆڵ ناکرێت، هەوڵی دا کارەساتێک دروستبکات و هێز و توڕەیی خۆی بۆ کوردستان دەربخات و ئەم کارەشی لە شاری سلێمانی ئەنجامدا.

حزبی بەعس بە دوای کەسێکدا دەگەڕا ئەزموونی هەبێت و بتوانێت بێبەزەییانە دەست بخاتە خوێنی خەڵکی ئاسایی شاری سلێمانی و ئامانجەکەیان بەدیبهێنێت، بۆ ئەو مەبەستە كەسێكیان دیاری كرد بە ناوی زەعیم سدیق.

زەعیم سدیق کێ بوو؟
زەعیم سدیق ناوی تەواوی سدیق مستەفایە و خەڵکی موسڵە. سەرەتا سەربازیێی ئاسایی بووە، لە دوای رووداوەکانی 14ی تەموزی 1958، پلە سەربازییەکەی بەرزدەبێتەوە. دوای بەرزبوونەوەی پلە سەربازییەکەی، بۆ ئەرک روو لە شاری سلێمانی دەکاتەوە.

(سالان) ناوێکی دیکەی زەعیم سدیق بووە، ئەو ناوەش دەگەڕێتەوە بۆ یەکێک لە ئەفسەرە نازییەکانی سوپای ئەڵمانیا کە ناوی سالان بووە.

پلە سەربازیەکەی بەردەوام بەرزدەبێتەوە و دەبێت بە فەرماندەی لیوای پێنج و دواتریش لیوای بیستی سوپای عێراق، کە ئەم لیوایە دوو جار بەشداری لە شەڕی عەرەب و ئیسرائیلدا کردووە.

زەعیم سدیق ئامر لیوای پێنجی سوپای عێراق بۆ ئەم کارە هەڵبژێردرا و بۆ ئەنجامدانی یەکێک لە کارەساتە دڵتەزینەکانی مێژووی کوردستان رەوانەی شاری سلێمانی کرا.
کارەساتی نۆی حوزەیران:
زەعیم سدیق، سەرەتا قەدەغەی هاتوچۆی راگەیاند‌، دەورووبەری شار گیرا و دواتر دەستی بە پشكنینێكی چڕ كرد لەشاری سلێمانی.

رۆژێك پێش لە كارەسات:
هێزەکانی سوپای عێراق لە هەشتی حوزەیرانی ١٩٦٣، بە سەرکردایەتی زەعیم سدیق دەستیان بە جێبەجێکردنی پلانەکەیان کرد، سەرەتا روویان لە گۆیژە و ئەزمەڕ کرد و لەلایەن پێشمەرگەوە رێگرییان لێکرا و رووبەڕوویان بوونەوە.

زەعیم سدیق کە لەلایەن بەعسەوە متمانەی پێبەخشرابوو بۆ ئەنجامدانی ئەم ئەرکە، دەیویسیت لە زووترین کاتدا ئەرکەکەی جێبەجێبکات، بەڵام رووبەڕووبوونەوەی پێشمەرگە لە گۆیژە و ئەزمەڕ پلانەکەی تێکدا، بۆیە رۆژی دواتر ویستی تۆڵەی هەشتی مانگیش بکاتەوە.

ڕۆژێک دواتر و لە نۆی حوزەیرانی ١٩٦٣، زەعیم سدیق فەرمانی بە راگەیاندنی قەدەغەی هاتووچۆ و هەر جوڵەیەک لە ناو شاری سلێمانی کرد کە بە (مەنعە تەجەولەكە)ی سلێمانی ناسراوە.

هێزەکانی عێراق رایانگەیاند بە دوای چەك، پێشمەرگە و لە یاسا دەرچوواندا دەگەڕێن و دەست بۆ ژیانی کەس نابەن، بەو بیانووەشنزیکەی ٨٠ کەسیان دەستگیرکرد ولە نزیك حامیە و سەربازگەی سلێمانی، (ئێستای پارکی ئازادیی) دایاننان.

ئەو هاوڵاتییانەی شاری سلێمانی کە لە هەموو چین و تویژێکیان تێدا بوو بە فەرمانی زەعیم سدیق‌ گولـلەباران كران.

زەعیم سدیق بەوە نەوەستا و لە یاریگای سلێمانیش (مەلعەبەکە) چوار کەسی دیکەی لەسێدارەدا.

ئەو رۆژەی بەعس دەیان هاوڵاتی گولەباران کرد، ژمارەیەکی زۆر خەڵکی سلێمانی دەستگیرکرد.

بەعس کە دەیویست بەم کارەساتە خەڵک بێدەنگ بکات، شکستی هێنا و خەڵکی سلێمانی زیاتر تووڕە بوون، بۆیە بەعس بە فەرمی دەستی بە شەڕ کرد و ئازاری دانیشتوانی شارەکەی دا.

زەعیم سدیق جگە لە سلێمانی لە شارەزوور و هەورامانیش چەند کارێکی لە دژی دانیشتوانی ئەو ناوچانە ئەنجامدابوو.

تەقەکردن لە زەعیم سدیق
خەڵکی سلێمانی دەیانەویست تۆڵە لە زەعیم سدیق بکەنەوە، لە بەرامبەر ئەو کارانەی دژی خەڵکی کوردستان و بەتایبەت شاری سلێمانی ئەنجامی دابوو.

مەفرەزەیەک کە لە چوار کەس پێکهاتبوون بۆ کوشتنی زەعیم سدیق راسپێردرا. عەلی سەعید سەرکردایەتی مەفرەزەکە دەکات و لای مزگەوتی گەورە تەقە لە زەعیم سدیق دەکەن، بەڵام بەرناکەوێت و رزگاری دەبێت.

زەعیم سدیق لە تۆڵەی ئەو کارەدا دەچێتە سەر ماڵیکی سلێمانی و دایکێک و کوڕەکەیان دەکوژێت.
لە گوندی خەرجانەی نزیك زەڕایەنیش چوار كەس دەكوژێت، پاشان زۆرینەی گوندەكانی نزیكە جادەگشتیەكان و سەرەڕێگاكان چۆڵكران و بەرەو گوندە دوورە دەستەكان ئاوارە بوون.

ئێستا و دوای ٥٧ ساڵ سلێمانی بە خەمگینییەوە یادی ئەو کارەساتە دەکاتەوە، کارەساتێک کە تێدا دەیان کەسی شارەکە بەبێ تاوان گولەباران کران. یادی ئەو کەسانە دەکاتەوە لەلایەن هێزەکانی بەعسەوە و بە بەرچاوی خێزان و کەسوکارەکانیانەوە کوژران.