ڕاپۆرتی کوردستانی

02:59 - 11/06/2020

شەریف عەلی باپیر: کەمێك دڵ و مێشكتان بکەنەوەو لە بازنەی شەڕواڵ کورتکردنەوە وەرنە دەرەوە‌

پەیسەر

كێشەوململانێی حیزب و لایەنە ئیسلامیەكان شتێكی نوێ نیە، لە هەموو سەردەمێكدا بە شێوازی جیاواز دەركەوتووە، لە هەر كات و ساتێكیشدا بەدوای شتێكدا گەڕاون كە ناكۆكیەكانی خۆیان تۆخ بكەنەوەو لەو ڕێگەیەشەوە لایەنگرو دەست و دۆستەكانی خۆیان زیاد بكەن، لەنێوململانێكانیشدا جگەلەوەی بۆچوون و حەزی كەس و لایەنەكانیشی تێكەڵ كراوە، بەڵام بەناوی شەرع و خوداوە ئیشەكانیان كردووەو مەرامەكانی خۆیان هێنانەوەتە دیی.

لە نوێترین بەریەك كەوتنەكاندا ناكۆكیەكانی نێوان سەرۆكی دوو ڕەوتی ئیسلامی ڕوویان داوەوچەند رۆژێكە تۆڕەكۆمەڵایەتیەكانی هەردوو بەرەكە كراوە بە تاوانباركردنی یەكتریی و قسەوتن بەیەكتریی، ئەوانیش مامۆستا عەلی باپیر ئەمیریی كۆمەڵ ئیسلامی و مامۆستا عەبدولەتیف سەلەفی بوو، هەرچەندە ناكۆكی و ململانێی نێوان ئەو دوو كەسایەتییە كۆنەو جاروباریش گەرمكراوەتەوە، بەڵام لە ڕاگەیاندنەكانەوە بەردەوام بانگەشەی برایەتیان كردووە، ئەوان یەكتریی بە چەواشەكارو ڕێونكەر ناودەبەن، بەڵام كاتێكش سەیری لایەنە تیۆرییەكەی دەكەین ئەوان خۆیان بەبرای یەكتری لەقەڵەم دەدن، بەڵام ئەوەی ئەم ناكۆكییەیان لەوانی دیكە جیادەكاتەوە هاتنە ناوەوەی شەریفی كوڕی مامۆستا عەلی باپیرو چاوەڕێ نەكردنی مەلا عەبدولـلەتیف بوو تا بزانرێت ئاخۆ مامۆستا عەلی باپیر بانگهێشتی بۆ دیبەیت و چاوپێكەوتنی ڕوو بەڕوو قبوڵ دەكات، یان ڕەتی دەكاتەوەو لە سەر مینبەر و لە وتاری رۆژی هەینیدا لە مزگەوتەكەی خۆیەوە زۆر بە توندی وەڵامی دایەوە، دواتر لە پەیجی سەلەفیەكانەوە بەناوی (پەیامێك بۆ بانگخوازە گومڕاكان) بڵاوكرایەوە.

مەلا عەبدوولەتیف لە وتارەكەیدا وتەكانی (بە گاڵتەجار)ناوی دەبات، و تەنانەت پێی دەڵێت: بۆ لە خوا ناترسیت؟ دواتر بە چەواشەكار و سووكایەتی بە ەرموودەكانی پێغەمبەر ناوی دەبات.
ناكۆكیەكانی ئەم دواییە لە چاوپێكەوتنێكی مامۆستا عەلی باپیرەوە سەرچاوەی گرتووە كە لە كەناڵی پەیام لە مانگی ڕەمەزاندا كاتێك لێی دەپرسن ئایا لەبری خۆراك و دانەوێڵە دەكرێت پارە بدرێت؟ بەتایبەتی بۆ ئەو كەسانەی كە لە ئەوورپان؟ ئەویش لەوەڵامدا بە پێكەنینەوە دەڵێت دەبێت ئەو گەنمە دەبێت بە شۆفڵ پاك بكرێتەوەو شارەوانی لە كۆڵیان بكاتەوە، ئەو لە وەڵامەكەیدا دەلێت: بە پێی قسەكانی مامۆستا عەلی باپیر، ئەوانە لە دین حاڵی نەبوون  و دینیان ناشیرین كردووەو وایان نیشانداوە كە دین بەكەڵكی ئێستا نایەت، دواتر مامۆستا عەلی باپیر لە زاری موسڵمانی پرسیاركەری ئەووپییەوە بە سەلەفیەكان دەڵێت : ئەوانە بەڕاستی خەڵكیان عاسێ كردووە.

ئەم واتانە بوونەتە بابەتی رۆژانەی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانی لایەنگرانی هەردوولا و دنیایەك لاپەڕەی یەكیان هەڵداوەتەوەو هەریەكەیان بە جۆرێك هێرشیان كردووەتە سەرلایەنی بەرامبەر، هەرچەندە تا ئێستا خودی مامۆستا عەلی باپیر وەڵامی فەرمی نەداوەتەوە بەڵام یەكێك لە كوڕەكان بەناوی   شەریف عەلی باپیر،  وەڵامی وتاری رۆژی هەینی عەبدولـەتیف سەلەفی دەداتەوە بەناوی، وەڵامێك بۆ وتارەکەی مامۆستا عبداللطیف، سەرۆکی حیزبی مەدخەلییەکانی کوردستان، هەرچەندە سەلەفیەكانی سەر بە مامۆستا عەبدولەتیف خۆیان بە مەدخەلی نازانن و پێشیان خۆش نیە بەو ناوەوە بانگ بكرێن، بەڵام ئەو كوڕەی مامۆستا لە لایەك بە حیزب و لە لایەكی تریشەوە بە مەدخەلی ناوی بردووەو ئەوی بە بێ ویژدان ناوبردووە، قسەو باسەكانی بە وردە باس ناوبردووە لەبەر ئەوەی پرۆژەكانی مامۆستا عەلی باپیری باوكی زۆر لەوانەی ئەو گرنگییان پێدەدات گەورەترن و پرۆژەی سەلەفیەتیش بەگوندەو ڕێگر ناودەبات..

شەریف لەسەرەتای نامەكەیدا نوسیویەتی: 
ڕێك پێچەوانەی فەرمایشتەکەی خوای پەروەردگار، سەلەفی- ناوەکان لەسەر عەلمانییەکان نەرمونیان و کڕ، بۆ مسوڵمانان بونەتە گوندەو ڕێگر.
دواتر دێتە سەر ناوەرۆكی مەبەستەكەی و دەڵێت:
سەبارەت بە وتاری جومعەی مامۆستا عبداللطیف کە تەرخانی کردبو بۆ باسکردن و بێویژدانانەو بەبێ زانیاری هەڵکوتانە سەر مامۆستا عەلی باپیر لەسەر ئەو ڤیدیۆیەی کە باسی (زەکاتی فیتڕ) دەکات - سەرەتا بەپێویستی دەزانم بڵێم مامۆستا عەلی باپیر سەرقاڵی نوسینی تەفسیر و کتێب و وەرگرتنی مافی خەڵك و سوڵح و دەیان پڕۆژەو بەرنامەی تریەتی، ناپڕژێتە سەر ئەو وردە باسانە، ئەمنیش ھەندێ لە برایان داوایانلێکردم ڕونکردنەوەیەك بدەم.

دواتر شەریف باس لەوە دەكات كە ئەو لایەنگریی لە حەق دەكات و بەوە نیە كە كوڕی عەلی باپیرەو ئەو هەر خۆشی وای پەروەردە كردووە كە حەق لای كێ بێت لایەنگریی ئەوە بكات و بە پێچەوانەشەوە بۆیە نوسیویەتی:
جەنابی مامۆستا عبداللطیف، بابم وای فێرکردووم بە حەقی هەمو کەسێك بڵێم حەق و بەردەوام بە ویژدان بم لە هەڵسەنگاندندا - ئەگەر ڕەخنەیەکی مەعقول و دروستت پێ لە مامۆستا عەلی باپیر بگیرێ، خۆم یەکەم کەس دەبم دەستخۆشیت لێدەکەم.

شەریف پرسیویەتی: بەڵام لەکوێی ئیسلامدا ھاتووە وتاری جومعە بەکاربێنی بۆ مەرامی شەخسی خۆت و ھێرش کردنە سەر مسوڵمانان؟
دواتر تۆمەتێك دەخاتە پاڵی و پێی دەڵێت: چەند جارێك تەماشای وتارەکەی جەنابتم کرد، ئەو شتانەی باسی دەکەی سەبارەت بە قسەکانی مامۆستا عەلی باپیر بە هەڵە باسیان دەکەی، هیچیان وەك خۆیان نەبون...

دواتر وەك ئەوەی بیەوێت خاڵ بخاتە سەر پیت و لاوازیی گەورەی سەلەفیەكان و خودی مامۆستا دەربخات پێی دەلێت:
جا قوربان گیان، لەو هەزارو یەك باسوخواسەی هەن لە دزین و گەندەڵیی و کوشتار و ناداگەرییەی کوردستان، هیچ نەمابو وتاری لەسەر بدەی ئەو سێ چوار قسە حەکیمانەی مامۆستا عەلی نەبێ کە ئەویش بە نەقڵێکی هەڵەوە باست کردن؟

بۆ نمونە: لەکۆی ئەو سەت و چەند کتێب و هەزاران وتارەی مامۆستا عەلی باپیر کە بەردەستە، بینیوتەو بیستووتە مامۆستا عەلی باپیر بڵێ شوێنی من بکەون و شوێن سەحابە مەکەون؟ یان لە کوێدا مامۆستا گاڵتە بە حەدیس دەکات؟ بە مامۆستا عەلی دەڵێی "بانگخوازێکی گومڕا" ھەست ناکەی دەربڕینەکانت نادروست و نەشیاون قوربان؟ ئەمجا قسەی مامۆستا عەلی لەسەر پرسیاری کەسەکە بوو، پێکەنینی بەو جۆرە تێگەیشتنە ھەڵەیە ھات لەو حەدیسە، نەك بە حەدیسەکە پێکەنیبێ! ئەو شتانەی باست کردن بەهەڵە نەقڵت دەکردن، با سەرنج هەبونمان لەسەر یەکدی نابێ وامان لێبکات بێ ویژدان و بیرتەسك بین!

دەقی قسەکەی مامۆستا عەلی باپیر ئەوەیە کە لە ئەوروپا هەندێك خەڵك پرسیاریان لێکردووە دەربارەی (زەکاتی فیتڕ). بابای پرسیارکار گوتوویەتی ''ئایە زەکاتی فیتڕ بەس دەبێ گەنم و ئارد و مێوژ بێ؟ چونکە ئەگەر ئێمە ئەوانە ببەخشین کەس سودی لێ نابینێ و دەبێ بەلەدیە بێ بۆ خەڵکی فڕێدا چونکە ئاشیشی لێ نیە بۆی لە ئاشێ کات، ئەوانە (خەڵکانی بیرتەسک) ئێمەیان عاسێ کردووە.'' مامۆستاش لە وەڵامدا گوتوویەتی: (ئەبو حەنیفەو زۆربەی شەرعزانان (خوا لێیان ڕازی بێ) فەرمویانە چ شتێك بۆ ئەو فەقیرانە باشە، زەکاتی فیتڕ دروستە بدرێ، لە ئێستادا پارە بۆ خەڵکی خواردنی پێ دەکڕن، بەرگی پێ دەکڕن، ئەوەیان بۆ ئێستا باشترە، ئەوانەی کەوا دەڵێن لە زەمەنی خۆیاندا ناژین و لە دین حاڵی نەبون)

دواتر شەریف عەلی باپیر نوسیویەتی:
مەدخەلییەکانی کوردستان گڵۆڵەیان لە لێژیەو خەڵك لە سیاسەت و مەنھەجیان تێگەیشتووە، دەیانەوێ بەو ھێرشکردنە ناحەقانە بۆ سەر سەرکردە ئیسلامییەکان، بەرگری لەخۆیان بکەن. زۆرێك لە گەنجە کاڵ-فامە سەلەفی-ناوەکان بەربونەتە گیانی برا مسوڵمانەکانیان، وەك بڵێی ئیشیان نەبێ قسەهەڵبەستن و قسەگوتن نەبێ بۆ مسوڵمانان، هەموشی لەسەر بنەمای هەڵە لێ حاڵی کران و ڕقێکی بێ بنەما. ناکرێ لە دوورەوە سەنگەر لە مسوڵمانان بگرن کە بەس خۆتانی پێ ناشرین دەکەن.

كۆتایی نامەكەی شەریف بەم چەند دێڕە هاتووە، كە هەمووی هێرشە بۆسەر مەنهەجی سەلەفیەكان و بە كەم تەماشاكردنی ئەو ڕەوتە دیارەی ئیسلامیەكانی كوردستان و نوسیویەتی:
لەکۆتاییدا دەڵێم ئیسلامییەکان زۆر لەگەڵتان بە ویژدان و بەسەبرن، زۆر وەزعتان بەسەر ھاتووە، ئیسلامییەکان لەجیاتی سەنگەر لێگرتن بەرگریان لێ کردوون. کەمێك دڵ و مێشكتان بکەنەوە، لە بازنەی شەڕواڵ کورتکردنەوەو سیواك و تەکفیرکردن وەرنە دەر و خزمەتێكی مسوڵمانانەی خەڵکی بکەن لەجیاتی شتی گچکەڵەو باسی وەھمی.
دواتر لە كۆتایی نامەكەدا نوسیویەتی:  وێڕای رێزو خۆشەویستیم، شەریف عەلی باپیر..

ئەوەی كە ڕوو دەدات جیاوازە لەوەی كە دەگوترێت و بانگەشەی بۆ دەكرێت ، ئەم شەڕەی ئێستای نێوان ئەو كەسایەتیە دیارەو كاردانەوەكانی بەتەنهانین، بەڵكو كاتێك لەگەڵ لایەكی تر یان دوانی تریان بەریەك دەكەون هەمان هێرش و نازڕاندن و تەكفیركردنیشی تێدەكەوێت، دەكرێت جەماوەرو لایەنگرانی هەردوولا لەوە ئاگاداربكرێنەوە ئەم شەڕانەی بەناوی دین و بەرگریی لە بۆچوونە دینیەكانەوە دەكرێت لە پێناوی چیدایە و تا كوێ درێژە دەكێشێت؟